بەھائەدین ئیبن شەداد

ئیبن شەداد ( لەدایک بووی 539 ک / 1145ز - مردووی 632ک/1234ز ) ناوی تەواوی بەھائەدین یوسف کوڕی ڕافع کوڕی تەمیمە لە بنەماڵەی کوردانی بەنی شەدادە،[١] مێژوونووس و زانا و شەرعزان و قازی قازیەکان بوو، ھەروەھا مامۆستای مێژوونووسی بەناوبانگ ئیبن خەلەکانە .

ئیبن شەداد

لەدایکبوون539 ک / 1145ز
موسڵ
مەرگ632ک/1234ز
حەلەب
نەتەوەکورد
پیشەمێژوونووس - فەقێ - قازی قازیەکان

ژیان دەستکاری

ئیبن شەداد لە موسڵ لە دایک بووە، لەو شارە خوێندی و لە فێقھدا شارەزایەتیەکی تەواوی دەسکەوت، پاشان چۆتە بەغدا و لە قوتابخانەی (النظامیة) زانستی عەقڵی و وێژەیی خوێندوە، دوای چوار ساڵ لە ساڵی (569کـ)دا گەڕاوەتەوە بۆ موسڵ، ئەو کاتەی تەمەنی 30 ساڵ بووە لە موسڵ لە قوتابخانەی (الشھرزوریة) دەرسی گوتووەتەوە، لەوێ پلە و پایەی بەرزبووەتەوە.

خاوەن ئاوەز بووە و خاوەن ھزرێکی سنگسن بووە،[٢] لەبەر ئەوە ئەتابەک چەندین جار بە باڵیۆز ناردوویەتی بۆ لای خەلیفەی عەباسی و لای سەڵاحەدین.. دوای ئەوەی لە ساڵی(583ک/1188ز) لە حەج گەڕایەوە سەردانی (بیت المقدس)ـی کرد، کە تازە سوپای موسڵمانان فەتحیان کردبوو، لەوێ سەلاحەدین بەدوای ناردوو و داوای لێ کرد کە لەلای بمێنێتەوە، ئیبن شەداد ڕەزامەندی دەربڕی و لەلای سەلاحەدین مایەوە ، لەوێوە دەبێتە مێژوونووسی تایبەتی سەلاحەدین و دەست دەکات بە نووسینی کتێبی (النوادر السلطانیة والمحاسن الیوسفیة/سیرة صلاح الدین الأیوبی)، لەم کتێبەدا ھەر چییەکی دیتبێت و بیستبێتی، بە شێوازێکی شیرین بەبێ جوانکاری زمانەوانی تۆماری کردووە، خەباتی سەختی سوپاکەی سەڵاحەدین دژ بە ھێرشی سێ یەمی خاچھەڵگران بەشێوەیەکی تەواو نمایشی کردووە بە بێ ئەوەی بەدوای ھەوا و ھەواس پەرستی قارەمانیەتی پەلکێش ببێ، ھەر بۆیە دەگمەنە سەرچاوەیەکی مێژووی سوڵتانێ یان میرێ لە سەرکردەکانی چاخی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە ھێندەی کتێبەکەی ئیبن شەداد بایەخی مێژووی ھەبێت.[٢][٣]

مردن دەستکاری

ئیبن شەداد دوایی مردنی سەلاحەدین، ھەوڵی دا ڕێگری بکات لە سەرھەڵدانی ئاژاوە لە نێوان کوڕەکانی سەڵاحەدین دا، دواتر گەڕایەوە میسڕ و ھەوڵیدا مەلیک عەزیز عوسمانی کوڕی سەلاحەدین لە جێی بابی دانێت و لەو کارە گرینگە سەرکەوتوو بوو ، لە ساڵی (591ک) مەلیک زاھیر غیاسەدین میری حەلەب، داوای لێکرد بچێت بۆ ئەوێ و دادوەری حەلەب لەدەست بگرێت، ئیبن شەداد ئەو داخوازیەی بەجێ ھێنا و تا دوا کاتەکانی ژیانی (632ک/1234ز) لەو کارەدا مایەوە .

پەرتووکەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ کتێبی معجم الأعلام پاشکۆی المنجد لاپەڕە 276.
  2. ^ ئ ا سوپای ئەییوبیان لە سەرودەمی سەڵاحەددیندا.
  3. ^ مێژووی ناودارانی کورد بەرگی یەکەم.