سۆران شافعی
سۆران شافعی ناسراو بە سۆران سەقزی (لەدایکبووی ٧–١٠–١٩٧٩ سەقز – مردووی ٨–٥–٢٠١٧ ھەولێر) لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شاری سەقز لەدایکبوو. قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندیی و دواناوەندیی خوێندنی ھەر لە شاری سەقز تەواوکردووە و بڕوانامەی دیپلۆمی لە ڕشتەی حەساوداری وەرگرتووە و دواتر دەستی داوەتە کاسبی و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە بازاڕی شاری سەقزدا دووکانی بووە و کارووباری بازرگانی کردووە.
ناوبراو تاقە منداڵی بنەماڵەکەیەتی و کوڕی خوالێخۆشبوو پەروێز شافعی یەکێک لە مامۆستا خۆشناوەکانی دەبیرستانەکانی سەقزە کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو بە پێشمەرگە و لە ئاکامدا ساڵی ١٩٨٥ لە ئاوایی یازی بڵاغی سەر بە ناوچەی فەیزوڵابەگی سەقز لە شەڕ و تێکھەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی بەخت کرد.
سۆران سەقزی ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە ڕووی لە مزگەوت و تەکیەکانی شاری سەقز کردووە و ئۆگریەکی زۆری بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و ھەروەھا شیعر و ھۆنراوە ئایینییەکان بووە و سەرەنجام ساڵی ١٩٩٤ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لەتەکیەی حاجی شێخ ھادی ھاشمی قبووڵی بەیعەتی کردووە و بووەتە مورید و دەروێشی تەریقەتی پیرۆزی قادری سۆڵەیی و تا ئێستاش وەفادار بەو بەیعەتە ماوەتەوە.
ناوبراو زۆر زوو خۆی لەنێو ئەم تەریقەتەدا پێدەگەێنێت و پاش ماوەیەکی کوورت لەلایەن خوالێخۆشبوو حەزرەتی حاجی شێخ ھادی ھاشمی کە ئەو کات ئاوارە و پەڕیوەی ھەندەران بوو و لە وڵاتی شانشینی یەکگرتوو نیشتەجێ بوو، بە فەرمی مۆڵەتی تێغ بازی پێ ئەدرێت و پاش ئەم بڕیارە سۆران سەقزی لەگەڵ وەڤد و کاروانەکانی تەریقەتی قادری بە مەبەستی ئێرشاد و جەولەی دەروێشی سەردانی زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و بە تایبەت ناوچەکانی: سەقز، سنە، مەھاباد، بۆکان، بانە، سەردەشت، کامیاران، قوروە، کرماشان و جوانڕۆ دەکات و بە خواردنی بەرد و تیغ و ھەروەھا تێغ بازی و عەمەلیاتی خارق ئەلعادە خەڵک و جەماوەری ئەم ناوچانەی ئیرشاد کردووە.
سۆران سەقزی پاش مردنی حەزرەتی حاجی شێخ ھادی، جارێکی دیکە بەیعەت لەگەڵ جێگەداری ناوبراو واتە دوکتور شێخ حەسەن ھاشمی ئەبەستێت و پەیمانی بەڵێن و وەفاداریی بە تەریقەتی قادریی سۆڵەیی نوێ ئەکاتەوە. دواتر بەھۆی لێھاتوویی و چالاک بوونی لە ڕادەبەدری ناوبراو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تەریقەتیدا لەلایەن شێخ حەسەنەوە بە فەرمی بەرپرسایەتی بەشی تەبلیغات و چالاکییەکانی ڕاگەیاندنی لە ناوچەکانی سەقز، بۆکان و مەھاباد پێ ئەسپێردرێت و تا کاتی بەجێھێشتنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ڕۆیشتن بۆ ھەندەران بە لێوەشاوەییەوە ئەم بەرپرسایەتییە بەڕێوە ئەبات.
دەروێش سۆران، جگە لەم بەرپرسیارێتییەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی موردید و مەنسووبانی ڕێبازی قادریی سۆڵەیی لەنێو شاری سەقز و گوندەکانی ناوچەی خوڕخوڕەی لە ئەستۆ ئەبێت و جگە لە ڕاپەڕاندنی کاروباری تەکیەی سەقز بە شێوەی بەردەوام سەردانی گوندەکانی ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز دەکات و وەک پردی پەیوەندی لەنێوان شێخ حەسەن و موریدەکانی ئەم ناوچە، مەئموریەت و ئەرکە پیسپێردراوەکانی ڕادەپەڕێنێت.
ناوبراو جگە لە بەشداری لە زۆربەی ئێرشاد و جەولە دەروێشیەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، چەند جارێک لەسەر فەرمانی شێخ حەسەن سەردانی کوردستانی ئێراقی کردووە و لەگەڵ شێخ محەمەد کەسنەزانی ڕێبەری تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە شاری سلێمانی و شێخ بابەعەلی سۆڵە لە شاری ھەڵەبجە کۆدەبێتەوە و پەیامی شێخیان پێ ڕادەگەێنێت.
سۆران سەقزی لەو ماوەیدا کە لە شاری سەقز بووە دەیان جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارەوە بانگھێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و بەردەوام وەک کەسێکی ئایین خواز و نیشتمانپەروەر لەژێر گوشار و چاوەدێریی دەوڵەتدا بووە و بۆ ماوەیەکی کورتیش بە تاوانی ئەوەی کە گوایە ئیسلامییەکی توندڕەوە دەسبەسەر کراوە، بەڵام پاش ئەوەی ئەم تاوانە بەسەریدا ساخ نابێتەوە ئازاد ئەکرێت. ئەمە لە دۆخێکدایە کە ئەم ڕەوتە ئایینییە کە ناوبراو چالاکی تێدا دەکات وەکوو ڕێبازێکی عیرفانی و مەعنەوی بە دوور لە کێشەی ڕامیاری و دەسەڵاتخوازی، تەنیا خۆی لە پەیوەوەندێکی ڕۆحانی و خۆشەویستی لەنێوان تاک و خوداواەندا ئەبینێتەوە.
ناوبراو جگە لەوەی کە وەک چالاک و ھەڵسوڕێکی ئایینی لە شاری سەقز ڕۆڵی بینیوە، وەک ناسیۆنالیستێکی کوردپەروەر و ھەڵسووڕ لە بواری دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورددا چالاکی کردووە و بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر خزمەتی بە پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی لەنێو لاوانی سەقزدا کردووە و بە کردنەوەی کلاسی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەی نافەرمی دەیان منداڵ و لاوی ئەم شارەی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی کردووە.
سۆران سەقزی ساڵی ٢٠٠٠ ھەتاوی شاری سەقزی جێھێشت و لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوێد نیشتەجێ بوو، بەڵام لە ھەندەرانیش درێژەی بە چالاکییە ئایینی و نەتەوایەتییەکانی دا و ھەنووکە وەک وتەبێژی تەریقەتی قادری لەدەرەوەی وڵات ڕۆڵ ئەگێڕێت و تا ئێستا جگە لە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر، لەگەڵ چەندین وەڤدی داکۆکیکەر لە مافی مرۆڤ و ھەروەھا بەرپرسانی باڵوێزخانەی چەند وڵاتێکی ئەورووپی دانیشتووە و کێشەکانی بەردەم چالاکانی ئایینی ئەھلی سونەت لە کوردستان بە گشتی و مورید و مەنسووبانی تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی بە تایبەتی باس کردووە.
ھەروەھا ناوبراو پاش چوونە دەرەوە لە ئێران خەبات و چالاکی خۆی لەنێو یەکێک لە حیزبەکانی تایبەت بە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە شێوەی ئاشکرا دەست پێکرد و ماوەی ٢ ساڵ وەک بێژەری ڕادیۆ دەنگی کوردستان و ٢ ساڵیش وەک بێژەر و بەرپرسی ڕادیۆ دەنگی لاوان لە شاری ستۆکھۆڵم کاری کردووە و دواتر بۆ ماوەی ٢ ساڵیش وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبەری بەرنامەی لاوان لە کەناڵی ئاسمانی تیشک تیڤی، دەوری بینیوە.
کاک سۆران سەقزی ھەروەھا لە کۆنفڕانسی پێنجەمی یەکیەتی لاوان لە وڵاتی سوێد وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتیی ھەڵبژێردراوە و لە کۆنفڕانسی شەشەمی ئەم ڕێکخراوەدا بە دەنگێکی زۆرەوە وەک ئەندامی ڕەسەنی دەنگی ھێناوەتەوە و تا کۆنفڕانسی حەوتەم وەک بەرپرسی گشتیی پێکھێنان و ڕێکخستنەکانی یەکیەتی لاوان لە وڵاتی سوێد کاری کردووە و لە کۆنفڕانسی حەوتەمیشدا دیسانەوە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە، وەک ئەندامی ڕەسەن ھەڵبژێردراوە و ئەرکی بەرپرسایەتی کۆمیسیۆنی چالاکییەکانی لاوانی لە وڵاتی سوێد بۆ دیاری کراوە. شایەنی باسە کە ناوبراو جگە لەو بەرپرسایەتییانە کە لەسەر ئاستی وڵاتی سوێد بە گشتی بوویەتی، ساڵێکیش وەک بەرپرسی پێکھێنەرانی لاوان لە شاری ستۆکھۆڵم و ساڵێکیش وەک بەرپرسی گشتیی یەکێتیی لاوان لە شاری ستۆکھۆڵم ھەڵبژێردراوە و دەورەیەکیش وەک ڕاوێژکاری بەرپرسی گشتیی لاوان لە دەورەی وڵات لەلایەن بەرپرسی ئەوکات بەڕێز کاک ڕەحیم ڕەشیدی دیاری کراوە.[١]
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە کاک سۆران سەقزی:
- وتەبێژی تەریقەتی قادری سۆڵەیی لەدەرەوەی وڵات بوو.
- ئەندامی ڕێکخراوەی میراتگرانی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی بوو.
مردن
دەستکاریسۆران شافعی لە شەوی ٨-٥-٢٠١٧ کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا، لە ڕۆژی دواتر عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕای گەیاند کە رووداوەکە لەناو کافتریای زێوێ لە شاری ھەولێر بووە کە سۆران خۆی خاوەنی کافتریاکەیە.
زیاتر روونی دەکاتەوە کە لەناو ژوورەکەی خۆیدا لە شوێنی کارەکەی، فیشەکێک بەخۆیەوە دەنێت و کۆتا بەژیانی دەھێنێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لەبارەی ھۆکاری خۆکوشتنەکە ئاشکرای دەکات، سۆران سەقزی پارەیەکی زۆر قەرزار بووە و ئەوەیش وای کردووە پاڵەپەستۆی دەروونی لەسەر دروست ببێت و بڕیاری کۆتاھێنان بە ژیانی بدات.
گەواھیدەرێک کە ھاوڕێی نزیک سۆرانە دووپاتی دەکاتەوە کە سۆران لەناو ژوورە تایبەتەکەی خۆی لە کافیتریاکەیدا بە فیشەک کۆتای بە ژیانی خۆی ھێناوە و بەو رووداوەش ھەموو ھاوڕێ و کەسەکانی تووشی شۆک بووین.
پاشان تەرمی سۆران سەقزی ڕەوانەی پزیشکی دادی ھەولێر کرا و بڕیاردرا کە کۆتا ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتیی رووداوەکە بڵاوبکرێتەوە.[٢]
کاردانەوەی حیزبی دیموکرات لەبارەی مردنی
دەستکاریحیزبی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەی لەبارەوە دا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەولێری ئەو حیزبەش وتی: «لەسەر داوای ئێمە پۆلیس بەدواداچوونی وردی بۆ ڕووداوەکە کردووە». لە سێشەممەی ٩-٥-٢٠١٧ محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیووەندییەکانی حدکا لە لێدوانێکی تایبەتدا ئاشکرای دەکات، کاک سۆران ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ھەولێر کار و کاسبی خۆی کردووە و ڕیستۆرانتێکی داناوە، دوێنێ ئاگادار کراینەوە کە بەھۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە گیانی لەدەستداوە، ئێمەش داوامان لە پۆلیسی تاوانەکان کرد بەپێی پسپۆڕی خۆیان لە کامێراکانی چاودێری و مۆبایلەکەی و پزیشۆی دادوەری لە ڕووداوەکە بکۆڵنەوە، بەداخەوە لە ڕاپۆرتی پۆلیس دەرکەوتووە کە خۆی کۆتای بە ژیانی خۆی ھێناوە. زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە قەرزدار بووە، ئێمە پێشتر ئاگاداری ئەوە نەبووین کە کێشەیەکی تایبەتی ھەبووبێت یان ھەڕەشەیەکی لێ کرابێت، بۆیە داوامان کرد پۆلیس لێکۆڵینەوە بکات و ئێستە ئەو لێدوانەی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بۆ ئێمە جێگەی متمانەیە و ئێمە ھیچ زیادەیەکی ترمان نییە بیخەینە سەری، تەنیا لەوە بەداخین کە ئەندامێکی حیزبەکەمان بەو شێوەیە کۆتای بە ژیانی خۆی ھێناوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ھاوڕێکانی و بەپەرۆشین.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە سۆران سەقزی بە دەستڕێژی فیشەک لە شوێنی کارەکەی کوژراوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی حدکا دووپاتی دەکاتەوە، قسە و لێدوانی نابەرپرسانە کە ھەستی بنەماڵە و کەسوکاری پێ بریندار دەبێت، دوورە لە ئیتیکی کۆمەڵایەتی.[٣]
ئەندامێتی
دەستکاری- ئەندامی حیزبی دیموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.
- ئەندامی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوو.
- ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی سوێد بوو.