ئابڕوچوونی ئێران-کۆنترا

ئابڕوچوونی ئێران-کۆنترا بریتیبوو لە ئابڕوچوونێکی سیاسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوا لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ڕۆناڵد ڕێیگندا ڕوویدا. چەندین کاربەدەستی دیاری کابینەکەی ڕێیگن ھەڵسابوون بە فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بەشێوەیەکی نھێنی بە ڕژێمی ئیسلامی ئێران و خومەینی لەوکاتەی کە ئێران لەژێر سزایەکانیدا فرۆشتنەوەی چەکی لێ قەذەغە کرابوو.[١] کابینەکەی ڕێیگن دەیانویست ئەو پارەیەی لەو مامەڵەیەدا پەیدای دەکەن بەکاریبھێنن بۆ پڕچەککردنی کۆنتراکانی وڵاتی نیکاراگوا، کەوا دژی حکوومەتی سۆشیالیستی ئەوکاتی نیکاراگوا دەجەنگان. لە ھەمان کاتدا، فرۆشتنەوەی چەک بە کۆنتراکانیش قەدەغە کرابوو لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە.

سەرۆک ڕێیگن لەگەڵ ھەریەک لە کاسپەر وایبێرگەر، جۆرج شوڵتز، ئێد میز، دۆن ڕێیگن لە نووسینگەی سەرۆکایەتی لەکاتی تاوتوێکردنی بەیاننامەکەیان بۆ گەلی ئەمریکا، ساڵی ١٩٨٦.

دوای ئاشکرابوونی ئەم بازرگانییە. حکوومەتی ئەمریکا بە پاساوی ئەوەی کە ئامانجیان ئازادکردنی حەوت بارمتەی ئەمریکی بووە ئەو کارەیان کردبوو کە بە گوتەی خۆیان لە وڵات لوبنان لەلایەن حزبوڵا دەستبەسەر کرابوون کە ھاوپەیمانی ئێران بوون. شێوازی گواستنەوەی چەکەکانیش بۆ ئێران بریتی بوو لەوەی ئیسرائیل چەکەکان بۆ ئێران بگوازێتەوە، و خوی ئیسرائیلیش سوودمەند بێت لەو چەکانە بە مەرجێک پارە بداتەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵێنی ئازادکردنی ئەو بارمتەنایان دابوو، بەڵام یەکەمین فرۆشتنەوەی چەک کە ساڵی ١٩٨١ ئەنجامدرا، پێش دەستەبەسەرکردنی ئەو بارمتانە ئەنجام درابوو.[٢][٣][٤]

ئاراستەی پلانەکەش لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٥ گۆڕا، کاتێک کۆلۆنێل ئۆلیڤەر نۆرس بەشێکی داھاتی فرۆشتنەوەکانی چەکەکانی بە ئێران گواستبوویەوە بۆ کۆنتراکان، کەوا گروپێک بوون دژی حکوومەتی نیکاراگوا دەجەنگان. ھەرچەندە سەرۆک ڕێیگن بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ کۆنتراکان دووپات کردبوویەوە، ئەوەی ڕوون نەبوو بریتی بوو لەو بەڵگانەی کە دەیسەلماند کە خودی ڕێیگن لەو مامەڵانە تێوەگلابوو یاخود نا. بەڵام بەپێی ھەندێک تێبینی وەزیری بەرگری کاسپەر وایبێرگەر کەوا لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥ نووسیبووی، ئاماژە بەوەدرابوو کە سەرۆک ڕێیگن ئاگاداری تەواوی ڕێکەوتنکەکە. دوای ئاشکرابوونی ئەم وردەکاریانەش، ڕێیگن لەسەر تەلەڤیزیۆنەکان دەرکەوت و دانی بەوەدانا کە فرۆشتنەوەی چەکەکان ڕوویدابوو، و دانە بەوەشدانا کە ئامانجی فرۆشتنەوەکانیشیان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان نەبوو، بەڵکو تەنھا بۆ یارمەتیدانی کۆنتراکانی نیکاراگوا بوو.[٥]

ئەم ئابڕوچوونە لە لەلایەن کۆنگرێسەوە لێکۆڵینەوەی لێکرا و لە دەرئەنجامدا ھیچ کام لە لێکۆڵینەوەکان نەیانتوانی بیسەلمێنن کەوا خودی ڕێیگن تێوەگلابوو لە بازرگانییەکان و ڕێگەی پێدابوو، بەڵام یازدە کاربەدەستی کابینەکەی ڕێیگن دوورخرانەوە لە پۆستەکەیان.[٦] ئەوانەشی سزا درابوو، لەکۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی جۆرج ئێچ دەبڵیو بوشدا لێخۆشبوونیان بۆ دەرکرا، کە ئەوکاتە جێگری سەرۆک بوو لە کابینەکەی ڕێێگندا.[٧]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ The Iran–Contra Affair 20 Years On. The National Security Archive (George Washington University), 2006-11-24
  2. ^ Hersh, Seymour M. (8 December 1991). "U.S. Said to Have Allowed Israel to Sell Arms to Iran". The New York Times (National ed.). p. 1001001. Retrieved 15 November 2018.
  3. ^ "Reagan's mixed White House legacy". BBC. 6 June 2004. Retrieved 22 April 2008.
  4. ^ "Tower commission report excerpts". The Tower Commission Report. Retrieved 7 June 2008.
  5. ^ "Weinberger Diaries Dec 7 handwritten" (PDF). National Security Archive. George Washington University.
  6. ^ Dwyer, Paula. "Pointing a Finger at Reagan". Business Week. Archived from the original on 16 April 2008. Retrieved 22 April 2008.
  7. ^ "Pardons and Commutations Granted by President George H.  W. Bush". United States Department of Justice. Retrieved 22 April 2008.