یۆسف ڕەبانی ناسراو بە ڕێزان جاوید (؟ لە مەھاباد - ٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە قامیشلۆ) چالاکوانێکی سیاسیی کورد، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و ھاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو. ڕێزان جاوید لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ھێرشی درۆنەکانی ھێزە سەربازییەکانی تورکیا لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژاوای کوردستان کوژراو.[١][٢]

ڕێزان جاوید
لەدایکبوون؟
مەرگ٦ی ئابی ٢٠٢٢
ھۆکاری مەرگتیرۆرکردن بەدەستی حکوومەتی تورکیا
شوێنی گۆڕگۆڕستانی شەھید دژوار، گوندی داودێی حەسیچە
نەتەوەکورد
چالاکبوون٢٠٠٣-٢٠٢٢
ڕێکخراوکۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار)
حیزبی سیاسیپارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

ژیان و چالاکی دەستکاری

ڕێزان جاوید لە شاری مەھاباد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا لەدایک بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی ئەو حیزبە ببوو. بەدوای تێکەڵبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ناوی ڕێزان جاویدی بۆ خۆی ھەڵبژارد. ئەو لە ساڵانی چالاکیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە چالاکییەکانی وەکوو راگەیاندن ھەتا ئەندامێتی لە مەجلیسی حیزبەکە بەشدار بوو.[١]

ڕێزان جاوید لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆنگرەی دامەزراندنی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار) بەشدار بوو و وەکوو ھاوسەرۆکی کۆدار ھەڵبژێردرا و لەنێوان ٥ی ئایاری ٢٠١٤ ھەتا ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ وێڕای زیلان تانیا ھاوسەرۆکایەتیی کۆداریان بە ئەستۆ گرت. ڕێزان جاوید بەدوای ئەوەیش وەکوو ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوبەری کۆمەڵگای کۆدار چالاک بوو.[١]

ڕێزان جاوید بۆ بەرێوەبردنی کۆنگرەی نەتەویی کورد زۆر چالاک بوو و بەم مەبەستە وەکوو شاندی پژاک و کۆدار چوو بۆ شاری ھەولێر لە باشووری کوردستان.[١]

کوژران دەستکاری

ڕێزان جاوید لە ھێرشی ھێزەکانی تورکیا بۆسەر گەڕەکی سەناعە (حی‌الصناعە) لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە رۆژی ٦ی ئاب کە لە ڕێگای فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە ئەنجام درا بە سەختی بریندار بوو و لە نەخۆشخانەی شاری قامیشلۆ کۆچی دوایی کرد.[١][٢]

بەدوای کوژرانی ڕێزان جاوید ئەنجوومەنی بەرێوەبەریی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێک بەبوونەی کوژرانی ڕایانگەیاند کە ڕێزان جاوید «بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی ئەرکەکانی لە پێناو وەدی ھێنانی یەکگرتنی نەتەوی دمۆکراتیکی گەلەکەمان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و لە نزیکەو کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی گەلەکەمان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریە، چووبوو بۆ رۆژئاوای کوردستان.»[١]

ھەروەھا دەستەی ناوخۆی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ھەرێمی جزیریش بە ھاوسەرۆکایەتیی کەنعان بەرەکات و حەمرین عەلی، بە ڕێکخستنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە شاری قامیشلۆ سەبارەت بە ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا وێڕای ئاماژە بە کوژرانی ڕێزان جاوید لە ھێرشی درۆنەکانی تورکیا ڕایگەیاند کە «یوسف مەحمود ڕەبانی بە سەردانێک ھاتبوو بۆ ھەرێمەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا تا وەکو لەگەڵ خەڵک کۆ ببێتەوە و لە نزیکەوە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز ببینێت، ھەروەھا بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونی گشتیی گەلی کوردستان لە ھەر چوار پارچەدا تێکدەکۆشا.»[٢]

جگە لەمانە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد[٣]، پلاتفۆرمی ھۆرام، پلاتفۆرمی یارسان و ڕێکخراوەی یاریکوردیش[٤] بە بڵاوکردنی ڕاگەیەندراوەکانێک کوژرانی ڕێزان جاوید بەدەستی ھێزە سەربازییەکانی حکوومەتی تورکیایان تاوانبار کرد.

بە وتەی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی سووریا ھەڵمەتە تیرۆریستییەکەی ٦ی ئابی ٢٠٢٢ کە ڕێزان جاوید لەتێدا کوژراوە لە ئاکامی ھاوکاریی زانیاریی حکوومەتەکانی ئێران و تورکیا قەوماوە و ئەو ڕێکخراوەیە ھەر دوو حکوومەتەکەی ئێران و تورکیای لە کوشتنی ڕێزان جاوید بەشدار زانیوە.[٥]

بە خاک سپاردن دەستکاری

تەرمی ڕێزان جاوید وێڕای تەرمی دژوار کۆبانێ شەڕڤانی یەپەگە لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا بە بەشداریی ھەزاران ھاوڵاتیی ھەرێمی جزیر لە گۆڕستانی شەھید دژوار لە گوندی داودێی شاری حەسیچە بەخاک سپێردرا. لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی شەڕڤانانی یات، قەسەدە، یەپەژە و یەپەگە، بنەماڵەی شەھیدان و سیاسەتوانانێک وەکوو فۆزا یوسف ئەندامی ھاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) و ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە و جەماوەرێکی بەرچەو لە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوەچوو، بەشداربووان تەرمەکانیان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی بنەماڵەی شەھیدان لە حەسیچە وەرگرت و بە کاروانی دەیان ئۆتۆمبێلی ڕازاوە بە گوڵ و وێنەکانی ڕێزان جاوید و دژوار کۆبانییەوە، بە وتنەوەی دروشمی «شەھید نامرێ» بەرەو گۆڕستانی شەھید دژوار لە گوندی داودێ بەڕێکەوتن.[٦]

بیرھێنانەوە و ڕێزگرتن دەستکاری

ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونی ھەواڵی کوژرانی ڕێزان جاوید لە زۆرینەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکارھێنەرانی کورد، رۆژنامەوانان، سیاسەتوانان و کەسایەتیە ناسراوەکان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و ھەروەھا ئەورووپا، بە نووسینی پۆست و دانانی وێنە و دیمەنەکانی ڕێزان جاوید، پێزانین و ھاوخەمیی خۆیان بۆ ڕێزان جاوید دەربڕی.[٧] [٨]

لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ماوەی چەند ڕۆژ ھەزاران کەس لە ھاوڵاتیان و ھەروەھا دایکانی ئاشتی لە ھەموو شارەکانی ڕۆژھەڵات ڕوویان بە ماڵی دایکی ڕێزان جاوید کرد و بە کۆمەڵ و بە جیا بەشداریان لە پرسەی ڕێزان جاوید کرد.[٩] [١٠]

ھەروەھا یادی ڕێزان جاوید لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٢ لە شاری ئەنتوێرپن-ی وڵاتی بەلجیکا[١١] و لە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢ لە ھێلسینکی پایتەختی فینلاند[١٢] و بەرلین و ھانۆفەر لە وڵاتی ئەڵمانیا[١٣] بە بەشداری ژماریەکی زۆر لە چالاکانی کورد و ئەورووپی کرایەوە.[١٤]

ھەروەھا ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس شاعیری کورد بە نووسینی پارچە شێعرێک یادی ڕێزان جاویدی بەرز کردەوە.[١٥]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج ئاژانسی ھەواڵی فرات: کۆدار- پەژاک: شەھید رێزان جاوید مانیفیستۆی رێگای تێکۆشانمانە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢.
  2. ^ ئ ا ب ئاژانسی ھەواڵی فرات: فەرماندەیەکی پەژاک لە ھێرشی دەوڵەتی تورکدا شەھید بوو (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢.
  3. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: کەنەکە: شەھیدکردنی رێزان جاوید خەسارەتێکی گەورەبوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١١ی ئابی ٢٠٢٢.
  4. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: تێکۆشانی شەھید ڕێزان جاوید، تێکۆشانێکی نەتەوەیی بوو (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١١ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١١ی ئابی ٢٠٢٢.
  5. ^ ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی سووریا: بە ھاوکاریی زانیاریی ئێرانی-تورکی یەکێک لە ڕێبەرە پایەبەرزەکانی پارتی ژیانی ئازادی ئێران لە ھەڵمەتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر قامیشلۆ کوژرا (بە عەرەبی)، نووسراو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  6. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: لە مەراسیمێکی شکۆداردا تەرمی شەھید ڕێزان جاوید و دژوار کۆبانێ بەخاک سپێردران (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٣ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  7. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: شەھید بوونی رێزان جاوید تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١١ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  8. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: محەمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ شەھیدی فەرماندە رێزان جاوید (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  9. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: بە ھەزاران کوردستانی بەشداریان لە پرسەی شەھید رێزان جاویددا کرد (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١١ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  10. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: پرسەی شەھیدی فەرماندە رێزان جاوید بەردەوامی پۆل پۆل گەلی رۆژھەڵات بەشداری لە پرسەکەدا دەکات (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  11. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: لە بلژیک یادی شەھیدی سەرکردە ڕێزان جاوید کرایەوە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٣ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  12. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: لە ھەڵسنکی یادی شەھید رێزان جاوید کرایەوە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٤ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  13. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: لە بەرلین و ھانۆڤەر یادی شەھیدانی قامیشلۆ کرایەوە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٤ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  14. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: بە پێشەنگایەتی پژاک چەندین رێورەسم بۆ یادکردنەوەی شەھیدی فەرماندە ڕێزان جاوید بەڕێوەدەچن (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.
  15. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس شیعرێکی بۆ شەھید ڕێزان جاوید بڵاوکردەوە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٤ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢.