زەڕیاب
شێوازی ئەم وتارە لەگەڵ پێوەرە فەرمییەکانی ویکیپیدیا ناگونجێت. لەوانەیە پەڕەی وتووێژ پێشنیاری گونجاوی بۆ ئەم مەبەستە لەخۆ گرتبێت. بۆ ڕێنوێنیی زیاتر بڕوانە شێوازی ستانداردی نووسینی ویکیپیدیا. |
حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی نافع (لەدایکبووی ٧٨٩ - مردووی ٨٥٧)، ناسراو بە زەڕیاب، کە بە واتای باڵندەی ڕەش دێت، ئەمەش بەھۆی دەنگ و پێستە ڕەشەکەیەوە بوو،[١] ھەندێکیش لایان وایە کە زەڕیاب زۆرابی کوردی یان زەڕیاو/زڕیاو (ئاوی زێڕ) بووبێت و ئەو سەردەمە کە زمانی پەھلەوی بۆ نووسین بەکارھاتووە، پیتی 'و'ی وشەی ئاو کرابێتە ئابی پەھلەوی و ناوەکە لە زەڕیاو/زڕیاو بووبێتە زەڕیاب.[٢][٣]
زەڕیاب | |
---|---|
لەدایکبوون | ٧٨٩ی زایینی موسڵ - خەلافەتی عەبباسی |
مەرگ | ٨٥٧ی زایینی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | داھێنەر، مۆسیقاژەن، گۆرانیبێژ، دیزاینەری جل و بەرگ، شاعیر، ڕەوانبێژ و جوگرافیزان |
ئایین | ئیسلام |
ژیان
دەستکاریزەڕیاب لە دەورووبەری ساڵانی ٧٨٩ی زایینی لە مووسڵ لەدایکبووە، ھەر لە مناڵییەوە بەھرەکانی دەنگ خۆشی تێدا بەدەر دەکەون، بۆیە دەچێتە خوێندگای مۆسیقا لە موسڵ کە ئیسحاق موسڵی سەرپەرشتی دەکرد، ھەر زوو ئیسحاق موسڵی ھەست بە لێھاتووی زەڕیاب دەکات بۆیە جیاواز لە قوتابییەکانی تر لەوی دەڕوانی و گرینگی زیاتری پێدەدا.
خانمە دکتۆری ئەڵمانی (زیگرید ھونکە) دەنووسێت:
"کوڕە گەنجێکی کورد بەناوی زەڕیاب قوتابی بوو لە خوێندنگای مامۆستا ئیسحاقی کوڕی ئیبراھیمی موسڵی، ئەو توانایەکی زۆر بەرزی ھەبوو لە زانستەکانی مۆسیقادا.[٤] "
ھەر چەندە ئیسحاق موسڵی لەوە دەترسا کە زەڕیاب کاریگەری لەسەر ناوبانگی ئەو دروستبکات بەڵام ئەو وای بیر دەکردەوە کە زەڕیاب تەنھا ئاواز و گۆرانییەکانی ئەو دوبارە ئەکاتەوە، بۆیە وای دەزانی کە ئەم جۆرە ھونەرمەندە تازە پێگەیشتووە گەر ناوبانگیش دەربکات ھیچ مەترسییەکی نییە لەسەر ناوبانگی خۆی، لای وابوو کە ناوبانگی ئەو زیاتر دەبێتە ھۆی دەرکردنی ناوبانگی خۆی و پاڵپشتێک بۆ خوێنگاکەی.
ھاڕونەڕەشید داوا لە ئیسحاق دەکات کە گۆرانیبێژێکی نوێیان بۆ بنێرێ کە تا دەکات گوێی لە دەنگی وا نەبووبێت، ئەمیش باسی زەڕیابی بۆ دەکات و بۆی دەنووسێ:
"لە ماڵی خۆما خوێندکارێم ھەیە پێی دەڵێن زەڕیاب، کە دەنگ و سەدایەکی خۆشی ھەیە، ئەمە ھەڵبژاردی منە بۆ تۆ "
ھاڕونە ڕەشید ئەمەی زۆر پێ خۆش دەبێت چونکە لە گۆرانیبێژە کۆنەکانی بێزار ببو، بۆیە داوای لە ئیسحاق کرد کە بۆیی بێنێ.
کە ئیسحاق و زەڕیاب گەیشتنە کۆشکی خەلیفە، زەڕیاب لەبەردەم ھاڕونە ڕەشیدا دەستی کرد بە خوێندنەوەی شعر و پیاھەڵدان و گۆرانی وتن، ھاڕونە ڕەشید زۆر لای خۆش دەبێت، ڕوو دەکاتە ئیسحاق و پێی دەڵێت:
"گەر باوڕم بە تۆ نەبوایە، بەوەی کە پێشتر تۆ ئەم دەنگەت نەبیستووە، سزام دەدای بەوەی کە تا ئێستا پێت نەناساندوم، چاوت لێی بێت و گرینگی پێ بدە تا کاتێکی تر ئەیبینمەوە چونکە من شتی زۆری لێ چاوەڕوان دەکەم ".
کە زەڕیاب کۆشکی بەجێھێشت کەوتە خەیاڵ و بیرکردنەوە بەوەی کە خەریکە جیھان ڕووی تێدەکات ئەستێرەی بەختی وا خەریکە دەگەشتێتەوە، بەڵام ئەو خەیاڵە جوانەی زۆری نەخایاند و بوو بە مایەی دەرد و بەڵا بۆی.
ئیسحاق ئەوەی لێی دەترسا خەریک بوو ڕوویدەدا، ھێدی ھێدی زەڕیاب ناوبانگی زیاتر دەبوو ئەمەش کاریگەری کردبووە سەر ناوبانگی خۆی.
بۆیە ھەر زوو وتە خۆش و ھاندەرەکانی ئیسحاق بوون بە خەنجەر و ئەیخستنە دڵی زەڕیابەوە، کاتێک لێک جیابوونەوە ئیسحاق بە زەڕیابی وت:
«لە ڕاستیدا بەخیلی کۆنترینی دەرمانەکانە، و جیھانیش زۆر ئاژاوەگێڕە، ھاوبەشی لە پیشەدا وەک دژایەتی وایە، لە ڕاستیدا تۆ فێڵت لێم کرد کە پلە و پایەی خۆت بەسەر مندا بەرز کردەوە، و ئەگەر من خۆم بە کەمتر لە تۆ ببینمەوە و پلە و پایەم داببەزێت و تۆ لە من زیاتر ناوبانگ دەربکەی لەمە ھەرگیز ھاوڕێیەتیت ناکەم گەرچی کوڕی خۆشم بیت، ئەگەر تۆ خوێندکاری خۆشم نەبووبای دڵنیابە لەوەی لەناوم دەبردی، ئێستاش دوو ڕێگات لەبەردەمە یان ئەوەتا ڕێگایەکی دوور دەگریتە بەر کە ھەرگیز ھەواڵت نەبیستمەوە، یاخود ھەوڵی لە ناوبردنت دەدەم».
کاتێک زەڕیاب گوێی لەو وتانەی ئیسحاق بوو ھەر زوو درکی بە مەترسی کرد لەسەر ژیانی، بەناچاری بە پێشنیارەکانی ئیسحاق ڕازی بوو،
زەڕیاب بە یەکجاری ماڵاوایی لە وڵات و نیشتیمانەکەی لە ھاوڕێ و خوشەوستەکانی کرد و لە یەکێک لە شەوە جوانەکانی بەغدا لەگەڵ خێزانەکەی وڵاتی بە جێھێشت و بەرەو ڕۆژئاوای جیھانی ئیسلامی کۆچی کرد تا لە کۆتاییدا لە ئەندەلوس (ئێسپانیای ئێستا) شاری قورتوبە خۆی بینییەوە، لەوێ لەلایەن خەڵک و تەنانەت خەلیفەشەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و ھەر زوو و پلە و پایەی بەرز کرایەوە.
ڕاستە زەڕیاب ئەستێرەی بەختی لە بەغدا کوژایەوە، بەڵام لە قورتوبە بەرە بەرە دەدروشایەوە،
کتێبی ١٠٠١ داھێنان لە کەلەپووری موسڵمانان دەنووسێت:
"زەڕیاب لە کاتێکی گونجاودا گەیشتە ئەندەلووس، چونکە ئەو ماوەیە خەلیفە بەخشندەیی و سەخاوەتێکی زۆری ھەبوو بۆ ھونەر، و ھونەرەکانی زەڕیاب لەوێ دراوشایەوە و ئەویش دانی پێدا نا، زەڕیاب بوو بە گۆرانیبێژی وڵات و موچەیەکی بە بڕی ٢٠٠ دینای زێڕی مانگانەی بۆ بڕایەوە لەگەڵ چەندین خەڵات و بەخششی تر."
کار و چاڵاکییەکانی لە ئەندەلوس (ئیسپانیا)
دەستکاریپشتیوانی و ھاندانی خەڵک و خەلیفەس بووە ھۆی ئەوەی کە زەڕیاب پەرە بەدات بە لێھاتووی و داھێنانەکانی، ھەر بۆیە لە قورتوبە یەکەمین پەیمانگای ھونەری دامەزراند کە لە جیھاندا بە یەکەمین پەیمانگای ھونەری دادەنرێت، وانەی ھامۆنی مۆسیقای دەوتەوە و مۆسیقای دەنووسی، لەوێ بۆ یەکەمین جار ئامێری عودی ناساند بە ئەوڕوپا و سیمی پێنجەمیشی بۆ زیاد کرد و ژانەری تەختەیی گۆڕی بۆ ژانەرێک کە لە پەڕی باڵی ھەڵۆ بوو، و ھەموو بیردۆزەکانی مۆسیقای دووبارە ڕێکخستەوە و چەند پێوەرێکی ھارمۆنی و کێشی سەربەستی دانا بەمەش ڕێگایەکی نوێی دۆزییەوە بۆ دەربڕینی ئاوازی ئۆرکسترایی،
مێژوونووسی مۆسیقی ئیتاڵی جولیان ڕیبێرا لەبارەی پەیمانگاکەی زەڕیابەوە دەڵێت:
"پێکھاتەی گۆرانییەکان و چەندین ئاواز بۆ یەکەمین جار لە پەیمانگای مۆسیقای قورتوبە گەشەی کردو و پەرەی سەند."
کێتێبی ١٠٠١ داھێنان لە کەلەپوری موسڵمانان دەنووسێت:
"زەڕیاب نرخێکی نە خەملێنراوی بەخشی بە ھونەرەکەی ئەم ئەرزش و بەھا بێ وێنەیە بە درێژایی ھەزار ساڵ دواتر بەردەوام مایەوە تا خەڵکی لە سەرەنسەری جیھاندا چێژ وەربگرن لە شێوازە جیاواز و جۆرا و جۆرەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە.
مامۆستای ڕەوشت
دەستکاریکاتێک زەڕیاب بینی خەڵکی ئیسپانیا و ڕۆژاوا لە چاو ڕۆژھەڵات لەڕووی ڕەوشتی ھەڵسوکەتکردن و جل و بەرگ لە ئاستێکی نزمدان ھەوڵی فێرکردنی خەڵکەکەی دا، کە خەڵکەکەش ئەویان بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانی بە گوێیان بۆ دەگرت و لاسایان دەکردەوە.
کتێبی ١٠٠١ داھێنانی موسڵمانان دەنووسێت:
"دەکرێت سوپاسی پیاوێکی سەدەی نۆیەمی زایینی بکەین بەناوی زەڕیاب، کە بیرۆکەی سێ ژەم خواردنی بە ئەوڕوپا ناساند، کاتێک گەیشتە ئەندەلوس (ئیسپانیا) دابونەریتەکانی تایبەت بە خواردن بەشێوەکی گشتی گۆڕانی بەسەرداھات، وتی: دەبێت ژەمی خواردن بە شۆربا دەست پێ بکات و بە دواییدا خواردنی سەرەکی بێت کە گۆشتی ماسی یان گۆشتی سوور یان گۆشتی باڵندەی تێدابێت و بە جۆرێک لە میوە یان جەرەزات کۆتایی پێ بھێنرێت."
جەیسۆن وێبسەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی لە بەرنامەی مێژوویەکی ئیسلامیانەی ئەوڕوپا لە بارەی زەڕیابەوە دەڵێت:
"زەڕیاب ھەموو شێوازەکانی پۆشاک و خۆڕازاندنەوەی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، بەغدای ئەوکات نیۆڕک و پاریسی ئێستا بوو، ئەو مەعجوونی ددان و بۆنبەری جەستە و شێوازی قژی کورتی لەگەڵ خۆیدا ھێنا بۆ قورتوبە، ئەوە ڕاستییەکەیە کە لەو سەردەمەدا لەشاری قورتوبەدا کۆڵانەکانی چرای ڕووناکەرەوەیان تێدا بوو و زێرابی ئاو و پاشەڕۆ ھەبوو وەھەروەھا جۆگەلەی ئاوی پاک بۆ ماڵان دەچوو، بەغداد لە عێڕاق گەورەترین ناوەندی ھزری و فەرھەنگی بوو لە جیھانی ئیسلامیدا، زەڕیاب لەوێوە شێوازی نوێی ڕازاندنەوە و ئامادەکردنی مێزی نانخواردن و دیزاینی نوێی جل و بەرگی پیاوانە و تەنانەت یاری شەتڕەنج و پۆلۆی لەگەڵ خۆیدا ھێنا بۆ قورتوبە، ئەو ناوبانگی دەرکردبوو بە پیاوێکی سەلیقە جوان کە بەردەوام باشترین بژاردەی ھەیە ناوی دەرکردبوو بە شیک پۆشی و ڕازاوەیی بە دیزاینە دانسقە جوانەکانی دەرباری خەلیفەی دەڕازاندەوە لە ھەمان کاتدا خەڵکی قورتوبەش لاسایی لە شێوازی قژبڕینی کورتی ئەو دەکردەوە و چێژیان وەردەگرت لەو کەلووپەلە پێستیانەی کە لەگەڵ خۆیدا ھێنای بۆ ئیسپانیا."
ھەزار و دووسەد ساڵ پاش زەڕیاب مێژوونووسی فەڕەنسی ھێنری تێرەیس دەڵێت:
"زەڕیاب شێوازی جل و بەرگی زستانە و ھاوینەی ناساند و بە وردی ئەو ڕۆژانەشی دیاری کرد کە دەبێت چ جۆرە جل و بەرگێک بپۆشرێت، ھەروەھا پۆشاکی نیو وەرزەشی زیاد کرد کە گونجاو بوو بۆ ماوەی نێوان دوو وەرزی جیاواز، و پۆشاک و بەرگی جوان و سەرەنجڕاکێشی ڕۆژھەڵاتی لەگەڵ خۆیدا ھێنا بۆ ئیسپانیا، لە ژێر کاریگەری ئەودا پشەسازی جل و بەرگ سەریھەڵدا کە جل و بەرگی ھێڵ ھێڵی ڕەنگاو ڕەنگ و چاکەتیان لە کووتاڵی ڕوون دروستدەکرد."
کتێبی ١٠٠١ داھێنان لە کەلەپووری موسڵمانان دەنووسێت:
" ئەگەر ئەمجارە بۆ کڕینی دواھەمین مۆدێل و شێوازی پێڵاو چوویت بۆ فرۆشگایەکی شیک و گرانبەھا و ویستت پانتۆڵ یان کراسێکی ھاوینە تاقی بکەیتەوە ئەوا زەڕیابی بەر ھەزار و دووسەد ساڵ بھێنەوە بیری خۆت، چونکە بەھۆی ئەوەوە بیرۆکەی بەرھەمھێنانی ئەو پێڵاو و پۆشاکانە لە ڕۆژھەڵاتەوە لە شەققەی باڵی دا بەرەو ڕۆژاوا.".
ڕەچەڵەکی زەڕیاب
دەستکاریمێژوونوسان زۆر لەبارەی ڕەچەڵەکی زەڕیابەوە نەدواون، بەڵام زۆربەی ئەو مێژوونوس و ڕۆژھەڵاتناسانەی کە باسیان لە ڕەچەڵەکی زەڕیابەوە کردووە، زەڕیابیان بە کورد داناوە،[٥][٦][٧] ھەرچەندە ھەندێک مێژوونووس و ڕۆژھەڵاتناس لەپەنا ناوی کورد، فارس و عەرەب و تەنانەت ئەفریقاییش دەنووسن، بەڵام باشترین شتێک بۆ یەکلاکردنەوەی ڕەچەڵەکی زەڕیاب لێکۆڵینەوەکەی دکتۆر مھیمن ابراھیم جزراویة کە بەزمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە بەناوی (زریاب منجازاتە وأبرز مبتکراتە الموسیقیة.[٨])،
دکتۆر مھیمن لەپاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دەڵێت:
"من گەڕاوم لە ھەندێک سەرچاوە و بەڵگە و مێژوویەکان و لێکۆڵەرەوان و زانایانی بیانی و ڕۆژھەڵاتناسەکان لەسەر ڕەچەڵەکی زەڕیاب، گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی کە ڕەچەڵەکی زەڕیاب کورد بووە.[٨] "
دواتر وتەی چەند مێژوو نووس و ڕۆژھەڵاتناس دێنێتەوە کە باس لە کورد بوونی زەڕیاب دەکەن. ڕۆژھەڵاتناسی فەڕەنسی (تۆما بوا) دەڵێت:
"مۆسیقا ژەنی ناسراو زەڕیاب کە ژێی پێنجەمی بۆ عود زیادکرد لە سەردەمی عەباسییەکاندا ئەو لە ئەسڵدا کوردبووە "
ڕۆژھەڵاتناس شوالتزا دەڵێت:
"زەڕیاب گەنجێکی کورد بوو کە یەکێک بوو لە بلیمەترین خوێنکارەکانی ئیسحاق موسڵی کە بە توانا لە حەد بەدەرەکانی لەبواری مۆسیقادا ناوبانگی دەرکردبوو. "
خانمە دکتۆری ئەڵمانی (زیگرید ھونکە) دەڵێت:
"کوڕە گەنجێکی کورد بەناوی زەڕیاب قوتابی بوو لە خوێندنگای مامۆستا ئیسحاقی کوڕی ئیبراھیمی موسڵی، ئەو توانایەکی زۆر بەرزی ھەبوو لە زانستەکانی مۆسیقادا. "
کاریگەری زەڕیاب بەسەر ئەوڕوپاوە
دەستکاریزەڕیاب لە زۆرێک لە بوارەکاندا یەکێک بوو لە بەناوبانگترینی ڕۆژگاری خۆی، و تاوەکو ئێستاش کاریگەری داھێنانەکانی لەسەر جیھان بەجێماوە، بەتایبەت بەسەر ئەوڕوپایەکانەوە چونکە وەک خۆیان دەیڵێن بەھۆی زەڕیابەوە بەشێکی زۆری داھێنانەکانی شارستانییەتی ئیسلامی گواسترانەوە بۆ ئەوڕوپا و ھۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ڕزگاربوونی ئەوڕوپا لەتاریکی و نەزانی،
داھێنانی زەڕیاب زۆرن کە کاریگەریان لەسەر ئەوڕوپا دروستکردووە بەڵام لێرە بەشێک لە داھێنانەکانی دەخەینە ڕوو:
- لەژێر کاریگەری زەڕیابدا پشەسازی جل و بەرگ سەریھەڵدا.
- یەکەمین پەیمانگای ھونەری لە جیھاندا دامەزراند
- مەعجوونی ددانی ئاشناکرد بە ئەوڕوپا.
- یاری شەتڕەنج و پۆلۆی ئاشناکرد بە ئەوڕوپا.
- کاریگەرترین موسڵمان بووە کە دەوری ھەبووە لە بڵاوبوونەوەی مۆسیقا بە ئەوڕوپادا
- ھەموو بیردۆزەکانی مۆسیقای دووبارە ڕێکخستەوە و چەند پێوەرێکی ھارمۆنی و کێشی سەربەستی دانا بەمەش ڕێگایەکی نوێی دۆزییەوە بۆ دەربڕینی ئاوازی ئۆرکسترایی.
- خواردنی سێ ژەمەی ئاشناکرد بە ئەوڕوپا.
- بۆنبەری جەستە و شێوازی قژی کورتی ئاشناکرد بە ئەوڕوپا.
- بۆ یەکەمین جار ئامێری عودی ناساند بە ئەوڕوپا و سیمی پێنجەمیشی بۆ زیاد کرد.
- ژانەری تەختەیی گۆڕی بۆ ژانەرێک کە لە پەڕی باڵی ھەڵۆ بوو.
- جل و بەرگی زستانە و ھاوینەی ئاشناکرد بە ئەوڕوپا و بە وردی ئەو ڕۆژانەشی دیاری کرد کە دەبێت چ جۆرە جل و بەرگێک بپۆشرێت.
- بیرۆکەی پەردەی سەر مێزی بڵاوکردەوە
- پەرداخە کانزایییە قوڕسەکان و دەفرە ئاڵتوونییەکان کە بۆ تێدا خواردنەوە بەکاردەھاتن لەسەر سفرەی نانخواردن، گۆڕی بۆ پەرداخ و دەفری بلووری.
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ١٠٠١ داھێنان لە کەلەپووری موسڵمانان لاپەڕە ٥٢.
- ^ کتێبی کورد کێیە؟ سۆران حەمە ڕەش.
- ^ [١][بەستەری مردوو] زەڕیاب: ئەو کوردەی وەک ڕووناکی لەگەڵ گەیشتنی بە ئیسپانیا ئەورووپای ڕووناککردەوە نوسینی:علی ڕەزانی
- ^ الجزراوی، م. مھیمن اإبراھیم. زریاب منجازاتە وأبرز مبتکراتە الموسیقیة.
- ^ «Ana Ruiz لە کتێبی (Vibrant Andalusia: The Spice of Life in Southern Spain) لاپەڕە 53،». لە ڕەسەنەکە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ زریاب منجازاتە وأبراز الموسیقیة.
- ^ «کتێبی Colors of Enchantment: Theater, Dance, Music, and the Visual Arts of the...». لە ڕەسەنەکە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ ئ ا «الجزراوی، م. مھیمن اإبراھیم. زریاب منجازاتە وأبرز مبتکراتە الموسیقیة». لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی ھونەرەکان
- دەروازەی مۆسیقا
- دەروازەی شیعر
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی ئێران
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی عێراق
- دەروازەی کیمیا
- دەروازەی بەغدا
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە زەڕیاب تێدایە. |