لە لۆژیکدا، یاسای ناتەبایی یا بنەواشەی ناتەبایی (ھەروەھا یاسای نەبوونی ناتەبایی و بنەواشەی نەبوونی ناتەبایی -شی پێ دەوترێ) ئەوەیە کە دەڵێ: ھەرگیز ڕێی تێ ناچێ دوو قەزیەی ناتەبا لەگەڵ یەک کۆ ببنەوە. یانی ناکرێ لە یەک کاتدا و بە ھەمان واتا و مەبەست ھەردووکیان دروست بن. بۆ وێنە، لە نێوان قەزیەکانی «مەسەلە x -ە» و «مەسەلە x نییە» -دا تەنیا یەکیان دەتوانێ دروست بێ.

ئەم بنەواشەیە بە لای لۆژیکزانە کۆنەکانەوە زۆر کرنگ بووە و بە «ام القضايا» ناسراوە. ئەرەستوو دەڵێ بەبێ یاسای ناتەبایی قەت نەماندەتوانی شتانێ کە دەزانین بزانین. نەماندەتوانی سنووری بابەتەکانی بوارە زانستییەکان، بۆ وێنە بیۆلۆجی یا ماتماتیک، دیاری بکەین و، بۆمان نەدەکرا جیاوازیی نێوان ئەوەی کە شتێ چییە، بۆ وێنە ئینسانە یا کەروێشکە و، ئەوەی کە چۆنە، بۆ وێنە سپییە یا بۆرە، دەسنیشان بکەین. لێک ھەڵاواردنی زات و عەرەز کە ئەرەستوو خۆی دای ھێنابوو دەستی نەدەدا و، بەگشتی قسەکردن و لێدوانی ئاقڵانە و ژیرانە ئەستەم دەبوو.

سێ شێوازی گێڕانەوی یاساکە دەستکاری

ئەرەستوو لە بەرھەمەکانی خۆیدا بە سێ شێوە یاسای ناتەباییی وتووەتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەم یاسایە سێ گێڕانەوەی ھەیە: گێڕانەوەی ئۆنتۆلۆژیک، گێڕانەوەی دۆکساستیک و، گێڕانەوەی سیمانتیک (مەعناناسانە). یەکەم گێڕانەوە بە تەنگ شتانێکەوەیە کە ھەن لە جیھاندا، دووەم گێڕانەوە لە بابەت شتانێکەوەیە کە دەتوانین باوەڕیان پێ بکەین و، سێیەم گێڕانەوەش پەیوەندی بە ڕاگەیاندن و ڕاستییەوە ھەیە.

گێڕانەوەی یەکەم ناسراوتر لەو دوانەکەی ترە و ئاوەھایە: «ھەم پێبڕیان و ھەم پێنەبڕیانی ھاوکاتی ھەمان ھەڵگیراو بە ھەمان دانراو لە ھەمان پەیوەندیدا، نەشیاوە». لێرە بڕێ مەرجی پێویست ھەن کە دەبێ لە جێی خۆیاندا بن. وەک ئەوەی کە ھەڵگیراو دەبێ «ھەمان» بێ و نابێ لە دوو مانادا بە کار بچێ. بۆ وێنە، دەشێ و دەگونجێ کە بوترێ «فڵانە کەس ھەم سەرتاشە و ھەم سەرتاش نییە»، ئەگەر یەکەم سەرتاش بە مانای وەستای سەرتاشین و، دووەم سەرتاش بە مانای ئامرازی سەرتاشین بێ. ھەروەھا، ھەرچەند شیاوە بۆ x کە بە فیعل F بێ و بە قووە پێچەوانەی F، بەڵام ناتوانێ بە فیعل F بێ و دیسان بە فیعل پێچەوانەی F بێ (قووە و فیعل ببینە). مێزێک دەتوانێ بە فیعل قایم بێ و بە قووە شەق و لەق، بەڵام ناتوانێ بە فیعل ھاوکات ھەم قایم بێ و ھەمیش شەق و لەق بێ.

گێڕانەوە دووەمەکە ئاوایە کە دەڵێ: «ھەم باوەڕکردن و ھەم باوەڕنەکردنی ھەمان شت نەشیاوە». یانی ناشێ ھەم F بە دروست بزانی ھەم پێچەوانەی F. بەتەواوی ڕوون نییە کە تێگەیشتنی ئەرەستوو لەم فۆرمولاسیۆنە دووەمە چۆناوچۆن بووە. دواتر بۆ خۆی بەڵگەیەکی لاواز دێنێتەوە بۆ ئەوە بیسەلمێنێ کە بناخەی ئەم گێڕانەوە دۆکساستیکە ھەر ئەو گێڕانەوە ئۆنتۆلۆژیکییەیە.

گێڕانەوەی سێیەم دەڵێ «ناشێ دوو ڕاگەیێندراوی دژبەیەک ھاوکات دروست بن». ھەروا کە دیارە، ئەم گێڕانەوەیە لە بابەت پێکھاتەی ناوەکیی ڕاگەیێندراوەکانەوە بێدەنگە، بەڵام بە بۆچوونی ئەرەستوو ھەموو ڕاگەیێندراوێ دەبێ شتێ بداتە پاڵ شتێکی ترەوە. زیاتر ئەم گێڕانەوەی سێیەمە وەک ڤاریانانتێکی تری گێڕانەوەی یەکەم لێک دەدرێتەوە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Gottlieb, Paula (2019), Zalta, Edward N. (ed.), "Aristotle on Non-contradiction", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2019 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2022-10-20