ھۆدارێتی

ئەوەی کە شتێ دەستی بێ لە بەرھەمھاتنی شتێکی تردا
(لە ھۆیەتیەوە ڕەوانە کراوە)

ھۆدارێتی ئەوەیە کە شتێ (ڕووداو، پرۆسە، یا بارودۆخێک) دەستی بێ لە بەرھەمھاتنی شتێکی تردا. بە شتی یەکەم دەوترێ ھۆ و بە شتی دووەم ھۆکرد یا بەرھۆ. ھۆ تا ڕادەیەک بەرپرسە بۆ ھۆکرد و، ھۆکردیش تا ڕادەیەک ھەڵواسراوە بە ھۆوە. دەکرێ بڵێین ھۆدارێتی پەیوەندیی نێوان ڕووداوێکە لەگەڵ ئەو ڕووداو و دیاردانەی بە دوویدا دێن،[١][٢] وای دابنێن دوو ڕووداو یان پێشھاتی A و B ھەن. ئەگەر B ڕوو دەدات لەبەر ئەوەی کە A ڕووی داوە، ئەوا دەڵێن A ھۆی Bیە، یان B ئاکامی Aیە.

ئەگەر بەئارامی لە یەکەم دۆمینۆ بدرێ، دەکەوێ بە سەر دووەمەکە و، ئەویش دەخات، دووەمەکەش سێیەمەکە دەخا و، ھەر بەم شێوە تا دوایی دەڕوا. کەوتنی ھەر دۆمینۆیەک دەبێ بە ھۆکار بۆ کەوتنی دۆمینۆی دوای خۆی.

بەگشتی، یەک پرۆسە چەندین ھۆی ھەیە، کە فاکتۆرگەلی سەبەبی -شیان پێ دەوترێ و، ھەموویان دەکەونە ڕابوردووی پرۆسەکەوە. ھۆکردیش بە نۆبەی خۆی دەتوانێ ھۆ یا فاکتۆری سەبەبی بێت بۆ گەلێ ھۆکردی تر، کە ھەموویان دەکەونە داھاتوویەوە. بەعزە نووسەرێک باوەڕیان ئەوەیە کە لە باری میتافیزیکییەوە ھۆدارێتی لە پێشەوەی تێگەیشتەکانی کات و شوێنە.

گرنگایەتی

دەستکاری

ھۆکارەکان لە ھەموو جێگاکاندا ھەن. ھەوڵ بۆ تێگەیشتن لە ھۆدارێتی یەکێک لە جموجووڵە سەرەکییەکانی فەلسەفەیە. گرنگایەتیی ھۆدارێتی لە پلەی یەکەما بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەموو شتەکان پێکەوە دەلکێنێ. بۆیە ھیووم پێی دەوت «سرێشی جیھان». بەبێ ھۆدارێتی، شتەکان گرنگایەتیی خۆیان بۆ یەکتر لە دەست دەدەن. ئەگەر لە نێوان پێشھاتەکاندا پەیوەندییە ھۆیییەکان نەبووایێن، جیھان بە ھیچ شێوەیەک لە پێشبینیکردن نەدەھات. بۆ نموونە، نەماندەتوانی ھۆکارەکانی نەخۆشییەکان دیاری بکەین، یا دەرمانیان بۆ بدۆزینەوە.[٣]

«بوونەھۆ» لە بەرامبەر «بەشوێنداھاتن»دا

دەستکاری

ئیمپیریستەکان، بەتایبەت دەیڤید ھیووم، دەڵێن: ئەوەی کە مرۆڤ ڕووداوی A بە ھۆکاری ڕووداوی B دەزانێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە عادەتی کردووە B بە دوای Aدا ببینێ. ئەگەر تۆپێک بەری تۆپێکی تر دەکەوێ و لە جێی خۆی دەیجووڵێنێ، ئەوە نییە کە جووڵەی تۆپی دووەم لە بەرکەوتنی تۆپی یەکەمەوە سەرچاوکەی گرتبێ، بەڵکوو، لەبەر ئەوەی کە پێشتر مرۆڤ چەندین و چەند جار ئەوەی دیوە کە دوای بەرکەوتنی تۆپێک لە تۆپێکی تر، تۆپە دووەمەکەش دەجووڵێت، یانی لەبەر ئەوەی کە عادەتی کردووە ئەم دوو ڕووداوە بە شوێن یەکترا ببینێ، وا دەزانێ پێویستە بەرکەوتنەکە جووڵەکەی بەدواوە بێ. لە ڕوانگەی ھیوومەوە، بەشوێنداھاتنێ کە بە ھۆی شتێکی ترەوە بێ، لە زاتی خۆیدا، جیاوازییەکی نییە لەگەڵ بەشوێنداھاتنێ کە ھەر تەنیا دوابەدوایییەکی کات و ساتە. کاتێ مرۆڤ جۆرێکی تایبەت لە ڕووداوەکان دەبینێ کە ھەمیشە لە دوای جۆرێکی تایبەتی دیکەدا دێن، عادەتی پێ دەکا و خووی پێ دەگرێ و، لەم عادەتکردنە و خووگرتنەوە، وا دێتە بەر چاوی کە ئەم بەشوێنداھاتنە پێویست و زەروورە. کاتێ شتێ لە شتێکی ترەوە سەرچاوکە دەگرێ و، شتێکیش بە شوێن شتێکی تردا دەردەکەوێ، جیاوازیی ئەم دووانە، لە ڕوانگەی ھیوومەوە، لەوەدا نییە کە پەیوەندێکی ناوەکی، ئەو دوو ڕووداوی یەکەمە پێکەوە دەبەستێ، یا ھۆکارێکی دیاریکراو ھەیە کە بەرھۆ بەدیی دێنێ، بەڵکوو لە واقیعدا، وا دێتە بەر چاو کە ئەم بەشوێنیەکداھاتنە تایبەتەی ڕووداوەکان، شتێ بێ کە ھەمیشە دووپات بێتەوە. یانی ئەوەندە دووپات بووەتەوە کە مرۆڤ سەرلەنوێ دووپاتبوونەوەی بە پێویست و زەروور دەبینێ. بە زمانێکی تر، «بە ھۆی ئەوە کە» ھەمان «بە دوای ئەوە کە» -یه.[٤]

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Definition of CAUSALITY». www.merriam-webster.com (بە ئینگلیزی). لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  2. ^ مەردۆخ ڕۆحانی، ماجد. فەرھەنگی فارسی بە کوردی زانستگای کوردستان. زانستگای کوردستان. ۱۶۸۴.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  3. ^ Mumford، Stephen. Metaphysics: a very short introduction.
  4. ^ Hartnack، Justus. Kant's theory of knowledge. لەلایەن حداد عادل، غلامعلی وەرگێڕدراوە. pp. 6–7.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)