بنەواشەی دووبایەخیبوون
لە لۆژیکدا، بنەواشەی دووبایەخیبوون (principle of bivalence) دەڵێ ھەر ڕستەیەکی ڕاگەیێنەر کە لە بابەت تیۆرییەکەوە قەزیەیەک دەردەبڕێ، لە ئاست ڕاستیدا ڕێک یەکێک لەم دوو بایەخەی ھەیە: ڕاست یا درۆ.
لۆژیکێکیش کە خۆی بخاتە سەر ڕێبازی ئەم بنەواشەیە «لۆژیکی دووبایەخی»ی پێ دەوترێ.
لە لۆژیکی شێوەییدا، بنەواشەی دووبایەخیبوون دەبێتە تایبەتییەک کە سیمانتیکس دەتوانێ بیبێ یا نەیبێ. سیمانتیکس دەتوانێ «دووبایەخی» نەبێ و، لە ھەمان کاتدا یاسای ناوەڕاستی وەدەرنراو بە جێگە بێنێ. ھەر بۆیە، ئەم بنەواشەیە کوتومت ھەر ئەو یاسایە نییە.
بنەواشەی دووبایەخیبوون لە لۆژیکی فەلسەفیدا تاوتوێ دەکرێ و، لەوێدا ھەوڵ دەدرێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدۆزرێتەوە کە دەڵێ «لە نێوان وتەکانی زمانگەلی سروشتیدا کامانەیان بایەخیان لە ئاست ڕاستیدا بەڕوونی دیارە؟» ھەندێ فەیلەسووف لەسەر ئەو باوەڕەن کە بنەواشەی دووبایەخیبوون ھەموو ڕستە ھەواڵییەکانی زمانی سروشتی دەگرێتەوە. ھەڵبەت، ڕستەگەلێک کەوا داھاتوو پێشبینی دەکەن و، ڕستەگەلێک کەوا کراوەن بۆ لێکدانەوەی مانا، کاری ئەم فەیلەسووفانە سەخت دەکەنەوە.
لۆژیکی دووبایەخی و لۆژیکی چەندبایەخی
دەستکاریپەرەگرتنی لۆژیک ھەتا سەدەی بیستەم، چ لە باری ماتماتیکییەوە و چ لە ڕووی فەلسەفییەوە ھاوڕێی ئەم باوەڕە بوو کە وتە یەکێک لە دوو بایەخی «ڕاست» یا «درۆ»ی ھەیە. ئەم بابەتە بە بنەواشە یا پرەنسیپی دووبایەخیبوون ناسراوە کە جیاوازە لەگەڵ یاسای ناوەڕاستی وەدەرنراو کە دەڵێ وتە یا خۆی ڕاستە یا نەرێکراوەکەی. ئەرەستوو لە نموونەیەکدا کە بە «پارادۆکسی نەبەرد لە دەریا» ناسراوە دەڵێ ھەر ڕستەیەک کە خەبەر لە داھاتوو بدات ڕاست و درۆی نادیارە.
بەڵام، تا دەگاتە سەدەی پازدەیەم و، ئەڵبەت ڕەنگە لەبەر ئەوەی کە کتێبە دینییەکان گەلێ ھەواڵی تیایە لەبارەی داھاتووەوە، نە فەیلەسووفە موسڵمانەکان وەک فارابی و ئیبنی سینا پەرژابوونە سەر ئەم بابەتە و، نە فەیلەسووفە مەسیحییەکانی وەک ئاکویناسیش. ئاقیبەت لە ناوەڕاستەکانی سەردەمی ڕێنێسانسدا، سەرەتا ئۆکام، فەیلەسووفی ناوداری ئینگلیزی و، دواتر ڕیڤۆ، فەیلەسووفی بەلژیکی پەرژان بەم مەسەلەوە. ھەتا دەسپێکی سەدەی بیستەم، ئەم مەسەلەیە لە لایەن کەسانێکی تریشەوە وەک لۆک و لایبنیتس و دێ مۆرگان و مەینۆنگ کەوتە بەر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە.
لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا و دوای وەرچەرخانی پیشەسازی و دەرکەوتنی مەکینە جۆراوجۆرەکان، یەکەمین نموونەگەلی تۆکمە و پتەوی یاخیبوون لە لۆژیکی دووبایەخی و پرەنسیپەکەی و لادان لێی، شێوەیان پێ درا.
سێ لۆژیکزانی سکۆتلەندی و ئەمریکایی و ڕووسی بە ناوەکانی ھیوو مەککۆڵ و چارلز سەندێرس پێرس و نیکۆلای ڤاسیلیێڤ لە ساڵەکانی ۱۸۹۸ و ۱۹۰۹ و ۱۹۱۲ جیاجیا یەکەمین ئایدیاکانیان لەم بوارەدا بڵاو کردەوە. مەککۆڵ لۆژیکێکی داھێنابوو کە تێیدا قەزیەکان دەیاتوانی بایەخی تریان بێ جگە لە ڕاست و درۆ. ئەو سێ بایەخی «بێگومان» و «دەستنەداو» و «گۆڕەک»ی بۆ قەزیەگەلێ وەک ۲ = ۲ و ۳ = ۲ و x = ۲ بڕیبۆوە. پێرس بە سەرنجدان بە مەسەلەکەی ئەرەستوو لەبارەی ڕووداوەکانی داھاتووەوە، بایەخێکی نوێی دانا جیا لە بایەخەکانی ڕاست و درۆ بە ناوی «بێبەر». ڤاسیلیێڤ -یش پێی وا بوو جیھانی وا ھەیە کە تێیدا لۆژیکی ئەرەستوویی کار ناکات. بەتایبەت لۆژیکێکی دروست کرد کە تێیدا یاساکانی ناتەبایی و یاسای ناوەڕاستی وەدەرنراو دانەمەزرابوون. دەسپێکی ڕاستەقینەی لۆژیکگەلی چەندبایەخی ساڵی ۱۹۲۰ە. لەو ساڵەدا جۆن لوکاسەیویچ و ئێمیل پۆست ھەر کام بەجیا دوو وتاری پێشەنگیان لە بابەت لۆژیکی چەندبایەخییەوە نووسی.