دەشتی وەرامین دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای تاران، نێوان بناری چیای ئەلبورز و خوێڵانەکانی دەشتی کەویر. ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٣٠٠ کیلۆمەتر دوجایە و ڕووباری جاجرود دەڕژێتە ناو ئەم دەشتەو شێوەی قوچەکیی پێداوە. بەرزترین خاڵی ١١١٠ مەتر لە لێواری جاجرود، نزمترین خاڵیشی ٨٠٠ مەتر و نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر لە باشوورەوە دوورە. لە بەشی باشووری ئەم دەشتە چیای سیاکۆ ھەیە کە بەرزییەکەی لە ١٣٠٠ مەتر تێناپەڕێت. بەھۆی بەپیتی ئەم دەشتە، لە ڕووی دانیشتووان و کشتوکاڵەوە ناوچەیەکی گرنگە. جگە لە جاجرود ٢٥٠ بیرو کارێز بۆ ئەم دەشتە لێدراوە. لە نەخشەی کارگێڕیدا ئەم دەشتە ئێستا باژێڕەکانی وەرامین و پاکدەشت و قەرچک و پێشاوا لەخۆدەگرێت؛ بەڵام لە ڕووی مێژوویییەوە، بۆ سەر چوار «بەھنام» دا دابەش کراوە کە بریتین لە:[١] بەھنامی سوختە، بەھنامی پازۆکی، بەھنامی عەرەب و بەھنام ناوەند.

وێنەیەکی دەشتی وەرامین لەگەڵ چیای دەماوەند
گوندێک لە دەوروبەری وەرامین (وێنەکە لەلایەن واڵتەر میتێلھۆڵتزەرەوە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٥ گیراوە)
نەخشەی وەرامین (لە پارێزگای تاران)

خەڵکی وەرامین

دەستکاری
 
ژنێک لە بەرگاری خێڵەکی لە وەرامین، ساڵی ١٨٦٢ی زایینی

لە دێر زەمانەوە خەڵکێکی زۆر کۆچبان کردووەتە ناوچەی وەرامین، بەشێکیان بە ھۆکاری سیاسی ڕاگوێزراون و ھەندێکی تریشیان بە ھۆکاری ئابووری و خۆویستانە ڕوویان کردووەتە ئەم ناوچەیە و بریتین لە نەتەوەو ھۆزی جیاواز:

لوڕ و لەک و کرمانج لە وەرامین پێکھاتەیەکی گرینگن و بەسەر چەند گرووپدا دابەشبوونە: ھەداوەند،[٢] بەختیاری و لەک (زەند) و لێرنی و پازۆکی. زۆر چیرۆک ھەن لەسەر ھاتنیان بۆ ئەم ناوچەیە. بەشێکیان لە سەردەمی شا عەباسدا بۆ ئەم ناوچەیە ڕاگوێزراون و ئەوانی تر لە سەردەمی کەریم خانی زەند، کە خۆی لەک بووە، ھاتوونەتە وەرامین و بە گشتی گوزەرانیان لەسەر ئاژەڵداری و کشتوکاڵە.[٣]

ھۆزی (پازوکی)یش لە بازید و خنووسی کوردستانی تورکیاوە ھاتوون و زۆربەیان لە باکووری دەشتی وەرامین لە شاری پاکدەشت دەژین بەشێکی ناوچەی وەرامین پێی دەوترێت بەھنام پازوکی. ھەروەھا سیامەنسوری و بوربوری و لێرنی لە بنەڕەت کوردی کرماشانن.[٤]

نەتەوەکانی تر

دەستکاری
  • تاجیک: کە فارسی زمانن، دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکەن. ڕەنگە ناوی تاجیکی لەو ڕاستییەوە ھاتبێت کە ئەم ناوچەیە لە سەردەمی ئیلخانییەکاندا گەشەی کردووە. ناوی بنەماڵەی زۆربەی ئەم کەسانە ھەمان ناوی تاجیکییە یان ھەندێکجار پاشگرێکی تێدایە. لەم ناوچەیەدا ھۆزی دیکەی فارسی زمان ھەن، کە پێیان ناگوترێت تاجیک، بەڵام ڕەنگە ڕەگ و ڕیشەیان لەگەڵ تاجیکەکاندا ھەبێت؛ وەک میش مەست و فەرەجی و میری و مەمیزی.[٥]
  • عەرەب: خەڵکێکی بەرچاوی عەرەبیش لە خوراووی دەشتی وەرامین لە ناوچەی بەھنامی عەرەبدا نیشتەجین و لەسەردەمی قاجاردا ھاتوون و پێیان دەگوترێت (کوتی) لە بنەڕەتدا خەڵکی نەجدی عومانن و بە زمانێکی تیکەڵ لە عەرەبی و فارسی و تورکی دەدوێن. ئەوانی تریش بریتین لە تیرەی میشمەست و کەلەکۆ[٦] ..
  • تورک: ھۆزی ئاسانلو و شاھسوون و کەنگرلوو و قەشقایی و قەجەر لە وەرامین و گەرمەسار و شوشاباد دا دەژین و زۆربەیان لە ڕۆژگاری شائیسماعیلی سەفەوی و زەند و قاجاردا، لە دەشتی موغان و دیوی قەفقاس و یەریڤانەوە ھاتوون.[٧]
  • مازەندەرانی: ھۆزی ئەلکایی (عەلی کایی) ش کەمازەندەرانین لە چاڵووسەوە کۆچاون بۆ دیوی خوار (گەرمەساری ئێستا) و تاوچەکەیان بە بەھنامی سوختە ناسراوە.
  • بلووچ و تورکمانیش لە وەرامین ھەن و لە دەورانی ڕەزاشا بە ھۆکاری سیاسی ڕاگوێزراون.[٨].
خیوەتی ھۆزەکان لە دەشتی وەرامین، ١٨٦٢ی زایین

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ شارستانی وەرامین: جوغرافیا و بەشەکانی [١]
  2. ^ ھۆزی ھەداوەند: ئینسکلۆپیدای ئیرانیکا [٢]
  3. ^ آیت محمدی. سیری در تاریخ سیاسی کرد. انتشارات پرسمان. ۱۳۸۲
  4. ^ ئینسکلۆپیدیای ئیرانیکا: ھۆزەکانی کورد [٣]
  5. ^ تبارشناسی قومی وحیات ملی. اسماعیل یوردشاھیان. انتشارات فرزان ڕوز. تھران، ۱۳۸۹، چاپ اول. ص ۱۹۱ تا ۱۹۴
  6. ^ افشار سیستانی، ایرج (زمستان ۱۳۶۸). مقدمەای بر شناخت ایلھا، چادرنشینان و طوایف ایران، جلد دوم (ویراست دوم). تھران: موسسە آموزشی و انتشاراتی نسل دانش. صص. ۱۱۲۲–۱۱۲۳.
  7. ^ افشار سیستانی، ایرج (زمستان ۱۳۶۸). مقدمەای بر شناخت ایلھا، چادرنشینان و طوایف ایران، جلد دوم (ویراست دوم). تھران: موسسە آموزشی و انتشاراتی نسل دانش. صص. ۱۱۲۲–۱۱۲۳.
  8. ^ «سرشماری اجتماعی، اقتصادی عشایر کوچندە - ۱۳۷۷ نتایج تفصیلی» (PDF). مرکز آمار ایران. ۱۳۷۷.