میکانیکی کوانتۆم

(لە مێکانیکی کوانتۆمەوە ڕەوانە کراوە)

میکانیکی کوانتۆم یان میکانیکی پەرەمە لقێکە لە زانستی فیزیای نوێ کە باس لە تەنۆلکە بچوکەکان دەکات کە قەبارەکەیان بەقەدەر گەردیلەیەکە و کاریگەریەکانی کوانتەم لە ١٠ نانۆ بەرەوخوار دەست پێدەکات. میکانیکی کوانتەم لقێکی نوێی فیزیایەکە لە سەدەی بیست سەریھەڵدا و چەندین فیزیایی بەناوبانگی وەک ماکس پلانک و ئەنیشتاین، شڕۆدینگەر، ھایزێنبێرگ، دیراک، نێلز بۆڕ و ھتد دەستێکی باڵایان ھەبوو لەم بیردۆزە.[١]

سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم بیردۆزە بۆ سەرەتای سەدەی بیست دەگەڕێتەوە. کاتێک لە کۆتایی سەدەی نۆزدە فیزیای کلاسیک نەیتوانی ڕاڤەی چەند دیاردەیەکی فیزیایی بکات (وەک تیشک دانەوەی تەنی ڕەش) زانایان بیریان لە جێگرەوەیەک کردەوە. ماکس پلانک توانی بە شێوەی تاقیکردنەوە بگات بە ھاوکێشەیەک کە بە تەواوی تەریب بوو لەگەڵ داتا تاقیگەییەکان. بەڵام ھاوکۆلکەیەک لە ھاوکێشەکەی دا بوو کە پێویستی بە ڕاڤە کردن بوو لەڕێی ماتماتیکیەوە. لە کۆتایی دا ئەم ھاوکۆلکەیە ناوی لێنرا بە نەگۆڕی پلانک. یەکێک لەم شتە جیاوازانەی کە پلانک لە ڕاڤە ماتماتیکیەکەی دا بانگەشەی بۆ دەکرد ئەوە بوو کە تەنانەت ووزەی دەردراو بەشێوە شەپۆلی کارۆموگناتیسی لەلایەن تەنی ڕەشەوە لە یەکەی یەکپارچە پێک ھاتوە کە پێی دەگوترێ کوانتا (Quanta). دواتر بەسود وەرگرتن لەم بیردۆزە نوێیە ئەڵبێرت ئەنیشتاین لە ساڵی ١٩٠٥ توانی ڕاڤەی ماتماتیکی بۆ دیاردەی کارۆڕوناکی (photoelectric effect) بکات.[٢] کوانتای ڕووناکیش ناوی لێنرا فۆتۆن. دواتر لە ڕێی ھەندێ تاقیکردنەوەی تر و سود وەرگرتن لە بیردۆزی کوانتەم چەندین نەھێنی تر دۆزرانەوە. بۆ نمونە پەیکەری گەردی و پێکھاتەکانی و چەندین سیفاتی نوێی ئەلێکتڕۆن و پڕۆتۆن و نیۆتڕۆن دۆزرانەوە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Chester, Marvin (1987) Primer of Quantum Mechanics. John Wiley. ISBN 0-486-42878-8
  2. ^ Einstein, A. (1905). Ist die Trägheit eines Körpers von seinem Energieinhalt abhängig?. Annalen der Physik, 323(13), 639-641.

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری