ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان ڕێکخراوەیەکە لە شاری بۆکان چالاکیی ئەدەبی دەکات.

مێژوو دەستکاری

بیرۆکەی دامەزرانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بۆ ساڵانی بەر لە ١٩٩٠ەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوان سەردەمان بارودۆخ و ھەلومەرج بە شێوەیەک بوو کە نووسەران و شاعیران دەرەتانی ئەوەیان نەبوو کە لە دووتوێی ئەنجومەنێکدا کۆ ببنەوە. برایمی ئەفخەمی یەکەم کەس بوو کە بێ ھەڵبژاردن ناوی ئەنجومەنی ئەدەبیی ڕاگەیاند بەڵام ھیچکات کۆڕ و کۆبوونەوەیەک نەھاتە ئاراوە.

ساڵی ١٩٩٣ لقێکی ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی لە شاری بۆکان لە کتێبخانەی گشتیی سەلاحەدین ئەیووبی دامەزرا کە بەرپرسەکەی ئاغای سەعیدی کیا بوو و داوای لە شاعیران و نووسەرانی ئەوکات کرد کە ئەنجومەن دابمەزرێنن. ئەو سەردەمە شاعیران و نووسەرانێکی وەک: عەباس حەقیقی، ئەفخەمی، مەلا ڕەحمان ناسری، حەسەنخاڵی، ھونەرپەژوو، نووری، ئەحمەد مەولانی، محەممەد سەعید نەججاڕی، ئەمین گەردیگلانی، محەممەد ڕەمەزانی، فەتاح ئەمیری، مەلا محەممەد قزڵجی، مستەفا ئیلخانیزادە، ناسر وەحیدی، حوسێن شێربەگی، حەمەدەمین شامحەممەدی، ئیرەج ناھید، ڕەحمان تەرەغە، قادر ئازمەند، قادر فەرامەرزی و ھتد بەرھەمەکانیان ناوبەناو لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ئەو سەردەمەدا بۆ وێنە گۆڤاری سروە بڵاو دەبوونەوە.

بەرپرسانی خولی یەکەم دەستکاری

لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەندا ٥٣ کەس بەشدار بوون کە دوازدە کەس ناودێر کران و بە دەنگی شاراوە حەوت کەس وەک دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن دەستنیشان کران. ئاکامی ھەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە بوو:١- محەممەد سەعید نەججاڕی، ٢- فەتاح ئەمیری، ٣- ناسر وەحیدی، ٤- محەممەد ڕۆستەمزادە، ٥- محەممەد ڕەمەزانی، ٦- ئیرەج ناھید، ٧- قادر فەرامەرزی.

پاش ئەوەی ئەنجومەن بە فەرمی دامەزرا کار و چالاکییەکان دەستی پێ کرد و لە ماوەی ٥ ساڵدا ١١ کەس لە ئەندامان شوێنەواریان لێ بڵاو بووەوە. ناوبانگی ئەنجومەن سنوورەکانی بەزاند و ڕێژەی ئەندامان بۆ ١٠٤ کەس بەرز بۆوە. دواتر ڕەسووڵ چووپانی (شوانە) و ئەنوەر عەرەب ھەرکام بۆ ماوەی خولێک بەرپرسایەتیی ئەنجومەنیان لە ئەستۆ بوو. بەڵام لە ساڵەکانی دواییدا ئەو قۆناغە زێڕینە ڕووی لە جۆرێک نزمبوونەوە ناوە و دوای ھەندێک ھەوڵ بۆ ساز دانەوەی دووبارەی ئەنجومەن ھەر جێی خۆی نەگرتەوە و ئەنجومەن تەنیا وەک نێو لەملاولا دەدرکا. ئەو دۆخە تا بەھاری ساڵی ٢٠١٥ درێژەی ھەبوو تا ئەوەی کە لەلایەن کۆمەڵێک لاوی قەلەم بە دەستەوە ھەنگاوێکی جیددیتر بە نیسبەتی ڕابردوو بۆ بووژاندنەوەی ئەنجومەن ھاتە ئاراوە. لێژنەی بەڕێوەبەریی خولی نوێی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بریتین لە: ١- جەلال نەججاڕی، ٢- ڕووبار بووداغی، ٣- مەحموود محەممەدیان، ٤- کەماڵ کەریمی.

تۆمار کرانی ڕەسمی دەستکاری

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لەلایەن چالاکانی فەرھەنگی «سولەیمان ئیبڕاھیمزادە» و «کامڕان جەوھەری» یەوە لە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی ھەتاوی (٢٠١٦)دا لەژێر ناوی «ئەنجومەنی فەرھەنگی، ھونەری، ئەدەبیی بۆکان» بە ژمارە شناسەی میللی ١٤٠٠٥٨٧٤١١٦١ و ژمارە سەبتی ١٠٧ وەک ڕێکخراوەیەکی ڕەسمی تۆمار کرا.

سەرچاوەکان دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری