محەممەد مەولوود مەم

محەممەد مەولوود مەم (لەدایکبووی ١٩٣٠[١] – مردووی ٧ی ئایاری ١٩٨٧ لەسەر چیای حەمرین) شاعیر و نووسەر و چیرۆکنووس و ڕۆشنبیرێکی کوردی سەدەی بیستەم بوو.[٢]

لەدایکبوون دەستکاری

لەسەر ڕێکەوت و شوێنی لەدایکبوونەکەی ناچوونییەکی (جیاوازی) ھەیە:

  • لە نامەیەکی خوشکە گەورەی مەم بۆ نووسەری نامەی ماجستێر (تاڵب محەممەد ئەحمەد) لەسەر ژیاننامەی مەم دەڵێت: محەممەد لە ساڵی ١٩٣٠ لە ھەولێر لەدایکبووە بەڵام سێ ساڵ گەورە کراوە و کراوە بە (١٩٢٧) لەبەر تەعین.[١]
  • بەشێک لە یادەوەرییەکانی بنەماڵەی (مەم)ی چیرۆکنووس، کە ئافەرین خانی خێزانی (مەم) نووسیویەتی دەڵێت: لە زستانێکی ساردی باراناوی لە ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٢٦ لە شەقڵاوە لەدایکبووە.[٢]
  • لە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی – مارف خەزنەدار) نووسراوە ساڵی ١٩٢٧ لە ناوچەی سابڵاغ (مەھاباد)ی موکریان لەدایکبووە.[٣]

ژیان دەستکاری

باوکی مەم لەگەڵ خێزانی و کچێکی لە دێی سنگان لە ناوچەی شنۆوە دێنە باشووری کوردستان و لە شارۆچکەی ڕەواندز دەگیرسێنەوە و تا ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە.[٢] پاشان لەبەر نالەباری باری ئابووری دیسان کۆچ و باریان تێکدەنێن بەرەو ھەولێر و ئینجا دەچنە دێیەک بەناوی عەزە و قونیان و لەوێ نیشتەجێ دەبن. بەڵام دیسان باری ئابووری ژیانیان خراپ دەبێت و سەرەو ژوور بۆ شەقڵاوە کۆچ دەکەن و لەوێ نیشتەجێ دەبنەوە. پاشان باوکی دەست دەکات بەکاسبی و خێزانەکەی پێ بەڕێوە دەبات. مەم تەمەنی منداڵی لەوێ بەسەردەبات و قوتابخانەی سەرەتایی لەوێ تەواودەکات.[٢] ساڵی ١٩٣٨ دەچێتە ھەولێر بۆ خوێندن. ساڵی ١٩٣٩ باوکی کۆچی دوایی دەکات. مەم تا پۆلی سێی ناوەندی دەخوێنی ئینجا قوتابخانە بەجێدەھێڵێ و لە ساڵی ١٩٤٣ دەست بەمامەڵەی تەعین بوون دەکات.[١] لە ١ی ئەیلوولی ١٩٤٣ دەبێتە فەرمانبەر (کاتب ناحیە) لە سیدەکان دوای سێ ساڵ مانەوەی لەوێ دەگوازرێتەوە بۆ گەڵاڵە و لەسەر سیاسەت تووشی گرتن دەبێت و ماوەی شەش حەوت مانگ دەگیرێت.[٢][١] پاشان واستەی بۆ دەکەن بە بەکر سامی بەردەبێت و دیسان دەگوازرێتەوە بۆ سیدەکان پاش دوو ساڵ لە مانەوەی دەگوازرێتەوە بۆ مێرگەسۆر دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، تووشی نەخۆشی سپڵ دەبێت و نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدەدرێ.[١] لە ساڵی ١٩٤٤ بووە بە مووچەخۆری میری لە برادۆست.[٣] دواتر لە ساڵی ١٩٥٣دا دەگەڕێتەوە شەقڵاوە. لە ساڵی ١٩٥٥ – ١٩٥٦دا مەم ئۆپەرێتێک بەبۆنەی نەورۆز بەناوی «داربڕین» پێشکەش دەکات، یەکێک لە کاربەدەستانی ئەو سەردەمە کە (نائیب)ێکە لەوێ دەبێت و ھەر کە گوێی لە وشەکانی ئۆپەرێتەکە دەبێت و ماناکەی لێکدەدەداتەوە و ڕاپۆرتێکی لەسەر دەنووسێ بەوە تاوانباری دەکات کە ئەم ئۆپەرێتە دژی حکوومەتە و دەستبەجێ مەم دەگرن. پێشتر ساڵی ١٩٥٦ – ١٩٥٧ بۆ شارۆچکەی کۆیە دەگوازرێتەوە و ١٩٥٧ دەچێتە ڕەواندز و تا ساڵی ١٩٦٠ – ١٩٦١ دەگەڕێتەوە ھەولێر و دەبێتە (بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی ھەولێر).[٢] ساڵی ١٩٦٤ ھاوسەرگیری دەکات. ھەر لەو ساڵە دەست لە کار دەکێشێتەوە و لە ماڵ دادەنیشێت بۆ ماوەی دوو ساڵ ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی و دەکرێتەوە (مدیر تحریر و ذاتیة).[١] تا ساڵی ١٩٧٧ خانەنشین دەبێت.[٢] لە پاڵ کاری فەرمیی لە شارەوانی ھەولێر ماوەیەکیش خەریکی دەرکردنی گۆڤاری ھەولێر بوو بەزمانی کوردی شارەوانی دەریدەکرد، و لە ساڵانی ١٩٧٠ – ١٩٧١ چەند ژمارەیەکی لێ بڵاوکردەوە.[٣] لە ساڵی ١٩٧٠ ڕۆڵی دیاری ھەبوو لە یارمەتیدانی بڵاوکراوەی «دەفتەری کوردەواری» لە بەغدا. لە ھەرسێ ژمارەی ئەم بڵاوکراوەیە نووسینی ھەبوو بەتایبەتی چیرۆکی «پێشوازی» لە ژمارە دووەمیدا ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکرایەوە.[٣]

مردن دەستکاری

مەم لە ڕۆژی ٧ی ئایاری ١٩٨٧ لەسەر چیای حەمرین کۆچی دوایی کرد، و تەرمەکەیان بردەوە شەقڵاوە و لەوێ نێژرا.[٢]

چیرۆکنووس دەستکاری

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٨ – ١٩٤٧ ھەندێک چوارینە شیعر دەنووسێت و پاشان دەست دەکات بە چیرۆک نووسین. یەکەم بەرھەمی پەخشانە شیعرێک دەبێت کە لە گۆڤاری گەلاوێژ بەناوێکی نھێنی بڵاوی کردووەتەوە.[٢] لە ناوەڕاستی پەنجەکانی سەدەی بیستەم دەستی کردووە بەچیرۆک نووسین.[٢][٣] یەکەم چیرۆکی بەناوی (برسییەتی بەھێزترە) نووسیوە، گەرچی خەڵک وا دەزانن چیرۆکی (پەنجا فلس)یەکەم چیرۆکییەتی کە ئەویش لە ساڵی ١٩٥١ لە ناوچەی برادۆست نووسیویەتی و لە ساڵی ١٩٥٧ لە گۆڤاری ھیوادا بڵاوکراوەتەوە.[٢] مەم یەکەم چیرۆکنووسی کورد بوو سێ چیرۆکی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ڕووسی.

ڕۆژنامەنووس دەستکاری

مەم سەرباری ئەوەی چیرۆکنووس بوو ڕۆژنامەنووسیش بووە. سەرنووسەری گۆڤاری ھەولێر بووە کە شارەوانی ھەولێر دەری دەکرد، بەناوی (خاڵۆی ڕێبوار) نووسینی بڵاودەکردەوە.[٢] لەسەر نووسینێکی مامۆستا ھەژار کە بەناوی (حەلەق مەلەق) بووە گیراوە، بەڵام بەفەرمانی مەلا مستەفا بارزانی بەربووە.[٢]
ئەندامی کۆمەڵەی ھیوا بووە و دواتر ئەندامێکی کاریگەر بووە لە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ساڵی ١٩٦٤.[٢]
دواتر دەستی لە حیزبایەتی ھەڵگرتووە و خۆی تەرخانکردووە بۆ بەرھەمی ئەدەبی. ھەر لە ساڵی ١٩٦٤دا ژنی ھێناوە.[١]

بەرھەمەکان دەستکاری

  • پەنجا فلس (چیرۆک، ١٩٥٧)
  • ئاوارەکان (چیرۆک، ١٩٦١)
  • بێ وڵات (چیرۆک، ١٩٦١)
  • کۆمەڵە چیرۆکی نووسەرانی کورد (١٩٦٥، مۆسکۆ)

ئەو بەرھەمانەی تا لە ژیاندا بوو چاپیکردوون:[٢]

  • چیرۆکەکانی مەم، بەرگی یەکەم (١٩٧٠)
  • چیرۆکەکانی مەم، بەرگی دووەم (١٩٨٤)
  • گوڵەبەڕۆژە (کۆمەڵە چیرۆکی منداڵانە) بەھاوکاری خاتوو (ئافەرین)ی ھاوسەری نووسیویانە و ساڵی ١٩٨١ چاپکراوە.
  • پاییزە خەون (نۆڤلێت، بەغدا، ١٩٨٧).
  • ڕۆمانی (ڕێگا) لە سوید ١٩٩٤ بەیارمەتی ئازاد محەممەد ساڵح چاپکراوە.

ئەو دەستنووسانەی ئامادەن بۆ چاپکردن:[٢]

  • کاروان و سەگوەڕ (ڕۆمان)
  • پیلان (شانۆگەری)
  • خاڵۆی ڕێبوار (شانۆگەری)
  • دوو چیرۆکی (گوڵە بەڕۆژە) لە لەندەن بە ھەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی چاپکراون لە:

وەرگێڕانی: ئێدوارد کۆرێل.
دەرھێنانی ھونەری: ڕۆجێر ھانککۆک.
نیگارکێشانی: کاتمان گیونەر.

  • ژمارە (دوو)ی (ڕۆڤار) کە لە دەزگای سەردەم دەرچووە تایبەتە بە مەمی دەرھێنەر.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ (محەممەد مەولود مەم)ی چیرۆکنووس، نووسینی: د. ئازاد حەمە شەریف، لاپەڕەکانی ٣٣ تا ٣٤، چاپی یەکەم:٢٠٠٩.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش (محەممەد مەولود مەم)ی چیرۆکنووس، نووسینی: د. ئازاد حەمە شەریف، لاپەڕەکانی ٥١ تا ٥٦، چاپی یەکەم:٢٠٠٩.
  3. ^ ئ ا ب پ ت (مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٨٩ تا ٤٩٦، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.