باوکی حامد محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی ئەحمەدی تووسی شافعی غەززالی (بە عەرەبی: أبو حامد محمد ابن محمد ابن محمد ابن أحمد الطوسي الشافعي الغزَّالي‎)[١] یەکێکە لە دیارترین بیرمەند و خواناس و زانایانی ئیسلام، فەلسەفە و، سۆفیگەریی سەدەی پێنجەمی کۆچی: سەدەکانی ناوەڕاست.[٢] لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لە شاری (تووس) لەدایک بووە. نازناوی "حجة الإسلام/بەڵگەی ئیسلام"ی پێ دراوە لەلایەن چەند زانایەک، ھەروەھا جەلالەدینی سیوتی بە یەکێک لە نوێکەرەوەکانی ئایینی ھەژمار کردووە،[٣] خاوەنی چەندەھا نووسین و پەرتووکە، لە بەناوبانگترین پەرتووکەکانی ژیاندنەوەی زانستەکانی ئایین (احیاء علوم الدین)ـە.

وێنەکێشانێکی خەیاڵی بۆ ئیمام ئەبوو حامد غەزالی

ژیان دەستکاری

مێژووناسانی دوایی موسڵمانان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەڵێن محەممەدی غەزالی لە ساڵی ١٠٥٨ یان ١٠٥٩ز بەرامبەر ٤٥٠ یان ٤٥١ی کۆچی لەدایک بووە لە تەبەڕان - تووس (کە شارێکە ١٥ میل لە باکوری شاری مەشھەدی ئێستا لە ئێران).[٤] سەرەتا لە شارەکەی خۆی ھەر لە تەمەنی بچووکییەوە بنەما و یاساکانی ئیسلامی وەرگرت، پاشان چوو بۆ گورگان (یان جورجان) ئینجا چوو بۆ نەیشابوور لەگەڵ چەند قوتابییەک، لای جوەینی مایەوە و بە ماوەیەکی کەم شارەزا بوو لە فیقھ و کەلام و گفتوگۆ،[٥][١] پاش مردنی مامۆستاکەی (جوەینی)، لە ساڵی ١٠٨٥ز چوو بەرەو ئیسفەھان بۆ دادگای نیزامولمولک (وەزیری بەناوبانگی سوڵتانی سەلجوقی) کە ناسراو بوو بە کارەکانی لە دامەزراندنی ناوەندی فێربوون و زانست، ئەمیش بە بوونی ئەو دڵخۆش بوو، لای ئەو چاوپێکەوتنی لەگەڵ گەورە زانایان کرد، ئەویش پێی سەرسام بوو، غەزالیی کرد بە مامۆستایەکی سەرەکی لە قوتابخانەی نیزامییە لە بەغدا ساڵی ١٠٩١.[١][٢][٤][٦]

لە ساڵی ١٠٩٥ غەزالی بەرەنگاری تەنگەژەیەکی دەروونی بوویەوە و دەستی بە گومانکردن کرد لە نیەتەکانی لە وانە وتنەوە، ھەروەھا لە ژیاننامەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی «بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە پاکی بۆ خودا نەبوو، بەڵکو ھاندرا و پاڵنەرەکەی ناوبانگ و پلەی فراوان بوو.» جا وەک دڵنیایییەک بۆ ئەمە، وازی لە پۆستەکەی ھێنا لە نیزامییە و چوو بۆ دیمەشق و قودس و سەردانی بەیتولمەقدیسیشی کرد، ھەروەھا حیجاز، لە کاتی گەشتەکانی دا خۆی خەریک کرد بە (تەزکیە) و پاککردنەوەی ڕۆحی و نووسینی پەرتووکی (ئیحیا) و (القسطاس) و (الأربعین) و (محك النظر). لە کۆتاییدا ھاتەوە بۆ بەغدا ساڵی ١١٠٦ز و دەستی کردەوە بە وانەوتنەوە، گەشتەکانی و گەڕانەکانی بەدوای ڕێگاکانی پاککردنەوەی دەروون کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر ڕۆڵە گشتییەکەی، ھەندێکجاریش دەگەیشتە گفتووگۆ و مشت و مڕ لە کاتی نیشتەجێبوونی لە بەغدا. پاش ئەنجامدانی فەریزەی حەج غەززالی لەڕێگەی دیمەشق و بەغداوە گەڕایەوە بۆ شوێنی لەدایک بوونی بۆ شاری تووس و لەوێ قوتابخانەیەکی بچووکی (خانەقا )یەکی دامەزراند، پاشان چوو بۆ قوتابخانەی نیزامییەی نەیشابوور، و لە ساڵی ٥٠٥کـ/١١١١ز کۆچی دواییی کرد.[٢][٤][٦]

بەرھەمەکانی غەزالی دەستکاری

غەززالی بەرھەم و دانراوی زۆری ھەیە، لەوانە:[٧]

  • (الاقتصاد في الاعتقاد)
  • (احیاء علوم الدین) کە لەلایەن عەبدولکەریم فەتاح کراوە بە کوردی، ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن نوسینگەی تەفسیر چاپکراوە
  • (میزان العمل)
  • (تھافت الفلاسفة)
  • (کیمیاء السعادة)
  • (أیھا الولد)
  • (الأربعین في أصول الدین)
  • (بدایة الھدایة)
  • (منھاج العابدین إلى جنة رب العالمین)
  • (المستصفى في أصول الفقە)
  • (الوسيط في المذهب)
  • (البسيط في المذهب )
  • (الوجيز في المذهب )
  • (القسطاس المستقیم)
  • (لباب النظر)
  • (شفاء الغلیل في القیاس والتعلیل)

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب سیر أعلام النبلاء - بەرگی ١٩ - لاپەڕە ٣٢٢.
  2. ^ ئ ا ب MuslimPhilosophy.com - al-ghazali.
  3. ^ شبکة الألوکة.
  4. ^ ئ ا ب Stanford Encyclopedia Of Philosophy - Al - Ghazali.
  5. ^ پەرتووک: تھافت الفلاسفة - غەززالی.
  6. ^ ئ ا "Lostislamicstory.com - Al-Ghazali". Archived from the original on 30ی Juneی 2017. Retrieved 3ی Septemberی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ^ موضوع - أبو حامد الغزالی.