لۆژیکی شێوەیی (formal logic) ئەو لۆژیکەیە کە لە فۆرم و شێوە و پێکھاتەی وتەکان و قەزیەکان دەکۆڵێتەوە، نەک لە ماددە و ناواخنیان. لۆژیکی کۆن و لۆژیکی ئەرەستوویی و لۆژیکی کلاسیک -یشی پێ دەوترێ.

لۆژیکی شێوەیی لێکۆڵینەوەیەکی پێشینییە، واتە ئەزموونی نییە. لەم ڕووەوە، جیاوازیی ھەیە لەگەڵ زانستە سروشتییەکان و ھەموو ئەو بوارە زانستییانەی تر کە لە ڕێی ڕوانینەوە داتا بە دەست دێنن. ماتماتیکی پەتی لە ھەموو بوارەکانی تر لێی نزیکترە؛ تەنانەت زۆر کەس باوەڕیان ئەوەیە کە ماتماتیکی پەتی و لۆژیکی شێوەیی ھەر ھەمان شتن.

ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆ نزیکبوونەوە لە لۆژیکی شێوەیی خۆتێگەیاندن لە ڕەوایی یا بەبڕستیی بەڵگە لۆژیکییە دیداکتیڤەکان بێ. بەڵگەی دیداکتیڤ بە بەڵگەیەک دەڵێن کە بە دیداکشن یا ھەڵھێنجان دروست بووبێ. واتە بەڵگەیەک کە تێیدا پێویستییەکی پتەو ئاکامی بەستووەتەوە بە پێشەکییەکانەوە و، دوای ڕاگەیێنرانی پێشەکییەکان، حاشاکردنی ئاکامەکەی دەست نەدا.

بۆ ئەوەی بەڵگەی دیداکتیڤ سەرکەوتوو بێ لە دامەزراندنی ڕاستیی ئاکامەکەی خۆیدا، پێویستە دوو مەرجی جیاواز لە یەکتر بە شێوەیەکی جێبەجێکراو و بەجێھاتوو ئامادە کرابێتن: ئەووەڵ، پێویستە ئاکام شوێنھاتی ڕاستەقینەی پێشەکییەکان بێ، واتە دەرکێشانی ئاکام لە پێشەکییەکان بە پێوانەی ئەقڵ دروست بێ و، دووەم، خودی پێشەکییەکانیش ڕاست بن. بەڵگەیەک کە تێیدا ھەر دووی ئەم مەرجانە جێبەجێ بووبێتن، بەڵگەیەکی ساغە. بۆ لۆژیک بەگشتی و، بۆ لۆژیکی شێوەیی بەتایبەتی، تەنیا مەرجی ئەووەڵ جێی باسە. مەرجی دووەم، یانی دیاریکردنی ڕاستی یا ناڕاستیی پێشەکییەکان، ئیتر ئەرکی سەر شانی لۆژیک نییە، بەڵکوو کاری بوارێکی تایبەتیی دیکەیە کە پەیوەندیی بە بابەتی بەڵگەکەوە ھەیە. بۆ نموونە، ئەگەر بەڵگەکە باسێکی فیزیکی یا بیۆلۆجیکییە، نیشاندانی ڕاستی و دروستیی پێشەکییەکانی لە ئەستۆی فیزیک یا بیۆلۆجییە، نەک لۆژیک.

سەرچاوە دەستکاری