جەلیل گادانی (لەدایکبووی ٣ی ئازاری ١٩٣٤ – مردووی ٦ی ئابی ٢٠٢٠) سیاسی و ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بوو کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و حیزبی بوو و چەندین دەورە ئەندامی سەرکردایەتی و بۆ ماوەی ٨ ساڵ سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر بوو. ناوبراو ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.[١] بەگوتەی زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، جەلیل گادانی ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە تایبەت لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەبووە.[٢]

جەلیل گادانی

لەدایکبوون٣ی ئازاری ١٩٣٤
مەھاباد، ڕۆژھەڵاتی کوردستان، گەڕەکی قوڵەقەبران
مەرگ٦ی ئابی ٢٠٢٠
ھۆکاری مەرگنەخۆشیی کۆڕۆنا
شوێنی گۆڕگۆڕستانی شەھیدانی حیزبی دێموکڕات، کۆیە
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترمام جەلیل، مامە گیان
پەروەردەبەکالۆریۆس (لیسانس)ی زمانی فەڕانسی
چالاکبوون١٩٤٨–٢٠٢٠
حیزبی سیاسیحیزبی دیموکراتی کوردستان

ژیاننامە دەستکاری

جەلیل گادانی لە دایکبووی ساڵی ١٩٣٤ لە شاری مەھاباد لە رۆژھەڵاتی کوردستانە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دوا ناوەندی ھەر لەو شارە درێژە پێ داوە. ناوبراو ساڵی ١٩٤٣ بەھۆی ئەحمەد تۆفیقەوە بە ناوی نھێنی حەبیبزادە دەبێ بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە زۆربەی چالاکییەکانی حیزبی بەشدار دەبێ. ساڵی ١٩٥٣ بۆ یەکەمجار لە ماڵی سولەیمانی موعینی چاوی بە عەبدولڕەحمان قاسملوو دەکەوێ. گادانی لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتی ئێرانەوە چەند جار زیندانی دەکرێ. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٣ دەستگیر دەکرێ کە ئەو کات لە قۆناغی دواناوەندی بووە و بەھۆی ئەوەش لە خوێندن بێ بەش کرا. ساڵی ١٩٥٨ بە ١٢ ساڵ زیندان حوکم درا. گادانی چەند جاری دیکەش دەگیرێ کە سەرجەم بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە. ھەر لە ماوەی زینداندا درێژە بە خوێندنی زانکۆ دەدا و خۆی فێری زمانەکانی عەرەبی و ڕووسی و فەڕەنسی دەکا و ساڵی ١٩٧٢ دەتوانێ بەکالۆریۆس یان لیسانسی زمانی فەڕەنسی وەدەست بێنێ.

جەلیل گادانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، ڕێکخراوی «کوردەکانی دانیشتووی ناوەند» (کردھای مقیم مرکز) دادەمەزرێنێ. ساڵی ١٩٧٩ کە لە ئێران شۆڕش ڕوو دەدا، جەلیل گادانی وەکوو ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکرات ھەڵدەبژێردرێ. لە ساڵی ١٩٨٨ لە کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکرات بەھۆی کێشەی ناوخۆیی لەو حیزبە جیا دەبێتەوە و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر وەکوو سکرتێری ئەو حیزبە ھەڵدەبژێردرێ و بۆ ماوەی ٨ ساڵ کەسی یەکەمی ئەو حیزبە دەبێ و لە ساڵی ١٩٩٦ دووبارە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک دەگرنەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦ ماوەیەک دوای کۆنگرەی ١٣ دووبارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی لێکترازان دەبێ و جەلیل گادانی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەوێ و وەکوو ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاودێری دیاری دەکرێ.[٣] جەلیل گادانی خاوەنی چەندین کتێبی سیاسی و ئەدەبییە.

کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکرات و لێک ترازان دەستکاری

ساڵی ١٩٨٨، کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسترا. لەو کۆنگرەیەدا کێشە و ناکۆکی کەوتە نێوان ئەندامانی کۆنگرە، لایەنێک بە سەرۆکایەتیی عەبدولڕەحمان قاسملوو و لایەنێک بە سەرۆکایەتیی جەلیل گادانی. کێشەکە لەسەر ئەوە بوو کە عەبدولڕەحمان قاسملوو کە تا ئەو کات سکرتێری حیزبی دێموکرات بوو، لیستەیەکی پێشکەش بە کۆنگرە کرد بە ناوی لیستەی فیکس و داوای ئەوەی لە ئەندامانی کۆنگرە کرد کە دەبێ بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەنگ بەو لیستەیە بدەن و ھیچ کەسی دیکە لە دەرەوەی ئەو لیستەیە نابێ کاندید بکرێ. ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر ە ئەندامانی کۆنگرەی لێ کەوتەوە. دوای ئەوەی کێشە و ئاڵۆزی لە نێو کۆنگرەدا دروستبوو و ئەندامانی کۆنگرە بە سەر دوو بەرە دا دابەشبوون، لایەنی ناڕازی کە دژی لیستەی فیکس بوون، ڕیزی خۆیان جیا کردەوە و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر درێژەیان بە کار و چالاکییەکانیان دا و جەلیل گادانی کە دوایین کەس بوو لەگەڵ نارازییەکان کەوت، وەکوو سکرتێری حیزبەکە دیاریکرا.[٤] ئەو لێک ترازانە تەنیا بە جیا بوونەوە کۆتایی نەھات، بەڵکوو شەڕی براکوژیشی لێ کەوتەوە کە بە ھەر دوولا نززیکەی ٢٥ کەس کوژراویان ھەبوو. ساڵی ١٩٩٦ ددوای زنجیرەیەک وتووێژ، ھەر دوو حیزب یەکیان گرتەوە. لە ماوەی ژیانی سیاسیدا، جەلیل گادانی چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەوڵی تێرۆر کردنی دراوە.[١]

لەتبوونی حیزبی دێموکرات دوای کۆنگرەی ١٣ دەستکاری

ساڵی ٢٠٠٦ و ماوەیەک دوای کۆنگرەی ١٣ی حیزبی دێموکرات کە تێیدا مستەفا ھیجری وەکوو سکرتێری ئەو حیزبە ھەڵبژێردرا، کێشە و ناکۆکی ناوخۆیی سەریان ھەڵدایەوە، بەڵام نەک لە نێوان دوو ڕەوتی پێشوو، بەڵکوو لە نێوان لایەنێک بە سەرۆکایەتی مستەفا ھیجری و لایەنێک بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حەسەن زادە سکرتێری پێشوو. ناکۆکی ئەمجارە لەسەر پەڕاوێز خران و دەرکرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بوو کە دواتر خۆیان لە باڵی عەبدوڵا حەسەن زادە دا بینییەوە. بە گوتەی ئەو لایەنە، باڵی مستەفا ھیجری لە ھەوڵی تەسفیە کردنی تەواوی حیزبەکە بووە لە ناڕازییەکان و ڕەخنە گرانی ئەو حیزبە. ھەر بۆیە ساڵی ٢٠٠٦، باڵی عەبدوڵڵا حەسەن زادە خۆیان وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان (بێ ناوی ئێران) ڕاگەیاند و ڕیزەکانی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیا کردەوە.[٥] جەلیل گادانی خۆی ڕیزی خۆی و کەسانی نزیک لە خۆی خستە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حەسەن زادە. لە کۆنگرەی ١٤ و یەکەم کۆنگرەی دوای لەت بوون، حەسەن زادە خۆی بۆ ھیچ پلەیەکی حیزبی کاندید نەکرد و خالید عەزیزی وەکوو سکرتێر ھەڵبژێردرا و جەلیل گادانی بوو بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی چاودێری بەرنامە و ئەساسنامە. لەو کاتەوە زنجیرەیەک وتوێژ لە ئارا دابووە کە ھەر دوو حیزبەکە تێکەڵ بنەوە.[١]

بەرھەمەکان دەستکاری

  1. اسیر فرشتەوش: نووسینی کۆنتێس دوسیگویری، لە فەرەنسی کراوە بە فارسی
  2. بی خانمان: ھیگتۆر مالۆ، لە فەڕەنسی کراوە بە فارسی
  3. پایان شب سییە: کۆنتێس دوسیگۆبری، لە فەرەنسییەوە کراوە بە فارسی
  4. خەرمانی خەم و پەژارە: نووسینی نوسرەتوڵڵا نویدی شانۆنامە، لە فارسییەوە کراوە بە کوردی
  5. شۆڕشی مەشرووتە: نوسینی باقر موئمنی، لە فارسییەوە کراوە بە کوردی
  6. چارەنووسی مرۆفێک: نوسینی شۆلۆخۆف، لە ڕووسییەوە کراوە بە کوردی
  7. کۆمەڵێک بەیت و باو و گۆرانی: کۆکردنەوەی کاک جەلیل
  8. سێ شانۆ: لە فارسی و فەرەنسییەوە کراوە بە کوردی
  9. قیام بابک خرمدین (شانۆنامە): لە فارسییەوە کراوە بە کوردی
  10. کورتە مێژووی ئەدەبی فارسی: کۆکردنەوەی کاک جەلیل
  11. انسان چگونە غول شد: لە فەرەنسییەوە کراوە بە فارسی
  12. پەنجا ساڵ خەبات، بەرگی ١: نووسەر جەلیل گادانی
  13. پەنجا ساڵ خەبات، بەرگی ٢: نووسەر جەلیل گادانی
  14. با نەبێتە درۆی پاش مردوو: نووسەر جەلیل گادانی
  15. داستان یک پێشمرگ قھرمان: نووسەر شاپور فیروزی و کۆکردنەوەی جەلیل گادانی
  16. کۆشکۆڵی پێشمەرگە: کۆکردنەوەی جەلیل گادانی لەسەر حەماسەی پێشمەرگەکان
  17. وڵامدانەوە و ڕوونکردنەوە: نووسینی جەلیل گادانی
  18. ڕاستی ڕووداوەکان: نووسینی جەلیل گادانی
  19. چرچەی فەرماندە لە بیرەوەرێکانی ھاوڕییانیدا کۆکردنەوەی جەلیل گادانی
  20. سەرکردەیەکی پێشمەرگە: تایبەت بە ژیان و خەباتی خۆیەتی کە لەژێر چاپ دایە

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری