کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان

ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردی بوو
(لە کۆمەڵەی ژ - کەوە ڕەوانە کراوە)

کومەڵەی ژیانەوەی کورد یان بە کورتی کومەڵەی ژ-ک "شێوەی خوێندنەوەی: ژێ کاف" یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە مەھاباد پێکھات و لە ساڵی ١٩٤٥ بە دامەزرانی حیزبێکی نوێ کۆتایی بە ژیانی ھات.

مێژووی کورتی ناوچە

دەستکاری

لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەم کوردستان بوو بە مەیدانی شەڕ لە نێوان لەشکرەکانی بەشدار لەم شەڕە، بەتایبەتی لەشکری عوسمانی و لەشکری ڕووس. دانیشتوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆرجار تووشی تاڵان و کوشتاری لەشکرەکانی عوسمانی و ڕووس بوون. پاش ئەو شەڕە، وڵاتێکی وێران‌کراو، خەڵکێکی دەربەدەر، ماندوو و ھەژار کە تووشی قاتی و نەخۆشی ببوو.

دیکتاتۆریی ڕەزاخان

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٢١دا پاش کودەتایەکی نیزامی کە بە یارمەتی بەریتانیا ھاتە دی، ڕەزا شا ھاتە سەرکار و ساڵی ١٩٢٣ لە تاران خۆی بە شا و دامەزرێنەری سلسلەی پەھلەوی ناساند.ھەر لە دەستپێکدا ھەوڵی خنکاندنی ھەموو ئەو بزووتنەوانەی دا کە دەبوونە ھۆی بچووکترین دڵەڕاوکێ بۆی وەک جوولانەوەی سمکۆ (سماییل‌ئاغا شکاک)، ڕاپەڕینی جافر سوڵتان و حەمە ڕەشی خانی بانە. ڕووکاری ئاوەڵای سیاسی لە تەواوی وڵاتی ئێراندا کاتی بەسەرچوو. دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە تاران ھێزی گرت و ھەناسەی ھەموانی چاند. لە سەردەمی دیکتاتۆریی بیست ساڵەی ڕەزاشادا زۆرداریی نەتەوەیی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. شۆڤینیزم ئێرانی بوو بە سیاسەتی فەرمی ڕژێمی پەھلەوی و گەلانی غەیرە فارسی ئێران خرانە ژێر توندوتیژترین ستەمی نەتەوەیی.

بۆ لە نێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی و مێژوو و کولتوری ئەم گەلانە پلانێکی داڕێژراو و درێژخایەن بەڕێوە دەچوو کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی غەیری فارس بوو. دەست‌تێوەردانی مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغە کردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و لەبەرکردنی جلی نەتەوەی. ھەموو بۆ ئەوەی نیشان بدرێ لە ئێراندا تاقە نەتەوەیەک ھەیە ئەوەش فارسە. بەڵام ھەستی کوردایەتی لە کوردستان و لە دڵی ھەموو کوردێکدا ئەوەندە بەھێز بوو کە سیاسەتی ڕەزاشا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد وەک ھی مستەفا کەمال لە تورکیا بە تەواوی پووچەڵ بوو.بەرامبەر بەو ھەموو زوڵم و زۆرە لە ھێندێک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی ڕاپەڕینی عەشیرەتەکان سازبوو. وەک ڕاپەڕینی مەحموودخانی کانی‌سانان لە ناوچەی مەریوان، عەشیرەتی مەنگوڕ لە دەوروبەری مەھاباد، ڕاپەڕینی عەشیرەتەکانی جەلالی کە ھەموویان دڕندانە سەرکوت کران.

ئاکامی شەڕ

دەستکاری

کە جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکرد، ڕەزاشا لایەنگری خۆی بۆ ئاڵمانیای نازی ڕاگەیاند. بۆیە کاتێ شەڕ کەوتە نێوان یەکیەتی سۆڤیەت و ئەڵمانیا، وڵاتانی ھاوپەیمان، ئێرانیان داگیرکرد؛ وەک ھاوپەیمانی ئەڵمانیا و ھەم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێرانەوە یارمەتی بگەیێننە سۆڤییەت. بەڕیتانیا لە باشوور و سوپای سور لە باکوورەوە، خاکی ئێرانیان داگیر کرد. ڕەزاشا لە ئاستی ئەواندا نەیتوانی بچووکترین جووڵە بکات و دیکتاتۆرییەکەی ڕووخا و پاش ٢٠ ساڵ ئێران ڕووی ئازادی دیموکراتی بە خۆیەوە دی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بووژانەوە.

ھەل و مەرجی دامەزران

دەستکاری

ھێزەکانی داگیرکەر لە باشوورەوە تاکوو ئیلام و لە باکوور تا ورمێ ھاتبوون. بەڵام مەھاباد دوور بوو لەو دۆخە. لە لایەکی دیکەوە مەھاباد و ناوچەکانی دەور و پشتی مێژووی درێژیان ھەبوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، ھەربۆیە بار و دۆخەکە ڕێکەوت بۆ ئەوەی یەکەم ڕێکخراوی بەھێزی سیاسیی کوردی بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان یان بە کورتی کومەڵەی ژ-ک پێک بێت. دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە یازدە کەس بوون[١] کە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٢ لە مەھاباد کۆبوونەوە و کۆمەڵەی ژ-ک یان پێکھێنا کە ئامانجەکەی ڕزگاری نەتەوەی کورد بوو.

کۆمەڵە ڕیخراوێکی نھێنی بوو و ھەر لە سەرەتای دامەزراندنەوە کوردانی باشوور تێیدا بەشدار بوون و نوێنەرانی ئەوان «میرحاج ئەحمەد» لە لایەن حیزبی ھیواوە لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ژ-ک ئامادە بووە.

لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٩٤٣دا، کۆبوونەوەیەک وەک کۆنگرەی کۆمەڵە پێکھات. لەم کۆنگرەیەدا کە لە شاخی خوداپەرەست بە ئەنجام گەیشت، نزیکەی سەد کەس بەشداربوون بڕیار درا کە کۆمەڵە بیروڕای خۆی لە گۆڤارێکدا بڵاو کاتەوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵە ئەگەرچی رێکخراوێکی ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەر بوو و دەبوایە لەگەڵ توێژەکانی خەڵکی بێت، بەڵام لەبەر نھێنی بوونی، کەمتر بەوە دەگەی. ئەوە بوو کە دەست کرا بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری «نیشتمان». لە ماوەی چەن ساڵدا، بە بڵاو بوونەوەی بیروڕاکانی کۆمەڵە لە ناو چین و توێژەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان، ھیوا بە داھاتوو ھێزی گرت. زانیاریی سەبارەت بە بارودۆخ پێشکەوت و ژ-ک تا ڕادەیەک بوو بە ھێزێکی سیاسی.

بەڵام گۆڕانکارییەکان یەکجار زۆر بوون. دنیا گۆڕدرابوو، ھەروا کوردستان. شۆڕشی گەلانی دونیا دژ بە فاشیزم و دیکتاتۆری پەرەی سەندبوو. وڵاتی ئێران ئەزموونی گۆڕانی بەسەر دەھات و لە لایەکی دیکەوە لەو بار و دۆخە گرینگەدا ژێ کاف نەیدەتوانی چالاکییەکان بە ڕێکوپێکی بەرەو پێش بەرێت. پێویست بوو بە ڕێکخراوێ نوێ، یەکگرتوو، خاوەن پیلان بۆ بەرەو پێش ڕۆشتن. بەڕێوبەرانی ژێ کاف لەوە ئاگادار بوون، بۆیە ھەوڵێکی نوێیان دا بۆ بنیاتنانی حیزبێک. لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٥ لە شاری مەھاباد دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیێندرا. ئەگەرچی ئەو حیزبە نوێیە لە ئەزموونەکانی کۆمەڵە سوودی وەردەگرت، بەڵام لە پیلان و چالاکییەکانیاندا بە تەواوی جیاواز بوون.

لقی باشووری ڕۆژھەڵات

دەستکاری

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە باشووری ڕۆژھەڵآتی کوردستان لقی ھەبوو و بەرپرسی لقەکە لە ئێلی کەڵھوڕ یەدوڵڵا ڕەزایی کوڕی عەبدوڵڵاخانی زەیغەمولسوڵتان بوو.[٢]

پەراوێزەکان

دەستکاری
  1. ^ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ-ک ئەم یازدە کەسە بوون: حوسەینی فرووھەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەممەد نانەوازادە، عەلی مەحموودی، محەممەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری.
  2. ^ بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: لە کرماشانەوە ھەتا سەرلەشکەربوون لە ئەرتەشی سووریادا، نووسراو لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧؛ ٢٦ی ئابی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٩.

سەرچاوەکان

دەستکاری