خۆریش ھەڵدێت

ڕۆمانێکی ئێرنست ھێمینگوەی

خۆریش ھەڵدێت (بە ئینگلیزی: The Sun Also Rises) یەکەم ڕۆمانی نووسەری ئەمریکی ئێرنست ھێمینگوەیە کە لە ١٩٢٦ چاپ کراوە، کۆچبەرە ئەمریکی و بەریتانییەکان وێنا دەکات کە لە پاریسەوە گەشت بۆ فێستیڤاڵی سان فێرمین لە پامپلۆنا دەکەن تا سەیری ڕاکردنی گاکان و شەڕی گاکان بکەن. وەک ڕۆمانێکی مۆدێڕنیستی سەرەتایی، پاش چاپ و بڵاوبوونەوە پێداچوونەوەی جۆراوجۆری کەوتە سەر. ژیاننامەنووسی ھێمینگوەی واتە جێفری مایەرز ئەو ڕۆمانە وەک «گەورەترین بەرھەمی ھێمینگوەی» ئاماژە پێدەدات و توێژەری ھێمینگوەی، لیندا واگنەر-مارتن وەک گرنگترین ڕۆمانی ھێمینگوەی ئاماژەی بەو بەرھەمە کردووە.[١][٢] ڕۆمانەکە لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٦ لە لایەن سکریبنەرزەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان چاپ کرا. ساڵی دواتر، جۆناتان کەیپ ئەو ڕۆمانەی لە لەندەن و لەژێر ناوی فیێستا لە چاپ دایەوە. پاشان بەردەوام چاپ کراوەتەوە.

خۆریش ھەڵدێت
نووسەرئێرنست ھێمینگوەی
وڵاتویلایەتە یەکگرتووەکان
زمانئینگلیزی
چەشنڕۆمان
بڵاوبوونەوە١٠ تشرینی یەکەمی ١٩٢٦

ئەو ڕۆمانە، ڕۆمانێکی کلیلدارە: کەسایەتییەکان کەسانی دەوروبەری ھێمینگوەین و ڕووداوەکانیش بەتایبەت دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ژیانی ھێمینگوەی لە پاریس لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا و گەشتێک بۆ ئیسپانیا لە ١٩٢٥ بۆ فێستیڤاڵی پامپلۆنا و ڕاوەماسی لە پیڕنە. بڕوا و باوەڕی ھێمینگوەی ئاوایە کە «نەوەی ونبوو»—کە وەک نەوەیەکی ڕووخاو و ڕۆچوو و تا ڕادەیەکی زۆر خەسارلێکەوتووی شەڕی یەکەمی جیھانی پێناسە دەکرێت—لە ڕاستیدا بەھێزە و توانای ھەڵکردنی زۆرە. ھێمینگوەی لەم بەرھەمەدا دەپەرژێتەوە سەر بابەتی وەک خۆشەویستی و مەرگ، ھێزی بووژاندنەوەی سروشت و چەمکی جوامێری.

پێشینە

دەستکاری

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ھێمینگوەی وەک ھەواڵنێری بیانی بۆ تۆرێنتۆ ستار ئیشی دەکرد و لە پاریس دەژیا. بۆ نووسینی ڕاپۆرتێک لەسەر شەڕی یۆنان و تورکیا گەشتی بۆ سمیرنا کرد. ناوبراو دەیەویست ئەزموونەکانی ڕۆژنامەوانی خۆی بۆ نووسینی چیرۆکە خەیاڵییەکان دەکار بێنێ و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە چیرۆکێک دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ڕووداوە ڕاستەقینەکان.

ھێمینگوەی لەگەڵ ھاوژینەکەی واتە ھەدلی ڕیچاردسۆن ساڵێ ١٩٢٣ سەردانی فستیڤاڵی سەن فەرمینیان کرد لە پامپلۆنا و ئەمەش دەگەڕایەوە سەر ئەوەیکە ھێمینگوەی سەیرکردنی شەڕی گاکانی پێخۆش بوو. ئەم دووە جارێکی دیکە و لە ساڵی ١٩٢٤دا سەردانی پامپلۆنایان کرد و گەشتێکی زۆر خۆش و پڕچێژیان تێپەڕاند، جاری دووھەم چەند کەسی دیکەشیان لەگەڵ بوو، دۆرمەن سمیز، جان داس پاسۆس، دانۆڵد ئۆگدەن ستیوارت و ھاوژینەکەی. ھەروەھا بۆ جاری سێھەم لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥دا گەشتی پامپلۆنایان کرد و لە ھوتێلی ھاوڕێیەکی ھێمینگوەی بەناوی خوانیتۆ کوینتانا مانەوە. لەو ساڵەدا ناوبراوان کۆمەڵێک جۆراوجۆر کۆچەری ئەمریکی و بەریتانیان لەگەڵ خۆیان بردبووە پامپلۆنا. ھاوڕێیەکی سەردەمی منداڵی ھێمینگوەی لە میشیگان بە ناوی بیڵ سمیز، ستیوارت، دوف کە تازە لە مێردەکەی جودا بووبووەوە، لەیدی تویسدەن و خۆشەویستەکەی بە ناوی پەت گازریە و ھارۆڵد لوئیب. بیرەوەرییەکانی ھێمینگوەی کە چەندین سەفەر دەگرێتەوە ڕەنگە لەباری کات و زەمەنەوە چوارچێوەیەکی دیاریان نەبێ و لە ڕۆمانەکەدا باسی ھەر دوو ساڵەکەی ١٩٢٤ و ١٩٢٥ دەکرێ. ھێمینگوەی سەرنجی چووبووە لای دوف و ئێرەیی بە لوئیب دەبرد کە ئەو دواییانە لەگەڵ دوف کەین و بەینێکی ڕۆمانسیانەی ساز کردبوو، پاش تێپەڕینی حەفتەیەک شەڕ و ناکۆکی کەوتە نێوان ئەو دوو پیاوە. لە بەرامبەر ئەم تێمەدا کاریگەریی ماتادۆرێکی خەڵکی ڕوندا بە ناوی کایێتانۆ ئۆردۆنز دەھاتەوە کە بوێری لە گۆڕەپانی شەڕەگاکاندا سەرنجی ھەمووانی ڕاکێشا بوو. ئۆردۆنز بۆ ڕێزلێنانی ھاوسەرەکەی ھێمینگوەی گوێی گایەکی پێشکەش کرد کە لە گۆڕەپانی شەڕەگادا کوشتبووی. لە دەرەوەی پامپلۆنا ڕاوەماسی لەبەر پیسبوونی ئاوی چۆمی ئیراتی تێکچوو.

پوختەی چیرۆکەکە

دەستکاری

بەڕواڵەت ئەو ڕۆمانە چیرۆکێکی ڕۆمانسیانەی نێوان پاڵەوانی چیرۆکەکە کە پیاوێکە بە نێوی جەیک باڕنێز -پیاوێک کە بەرکەوتەی شەڕی جیھانییە و توانای سێکسی لەدەستچووە- لەگەڵ ژنێکی ڕووسپی تەڵاقدراو بە نێوی برێت ئەشڵی. جەیک ڕۆژنامەوانێکی ئەمریکییە کە لە دەرەوەی وڵات دەژیت، لە حاڵێکدا کە برێت دوو جار تەڵاقی وەرگرتووە، ژنێکی بەریتانیە و قژەکانی کورتن و پێوەندیی ڕۆمانسیانەی جۆراوجۆری ھەیە و ھێمایەکە بۆ ئازادیی سێکسی نوێ لە بیستەکاندا. پێوەندیی نێوان برێت و یەک لە ھاورێیانی جەیک دەبێتە ھۆی ئەوەیکە جەیک تووڕە بێت و ھاوڕێیەتی لەگەڵ ڕۆبێرت کۆھێنی ھاوڕێی کۆتایی پێ بێنێت، فریودانی ماتادۆرێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە نێوی ڕۆمێرۆ لە لایەن برێتەوە دەبێتە ھۆی ئەوەیکە جەیک لەنێو خەڵکی پامپلۆنا بێ ئابڕوو بێت.

خاڵە سەرەکییەکان و شرۆڤە

دەستکاری

پاریس و نەوەی ونبوو

دەستکاری

سەرەتای کتێبی خۆریش ھەڵدێت دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و پاریس. ئەمریکییەکان لەبەر جیاوازیی زۆری نرخی دراو بەرەو فەرەنسا ڕۆیشتوون و ٢٠٠ ھەزار کەسی ئینگلیزی زمان لەو وڵاتە دەژین. پاریس تریبوون ساڵی ١٩٢٥ لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت کە پاریس نەخۆشخانەیەکی ئەمریکی، کتێبخانەیەکی ئەمریکی و ژوورێکی بازرگانی ئەمریکی تێدایە. زۆرێک لە نووسەرە ئەمریکییەکان ھیوایان بە ئەمریکا نەماوە چونکە لە ئەمریکا ئازادی بۆ نووسین و ھونەر لە چاو ئەورووپا کەمترە (بۆ نموونە ھەر لەو سەردەمەیدا کە ھێمینگوەی لە پاریس دەژیا، کتێبی ئوولیس کە بەرھەمی جەیمز جۆیسی ھاوڕێی ھێمینگوەی بوو لە نیویۆرک قەدەغە کرا و سووتێندرا).

ژنان و خۆشەویستی

دەستکاری

برێت ئەشڵی ئەو بێوەژنەی دوو جار لە مێردەکانی پێشووی جودا بۆتەوە نوێنەر و ھێمای ژنانی نوێی ئازادە لەو سەردەمەدا (لەبیستەکاندا جودابوونەوە لە ھاوژین ئاسان و باو بوو لە پاریسدا). جەیمز ناگێڵ لەسەر کەسایەتی برێتی نێو ئەو ڕۆمانە دەنووسێت: ھێمینگوەی بە برێت یەک لە ڕاکێشەرترین و ئەفسووناویترین ژنانی سەدەی بیستەمی لە ئەدەبییاتی ئەمریکادا خولقاندووە. ناوبراو کە پێوەندیی سێکسی زۆر و جۆراوجۆری ھەیە ژیانی شەوانەی لە کافەکانی پاریس تێپەڕ دەبێت. لە پامپلۆنا ئاگری ئاژاوەیەک خۆش دەکات و ھەر کە برێت ئامادەیە پیاوان زیاتر دەخۆنەوە و زیاتر شەڕ و ناکۆکییان دەکەوێتە نێوان. ھەروەھا ماتادۆرێکی گەنج بەناوی ڕۆمێرۆ فریو دەدات و دەبێت سرێس لە فستیڤاڵەکەدا. ڕەخنەگران ئەم کەسایەتییە وەک ژنێکی ئاڵۆز و ڕەمزاوی ئاماژە پێدەدەن. دانۆڵد دایکر لەسەر ئەو کەسایەتییە دەنووسێت: "ھێمینگوەی ھاوسەنگییەکی زیرەکانەی لەنێوان ھاوخەمی و دژایەتی بەرامبەر ئەو ژنە ڕاگرتووە". ئەو ژنە بەرگەزندە، لێبوردەیە و سەربەخۆیە- ئەم تایبەتمەندییانە دەچنە پاڵ ژنانی دیکەی نێو ڕۆمانەکەش کە ئەوانیش یان ڕووسپین یان لووتبەرز و خۆبەزلزان.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Meyers (1985), 192
  2. ^ Wagner-Martin (1990), 1