فەرەیدوون ئەرشەدی (لەدایکبووی ١٩٦١ لە سنە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان) شاعیر و میدیاکارێکی کوردە.

ژیان دەستکاری

فەرەیدوون ئەرشەدی ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی قەتارچییانی شاری سنە لە دایک بووە. لە ١٩٦٦وە تا ١٩٧٩ بۆ ماوەی سێزدە ساڵ لە مەریوان ژیاوە و دواتر گەڕاوەتەوە سنە و لەوێ دیپلۆمی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٤ سەربازی تەواو کردووە و لە (ناوەندی پەروەردەیی فکریی مناڵان و مێرمناڵان) دامەزراوە و لە شارەکانی سنە، ورمێ، سەقز و تاران وەک کارناسێک چالاک بووە. ھەروەھا ھاوکاریی گۆڤاری سروە و حەوتەنامەی سیروانی کردووە، پاش کرانەوەی تیشک تیڤی بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادە کردن و پێشکەش کردنی بەرنامەی ئەدەبی و ھونەری (ڕامانی) لە ئەستۆ بووە. ئەرشەدی لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.[١][٢]

شیعر دەستکاری

فەرەیدوون لە تەمەنی ١٦–١٧ ساڵیدا دەستی بە نووسین کردووە و بە یەکەم چیرۆکی کە باسی ژنێکی ھەژار و کوڕەکەی دەکرد، ترسی لە نووسین شکاوە. ھەر لەو تەمەنەشدا ئەویندار بووە و ڕووی لە شیعری فارسی کردووە. ساڵی ١٩٦٤ دەستی بە گوتنی شیعری کوردی کردووە. مامۆستا ھێمن لە دیدارێکدا ھانی داوە و فەرموویەتی «شیعرێک بنووسە پەیکەرتاش، پەیکەری لێ دابتاشێ. موزیکزان، موزیکی لێ دروست بکات. نەقاش، نەقاشی لێ ساز بکات». سەرەتا ئەوین ھەوێنی شیعرەکانی فەرەیدوون بوون بەڵام دواتر خوێندنەوەی شیعری زیاتر، ئاشنا بوون لەگەڵ نووسەر و شاعیرانی باشووری کوردستان کە لە کۆڕەودا ڕوویان لە ڕۆژھەڵات کردبوو و دۆزی نەتەوەی کورد لەسەری کاریگەر دەبن و ناوەرۆکی شیعرەکانی بۆ (نیشتمانی) و (ئازادیخوازی) دەگۆڕدرێن. فەرەیدوون ئەرشەدی فۆرمی تایبەت بە خۆی ھەیە و زمانی شیعرییەکەی جیاوازە؛ کورت و بە دوور لە قەرەباڵەغی دەنووسێت و گرینگییەکی زۆر بە بەکار ھێنانی زمان دەدات.[٣]

بەرھەمەکان دەستکاری

  • بەرد[٤] (کۆمەڵە شیعر، بژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیر لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٦ بۆ ٢٠١٤)[٥]
  • نامەکانی غوربەت[٦] (کورتە شیعر، پێشتر ناویان دڵتەنگی بووە و دواتر کاتێ فەرەیدوون ئەرشەدی لە باشوور گیرساوەتەوە بوون بە نامەکانی غوربەت. لەم دەفتەرەدا باس لە مێژوو دەکا و ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٩ی ڕۆژھەڵات بۆ یەسنای کچی دەگێڕێتەوە)[٧]
  • دەمگرن ڕۆژێ بە شەرابی پێکەنینتەوە[٨] (کۆمەڵە شیعر)[٩]

نموونەی شیعری دەستکاری

گومان بوو
یا دەنگی لەرزۆکی کوێستانی تەریک و بێ بەفر؟
یان شتێ وەک گرشەی ئەستێرەی کاروانکوژە؟
خەیاڵ بوو یا مەحاڵ
کە ئەسپی یاڵ و ناڵ خوێناوی
جوانترین زاوای ئەم سەردەمەی گلاند و
شەنگترین نۆبووکیش
پێ بەپێی خۆرنشین توایەوە؟
ئاخ یەسنا
خۆرنشین دەردێکە
ھاتنەوەی ئەسپی بێ زین و سوار
مەرگێکە!

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ فەرەیدوون ئەرشەدی، کوردیپێدیا
  2. ^ کۆمەڵە شیعرێکی فەرەیدوون ئەرشەدی شاعیری کوردی خەڵکی سنە و نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان لەژێر ناوی بەرد چاپ و بڵاو کرایەوە ١٥ی ئایاری ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، کوردستان میدیا، ٢١ی ئایاری ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە.
  3. ^ گۆڤاری ئایندە، ژمارە ٩١، تەممووزی ٢٠١٠
  4. ^ بەرد، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، ١٣٩٤ (٢٠١٥)
  5. ^ خوێندنەوەیەک بۆ دەفتەرە شیعری بەردی فەرەیدوون ئەرشەدی، عەبدولخالق یەعقووبی، باڵندە، ٢٦ی ئازاری ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە.
  6. ^ نامەکانی غوربەت، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم ١٣٩٤ (٢٠١٥)
  7. ^ خوێندنەوەیەکی نامەکانی غوربتی فەریدوون ئەرشەدی[بەستەری مردوو]
  8. ^ دەمگرن ڕۆژێ بە شەرابی پێکەنینتەوە، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، ١٣٩٦ (٢٠١٨)
  9. ^ سێھەمین کۆمەڵە شیعری فەرەیدوون ئەرشەدی چاپ کرا ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، کوردپا، ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری