دیموکراسی

شێوازێکی دەسەڵاتداریی میریی

دیموکراسی (بە یۆنانی: lδημοκρατία dēmokratía، بە واتایی: "فەرمانڕەوایی گەل") شێوازێکی فەرمانڕەواییە کە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو بە یەکسانی تێدا بەشدار دەبن، کە تیایاندا بڕیارەکان بەپێی ڕێنمایییەکانی زۆرینەی ھاوڵاتیان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد وەردەگیرێن.[٢][٣][٤] کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی لەخۆدەگرێت، کە رێگە بە ھاوڵاتیان دەدات چارەنووسی ڕامیاری بە ئازادی و یەکسانی دیاری بکەن، ھەروەھا یەکێک لە گرنگترین بنامەکانی دیموکراسی بریتیە لە بەرپرسیارت، کە ڕێز لە سیستم بگیرێت و وشیاریت زالبێت لەسەر زەبر و توندوتیژی، دەستەواژەی دیموکراسی لە وشەی یۆنانی (دیموکراتیا= demokratia) وەرگیراوە، کە وشەی یۆنانییەکە لە دوو بەش پێکھاتووە(demos) کەواتە گەل و (kratein) کەواتە فەرمانڕەوایی لەگەڵ پاشگری (ia). کەواتە وشەکە مانای «فەرمانڕەوایی گەل».[٢][٥] چەندین شێواز لە دیموکراسی ھەیە، بەڵام دوو شێوازی بنەڕەتی ھەیە، کە ھەردووکیان ھەوڵ دەدەن بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی داواکاری ھاووڵاتییان، یەکیک لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتییە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ کە رێگە بە ھەموو ھاوڵاتییەکی شیاو دەدات بەشداری ڕاستەوخۆ و کاریگەر ھەبێت لە بڕیاردانی لە پێکھێنانی حکوومەتدا، وە یەکیکی تر لە شێوازەکانی دیموکراسی، بریتیە لە دیموکراسی نوێنەرایەتی کە لە زۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدی دەکرێت کە ھەموو ھاوڵاتییە شیاو لە بڕیارداندا دەسەڵاتی باڵادەست دەمێننەوە بەڵام دەسەڵاتی ڕامیاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان و بەناو دیموکراسیە نوێنەرایەتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

دۆخی دیموکراسی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە جیھاندا, بە گوێرەی پێڕستی دیموکراسی لەلایەن ئێکۆنۆمیست[١]

مێژووی دیموکراسی دەستکاری

 
کلئیستنس، باوکی دیموکراسی ئەتینا

دەستەواژەی «دیموکراسی» – یاخود با بڵێین وشە ڕەسەنە (یۆنانییە کۆنەکە)- لە ئەسینای کۆن[٦] لە سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا داتاشراوە. ئەو وڵاتەی ئەسیناش بە کۆنترین نموونەی سیستەمی دەسەڵات دادەنرێت کە لەگەڵ ھەندێ لە ھزرەکانی حووکمی دیموکراسیی ئێستا دەگونجێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەس ھەن کە ئەسینای کۆن بە دیموکراسی ناژمێرن چونکە تەنھا کەمینەیەکی دانیشتوانەکەی مافی دەنگدانیان ھەبوو و ئافرەت و کۆیلە و بێگانەکان لەو مافە بێبەش کرابوون، تەنھا ١٦٪ دانیشتوانانی مافی دەنگدانیان ھەبوو. بەڵام سەرەڕای ئەوە دەنگدان لە ئەسینای کۆن لەگەڵ بیرۆکەی دروستکردنی ڕاستەوخۆی بڕیار دەگونجێ لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەران وەک ئێستا لە سیستەمی دیموکراسیدا پیادە دەکرێ.

بە تێپەڕبوونی کات واتای «دیموکراسی» گۆڕانی بەسەردا ھات، و پێناسە نوێکەی لە سەدەی ١٨ ھەمەوە تا ئێستا لە لەگەڵ ھاتنە کایەوەی سیستەمی «دیموکراسی» لە چەندین وڵات پەرەسەندندایە. لیکۆڵینەوەکانی دەزگای Freedom House باس لەو دەکەن کە لە ساڵی ١٩٠٠ دا تەنھا یەک سیستەمێکی دیموکراسی لیبراڵی خاوەن مافی دەنگدانی گشتگیر لە جیھان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ١٢٠ (٦٢٫٥٪) لە ١٩٢ وڵاتەکەی جیھان دیموکراسی لیبراڵن. لە ساڵی ١٩٠٠ دا ٢٥ وڵات (١٩٫٢٪) خاوەنی نەریتێکی سنوورداری دیموکراسی بوون و ئێستا ژمارەیان ١٦ وڵاتە (٨٫٣٪). ھەر لەو ساڵەدا ١٩ یاخود (١٤٫٦٪) دەوڵەتان خاوەن سیستەمی پادشایەتی دەستوری بوون کە تیایاندا دەستوور دەسەڵاتەکانی پاشا کەم دەکاتەوە و دەیدا بە پەرلەمان، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتی لەم جۆرە نییە. وڵاتانی تر شێوەی جۆراوجۆری حووکمی نادیموکراسیان ھەبوو و ھەیە. ئەمڕۆ چەندین پۆڵینکردنی پوختەی تایبەت بە دەستەواژەی «دیموکراسی» ھەن، ھەندێکیان وەک گریمانە و ھەندێکیشیان جێبەجێ کراون.[٦][٧]

ھەڵبژاردن وەک نەریتێک دەستکاری

ھەبوونی ھەڵبژاردن وەک مەرجێک بۆ بوونی دیموکراسی بەس نییە. زۆرجار ھەڵبژاردن لە لایەن ڕژێمە تۆتالیتارەکان و دیکتاتۆرەکان بۆ خۆشاردنەو لەژێر پەردەی دیموکراسی بەکارھێنراوە. ئەمەش بە چەندین ڕێگەی جۆراوجۆرە ڕوو دەدات:

  • کۆتکردنی لیستی ئەوانەی بۆیان ھەیە لە ھەڵبژاردنا بەشدار بن.
  • کۆتکردنی بڕی ڕاستەقینەی دەسەڵات کە بۆ نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان ھەیە وەریبگرن، یاخود ئەو ڕامیارییانەی بۆیان ھەیە لەکاتی بوونیان لە پۆستەکانیان ھەڵیانبژێرن.
  • دەنگدان بە ڕاستی ئازاد و بێگەرد نەبێ (بۆ نموونە بەھۆی ترساندنی ئەو کەسانەی دەنگ بە کاندیدێکی تر دەدەن).
  • ئەنجامدانی ساختەکاری لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکە.

نموونە مێژوویەکانی ئەم دۆخە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو پێش ڕووخانی دەسەڵاتداریی پارتی کۆمۆنیستی لە ساڵی ١٩٩١، لە عیراق سەددام حوسێن پێش ڕووخانی و فلیپین لەژێر دەسەڵاتداریی فردیناند مارکۆسدا.

دیموکراسی لیبراڵ

وەک باوە دیموکراسی زۆر بەمە لێک دەدرێتەوە کە وەک دیموکراسی لیبراڵە.[٨] کەچی لە ڕاستیدا دیموکراسی بەخۆی سیستەمێکی فەرمانڕەواییە و بەھۆی ھەڵبژاردنەوە پێناسەکراوە و ڕەوایەتی پێ بەخشراوە، لە کاتێکدا دیموکراسی لیبراڵ بریتییە لەخۆگرتنەوەی لیبرالیزمی دەستووری، یاخود پاراستنی ژمارەیەک مافی تاکە کەسی لە دەنگدانی زۆرینەوە و پێچەوانەی ئەمەش لە دیموکراسی نالیبراڵدا دەبینرێ کە ھیچ کۆت و بەندێکی لەم جۆرەدا تێدا نییە. خەسڵەتەکانی زۆربەی سیستەمە دیموکراسە لیبراڵەکان بریتین لە:

  • بوونی دەستوورێک کە دەسەڵاتی میری سنووردار دەکات و زۆر لە مافە سڤیلییەکان دەپارێزێت.
  • مافی دەنگدانی جیھانی، کە ھەموو ھاوڵاتیان مافی دەنگدانیان ھەبێ بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕەگەز یا توخم یا بڕی سەروەت و سامان بکرێت.
  • ئازادی ڕادەربڕین و لەوانە ئازادی قسەکردن و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان
  • ئازادی ڕۆژنامەوانی و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی تری زانیارییەکان.
  • ئازادی پێکھێنانی کۆمەڵەکان.
  • یەکسانی لەبەردەم یاسا و یاسا سەروەر بێت و ڕۆڵی خۆی ببینێت.
  • مافی ھەبوونی سەروەت و سامان و سەربەخۆیی کەسایەتی (privacy).
  • مافی خوێندن و زانینی ماف و ئەرکە مەدەنییەکان.
  • بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی جێگیر و فراوان
  • دادگەری سەربەخۆ.
  • بوونی سیستەمێکی کۆت و ھاوسەنگییەکان لە نێوان لقەکانی میریدا.

بەشێوەیەکی گشتی ئەم پێناسەیە چەند پێویستییەکی لەگەڵدایە. ئەو بڕیارانەی لە ڕێگەی ھەڵبژاردن وەردەگیرێن ھەموو ھاوڵاتیان وەرناگیرێن، بەڵکو لە لایەن ئەوانەی لە ھەڵبژاردن بەشداربن وەردەگیرێن. جگە لەوەش خۆ ھەموو ھاوڵاتیان مافی دەنگدانیان نییە. زۆربەی وڵاتە دیموکراسییەکان تەمەنی دەنگدان گروپێکی دیاریکراوی ھاوڵاتیان دەگرێتەوە و بەزۆری تەمەنی ١٨ ساڵانە. ھەندێ وڵات چەند گروپێکی تری ھاوڵاتیان لە دەنگدان بێبەش دەکەن وەک (زیندانیانی تاوانبارکراو چ ئێستا بێ چ لە ڕابردوودا).

ھەندێ جار دیموکراسی لیبراڵ دەبێتە دیفاکتۆی میری، لەکاتێکدا شێوەکانی تری دیموکراسی دەبێ ئەو شوێنە بگرن، بۆ نموونە کەنەدا پادشای ھەیە بەڵام لە ڕاستیدا پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراو بەرێوەی دەبات. ھەندێک کەس بەکورتی دیموکراسی بەوە پێناسە دەکات کە «فەرمانڕەوایی زۆرینەیە لەگەڵ پاراستنی مافی کەمینە».

دیموکراسی لەبەرامبەر کۆماری دەستکاری

پێناسەی وشەی "دیموکراسی لە سەردەمی کۆنی یۆنانی و تا ئێستا ھەر لە گۆڕاندا بووە. لە بەکارھێنانی ئێستا دەستەواژەی "دیموکراسی" واتای حکومەتێکی ھەڵبژێردراو چ ڕاستەوخۆ یاخود نوێنەرایەتی دەدات. لە نێو تیۆری دەستوری و، لە بەکارھێنانی مێژووی بە تایبەتی کاتێک سەیری کردەوەکانی "باوکە دامەزرێنەرەکان"ی ئەمریکا دەکەین پێناسەیکی تری دیموکراسی ھەیە. بەپێی ئەو بەکارھێنانە وشەی "دیموکراسی" تەنھا مانای دیموکراسی ڕاستەخۆ دەگەیەنێت، لە کاتێکدا دیموکراسی نوێنەرایەتی تێیدا نوێنەرانی گەل بەپێی دەستور حوکم دەکەن و ئەمەیانپێ دەگوترێ "کۆماری". ئەم بەکارھێنانە تا ڕادەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گفتوگۆ ئەکادیمیایییەکاندا باو ماوە. دانەرە سەرەکییەکانی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو لەمەترسییەکانی حوکمی زۆرینە لەسەر ئازادییەکانی تاک گەیشتبوون. (بروانە زۆرداری زۆرینە لە خوارەوە). بۆ نمونە جەیمس مادیسۆن لە ڕۆژنامەی فیدرالی ژمارە ١٠ بانگەشە بۆ کۆمار دەکات و لە دیموکراسی بە باشتری دەزانێ ئەویش بۆ پاراستنی شێوەی تاقانەی زۆرینە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەمان کاتدا دانەرانی دەستور وشیارانە دامەزراوەی دیموکراسیان دامەزراند و چاکسازی سەرەکی بەرەو کۆمەڵگەی کراوەیان لە دوتۆی دەستور و بەڵکەنامەی مافەکان چاند. ئەوان بەمەزندەی خۆیان باشترین پێکھاتەکانی دیموکراسیان ھێشتەوە و بەھاوسەنگییەکی دەسەڵاتەکان و سیستەمێکی فیدراڵی چەند ئاستیی پاراستیان. پێناسە مۆدێرنەکانی زاراوەی "کۆماری" ئاماژە بۆ ھەر وڵاتێک دەکەن کە سەرۆکەکەی ھەڵبژێردراو بێ و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو حوکم بکات و، بە پێچەوانەی زۆربەی پادشایەتییە بۆماوەیییەکان کە خاوەن سیستەمی دیموکراسی نوێنەرایەتین و پادشایەتی دەستوری کە پابەندی سیستەمی پەرلەمانین. (سیستەمە کۆنترەکانی پادشایەتی ھەڵبژێردراو بە سیستەمی کۆماری ناژمێردرێن).

دیموکراسی سۆشیالیستی دەستکاری

بێ دەوڵەتی ئارناکی و کۆمۆنیزم (وەک قۆناغی کۆتایی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بەپێی تیۆری کارڵ مارکس) تیۆری ڕامیارین کە (لە تیۆردا) شێوەیەکی دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەکاردەھێنێت و دەوڵەتی نییە کە پشت بە گەل ببەستێ. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی وڵاتان کە لە لایەن پارتی کۆمۆنیست دەسەڵاتداری دەکران بوونە وڵاتی دیکتاتۆری و ئاوھاش مانەوە ھەتا پارتەکە لەسەر دەسەڵات مابێتەوە. تیۆردانەرانی سۆشیالیستی وەک Tony Cliff دەیانگوت کە زۆربەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان بوونە وڵاتی دیکتاتۆری چونکە ئەو وڵاتانە کۆمۆنیستەکان تیایاندا ھاتنە سەر ئەسکەمیلی (کورسی) دەسەڵات بەگشتی ئەو وڵاتانە بوون کە ھێشتا ھێزە بەرھەمھێنەرەکانی پەرەسەندن نەگەیشتبوونە ئەو ئاستەی کە تێیدا پشتیوانی لە سۆشیالیزم بکەن.[٩]

چاندی دیموکراسی دەستکاری

بۆ ئەو ولاتانەی نەریتێکی ڕەسەنی حوکمی زۆرینەیان نەبێ بەدەگمەن ھەل ڕەخساندن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئازاد دەبێتە مایەی گواستنەوەی ڕاستەقینە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی: بەڵکو گواستنەوەیەکی فراوانتر لە کلتوری سیاسی و داڕشتنێکی پلە بە پلەی دەزگاکانی حکومەتی دیموکراتی وڵات پێویستە. لەمبارەیەشەوە نمونەی جۆراوجۆری وەک (فەرەنسای شۆڕشگێری، ئۆگەندای ئێستا و ئێران) مان ھەیە کە وڵاتی خاوەنە توانای درێژەپێدانی دیموکراسی بە شێوە سنوردارەکەیەوە تاوەکو گۆڕانێکی کلتوری فراوانتر دەھاتنە کایەوە کە بواریان بۆ حوکمی زۆرینە دەڕەخساند. لایەنێکی سەرەکی کلتوری دیموکراسی چەمکی "ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆز=Loyal Opposition". ئەمەیان گۆڕانێکی کلتوری زەحمەتە بە تایبەتی لەو وڵاتانەی دەستا و دەستی دەسەڵات بە ڕێگەی توند و تیژی بووە. زاراوەکە لە ناوەرۆکدا مانای ئەوەیە کە ھەموو لایەنەکانی سیستەمی دیموکراسی پابەندبوونێکی گشتی بە بەھا بنچینەیییەکان کۆیان دەکاتەوە. ڕەنگە نەیارانی سیاسی لەگەڵ یەکتر کۆک نەبن بەڵام دەبێ لێبوردەیی لەگەڵ یەکتری بنوێنن و دان بە شەرعیەتی و گرنگی ڕۆڵی یەکتری بنێن. ڕێسا سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە پێویستە ھانی لێبوردەیی و نەرمی نواندن لە دانوستانی میللی بدەن. لە کۆمەڵگەیەکی لەمجۆرەدا دۆڕاوەکان بە حوکمی دەنگدەران قایل دەبن لە پاش کۆتایی ھەڵبژاردنەکان و، بوار بە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکەن. دۆڕاوەکان دڵیان بەوە ئارامە کە ژیان و ئازادیی خۆیان لەدەست نادەن و لەبەشداریکردن لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە بەردەوام دەبن. ئەوان دلسۆزی سیاسەتەکانی حکومەت نین، بەڵام دڵسۆزی شەرعیەتی بنچینەیی دەوڵەت و خودی پرۆسە دیموکراسییەکەن.

زۆرینەی ڕێژەیی بەرامبەر زۆرینەی نوێنەرایەتی دەستکاری

ھەندێ سیستەمی ھەڵبژاردن – وەک جۆرەھا شێوەی نوێنەرایەتی ڕێژەیی- ھەوڵ دەدەن (لەوانە گروپەکانی کەمینە کە دەنگ بۆ پارتە بچوکەکان دەدەن) ئەوە زامن بکەن کە ھەموو گروپە سیاسییەکان بە شێوەیەکی «دادپەروەرانە» لە دەستە پەرلەمانییەکانی وڵات نوێنەریان ھەیە، ئەویش بەپێی ڕێژەی دەنگەکانیان لە جیاتی ئەوەی بەپێی ڕێژەی دەنگدەرانیان کە بەھۆیدا دەتوانن زۆرینەیەکی ناوچەیی زامن بکەن (نوێنەرایەتی زۆرینەیی).

ئەم نوێنەرایەتییە لە بەرامبەر جیاکردنەوە تەنھا کێشەیەکی تیۆری نییە، چونکە ھەردوو شێوەی سیستەمی ھەڵبژاردن لە جیھاندا باون و ھەریەکەیان جۆرە حکومەتێکی جیاواز لە ئەویتر دێنێتە کایەوە. یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی ئەوەیە تۆ کەسێکت ھەبێ ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ناوچە بچوکەکەی تۆ بکات لە وڵاتەکەت، لەبەرامبەر شێوازەکەی تر کە تێیدا دەنگی ھەموو ھەموو کەسێک سەنگی خۆی ھەیە بێ ڕەچاوکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆ لە وڵاتدا. ھەندێ وڵات وەک ئەڵمانیا و نیزلەندا خوازیارن ھەردوو جۆری نوێنەرایەتی ناوچەیی و ڕێژەییان ھەبێ بەڵام بەشێوەیەک پێشێلی یەکتر نەکەن. ئەم سیستەمەش بەناوی ئەندامێتی تێکەڵاوی ڕێژەیی (mixed Member Proportional ناسراوە.

سوود و خراپییەکانی دیموکراسی دەستکاری

حوکمی دەوڵەمندەکان Plutocracy

ڕەنگە تێچوونی ئەنجامدانی ھەڵمەتی سیاسی لە سیستەمە دیموکراسییەکان واتای ئەوە بدات کە سیستەمەکە ھەڤیازی کەسانی دەوڵەمەند دەکات، یاخود کاندیدەکان ھاندەدات سەفقە لەگەڵ کەسانی دەوڵمەند ببەستن بۆ وەدیھێنانی پەرلەمانێک بە دڵی ئەوجۆرە پشتیوانانە پاش سەرکەوتنی کاندیدەکانیان دێتە کایەوە. لە لایەکی ترەوە دەوڵەمەندەکان تەنھا کەمینەیەکی بچوکن لە نێو دەنگدەراندا. پیچویستە میدیکان لە سیستەمی دیموکراسی سەربە ھیچ پارتێک نەبن. میدیای بیستراوی پارتەکان – لە ڕێگەی پەخش یا بڵاوکراوەکان- زۆربەیان سەربە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتن. ھەندێ لە ڕەخنەگران دەڵێن کە ڕەخنەی ڕەوای دژی سەرمایەداری لە لایەن ئەمجۆرە کۆمپانیانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان کپ دەکرێنەوە. بەلاچم لایەنگرانی ئەو کۆمپانیا بەوە وەڵام دەدەنەوە کە ئازادی ڕادەربڕین کە دەستور دەیپارێزی بوار ڕێکخراوی بازرگانی و ڕێکخراوی خۆبەخش میدیا خۆیان دامەزرێنن و ڕەخنە لە سەرمایەداری بگرن. ھەروەھا دەڵێن سەرنەکەوتنی ئەوجۆرە میدیایانە ڕەنگدانەوەی ویستی جەماوەرە نەک سانسۆرە لە سەر میدیاکان.

جەختکردنی کورتخایەن

ئەو ماوە کورتەی بەر لەوەی حکومەت ڕووبەرووی ھەڵبژاردنێکی نوێ ببێتەوە ڕەنگە ھاندەرێک بن بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانە دابڕیژرێن و جێبەجێ بکرێن کە سودی کورتخایەنیان بۆ دەنگدەران ھەبێ، نەک جێبەجێکردنی سیاسەتیبَک لە ماوەی کورتدا زەحمەت بێ بەڵام بەرھەمی پاش چەندین دەیە یان سەدەیەک دەبێ.

زۆرداری حوکمی زۆرینە

ئەم پرسە لە بابەتی زۆرینەییش باس کراوە. حوکمی زۆرینە چ مافێکی فراوان و گشتگیری تیابێ یان نەْ مەترسی «زۆرداری زۆرینەی» ھەیە. ئەمەش بە واتای ئەو ئەگەرەی کە سیستەمی دیموکراسی نوێنەری ھەڵبژێردراو دەسەڵاتدار دەکات بە ناو و بۆچونی زۆرینە کەمینەیەک بچەوسێنێتەوە. ئەمەش بێگومان لەبەینبردنی ئاواتی دیموکراسییە کە بریتییە لە دەسەڵاتپێدانی ھاوڵاتیانە بەگشتی. بۆ نمونە لە سیستەمی دیموکراسی دەکرێ دەستەیەکی نوێنەران ھەلبژێردرێ دەسەڵاتی ھەبێ کەمینەیەک (ئاینی، سیاسی … تاد) تاوانبار بکات (چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناراستەوخۆ بێ). ئەمەی خوارەوە چەند نمونەیەکن کە تیایاندا زۆرینە بەشێوەیەکی گۆمانلێکراو لەبەرامبەر ویستەکانی کەمینەیەک ھەڵس و کەوتی کردووە:

  • لە فەرەنسا ھەندێ کەس پێیان وایە قەدەغەکردنی ھێما ئاینییە کەسایەتییەکان لە قوتابخانەکانی میری پێشێلکاری مافە ئاینییەکانی مرۆڤە.
  • لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:
  • بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی سێکسی بە نایاسایی دادەنرێ ئەگەر بابەتەکە «پێوەرەکانی کۆمەڵگە» بۆ ئابڕووی ببەزێنێ.
  • چاڵاککارانی بواری «پشتیوانی ژیان» (دژی لەباربردن) منداڵی لەدایک نەبوو لە سکی دایکیان بە کەمینەیەکی چەوساوە و بێ ئومێد و مافخوراو ناو دەبەن.
  • لە ئەمریکا ڕەشنوەسی یاسای شەڕی ڤێتنام ئەو ڕەخنەیەی لێگیرا کە کەمینەیەکی مافخوراو کە گەنجانی تەمەن نێوان ١٨ – ٢١ ساڵانن دەچەوسێنێتەوە. وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەمە تەمەن ناونوسکردن بۆ خزمەتی سەربازی بۆ ١٩ ساڵ بەرز کرایەوە و تەمەنی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە کەمنتر کرایەوە (لەگەڵ ئەوەشدا لەھەندێ ویلایەت تەمەنی دەستپێکردنی مەی خواردن کەمتر کرایەوە). ھەرچەندە ئەوانەی بۆ سوپا ناونوەس دەکران ھەرچەندە مافخوراو نەمانەوە بەڵام ھێشتا ژمارەکانیان بەقەد ئەانی تر نەبو.
  • زۆربەی جار زۆرینە باج بەسەر کەمینە دەسەپێنێ کە دەوڵەمەندە بەرێژەیەکی بەرز و ھەردەم لە زیادبووندایە، ئەمەش بە نییەتی ئەوەی دەوڵەمەندەکانی باجێکی زۆرتر بدەن بۆ خزمەتکردنی مەبەستی کۆمەڵایەتی.
  • ئەوانەی بۆ ڕابواردن مادە سڕکەرەکان بەکاردەھێنن ھەندێ کەس بە کەمینەیەکی بەرچاویان دەبینی کە لە لایەن زۆرداری زۆرینەوە لە چەندین وڵات بە ڕێگەی تاوانبارکردن بە بەکارھێنانی مادە سڕکەرەکان دەچەوسێندرێنەوە. لە زۆر وڵات ئەوانەی بە تۆمەتای بەکارھێنانی مادە سرَکەرەکان مافی دەنگدان لەدەست دەدەن
  • ڕەفتاری کۆمەڵگە لەگەڵ لوتی و نێربازەکانیش لەم ڕوانگەیەوە سەیر دەکرێ. نمونەیەکیش لێرەدا بە تاوان دانانی نێربازییە لە بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەھەم و بەشێک لەسەدەی بیستەمدا، کە تیشکی خرایە سەر بە ھۆی دادگایکردنی ھەرەیەک لە ئۆسکار وایڵد و ئاڵن تورینگ.
  • ڕچێمە دیموکراسۆیەکەی ئەسینا سوقراتی بە تۆمەتی بێئاینی لە سێدارەدا یاخود بەھۆی ڕای جیاوازدا. ئینجا چ ئەمە بۆ مەترسییەکانی دیموکراسی سەردەم بشێن یا نەْ تا ئێستاش بابەتی ناکۆکییەکی بەردەوامە.
  • ئەدۆڵف ھیتلەر کە بەرزترین ڕێژەی کەمینەی لە مێژووی کۆماری ڤایمار لە ساڵی ١٩٣٣ وەدەستھێنا.

ڕەنگە ھەندێ کەس وای بۆ بچێ کە ئەمە نمونەیەکی زۆرداری کەمینە بێ چونکە ھیتلەر لقەت زۆرینەی دەنگی وەدەست نەھێنا. بەڵام لە لایەکی تر خوی سیستەمە دیموکراسییەکان (رەنکە پێویستیش بێ) ڕەنگە لە کۆتاییدا دەسەڵات بدەنە دەستی کەسێک یا لایەنێک کە سەرکردایەتی گەورەترین کەمینە دەکات، ھەر بۆیەش بەرزبوونی ھیتلەر ناکرێ لەو لێھاتوویییەی دیموکراسی بەدوور بگیرێ. لەگەڵ ئەوەشدا پێشێلکاری فراوانی مافی مروڤـ پاش لەناوبردنی سیستەمە دیکوکراسییەکەی ئەڵمانیا سەریان ھەڵدا؛ و ھەروەھا دەستوری کۆماری ڤایمار و لە حاڵەتێکی «بارای نائاساییدا» بواری بە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا و ھەڵپەساردنی بنەماکانی دەستور بەبێ ھیچ دەنگدان یاخود ھەڵبژاردنێک، کە ئەمەیان کارێکی ئەستەمە لە زۆربەی سیستەمە دیموکرات لیبراڵەکاندا. پشتیوانانی دیموکراسی بەم شێوەیە بەرپەرچی ئەم ڕەخنانە دەدەنەوە:

یەکەم: بوونی دەستور لە زۆر لەو وڵاتە دیموکراتەکان وەک پاراستنێکە لە دژی زۆرداری زۆرینەدا. بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو دەستورانە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان ھەیە، یاخود پێویستی بە دادوەرێک و دەستەی سوێندخواردوان ھەیە بۆ ئەوەی پەسندی بکەن کە دەوڵەت پێوەری بەڵگەیی و ڕێوشوێنی جێبەجێکردووە، یاخود پێویستی بەدوو دەنگدانی جیاواز ھەیە لە لایەن دوو گبوپی نوێنەران کە بەھۆی ھەڵبژاردنێکدا جیاکراون، یاخود لە حالچەتی دەگمەندا پێویستی بە ڕیفراندۆم ھەیە. زۆر ئەم پێداویستیانە تێکەڵ دەکرێن. ھەروەھا جیاکردنەوە دەسەڵاتەکان بۆ دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادگەری ئەمەش ڕێگەیەکی ترە بۆ زەحمەتکردنی سەپاندنی ویستی زۆرینەیەکی کەم بەسەر بەشەکانی تری ھاوڵاتیاندا. ئەمەش بەو واتایە دێت کە زۆرینە ئێستاش دەتوانی شت بەزۆر بەسەر کەمینە بسەپێنێ (کە تاَستاش لە ڕووی ئەخلاقییەوە مایەی ناکۆکییە)، بەڵام ئەمجۆرە کەمینەیە دیارە زۆر بچوک دەبێ، بەڵام بەگشتی زۆر زەحمەتترە ڕیچژەیەکی زیاتری خەڵک بەمجۆرە کردارانە قایل بکەی.

دووەم: لەمبارەیەوە کە زۆرینە و کەمینە ھەڵوێستی جیاجیان ھەیە لەمەڕ کێشە ھەمەجۆرەکان. زۆر جار خەڵکی دەگەڵ زۆرینە لەبارەی ھەندێ پرس کۆک دەبن و لەگەڵ کەمینە لەبارەی ھەندێ پرسی تر کۆک دەبن. بۆچونی مرۆڤیش ڕەنگە بگۆڕێ. بۆیە ڕەنگە ئەندامانی زءۆرینەیەک سنورێک بۆ چەوساندنی کەمینە دابنێن نەخاسمە کە ئەگەری ئەوە ھەیە بەخۆیان لە ئایندەدا ببنە ئەندام لە کەمینەیەکدا.

سێیەم: قسەیەکی باو ھەیە کە دەڵێی سەرەڕای مەترسییەکان حوکمی زۆرینە لە جۆرەکانی تری حوکم باشترە و «زۆرداری زۆرینە» بەھەر حاڵ پێشڤەچونێکە بەسەر «زۆرداری کەمینەدا» ھاتووە. پشتیوانانی دیموکراسی دەڵێن کە ھەموو بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن دیموکراسی زیاتر دەبێتە ھۆی کەمبوونی توند وتیژی و ولەناوچوونی دیموکراسی. ئەمەشیان ھەندی جار بە «یاسای ڕومل» ناودەبرێ کە دەڵێ خەڵک چەند ئازادییە دیموکراسییەکانیان کەم بن ئەوەندەش ئەگەری ئەوە ھەیە دەسەڵاتدارەکان ئازادییەکانیان لەناو ببەن.

سەقامگیری سیاسی دەستکاری

لەبارەی دیموکراسی قسەیەک ھەیە کە ھینانە کایەوەی سیستەمێک کە تێیدا خەڵک دەتوانن ئیدارەکان لاببەن، بێ ئەوەی بناغە یاسایییەکانی حکومەت بگۆڕن و حکومەتی دیموکراسییە مەبەستی کەمکردنەوەی نادیاری و ناسەقامگیری سیاسی و دڵنیاکردنی ھاوڵاتیان کە ھەرچەندە ئەوان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێستا کۆک نین بەڵام دەرفەتیان پێ دەدرێ بەشێوەیەکی ڕێک وپێک ئەو دەسەڵاتدارانە بگوڕن یاخود ئەو سیاسەتانە کە جێگەی نارەزاییبونیانە بگۆڕن. ئەم سیستەمەش لەو سیستەمە باشترە کە گگۆڕانکاریی سیاسیی تێیدا بەھۆی توند و تیژی دەبێ. ھەژاری زیادبوونی ڕێژەی دیموکراسی لە ولاتێک بە بەرزبوونی ڕێژەی کۆی گشتی بەرھەمی نیشتیمانییەوە بەندە، کەواتە کەمبوونی ڕێژەی ھەژاری لەو وڵاتەدا. بەڵام ئەو بۆچونە تا ئێستا ھەموو کەس لەسەری کۆک نەبوون، چونکە کەسانێک ھەن دەڵێین کە بەڵگەکان پشتیوانی لەو بۆچونە دەکەن کە سەرمایەداری زیاتر -کە بەھۆی ئازادی ئابوری پێوانە دەکرێ- پەرەسەندنی ئابوری زیاد دەکات و ئەویش خۆشگوزەرانیی ھاوڵاتیان زیاتر دەکات و لەئەنجامدا دیموکراسی دێنێتە کایەوە. ئابوریناسی ناودار ئەمارتیا سن ئاماژە بەوە دەدات کە ھیچ دیموکراسییەکی کارا دووچاری گرانییەکی فراوان نەبووە. ئەم قسەیەش بەپێی بەڵگەی مێژووی ئەو دیموکراسیانەش دەگرێتەوە کە زۆر دەوڵەمەند نەبوون وەک ھیندستان کە دواترین گرانیی لە ساڵی ١٩٤٣ و چەندین گرانیی تری فراوان لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم لە سەردەمی حوکمی بەریتانی بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچونی ھەندێ توێژەران گرانییەکی ساڵی ١٩٤٣ کە بەنگلادیشی گرتەوە ھۆیەکەی بۆ شوڕی جیھانیی یەکەم دەگەڕێتەوە. (پێویستە بگوترێت حکومەتی ھیندستان بەردەوام پێشڤەچوونی دیموکراسی بەخۆوە دەبینی و ئەو ڕەوشە حکومەتە ھەرێمییەکانیشی گرتەوە لە وەتەی دەرچونی یاسای ساڵی ١٩٣٥ دا).

شەڕەکان دەستکاری

بەپێی تیۆری ئاشتی دیموکراسی بەڵگە زانستییەکان دەیسەلمێنن کە سیستەمە دیموکراسییەکان ھەرگیز شەڕ دژ بە یەکتری ناکەن. نمونەش لێرەدا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە کە شەڕەکانی نێوان ساڵانی ١٨١٦ تا ١٩١٩ ی گرتەوە، شەڕ بەپێی لێکۆڵینەوەکە بەوە پێناسە دەکرا کە کردارێکی سەربازییە و لە شەڕیکدا (١٠٠٠) کەسی تیا دەکوژرێ و، دیموکراسیش بەوە پێناسە دەکرا کە سیستەمێکە تێیدا ڕێژەی دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی نێرینە مافی دەنگدانیان ھەیە. ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەریان خست کە ١٩٨ لەو شەڕانە شەڕی نێوان وڵاتانی نادیموکراسی بوون و، ١٥٥ شەڕیش لە نێوان وڵاتانی دیموکراسی و نادیموکراسی بوونە و، ھیچ شەڕیِک لە نێوان دوو وڵاتی دیموکراسیدا ڕووی نەداوە لەو ماوەی. (www.hawaii.edu/powerkills/MIRACLE.HTM). بەڵام ئەم تێۆرە مایەی ناکۆکییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەیەوە ھەیە.

ھەندێ جار سیستەمە دیموکراسییەکان وەڵامدانەوەیان بۆ بارودۆخی شەڕ زیرەکانە نییە. ھۆیە ئەمەش بۆ بیۆرۆکراسی و دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ بڕیاروەرگرتن دەگەڕێتەوە، چونکە لە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمان دەسەڵاتی جاڕدانی شەڕی ھەیە، ھەرچەندە جار وا ھەیە حکومەت کرداری شەڕ دەست پێ دەکات و لە ھەمان کاتیش ئاگاداری پەرلەمانیش دەکات. ئەگەر بەسەربازکرنی زۆرەمیلی یاسایی بێت ئەوە بۆ ھاوڵاتیان ھەیە پرۆتیستۆی ئەو بەسەربازکردنە بۆ شەڕ بکەن. لە تیۆردا سیستەمەکانی پادشایەتی و دیکتاتۆری دەتوانن یەکەوسەر جاڕ شەڕ بدەن بەڵام زۆرجار وا ناکەن. بەگشتی و بەپێی بەڵگە مێژوویییەکانیش سیستەمە دیموکراسییەکان لە بەاری پاراستین ئاسایشی خۆیاندا لە سیستەمەکانی تردا بە تواناتر بوونە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Democracy Index 2017 – Economist Intelligence Unit" (PDF). EIU.com. Archived from the original (PDF) on 18 February 2018. Retrieved 17 February 2018.
  2. ^ ئ ا http://www.whatisdemocracy.net/
  3. ^ http://www.stanford.edu/~ldiamond/iraq/WhaIsDemocracy012004.htm
  4. ^ http://dictionary.reference.com/browse/democracy
  5. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو" (PDF). Archived from the original (PDF) on 30ی Julyی 2013. Retrieved 10ی Augustی 2013. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٣٠ی تەممووزی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ ئ ا http://en.wikipedia.org/wiki/Athenian_democracy
  7. ^ http://en.wikipedia.org/wiki/History_of_democracy
  8. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 23ی Augustی 2013. Retrieved 10ی Augustی 2013. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٢٣ی ئابی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ http://www.britannica.com/EBchecked/topic/551073/social-democracy