عیرفان قانعی فەرد (بە فارسی: عرفان قانعی فرد‎؛ لەدایک بووی ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٦ لە مەریوان)[١] چالاکی میدیا، وەرگێڕ و مێژوونووسی ئێرانییە. [٢] کەسایەتییەکی مشتومڕسازە و بڕێک بە جاشقەڵەم[٣] ناویان ھێناوە و بە ھاوکاری دەوڵەتی ئێرانیان داناوە بۆ کاڵکردنەوەی نەتەوەی کورد. کارەکانی لەسەر مێژوونووسی[٤][٥][٦] و وەرگێڕان ڕەخنەی زۆری لێگیراوە بەتایبەت ھەڵبەستنی کەسایەتیی ساختەی ڕووناک یاسین.[٧][٨]

عیرفان قانعی فەرد
لەدایکبوون١١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٦[١]
نیشتەجێیویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
پیشەفەرھەنگۆکنووسی، مێژوو، وەرگێڕان، چالاکی میدیا
باوان
وێبگەhttps://www.erfanfard.org/

قانعی فەرد لەگەڵ بڕێک کەسایەتیی سیاسی وەک جەلال تاڵەبانی[٩]، فوئاد مەعسووم[١٠]، نووری مالیکی،[١١] بەرھەم ساڵح[١٢] و پەرویز سابیتی[١٣] [١٤] دیمانە و ھەڤپەیڤینی ھەبووە. ھەروەھا سەبارەت بە مژارانێک وەکوو سیاسەت و مێژووی خەڵکی کورد، ڕۆژھەڵاتی ناوین و تیرۆریزم وتووێژی لەگەڵ بڕێک لە میدیا فارسییەکانی ئێراندا کراوەتەوە. [١٥] [١٦] قانعی فەرد لە لایەن کەسایەتی و لایەنە جۆراوجورەکانەوە بە درۆ ھەڵبەستن و بەلاڕێدابردنی مێژوو تۆمەتبار کراوە.[١٧] [١٨] [١٩] [٢٠] ھەروەھا چەندین کەس لە قانعی فەرد وەکوو کەسایەتییەکی ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی ناویان بردووە کە بە ئەنقەست مێژووی کورد و ئێران وەردەگەڕێنێتەوە.[٣]

عایشە محەممەدی لە ماڵپەڕی بزووتنەوەی ڕێگای سەوزدا (جەرەس) ڕەخنەی لە قانعی فەرد گرتووە بۆ ھەڵبەستنی کەسایەتیی درۆیینی ڕووناک یاسین، بڕوانامە ھەڵبەستراوەکەی خۆی و بیرەوەرییەکانی جەلال تاڵەبانی. ئەو قانعی فەردی تاوانبار کردووە بە بە درۆ ھەڵبەستن لەو بوارانەدا.[٢١] [١٧] [١٨] [١٩] لە بەرامبەردا قانعی فەردیش لەگەڵ ڕادیۆ کووچە وتووێژی کردووە و بەرگریی لە خۆی کردووە.[٢٢]

جەلال تاڵەبانی بەدوای بڵاوبوونی کتێبی بیرەوەرییەکانی لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا سەبارەت بە قانعی فەرد گوتی «ئەو کەسایەتییەکی ڕاستگۆ نییە.»[٢٠] خەسرەو موعتەزید مێژوونووسی ئێرانی، لە وتارێک لە ماڵپەڕی نەسیم ئانلایندا، قانعی فەردی تاوانبار کردووە کە لە ساواک بەرگری دەکات و مێژوو بە درۆ ھەڵدەبەستێت و وەردەگەڕێنێت.[٢٣] لە مێژوونووسیی ئەو ڕەخنەی زۆری دیکەیش گیراوەتەوە. یەکێک لەم ڕەخنەکان نامەی ٦٥ نووسەر و چالاکی چاندیی کورد (وەکوو محەممەد عەلی سوڵتانی و ئەحمەد قازی و سەڵاحەددین خەدیو) بوو کە ڕەخنەیان لە کتێبی «لە باھۆزی ڕووداوەکاندا» گرتووە.[٢٤] [٢٥]

ژیان دەستکاری

عیرفان قانعی فەرد لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٦ لە مەریوان لە دایک بووە.[١] باوکی بورھان قانعی فەرد کە ئەندامی مەکتەبی قورئان و لە پەیڕەوانی ئیسلامخوازەکان بوو، لە ئەیلوولی ١٩٧٩ ھاوکات بە سەرھەڵدانی کوردەکانی ڕۆژھەڵات و ھەڵمەتی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان، لەلایەن محەممەد ڕەشید شەکیبا پارێزگاری کوردستان بوو بە شارداری مەریوان.[٢٦] چەند سەرچاوە لە باوکی وەکوو فەرمانداری مەریوان لەو سەردەمە ناو دەبەن کە دژ بە حیزبە کوردییەکان و خەڵکی کوردستان ھاوکاریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.[٢٧] [٢٨] [٢٩] [٣٠] ئەمە لە حاڵێکدایە کە ماڵپەڕی ئیسرائیلیی زایۆنیستیی ئاروتز شڤا (کەناڵی ھەفتەم) لە عیرفان قانعیفەرد وەکوو کوردێکی یەھوودی ناوی بردووە.[٣١]

درۆ ھەڵبەستنەکانی عیرفان قانعی فەرد دەستکاری

کەسایەتیی ھەڵبەستراوی ڕووناک یاسین دەستکاری

عیرفان قانعی فەرد لە نووسینێک لە ڕۆژنامەی شەرقدا لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئابی ٢٠٠٦ سەبارەت بە کەسایەتییەکی ژنی زانای کورد بە ناوی ڕووناک یاسین قسەی کرد کە بە وتەی ئەو ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتنی لە ڕۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٠٦ لە کۆڵێژی ئادابی زانکۆی دەبڵین لە ئیرلەنددا بەڕێوەچووبوو و بە وتەی ئەو کەسایەتییەکی بەرجەستە لە زمانناسی، ئەستوورەناسی و کۆمەڵناسی بووە.[٣٢] ئەو کتێبێک و وتارێکی لەم نووسەرە بە زمانی فارسی وەرگێڕاوە. دوای ماوەیەک ئاشکرا بوو کە کەسایەتییەک بە ناوی ڕووناک یاسین بوونی نییە و ئەو کتێبانەش بریتی لە کتێبی «بیرەوەرییەکانی ڕەعیەتێکی کورد» و وتاری «چەشنێک لە دیکتاتۆری و ڕواڵەتسازی بە فاشیزم» نووسینی قانعی فەرد خۆی بوون. ئەو ھەروەھا دوو کتێبی دیکەشی لەم نووسەرە خەیاڵییە وەرگێڕابوو، کە ناویان «مافیای ھێز و ناشتنی دیموکراسی لە کوردستان» و «ڕێزان، کچی بەفر» بوو کە لە کتێبخانەی نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە بەڵام بە چاپ نەگەیشتوون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە قانعی فەرد ئەو کتێبانە و وتارە وەکوو وەرگێرانێک لە نووسینەکانی ڕووناک یاسین چاپ یان تۆمار کردووە و لەم کتێبانەدا ناوی ڕووناک یاسین وەکوو نووسەر و ناوی عیرفان قانعی فەرد وەکوو وەرگێر ھاتووە. بەدوای تێپەڕینی ۱۰ ساڵ لە ڕێکەوتی چاپی کتێبەکە، لە ساڵی ٢٠١٠دا، حوسێن حوسێنی مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە وتارێکدا ئاکامی ھەوڵدانی زۆری بۆ ناسینی کەسایەتیی ڕووناک یاسین (کە قانعی فەرد وەکوو مامۆستای زانکۆی ھارڤارد ناوی لێ ھێنابوو) ڕایگەیاند و ڕایگەیاند کە وەھا کەسایەتییەک بوونی نییە.[١٧] بەدوای ئاشکرابوونی ھەڵبەستراوبوونی کەسایەتیی ڕووناک یاسین و دەرکەوتنی ئەم ڕاستییە کە ئەو وتار و کتێبانە کە قانعیفەرد لێی وەرگێڕاون ھەڵبەستڕاو و لەڕاستیدا نووسینی خۆیەتی، ئەو لە ھەڤپەیڤین لەگەڵ ئەردەوان ڕووزبێھ پێشکەشوانی ڕادیۆ کووچە بەرگریی لە خۆی کردی و سەبارەت بە کەسایەتیی ڕووناک یاسین وتی:

«ئەم بابەتە وەکوو ئەوەیە کە کەسێک بە شوێنی پڵنگی پەمەیی بگەڕێتەوە تا بزانێت لە کوێدا لە دایک بووە و لە کوێدا مردووە یان ئەوەیکە ئاگاتا کریستی یان دان چاک بیدۆزینەوە.[٢٢]»

ھەڵبەستنی بڕوانامە دەستکاری

عیرفان قانعی فەرد لە سەرەتادا سەبارەت بە خوێندەواریی خۆی ئیدیعا دەکرد کە بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەکاڵۆریۆس لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی چووەتە نەرویژ و لە زانکۆی ئۆسلۆدا درێژە بە خوێندنی خۆی بۆ ماستەر لە ڕشتەی وەرگێڕانی بەراوردی داوە و بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەکەی چووەتە ئینگلتەرا و لە زانکۆی کامبریج دكتۆرای زمانەوانیی لە ئاراستەی فەرهەنگۆکنووسیدا وەرگرتووەتەوە.[١] سەرەڕای ئەمە حوسێن حوسێنی تەنانەت سەبارەت بە ئیدیعای عیرفان قانعی فەرد بۆ ھەبوونی بڕوانامەی دکتۆرای زمانناسی لە زانکۆی کامبریجیش پرسیار دەکات و دەڵێت کە ئەو ڕشتەیە لە کامبریج لە دکتۆرا وانە نەدراوە و لە هیچیەک لە ڕیکوردەکانی ئەو زانکۆیەدا و ھەروەھا زانکۆی هارڤارددا ئاماژە بە ناوی قانعی فەرد نەکراوە.[١٧]

سەرەڕای ئەمە قانعی‌فەرد کە پێشتر ئیدیعای ھەبوونی بڕوانامەی دکتۆرای زمانناسیی کامبریجی دەکرد،[١] ئەم جارە لە ماڵپەڕی کەسیی خۆی کە لە ئازاری ۲۰۲۳ دەستیپێکردووە بێ ئەوەی کە ئەم ئیدیعایە دوپات بکاتەوە، ئیدیعایەکی تازەی کردووە کە دەرچووی دوو ڕشتەی خوێندنەوەکانی ئەمنیەت و خوێندنەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە زانکۆی میترۆپۆلیتەنی لەندەن و زانکۆی ویلایەتیی کالیفۆڕنیا لە لۆس ئانجلەسە. قانعی فەرد ئاماژەیەک بە ئاستی خوێندەواریی خۆی لەم دو ڕشتەیە نەکردووە.[٣٣] ئەو ھەروەھا ئیدیعا کردووە کە «سەرقاڵی کار لە یەکێک لە ناوەندە پەروەردەییەکانە»، بەڵام ناوێک لە شوێنی کار و پلەی خۆی لەو ناوەندەدا نەھێناوەتەوە.[٣٤]

بیرەوەرییە ھەڵبەستڕاوەکەی جەلال تاڵەبانی دەستکاری

عیرفان قانعی فەرد هەروەھا لە ئایاری ٢٠٠٩دا کتێبێک لە ژێر سەردێری «دوای شەست ساڵ» گەیاندە چاپ کە بە ئیدیعای خۆی نووسینی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و بیرەوەرییەکانی لە زمانی خۆیەتی. بۆ ئەم کتێبە دانیشتی پەردەلادان لە کتێخانەی نەتەوەیی ئێران بەڕێوەچوو، بەڵام ئامادەبووان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە ناڕەزاییان دەربڕی و سادق زیباکەلام نمرەی نووسەرەکەی بە سفر زانی.[١٧] دوای ماوەیەک نووسینگەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بەرھەڵستیی سەبارەت بە کتێبەکە نیشان دا و پەیوەندیی ئەوی لەگەڵ تاڵەبانی بە درۆ خستەوە. لە ڕاگەیندراوە فەرمییەکەی نووسینگەی جەلال تاڵەبانیدا، تەنانەت واژۆی تاڵەبانی لەسەر ڕووبەرگی کتێبەکەش بە ھەڵبەستڕاو زانراوە. جەلال تاڵەبانی خۆی پاشان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە باشووری کوردستان لە وەڵامی ھەواڵنووسێکدا کە سەبارەت بە ڕوانگەی لە بابەتی ئەم کتێبە پرسیاری کردبوو وتی:

«ئەم خاڵە دەبێت ساغ بکەمەوە کە ئەو کەسە بە هیچ شێوەیەک لە نێزیکانی من نەبووە. ئەو ھەر بە تەنیا لە من ویستی کە بۆ نووسینی تێزی دەرئەنجامنامەی دکتۆراکەی یارمەتیی بدەم و چەن پرسیارێکی وەڵام بدەمەوە و جەختیش کرد کە پێشتر لەگەڵ کڵینتن (سەرۆک کۆماری ئەمریکا) و سەرۆک کۆماری ئیسرائیلیش دیمانە و ھەڤپەیڤینی ھەبووە. بەڵام دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی، لێی گۆماناوی بووم و لە خۆمم دوور خستەوە.[١٧]»

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت فرێشتەی گەل لە ھەڤپەیڤین لەگەڵ عیرفان قانعی‌فەرددا: پەروازی ھەڵۆ (بە فارسی)، لە ڕۆژنامەی ھەمشەھری، ژمارەی ٣١٢٤، ھەینی ١ی ئابی ٢٠٠٣، ساڵی يانزەیەم؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  2. ^ عیرفان قانعی فەرد، بەکرێگیراوی دەستەمۆی کۆماری ئیسلامی (بە فارسی)، نووسینی ساڵح سرداری، نووسراو لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٠؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  3. ^ ئ ا Soleimani, Kamal; Mohammadpour, Ahmad (2020-04-02). "The securitisation of life: Eastern Kurdistan under the rule of a Perso-Shi'i state". Third World Quarterly (بە ئینگلیزی). 41 (4): 663–682. doi:10.1080/01436597.2019.1695199. ISSN 0143-6597.
  4. ^ "بیانیه ی جمعی از فعالان فرهنگی،مطبوعاتی و مدنی کردستان ایران در خصوص انتشار کتاب((تند باد حوادث)) – pmnews". pmnews.se. Retrieved 2023-07-08.
  5. ^ "چرا شکنجه گران ساواک محق نباشند؟!". تریبون زمانه (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-07-08.
  6. ^ "شاومەنە سیاسییەكان قانعی فەرد وەك نموونە". www.asoyroj.com. Retrieved 2023-07-08.
  7. ^ "به بهانه‌ی جلسه‌ی نقد کتاب خاطرات جلال طالبانی نوشته‌ی عرفان قانعی‌فرد در تهران | پایگاه اطلاع رسانی اصلاح". web.archive.org. 2017-07-21. Retrieved 2023-07-08.
  8. ^ "«پاسخ عایشه محمدی به عرفان قانعی فرد» « Radio Koocheh" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-07-08. ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ ھەمشەھری ئانلاین: بڵاوبوونی کتێبی ژیان و بیرەوەرییەکانی جەلال تاڵەبانی (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٠٩؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  10. ^ ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): کێشەکانی بەردەم سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە وڵاتێکی لێھاتووی کودەتاکاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ١ی ئابی ٢٠١٤، ئەرشیڤکراو لە ٢ی ئابی ٢٠١٤؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  11. ^ ماڵپەڕی تابناک: بڵاوبوونی کتێبی ژیانی نووری مالیکی (بە فارسی)، نووسراو لە ٨ی ئازاری ٢٠١٦؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  12. ^ ھەواڵنێریی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا): «کوردەکان، دیپلۆماسی، ھێز»، شیکردنەوەی مێژووی ھاوچەرخی عێراق لە زاری بەرھەم ساڵح (بە فارسی)، نووسراو لە ٢١ی ئازاری ٢٠١٦؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  13. ^ دەنگی ئەمریکا (ڤی.ئۆ.ئەی): پەرویز سابیتی، سەرۆکی مەزرینگەی ئەمنییەتی ناو وڵاتی ساواک بەدوای سێ دەھە بێدەنگی (بە فارسی)، نووسراو لە ١١ی شوباتی ٢٠١٢؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  14. ^ دەنگی ئەمریکا (ڤی.ئۆ.ئەی): داشکانی بێدەنگی: چەوخستنەوەیەک بە کتێبی «لە کختانی کارەساتدا» (بە فارسی)، نووسراو لە ١ی شوباتی ٢٠١٢؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  15. ^ قانعی فەرد، عیرفان. دژ بە محەممەدی موسەددیقم (بە فارسی)، لە کۆڤاری مێھرنامە، ژمارەی ٢٣، مانگی تیری ١٣٩١[=تەممووزی ٢٠١٢،] پپ ١٠٢-١٠٤.
  16. ^ ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): کێشەکانی بەردەم سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە وڵاتێکی لێھاتووی کودەتاکاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ١ی ئابی ٢٠١٤، ئەرشیڤکراو لە ٢ی ئابی ٢٠١٤؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  17. ^ ئ ا ب پ ت ج جووڵانەوەی ڕێگای سەوز (جەرەس): گەر چاوتەنگ قسەی خراپی وتی و ھەواڵەکەم دڵگران بوو (بە فارسی)، نووسینی عایشە محەممەدی، نووسراو لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٢، ئەرشیڤکراو لە ٩ی ئابی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  18. ^ ئ ا جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران: بە بوونەی دانیشتی ڕەخنەی کتێبی بیرەوەرییەکانی جەلال تاڵەبانی نووسینی عیرفان قانعی فەرد لە تاران (بە فارسی)، نووسینی عەبدولعەزیز مەولوودی، نووسراو لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٠، ئەرشیڤکراو لە ٢١ی تەممووزی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  19. ^ ئ ا ھەواڵەکانی ڕۆژ: بڕۆکەوانی پاشا لە کختانی ڕەژیمی ئیسلامی (بە فارسی)، نووسینی مەھدی ئەسلانی، نووسراو لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٢؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  20. ^ ئ ا گوڵان میدیا: رەوشەن و قانعی فەرد و سەڵاح رەشید (بە کوردی)، نووسینی سەنار شێرۆكی، نووسراو لە ٦ی ئایاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  21. ^ ئاسۆی ڕۆژھەڵات: شاومەنە سیاسییەکان قانعی فەرد وەک نموونە (بە کوردی)، نووسینی سەنار شێرۆكی، نووسراو لە ٤ی ئابی ٢٠١٤؛ ئەرشیڤکراو لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  22. ^ ئ ا ڕادیۆ کووچە: عیرفان قانعی فەرد لە وەڵامدانەوە بۆ بڵاوبوونی وتارێک لە جەرەس: «بۆچی جەرەس وەڵامەکەمی بڵاونەکردەوە؟»؛ گۆتوبێژی عیرفان قانعی فەرد لەگەڵ ئەردەوان ڕووزبێھ (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٢؛ ئەرشیڤکراو لە ٩ی ئابی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  23. ^ نەسیم ئانلاین: ئەوە ڕەژیمی حەمەڕەزاشا بوو کە تۆندوتێژیی فێری لاوان کردی (بە فارسی)، نووسینی خوسرۆ موعتەزید، نووسراو لە ٢٩ی تەممووزی ٢٠١٥؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  24. ^ بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: کتێبەکەی قانعی فەرد لەڕووی زانستییەوە بێ نرخە (بە کوردی)، نووسراو لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١؛ ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  25. ^ ئاژانسی ھەواڵدەریی کوردستان (کوردپا): بەرھەڵستیی ژمارەیەک لە چالاکە چاندییەکانی کورد سەبارەت بە کتێبی «باھۆزی ڕووداوەکان» (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٢، ئەرشیڤکراو لە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  26. ^ بینای ساواکی ھەڵوەشێندراوی مەریوان دەکرێت بە نەخۆشخانە (بە فارسی)، لە ڕۆژنامەی کەیھان، ژمارەی ١٠٨١١، نووسراوی ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٧٩، پ ١٥؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  27. ^ کۆڤاری ئارەش: بڕۆکەوانی پاشا لە کختانی ڕەژیمی ئیسلامی (بە فارسی)، نووسینی مەھدی ئەسلانی، نووسراو لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٢، پ ٢١٤؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  28. ^ پی ئم نیووز: عیرفان قانعی فەرد کییە؟ وەڵام بۆ پرسیاری کۆڤاری ئارەش (بە فارسی)، نووسراوی ١٥ی ئازاری ٢٠١٣، نووسینی محەممەد ئاسنگەران؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  29. ^ گوزار: پەردەلادان لە پەرویز سابیتی و وتارێک لە ھۆکاری ئەو، لە کلاب ھاوسی ھەماد (بە فارسی)، نووسراوی ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣، نووسینی بەھمەن بامداد؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  30. ^ تێکەڵاوێتیی ساواک لەگەڵ ئەشکەنجە و کوشتنە زنجیرەییەکان!، نووسینی ئەشرەف دیھقانی، نووسراوی ٣ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  31. ^ ئیسرائیل نەشنال نیووز (ئاروتز شڤا): ئەگەر ئەوانە بە ڕووخسارتی خامنەیی پێدەکەنن، کەواتە گۆڕانکاری نزیکە (بە ئینگلیزیذ)، نووسراوی ٣ی ئایاری ٢٠٢٣، نووسینی عیرفان قانعی فەرد؛ سەردان لە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  32. ^ بانکی زانیاریی بڵاوکراوەکانی ئێران: ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ئەستوورەناسی کۆچکردووی ئێرانی، لە ڕۆژنامەی شەرق، نووسراوی ٣٠ی ئابی ٢٠٠٦، نووسینی عیرفان قانعی فەرد؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  33. ^ عیرفان قانعی فەرد؛ ئەرشیڤکراو لە ۱۱ی نیسانی ۲۰۲۳؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ۲۰۲۳.
  34. ^ عیرفان قانعی فەرد؛ ئەرشیڤکراو لە ۱۱ی نیسانی ۲۰۲۳؛ سەردان لە ٧ی تەممووزی ۲۰۲۳.

بەستەری دەرەکی دەستکاری