سەردەشت شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ ھەڵکەوتووە. ئەو شارە ناوەندی شارستانی سەردەشتە و یەکێک لە شارەکانی ناوچەی موکریان ھەژمار دەکرێت. سەردەشت لە نزیکی سنووری ئێران و عێراقدا ھەڵکەوتووە و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە لە ساڵی ٢٠١٦، بەرامبەر لەگەڵ ٤٦٬٤١٢ کەس لە ١٢٬٥٥١ خێزاندا بووە. شارەکە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ھەروەھا لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ماوەیەک لەژێر دەستەڵاتی کورداندا بووە. سەردەشت بەپێی ژمارەی دانیشتووان، ١١ەمین شاری پارێزگای ورمێ، ٢٣ەمین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ١٩٧ەمین شاری ئێرانە. خەڵکی سەردەشت کوردن و بە کوردیی ناوەندی و شێوەزاری موکریانی دەدوێن. ھەروەھا زۆربەی خەڵکی شارەکە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام و مەزھەبی سوننەی شافعین.

زیاتر...