شاماران (Şamaran) لە چاندی فۆلکلۆر و میتۆلۆژیای کوردیدا بووندارێکی ئەفساناوییە کە نێوەیەکی ژن و نێوەیەکی مارە و شای مارەکانە. وشەی شاماران لە زمانی کوردیدا لە دوو بەشی شا و ماران پێک ھاتووە. شاماران ماێیەخوای زانایی و ژیرییە و بە تایبەت لە ناوچەکانی کرماشانی ڕۆژھەڵات و دێرسم لە باکووری کوردستان زۆر لە چاندی خەڵکی کورد دەبینرێتەوە.

شاماران

کوردەکانی کرماشان پێیان وایە کە شاماران شای مارەکان و دووپشکەکانە و بۆ ئەوەی کە دەرباسیان لە گەستنی ئەم گیانەوەرانە بێت، بۆ شاماران جۆرێک چێشتێک بە ناوی دانەکوڵانە دەکۆڵێنن.[١]

لە وێژەی کوردیدا دەستکاری

عەبدولسەمەد یەگیت نووسەری کورد ڕۆمانێک بە ناوی شاماران بە زمانی کوردیی کرمانجی نووسیوەتەوە.

لە ئایینی یارساندا دەستکاری

شاماران لە ئایینی یارساندا بوونەوەرێکی پیرۆزە و لە چەند شوێن ئاماژەی پێ کراوە. ھەندێک کەسایەتییەکانی پیرۆی یارسان خاوەنی زاتی شاماران زانراونەتەوە. تەیموور بانیارانی لە زاتە پیرۆەکانی یارسان لە کەڵامێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە خاوەنی زاتی پیرۆزی شامارانە:[٢]

ئاراستە حوشمەت نە عام ئزھارم
بولبولم، گوڵم، ئاسام، شامارم

نیاز بۆ شاماران دەستکاری

لە ناوچەی کرماشان کە باوەر بە بوونی شاماران لە نێوان خەڵکی کوردی ناوچەکە زۆر بابە، ئاشێکی نەزری بۆ ئەم بوونەوەرە پیرۆزە دەکوڵێندرێت. بە باوەری کوردانی کرماشان شاماران فەرمانڕەوای جیھانی مارەکانە و دەسەڵاتی کاروباری مارەکان و گەزۆکەکان لە دەستی ئەودایە. بۆیە ژنانی ھەر بنەماڵە ھەرساڵە ئاشێک دەکوڵێنن و نەزری دەکەن بۆ شاماران. ئەم ئاشە تایبەتە کە داکوڵانەی شامارانی پێ دەڵێن، لە گەنم، نیسک، برنج، کەشک، ڕۆن، پیاز، نۆک و ئەدوا بەرھەم دەھێنرێت و لە نێوان دراوسێکان بڵاو دەکرێت.[٣]

پەرتووکناسی دەستکاری

  • ڕەمەزانی، کەمال. ١٣٩٧(=٢٠١٨). شاماران در فرهنگ فولکلور کردستان (شاماران لە چاندی فۆلکلۆری کوردستاندا)، کرماشان: تاقبۆستان.
  • ناکامورا، تۆرۆ. ٢٠١٩. مارەکان، باڵندەکان و خەیاڵەکان: گۆبەکلی تەپە و گۆچانەکەی ھێرمەس (بە ئینگلیزی)، پیتسبۆرگ: دۆڕەنس.
  • ئێجکامب، دیان. ٢٠٠٨. ئاگرێک لە ناخی دڵمدا: چیرۆکە کوردییەکان (ئینگلیزی)، پەرتووکخانەی بێسنوور.
  • بانیارانی، تەیموور. کەلام حەزرەت شاتەیموور بانیارانی، کۆکردن لە سەید مێھرداد موشەعشەعی و سەید داریووش میرەبەیگی.
  • جەعفەربەیگی، خەسرەو. ١٣٨٢(=٢٠٠٣). مردمشناسی قوم کرد با تکیە بر ایل کلھر (مرۆڤناسیی گەلی کورد بەپێی عەشیرەتی کەڵھوڕ)، کرماشان: زانیار، چاپی یەکەم.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): دانەکوڵانە چێشتێک بۆ دەرھینانی ددان، ھەتا نەزرەک بۆ شاماران (فارسی)، نووسراوی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٢ی تەممووزی ٢٠٢٠.
  2. ^ بانیارانی، تەیموور، کەڵام حەزرەت شاتەیموور، پ ٦.
  3. ^ جەعفەربەیگی، ١٣٨٢، ۲۹۰.