پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە ھۆزانڤان و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکوو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.

زیاتر...