کامیل نیزامەدین جەلال ناسراو بە کامیل ژیر (Kamil Zheer) یان (Kamil Jeer) لە ٢٠/١٢/١٩٣٤ لە سلێمانی لە دایکبووە.

پارێزەر: کامیل ژ‌یر: دەرچوی کۆلێجی مافە لەبەغداد، ھەشت کۆرس زمانی ئینگلیزیی لە پەیمانگەی ئەمەریکیو یەک کۆرس زمانی ئەڵمانی لەپەیمانگەی گۆتە لەبەغداد خوێندوە. ماوەی پێنچ مانگیش لەجنێڤ / سویسرا ھەوڵیداوە فێری زمانی فەڕەنسی ببێت. ساڵێکیش لەپەیمانگەی ھونەرە جوانەکان لەبەغداد، ھونەری نواندنو دەرھێنانی خوێندوە. دو بڕوانامەی لە بواری کارگێڕیدا لەبەغداد وەرگرتوە. هەوت خەڵاتی ڕێزلێنانی لە بواری ڕۆشنبیریدا وەرگرتوە.

1-خه‌ڵاتی جوانترین هۆنراوه‌ بۆ به‌هاری کوردستان 2-خه‌ڵاتی یه‌کێتیی ئه‌دیبو نوسه‌رانی کورد 3-خه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی کوردستان 4-خه‌ڵاتی بزاڤی رۆشنبیری 5-خه‌ڵاتی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نوسانی کوردستان 6-خه‌ڵاتی رۆژنامه‌ی خه‌بات 7-خه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌. ٨-خەڵاتی رێکخراوی کوردستان دیالۆک. ساڵی ١٩٦٧ هاوسەرگیریی لەگەڵ نەجات مەئروف کردوەو خاوەنی چوار مناڵن : چیا، چرا، ئارا، شارا.


لە بواری ڕامیاریدا دەستکاری

ئەندامی حزبی شیوعی عێراقی بوە (١٩٤٨) بۆ (١٩٥٨) لەو بڕوایەوە کە کورد لەو ڕێگەیەوە ئەگاتە مافی چارەنوسی خۆی، بەھۆی چالاکییەکانی لەو حیزبەو ڕێکخراوەکانیدا، چەند جار زیندانی کراوە. لە خوێندن پچڕێندراوە. (١٩٥٤-١٩٥٥) ڕاپێچی شوعەیبە کراوە، (١٩٥٧) تا (١٩٥٨) وەک دورخراوەیەکی سیاسی، نێردراوە بۆ ئەبو غرێب.

• دامەزرێنەرو ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ئازادیو ژ‌یانەوەو یەکێتی کورد (کاژ‌یک) بوە کە بۆ ماوەی (١٥) ساڵ لەخەباتی نھێنیو ژ‌ێر زەمینیدابوە.

• پەیوەندیی نھێنی لەگەڵ پاسۆکدا ھەبوەو دوای ڕاپەڕین، لەگەڵ چوار ھاوبیریدا، مەکتەبی سیاسی پاسۆکیان پێکھێنا.


• ساڵی (٢٠٠٤) لە دامەزرێنەرانی کۆڕی سەربەخۆیی کوردستان بوە.

• سەرپەرشتیاری گۆڤاری (ھیوا) بوە (١٩٥٧) و (١٩٥٨) ھەروەھا سەرپەرشتیاری ڕۆژ‌نامەی سەربەخۆیی ئۆرگانی پاسۆک بوە (١٩٩١) تا (١٩٩٣).

• ساڵی ١٩٦٣ حاکمی عەسکەری گشتی ڕەشید موسڵیح فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوە بە تۆمەتی ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆ مەلا مستەفای بارزانی کڕیوە.. ئەمیش ئەڵێت: ئەگەر بمبوایە پاسکیلێکم بۆخۆم ئەکڕی!.

• ساڵی (١٩٧٤) (١٩٧٥) دادوەرو پشکنەری دادبوە لە شۆڕشی ئەیلول.

• سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستانە / سەرکردایەتی باشور.


بەرھەمە چاپکراوەکانی دەستکاری

• ئەم کۆمەڵە ھۆنراوەیە (کوردایەتی و جوانی): بە گشتی بەھاکان (قیم) ی کوردایەتی و جوانیی ڕەوشت و جوانیی سروشت و جوانیی ئافرەتی لە خۆگرتوەو بریتییە لە ژ‌مارەیەک ھۆنراوەی تازەو ھەندێ ھۆنراوەی ھەڵبژ‌اردە لەکۆمەڵە ھۆنراوەکانی پێشوی کە لەم ڕۆژ‌گارەشدا، ھەمان گیانو گوڕو کاریگەرێتییان تێدایە. لە ئاستی وێژ‌ەیشدا، ھەمان گیانو گوڕو کاریگەرێتییان تێدایەو، ھەمان قورسایی خۆیان ھەیە. دیوانەکانی پێشوش، لە بازاڕدا نەماون، بۆیە لێرەدا چاپکردنەوەیان بە پێویست زانرا.

• کوردایەتی و کۆمیدیای گەندەڵی: بریتییە لە بیست کورتە چیرۆکی ڕامیاری لە بەرگێکدا بە شێوازی لاکرتی (سخریە، ساتیر) بەو گەندەڵیانەی لە دەسەڵاتدا بەربڵاون. (٢٠٠٨) لە سلێمانی چاپکراوە.

• کوردایەتی بیرو بزاڤە: بریتییە لە برێک باری سەرنجو بیرەوەرییە سیاسییەکانی نوسەر لە نێوان (١٩٤٨-١٩٩٤) دا وەک وەڵامدانەوەش بۆبەڕێزان: شۆڕش قادر، ھیمدادی حسەین، گۆڤاری تایم، گۆڤاری جەماوەر، گۆڤاری پەیامی مرۆڤایەتی، ڕۆژ‌نامەی ھاوبیر، عەتا قەرەداغی، د. جەمال نەبەز، د. عوسمان بەرزنجی، زانیار قڕگەیی، ئاسۆس ھەردی، کاندێش، ڕۆژ‌نامەی ھەواڵ، ڕۆژ‌نامەی رایة الحریة‌، سیروان کاوسی، مەلا بەختیار، چێنەر جۆڵا، بۆتان جەلال، نەوشیروان مستەفا و عیماد ئەحمەد. ھەروەھا ھەندێ پەرچدانەوەشی گرتۆتە خۆ بەرامبەر بەڕێزان: فریاد ڕەواندزی، د.کوردۆ عەلی، شێرکۆ بێکەس، ڕێبین ھەردی، د.کەمال مەزھەر، ئەحمەد حامیدو د.حسەین محەمەد عەزیز، لەگەڵ شەش بابەت: بارزانیو کاژ‌یک، خاوەن فایلەکان، گەمەی عێراق، دەستوری کوردستان و عێراق، کێشەی کوردو یاسای نێودەوڵەتی، خۆپیشاندانەکەی ١٤/٢/٢٠٠٤ و شتی تریش. (٢٠٠٦) لە سلێمانی چاپکراوە.

• کوردایەتی و سەربەخۆیی: لەم پەرتوکەدا، سەرەتا پێناسەی کوردو کوردستانو کوردایەتی ئەکات. زانستیانە ھانی بزافی کورد ئەدات کە لەبازنەی سەپاو دەرچن. لەھۆی نەبونی سەربەخۆیی ئەدوێ. وەڵامی پرسیارەکانی ھۆی سەرنەکەوتنی میرنشینیەکانو حکومەتەکەی شێخ مەحمودو کاژ‌یکو پاسۆک ئەداتەوە. ئەو راستییە ئەسەلمێنێ کە پێکەوەژ‌یان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، بەھەر ناوێکەوە، ئەستەمە. ئەڵێ سەرکردایەتی پارتییە کوردییەکانی ئێستا لەئاستی ھەلومەرجی سەربەخۆیدا نین. نەخشەو بەرنامە بۆسەربەخۆیی کوردستان دائەنێو ھەمو ئەگەرەکان لەوبارەیەوە ڕەچاوئەکا. لەدەرگای ھەندێ بابەتیکەش ئەدات (٢٠٠٢) لە سلێمانی چاپکراوە.

• أفکار: کتاب باللغة العربیة. یردفیە، بشجاعة وأقتدار، وبأحدث الأفکار علی آراء عدد من الباحثین الذین ینظرون إلی المسألة الکوردیة بمنظار ظاھره التعاطف وباطنە التظلیل قصدا أو جھلا. کما یصحح آراء عدد آخر من الکتاب المخلصین لھذە المسألة. ثم یأتی بآرائە الموضوعیة لأنشاء وتنظیم الأمن القومی والرأی العام فی کوردستان. کما یأتی بحل واقعی للعقدة المستعصیة لأعادة توحید الأدارتین فی جنوب کوردستان. ثم یلقی الأضواء علی جملة من المفاھیم الخاطئة السائدة فی عقول مغلقة بسبب مؤثرات قرون من الأحتلال واڵاضطھاد التی نتج عنھا سیلا من مرکبات النقص والخوف والخجل والأنحراف وعدم الثقة بالنفس أضافة إلی ابحاثە القانونیة لأصلاح النظام القانونی فی کوردستان مع الترجمة الکوردیة لبعض المصطلحات القانونیة المتداولة فی المحاکم وغیرھا من المواضیع. طبع الکتاب فی (٢٠٠٢) فی السلیمانیة.

• کوردایەتیو دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ: ئەشێ بڵێین ئەم پەرتوکە کە لەبنکەی چاپەمەنی ڕۆژ‌ لەسوید- ستۆکھۆڵم ساڵی (١٩٩٤) لە (١٠٧) لاپەڕەدا چاپیکردبو، چاپی یەکەمی پەرتوکی (کوردایەتی و سەربەخۆیی)ە کە بابەتی بڕگەی (٤)ی سەرەوەیە، لەگەڵ ھەندێک جیاوازیو دوای ئەوەی ھەندێک بابەتی نوێی خرایەسەر.

• ھەڵبەستەکانی ژ‌یر: کۆی ھۆنراوەکانێتی، تا ساڵی (١٩٩٣) کە دەزگای چاپەمەنی ڕۆژ‌ لە سوید کۆیکردبوەوەو لە (٤٢٨) لاپەڕەدا چاپیکردوە لەتەک توێژ‌ینەوەیەکدا بەناوی (پراوەکانم لە ھەڵبەستداو وانەیەک لە بارەی ھەڵبەستەوە). کە بەھەردوکیان (٤٦٣) لاپەڕەی گرتۆتەوە. • گەورەپیا،: بریتییە لە سێ شانۆنامە بەھۆنراوە. لەتەک چاپی دومی (ئافرەت و نوشتە) کە ئەمیش ھەمان دەزگا لەسوید لە (١١٧) لاپەڕەدا چاپیکردوە:

١-شانۆنامەی یەکەم (ئەحەی جاو) بە شێوازێکی کۆمیدی لەبارەی ئەو پیاوەوەیە کە لەسلێمانی ھەندێ کەس پێیانئەوت (شێت!) ھەندێکیش پیانئەوت (وەلی!).

٢-شانۆنامەی دوەم (نازە) کێشمە ‌کێشێکە لەنێوان بەگو جوتیارو ڕۆشنبیرو دەوڵەمەندو پزیشکو پیشەسازو ئەندازیارو تێکۆشەرو گێرەشێوێندا.

٣-شانۆنامەی سێیەم (گەورە پیاو) بەشێوازێکی کۆمیدی لەبارەی بەشیر موشیری ناودارەوەیە. شیاوی وتنە، ئەو بەرھەمانەی لە سوید چاپکراون، ژ‌مارەیەکی کەمیان گەیشتنە کوردستان.

• جوانی: تایبەتە بەو ھۆنراوانەی لەبارەی جوانیی ئافرەتەوە وتراون. (١٩٨٣) لە سلێمانی چاپکراوە.

• کوردایەتی: تایبەتە بەو ھۆنراوانەی لەبارەی کوردایەتییەوە، ساڵەکانی (١٩٥٨) تا (١٩٦٠) وتراون، لەتەک پێشەکیەکی د،جەمال نەبەزدا.

• نازەنین: یەکەم کۆمەڵە ھۆنراوەکانێتی کە لەنێوان (١٩٥٤) تا (١٩٥٧) وتراون.

• ئافرەت و نوشتە: شانۆنامەیەکی کۆمیدییە، ساڵی (١٩٥٦) چاپکراوەو لەسەر شانۆی قوتابخانەی ئامادەیی کوڕان لەسلێمانی نمایشکراوە.

• کوردایەتیو جوانی.

• بەچاپی ئەلەکترۆنی: (کوردایەتیو شاڵاوی دژەناوخۆییەکاک بەهاوکاریی ب هەندرین، فەلسەفەی بەشیری، پرسیارەکان تینوی وەڵامن بەهاوکاریی هەڵۆ بەرزنجی، یادەکانم کە لەسایتی ئیمڕۆدا بڵاوکراونەتەوە) هەر بەچاپی ئەلەکترۆنی: باخچەی هۆنراوەکانم لەدیدی هاوڕێیانەوە. کورتە وەڵامەکان لەفەیسبوک. ژمارەیەک دیمانەی تەلەفیزیۆنی.


ھەندێک لە بابەتەکانی نوسەر: http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=23367[بەستەری مردوو]https://web.archive.org/web/20110101172523/http://www.kurdistannet.info/net/index.php?option=com_content&view=article&id=13631%3A2010-07-21-21-29-47&catid=487%3A2010-07-13-21-13-29&Itemid=174