پێشینی و پاشینی یا پێش-ئەزموونی و پاش-ئەزموونی[١] یا لەپێشتر و لەپاشتر[٢] دوو زاراوەی فەلسەفین کە بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکانی مەعریفە و پاساوھێنانەوە و بەڵگەھێنانەوە بە گوێرەی ڕادەی پشتبەستنیان بە ئەزموون و تاقیکردنەوە، بە کار دەبردرێن. زانایی یا مەعریفەی پێشینی ئەوەیە کە نەبەستراوە و ھەڵنەواسراوە بە ئەزموونکردنەوە. وەک زانایییەک کە لە ڕێگەی ماتماتیک و تۆتۆلۆژی و ھەڵھێنجان لە ئەقڵی پەتییەوە بە دەست بێت. بە پێچەوانەوە، زانایی یا مەعریفەی پاشینی ئەوەیە کە پشت بە بەڵگە و شایەتحاڵی ئەزموونی دەبەستێ. وەک زۆربەی بوارەکانی زانستی سروشتی، یا لێزانییەک کە مرۆڤ بە ھۆی ئەوەی لە ژیانا بە سەریا ھاتووە، بە دەستی دێنێ.[٣]

ھەرچەند ئەم دوو زاراوەیە بە ھۆی کارەکانی کانت لە بابەت ئەقڵی ڕەھاوە برەویان پەیدا کردووە، بەڵام، سەرچاوەی بەکارھێنانیان دەگەڕێتەوە بۆ بەشەکانی کتێبی ئۆرگانۆن -ی ئەرەستوو. بەشی شیکردنەوەگەلی پێشین (prior analytics) کە باسی لۆژیکی قیاسی و ھەڵھێنجان و بنەواشە سەرەتایییەکان و پێناسەکان دەکا و، بەشی شیکردنەوەگەلی پاشین (posterior analytics) کە لەبارەی ئیستیقرا و بەڵگەی بەدەستھاتوو لە ڕێگەی ڕوانینەوەیە.[٣]

نموونەکان دەستکاری

پێشینی دەستکاری

ئەم قەزیەیە ڕەچاو بکەن: «ئەگەر شا جۆرجی پێنجەم لانی کەم چوار ڕۆژ پادشاییی کردبێ، ئەوە بەدڵنیایییەوە زۆرتر لە سێ ڕۆژ پادشاییی کردووە.» ئەمە شتێکە کە زانینی پێویست بە ئەزموون ناکات و مرۆڤ تەنیا بە ئەقڵی پەتی بۆی دەردەکەوێت. بۆیە بە پێشینی دەژمێردرێ.

پاشینی دەستکاری

ئەم قەزیەیە ڕەچاو بکەن: «شا جۆرجی پێنجەم لە ۱۹۱۰ەوە تاکوو ۱۹۳۶ پادشاییی کردووە.» ئەمە فاکتێکە کە پێویستە ئەزموون و تاقی بکرێتەوە و، ئەگەر ڕاست بێ، زانینی تەنیا لە ڕێگەی ئەقڵەوە بە دەست نایێت. بۆیە بە پاشینی دەژمێردرێ.

پێویستبوون و تێکڕاییبوون دەستکاری

نیشانەی گشت حوکمە پێشینییەکان ئەوەیە کە بەبێ جیاوازی لە پێشدا خاوەن پێویستی (necessity) -ی تەواو و ڕەھان و، دواییش خاوەن تێکڕاییبوون (universality) -ی تەواو و ڕەھان. ھێنانە پێش چاوی ئەم پێویستبوون و تێکڕاییبوونەش لە ئەوپەڕی ئەزموونەوەیە. حوکمکردن لەبارەی ئەوەوە کە فڵانە شت بەپێویست و بە چەشنێکی تێکڕایی ھەیە، لە ئەزموونەوە سەرچاوە ناگرێ. چونکە لە ئەزموونکردنا ھەمیشە ئەوەی کە بۆمان دەردەکەوێ بگۆڕ و ناجێگیرە، نە تێکڕایی و پێویست.[٤]

تۆژینەوەی کانت لە بابەت ئەقڵی پەتییەوە دەستکاری

باوەڕی کانت ئەوە بوو کە زانین لە ھەستەوە دەست پێ دەکات. ھەستپێکردن وێنەی شتەکان لە ناو زەیندا دەنەخشێنێ و ھێزی ئاوەز ھەڵدەخڕێنێ تا ئەو وێنانە پێک ھەڵبسەنگێنێ و تێکەڵ و پێکەڵیان بکا و لە یەکتر جیایان بکاتەوە و کاریان لەسەر بکا و مەعریفەت و زانایییان لێ بەرھەم بێنێ. کەوابوو، یەکەم ئامرازی زانابوون بۆ ئینسان ھەست و ئەزموونە. بەڵام، ئەم زانابوونە تەنیا بە ھۆی ھەستەوە نییە و زەین خۆی بەو کاریگەرییەی کە لە ڕێی ھەستەوە پێی گەیشتووە، شتێ زیاد دەکات. ئەگەر زەین لە خۆیەوە مایەیەکی نەبێ کە ھەستپێکراوی پێ پەروەردە بکا، مەعریفەت وەبەر نایێت. بە وتەی کانت، ئەو مایەیە زانایییەکە کە پێش ھەست و ئەزموون لە زەیندا ھەیە و، بەم بۆنەوە زاناییی پێشینی یا پێش-ئەزموونیی پێ دەڵێ. ئەو زانایییەش کە لە ڕێی ھەست و ئەزموونەوە بە دەست دێ، زاناییی پاشینی یا پاش-ئەزموونیی پێ دەڵێ.[٥]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ سەجادی, بەختیار. فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. ماڵی وەفایی.
  2. ^ بەرامبەرە بەرکاھاتووەکان لە لایەن دوکتۆر محەمەد کەمالەوە.
  3. ^ ئ ا "A priori and a posteriori", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2023-03-10, retrieved 2023-05-12
  4. ^ خوانساری, محمد (1398). منطق صوری. Vol. 2. نشر دیدار. p. 269.
  5. ^ فروغی, محمدعلی (1399). سیر حمکت در اروپا. انتشارات زوار. p. 405.