ئەنوەر عەرەب، لەدایکبووی ١٣٦٤ی ھەتاوی (١٩٨٥) لە بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی کوردە.

ئەنوەر عەرەب لە شاعیرانی نوێخواز دێتە ئەژمار و بە دوو زمانی کوردی و فارسی شێعر و وەرگێرانەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆگەکاندا بڵاو بوونەتەوە. ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی لە چاپ دا. پێشتر بۆ ماوەی خولێک بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بوو. ھاوکات چالاکێکی مەدەنی و داکۆکیکارێکی مافی کۆڵبەران و ئازادیی قەڵەم و ئەندێشەیە. ڕۆژی ١٢ پووشپەڕی ٩٧ھەتاوی (٢٠١٨ی تەممووزی ٣) ھێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕژانە شوێنی کارەکەی و دەسبەسەریان کرد[١] و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

بەرھەمەکان دەستکاری

  1. لە چاوەڕوانیی پیاوێکی کراسزەردی گوڵگوڵیدا[٢]- کۆمەڵەچیرۆک - ٢٠١٤.

نموونەی شێعر دەستکاری

لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە
لەو شوێنەی وا ھەمیشە چاوەڕێم دەکردی
پیاوێک دەیھەوێ خۆی تووڕ داتە خوارێ
ھیچ کەس نازانێ،
پیاوێک لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە
بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
بۆ چی خۆی تووڕ دەداتە خوارێ؟
لە خوار پردەکە
ڕێک لە خوار پردەکە
لەو شوێنەی وا ھەمیشە چاوەڕێت دەکردم
چەند کەسیتر چاوەڕێن،
چەند پیاو و
چەند ژن،
تۆش وا لە دوورە بە ھەڵاتن دێی
تا ببینی
پیاوێک لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە
چۆن خۆی تووڕ دەداتە خوارێ
بە پەلەی،
چاوێکت لای کاتژمێرە و
چاوێکت لای
پیاوێکە تا خۆی تووڕ داتە خوارێ.
لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە
پیاوێک بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
داگەڕا خوارێ و
بە سانایی بە لام دا تێپەڕ بوو
«ناشێ لە بیر کەم ئەم ڕووداوە»
لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە
بە ھەر دووچاوی خۆم بینیم
پیاوێک بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
داگەڕا خوارێ و
بە سانایی بە لام دا تێپەڕ بوو.
لەسەر پردەکە
ڕێک لەسەر پردەکە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ http://www.nrttv.com/News.aspx?id=2830&MapID=1
  2. ^ لە چاوەڕوانیی پیاوێکی کراس‌زەردی گوڵ‌گوڵی‌دا، عەرەب، ئەنوەر. خانەی خەون، سلێمانی: ٢٠١٤