شوێنھاتی لۆژیکی

چەمکێکی سەرەکی لە لۆژیک

شوێنھاتی لۆژیکی (logical consequence) یا تێوەپێچراوی (implication) بەو پەیوەندییە دەوترێ کە وتەیەک لەگەڵ یەک یا چەند وتەی تردا ھەیەتی کاتێ کە ئەقڵ پێی باش بێ و بە پێویستی بزانێ کە ئەو وتەیە لە دوای ئەو یەک یا چەند وتەیەی ترەوە بوترێت. ئەمە یەکێک لە بنەڕەتیترین تێگەیشتەکانی لۆژیکە. دەڵێن بەڵگەھێنانەوە تەنیا ئەو کاتە ڕەوایە کە تێیدا ئاکامی وەرگیراو شوێنھاتی لۆژیکیی پێشەکییەکان بێ.  شیکردنەوەی فەلسەفیی ئەم بابەتە وەھا پرسیارگەلێک لە خۆ دەگرێ: چی دەری دەخا کە ئاکامێک شوێنھاتی لۆژیکیی پێشەکییەکانیەتی؟ مانای چییە کە ئاکامێک شوێنھاتی لۆژیکیی پێشەکییەکانیەتی؟[١] کاری سەرەکیی لۆژیکی فەلسەفی کۆڵینەوە لە سروشتی شوێنھاتی لۆژیکی و ڕاستیی لۆژیکییە.[٢]

لە زمانێکی دیاریکراودا، دەڵێن ڕستەیەک شوێنھاتی لۆژیکیی کۆمەڵێک ڕستەی دیکەیە، ئەگەر و تەنیا ئەگەر، ھەر تەنیا بە ڕەچاوکردنی لۆژیک (یانی بەبێ لاکردنەوە لە لێکدانەوەی کەسەکان بۆ مانای ڕستەکان)، ئەگەر تێکڕای ڕستەکانی ناو کۆمەڵەکە ڕاست بوون، پێویست بێ کە ڕستەکەش ڕاست بێ. ئەگەر ڕستەی «X» شوێنھاتی لۆژیکیی کۆمەڵە ڕستەی «K» بێ، دەتوانین بڵێین «K» دەستەبەری «X»ە، یا «X» لە «K»دا پێچراوە، یا دەتوانین لە ڕێگای ئاکامگرییەوە لە ڕاستبوونی «K» بگەین بە ڕاستیی «X». بۆ وێنە، «کەژاڵ نییە لە شوێنی کاری خۆیدا» دەتوانێ شوێنھاتی لۆژیکیی «کەژاڵ لە ماڵەوەیە» بێ و، بە ھەمان شێوەش، «کەژاڵ حەزی لە سێوە» ناتوانێ شوێنھاتی لۆژیکیی «ھەموو خوشکەکانم حەزیان لە سێوە» و «کەژاڵ خوشکی من نییە» بێ.[٣]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Beall، J. C. «Logical Consequence». plato.stanford.edu (بە ئینگلیزی). لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  2. ^ Quine, Willard Van Orman, Philosophy of Logic.
  3. ^ «Logical Consequence | Internet Encyclopedia of Philosophy» (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.