ڕیالیزمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ

لە بوارەکانی فەلسەفەی پێزانینی ھەستەکی و فەلسەفەی زەیندا، ڕیالیزمی ڕاستەوخۆ یا ساویلکە و، پێچەوانەکەی، یانی ڕیالیزمی ناڕاستەوخۆ یا باوەڕمەند بە نوێنەرایەتی، دوو مۆدێلی لێکجیاوازن بۆ وەسفکردنی سروشتی ئەزموونە وشیارانەکان.[١][٢] ئەو پرسیارە میتافیزیکییە کە ئەم دوو مۆدێلە ھەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەن ئەمەیە کە: ئایا ئەو جیھانەی لە دەوروبەری خۆماندا دەیبینین، بۆ خۆی جیھانە واقیعییەکەیە؟ یا ھەر تەنیا کۆپییەکە لە جیھانە واقیعییەکە و، ئەزموونکردنمان دروستی کردووە؟

ڕیالیزمی ناڕاستەوخۆ بە شێوەیەکی تێکڕایی ھاوسەنگیی ھەیە لەگەڵ ئەو ڕوانگەیە کە زانست لەبارەی پێزانینی ھەستەکییەوە ھەیەتی. واتە ئەو ڕوانگە زانستییە کە دەڵێ سووژە جیھانی دەرەکی بەو چەشنەی کە بە واقیع ھەیە ئەزموون ناکات، بەڵکوو لە کڵاوڕۆچنەی چوارچێوەیەکی مەفھوومییەوە سەیری جیھان دەکا و پێی دەزانێ. جیا لەوە، ڕیالیزمی ناڕاستەوخۆ کاکڵەی پارادایمی کۆگنیتیڤیزمە لە سایکۆلۆژی و زانستی کۆگنیتیڤدا. ئەگەرچیش بە شێوەیەکی سەرسەری و لە ڕواڵەتدا بەسەریەکداکەوتنێک لە نێوان مۆدێلی ناڕاستەوخۆ و ئایدیالیزمدا دەبینرێ، بەڵام، لەبەر ئەوە کە ئایدیالیزم ھەر تەنیا ئایدیاکان بە «واقیعی» دەزانێ و باوەڕی نییە بە ھەبوونی ئۆبژەکان بە شێوەی سەربەخۆ و ئازاد لە زەین، ڕێگای ڕیالیزمی ناڕاستەوخۆ جیایە لە ئایدیالیزم.[٣]

بە پێچەوانەوە، ڕیالیزمی ڕاستەخۆ وای دادەنێ کە سووژەی وشیار ڕاستەوخۆ جیھان دەبێنێ و تێگەیشتەکان «ھاودەقیی یەک بە یەک» -یان ھەیە لەگەڵ ئۆبژەکاندا. ئەوەش ڕەت دەکاتەوە کە ماریفەت بە ھۆی نوێنەرایەتییەوە بە سووژە دەگا. ھەروەھا، ئەوەش [ڕەت دەکاتەوە] کە تێگەیشتەکان بەرھەمی ڕاڤەکردنی دراوەگەلی ھەستەکیی وەرگیراو لە جیھانێکی واقیعیی دەرەکی بن.

مێژوو دەستکاری

ئەرەستوو یەکەم کەسێ بوو کە شەرحێکی ڕانا بۆ ڕیالیزمی ڕاستەوخۆ. لە سەدەکانی ناویندا، تۆماس ئاکویناس -یش لەسەری کردەوە. بەڵام، بۆ ھەندێ لە فەیلەسووفانی مۆدێڕن، وەکوو ڕێنێ دێکارت و جۆن لۆک و لایبنیتس و ھیووم، ڕیالیزمی ناڕاستەوخۆ پەسەندتر بوو.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Lehar, Steve. (2000). The Function of Conscious Experience: An Analogical Paradigm of Perception and Behavior 2019-06-03 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە., Consciousness and Cognition.
  2. ^ Lehar, Steve. (2000). Naïve Realism in Contemporary Philosophy 2012-08-11 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە., The Function of Conscious Experience.
  3. ^ "Epistemological Problems of Perception - 2.2 Idealism and Phenomenalism". Stanford Encyclopedia of Philosophy. Dec 5, 2016. Archived from the original on Apr 26, 2022. Retrieved Apr 27, 2022.