بورھان محەممەد عەبدولڕەحمان دۆغرەمەچی (لەدایکبووی ١٩١٨ لە ھەولێر، عێراق – مردووی ٢١ی کانوونی دووەمی لە ١٩٩١ ھەولێر) لە شیعردا بە جاھید ناسراوە، شاعیرێکی خەڵکی ھەولێر بوو. ژیانێکی سەختی پڕ لە نائومێدی تووشی مەی و مەیخانەی کردووە، لە ژیانیدا بە زۆری سەرخۆشی بە خۆیەوە دیوە، بەڵام زیانی جگە لە خۆی بۆ کەسی تر نەبووە.

بورھان جاھید

لەدایکبوون١٩١٨
مەرگ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
ھەولێر
نەتەوەکورد
ئایینئیسلام

ژیان دەستکاری

جاھید لە ساڵی ١٩١٨ لە ھەولێر لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئوولای (یەکەمی) ھەولێر تەواوکردووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە. دایکی شووی بە شوبرای خۆی کردووەتەوە کە جەبار ئاغای کانی شاعیرە، واتە مامی جاھید، لەبەرئەوە لە ماڵی مامیدا گەورە بووە. لە دوای خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوەندی ھەولێر خوێندوویەتی. لە پۆلی دووەم لە ساڵی ١٩٣٤ لە قوتابخانە دوورکەوتووەتەوە، لەو سەردەمەدا دایکی کۆچی دوایی کردووە، بێ داڵدە ماوەتەوە، تووشی دەست کورتی و ئاوارەیی بووە. کە ناوی بۆ خزمەتی سوپا ھاتووە خۆی نەدزیوەتەوە، ساڵی ١٩٣٧ تا ١٩٤٠ سەرباز بووە لە ئۆردووگاکانی کەرکووک و سلێمانی و کۆیە و ڕواندز. ھەر لەو کاتەی لە سەربازی ڕزگاری بووە خووی داوەتە سەرخۆشی و ژیانێکی بێ سەروبەری بردووەتە سەر. زۆربەی ژیانی ڕۆژانەی بە سەرخۆشی بەسەر بردووە. بەڵام بێوەی بووە زیانی بۆ خۆی نەبێت بۆ کەسی دیکە نەبووە.

ساڵی ١٩٤٥ جاھید یەکێک بوو لەوانەی بەر لێشاوی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق کەوتن بەھۆی بزووتنەوەی ئەو سەردەمەی بارزانییان و ماوەیەک لە گرتووخانە مایەوە. لە پەنجەکانی سەدەی بیستەم ژنی ھێنا، ماوەی سەرخۆشی و ئاوارەیی لە ژیانیدا تا پلەیەک بەسەرچوو و ھەندێ ئۆقرەی گرت. لەو کاتەدا بووە مووچەخۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕێگاوبان و ھاتوچۆی ھەولێر. لە پاشاندا کارگێڕی نامەخانەی ناوچەیی عەنکاوەی پێ سپێردرا لە ھەولێر. لە دوای ماوەیەک خانەنشین کرا.

مردن دەستکاری

لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد و ھەندێ شیعری جوان و بەپێزی لە دوای خۆی بۆ نەتەوەکەی بەجێھێشت.

ھۆنراوەکان دەستکاری

یەکەم شیعری بورھان جاھید:

لە بۆ دەفعی غەمی دنیالە دەستم بادە بوو پەیدا
عەقڵ فەوتا جگەر سووتابە جارێ کەوتمە سەحرا
غەمم یەک بوو ھەزاری کرددەخیلی گوڵعوزاری کرد
خەریکی ئاھ و زاری کردبە شەو تا ڕۆژ ئەبێ بیللا
نەما چارم کە بیمارمبە دڵ لەم گیانە بێزارم
لە ھیجرانا چ بێچارمبە تیرێ بمکوژێ لەیلا
فەلەک سووتا لە ئاھی منمەلەک گریا لە ڕاھی من
عەجەب بەختی سیاھی مننەبوو جارێ لە خەو ئاگا
بە حاڵی (جاھید)ی مەعسوومئەگەر ڕەحمێ نەکەن مەعلووم
حیسابی من چ بێ مەفھوومئەپرسن لێم لە مەحشەردا

وەسف و دڵداری دەستکاری

لە شیعرێکیدا جاھید بە ناوی «یادی ڕۆژانی ڕابردوو» لە ساڵی ١٩٣٣ ھۆنیوەتییەوە دەڵێ:

ڕۆژێ ئەچوومە ماڵەوەبەس خۆم و تەنیا حاڵەوە
بێ ئەزیەت و مەلاڵەوەبێ مەقسەد و خەیاڵەوە
دیتم لەسەر کۆشک و سەرامەحبووبێ عەینی شەوچرا
تاقەت و سەبرم لێ بڕائیشارەی کرد لە پاڵەوە
لای برد و چارۆکەی سەریدەرچوو قەمەر بۆ مشتەری
نووسرا لە بۆم ئاخیر شەریخستمیە عەیشی تاڵەوە
غەمزە ھوجوومی کردە دڵنەمزانی حیلەبازە گوڵ
زنجیرەی شێتم خستە ملبە ئۆف و ناڵە ناڵەوە
چاوی سوپەھسالاری ئەوحەرامی کرد لە چاوم خەو
خوێندم وەکو کەو ڕۆژ و شەوبە حوکمی خەت و خاڵەوە
ساعید و شان و دەست و کەفسینەیی سافی وەک سەدەف
دوو غونچە گوڵ لە دوو تەرەفلە ژێر کراسی ئاڵەوە
فەرمووی بڕۆ تۆ ئەو دەمەئەمما وەرە ڕۆژی شەممە
نەختێ ئەکەین کەون و گەمەبە یادی وەزعی حاڵەوە
چارەم نەما غەیری سوکووتخزیم و ھەر وەک عەنکەبووت
ڕۆژم حیساب کرد تاک و جووتبۆ وەعدەیی ویساڵەوە
چوومە دەرگەی حەسارەکەیوەختی ویساڵە تایەکەی
ھاتوومە دەگرم لێوەکەیبە جەرگی وەک زوخاڵەوە
وەختی کە دەرگەی کردەوەمنی لە بۆ خۆی بردەوە
بە گوفتی نەرم و وردەوەبە فەرموودەی عەسالەوە
وتی ڕۆژت ھەڵات (جاھید)تۆم خۆش ئەوێ خودا شاھید
با بتەقێ ورگی حاسیدبمرێ بە قیل و قاڵەوە
وتم ئەی ڕووحی ڕەوانمئەمناسی کە من بورھانم
بولبولی باغی دڵانمبێ پەڕ و پووچ و باڵەوە

چوارین دەستکاری

بڵێن بەو یارە شیرینەم لەسەر ڕوو پەردە با لادائەوی ھەمبوو لە دنیادا بە بەحری حوسنی ویم دادا
فیغانی گوڵ لە بۆ بولبول لە پاش مردن دەوا نادائەگەر ھەیبوو چ ئیحسانێ بداتن پێم لە دنیادا

لە چوارینێکدا بۆ ئەو کەسەی تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە دەڵێ:

حاڵی نەخۆشێک ناپرسێ جارێکبۆ ڕووت و ھەژار ھەڵناگرێ بارێک
مەجلیس و بەزمی لەگەڵ پارەیەنایێتە یادی سوحبەتی یارێک

بە لای شاعیرەوە قسەی بێ نەبێ چاکترە، ھەموو کەسێک ئەگەر شوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا دیاری نەکات، وەکو ئەو کەسە وایە دەھری بێ و باوەڕی بە ھیچ کردگارێک نەبێ:

قسەی لا بەلا کە سوودی نەبێوەکو ئاوێکە وجوودی نەبێ
ئینسان کە ھات و جێی خۆی نەناسێوەک مەخلووقێکە مەعبوودی نەبێ

بە لای جاھیدەوە پیاو ئەو پیاوەیە بە گژ زۆرداردا بچێ نەک ھەژار بڕووتێنێتەوە:

ئەگەر ئەترسی تۆ لە عەیب و عارپەلامار مەدە بە ڕووت و ھەژار
ئەگەر خەریکی غیرەت بنوێنیپەلامار بدە بە کەسی زۆردار

شاعیر لەسەر ئەو باوەڕەیە پیاو دەبێت ڕاست بێت. دەروێشی لەسەر ڕاستی دامەزراوە، پیاو ئەوەیە بە خۆیەوە بنازێ نەک باب و باپیرانی:

کەشف و کەرامەت لە ئیحتیرامەشێخی بێ حورمەت ڕەنجی حەرامە
کردەوەت باش بێ بە کەس مەنازەتۆ چ دەخلێکت بە خاڵ و مامە

تاک دەستکاری

عاقیبەت ئەڕزێ لەشم ھەرچەند بە نازی گەورەکەم
خزمەتی زگ چەند بکەم موحتاجی یەک نانم دەکا

سەرچاوەکان دەستکاری

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٢١ تا ٣٤٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.