ئوولیس

ڕۆمانێکی جەیمس جۆیسە

ئولیس (بە ئینگلیزی: Ulysses) ڕۆمانێکی نووسەری ئایری جەیمس جۆیسە کە یەکێکە لە شاکارەکانی وێژەی ھاوچەرخ. ھەموو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە نزیکەی نۆزدە کاتژمێردا ڕوو دەدەن. پەڕتووکەکە، سێیەم بەرھەمی بڵاوکراوەی جەیمس جۆیسە، لە چلەم ساڵڕۆژی لەدایکبوونی نووسەرەکەیدا، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢ لە پاریس چاپ کرا. نەوا موکرجی دەستی کردووە بە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ کرمانجی ناوەڕاست و بڕیار وایە بە پێنج بەرگ بڵاو بکرێتەوە، لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەدا لە ٢ی ٢ی ٢٠٢٢دا بەرگی یەکەمەکەی بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە.[١] ھەروەھا کاوە نەمر سەرجەمی ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوەتە سەر کرمانجی ژووروو و لە ساڵی ٢٠٢٣دا سەرەتا بە بەرگی نەرم و دواتر بە بەرگی ڕەقیش چاپ کرا و بڵاو کرایەوە. وەرگێڕانە کرمانجییەکە بە پیتی لاتینی نووسراوە و هیچ ڕاڤەیەکی لەگەڵدا نییە، بەڵکو تەنها دەقی ڕۆمانەکە خۆیەتی.

ئولیس
نووسەرجەیمس جۆیس
زمانئینگلیزی
چەشنڕۆمانی وێژەی ھاوچەرخ
بڵاوکەرەوەسلڤیا بیچ
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٢ی شوباتی ١٩٢٢
جۆری کتێبپەڕتووکی چاپکراو

جۆیس سەرەتا پەڕتووکەکەی وەک کورتەچیرۆکێک نووسیبوو و بڕیار وا بوو بەشێک بێت لە چیرۆکەکانی دەبلنییەکان. ناوی لێ نابوو ڕۆژێک لە ژیانی میستەر بلوم لە ڤییەنا، بەڵام دواتر ستیفن دێدەلسی ھێنایە ناو کارەکەوە، کە کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانی وێنەی ھونەرمەند لە تافی لاویدایە.

ئولیس وەک وێژەی بەراورد لەسەرە ئۆدیسەی ھۆمیرۆس داڕێژراوە، ھەروەھا کەسێتیی ستیفن دێدەلسیش زۆر جار لەگەڵ کەسێتیی ھاملێتی کوڕی ناو شانۆنامەی ھاملێتی شەکسپیر ھاوتەریبە. ئولیس لە پێڕستی ١٠٠ باشترین ڕۆمان بەپێی کتێبخانەی مۆدێرندا، پلەی یەکەمی بە دەست ھێناوە.

گرێچنە دەستکاری

ئەم ڕۆمانە لە ھەژدە ئەڵقە پێکدێت کە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەش کراون، بەشی یەکەم لە سێ ئەڵقە پێکدێت؛ بەشی دووەم لە دوازدە ئەڵقە پێکدێت؛ بەشی سێیەمیش لە سێ ئەڵقە پێکدێت.

بەشی یەکەم: تیلێماخیاد (بەیتی تیلێماخۆس) دەستکاری

ئەم بەشە ڕۆمانی ھونەرمەند لە تافی لاویدا دەبەستێتەوە بە ئولیسەوە، لە سێ ئەڵقە پێکھاتووە کە کەسێتیی سەرەکیی ھەر سێ ئەڵقەکە ستیفن دێدەلسە.

ئەڵقەی یەکەم: تیلێماخۆس دەستکاری

شوێن: قەڵای مارتێللۆ لە ساندیکۆڤ - دەبلن

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی

بەک مەڵیگن، کە خوێندکارێکی پزیشکییە و لە ڕاستیدا ناوی «مەلاخی مەڵیگن»ە و کوڕێکی زیرەک و شبروشێتە و ھەر خەریکی گاڵتەبازییە، بە دەم ڕیشتاشینەوە خۆی خستووەتە ڕۆڵی قەشەیەکەوە کە لە کڵێسادا سرووتی ماس جێبەجێ دەکات. ستیفن دێدەلس، بە نزیکی ھاوتەمەنی مەڵیگنە و مامۆستایەکی کاتیی قوتابخانەیەکی نزیکە لە قەڵاکەوە و «ھونەرمەند»ە، کوڕێکی خەمۆکە و ئەو بەیانییەش خەواڵووە، چونکە شەوی ڕابردوو باش نەنوستووە و بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە ھاوڕێیەتیی خۆی و مەڵیگن بھێنێت. میوانێکی مەڵیگن شەو لەگەڵیاندا بووە، کوڕێکی ئینگلییە و «لە ئۆکسفۆردەوە ھاتووە» و ناوی «ھاینس»ە، شەو خەونی بە پڵنگێکی ڕەشەوە دیوە، بە دەم خەوەوە ویستوویەتی لە ڕاستیدا تەقە لە پڵنگەکەی ناو خەونی بکات. ھەر ئەم ڕووداوەشە کە وای کردووە ستیفن باش نەنوێت، چونکە لە ترسدا «تۆقیوە».

سەرەتا لە سەربانی قەڵاکە گفتوگۆیەکی ناخۆش لە نێوان مەڵیگن و دێدەلسدا ڕوو دەدات، کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر ستیفن دایکی مردووە، بەک مەڵیگن پێی وتووە: «دایکی تۆپیوە» و ستیفن لە دڵی دەرنەچووە و بە بێڕێزیی داناوە. کە ستیفن دواجار ئەمە بۆ مەڵیگن ئاشکرا دەکات کە ھێشتا ئەم قسەیەی لە دڵ دەرنەچووە، مەڵیگن بەوە بەرپەرچی دەداتەوە کە ستیفن خۆی دواھەمین خۆزگەکانی دایکی پێشێل کردووە، کە دایکی لە سەرەمەرگدا داوای لە ستیفن کردووە نزای بۆ بکات و کڕنۆش ببات، بەڵام ستیفن نەیکردووە. ھەروەھا بەوە تۆمەتباری دەکات کە ستیفن «دایکی خۆی کوشتووە». پاشان مەڵیگن دەچێتە خوارەوەی قەڵاکە، کە ژوورێکی لێیە. ستیفن لە سەربان بە تەنیا دەکەوێتەوە یادی دایکی کە بە نەخۆشییەکی وەک شێرپەنجە مردووە، نەک ئەو کوشتبێتی، یادی دایکی ئەو بە جێ ناھێڵێت و ستیفنیش لە ناخیدا خوازیارە یادی دایکی دەستی لێ ھەڵبگرێت و «بھێڵێت بژی» و ستیفن «لە گریانی گیانی خۆیدا» نوقم بووە، دواجار بۆ خواردنی نانی بەیانی دەچێتە خوارەوە بۆ لای مەڵیگن و ھاینس. لە خوارەوە لەناو قەڵاکە ژنێکی ئایری دێت و شیریان بۆ دەھێنێت و ھەرسێکیان پێکەوە، جگە لە ژنەکە، نانی بەیانی دەخۆن. مەڵیگن لە بری خۆی و ھاینس بڕیار دەدات کە پێش ئەوەی بچن بە ھەر لایەکدا، دەبێت لە ئاوەکەی ڕۆخەکەدا مەلە بکەن، بەڵام ستیفن، کە دەبێت بچێت بۆ قوتابخانە، لەگەڵیاندا مەلە ناکات. بڕیار وایە ھەر ئەو ڕۆژە ستیفن لە قوتابخانە مووچە وەربگرێت، کە مەڵیگن پێی دەڵێت: «شاباشەکەی قوتابخانە». دەچنە دەرەوەی قەڵاکە بۆ لای گوێئاوەکە، مەڵیگن لە گاڵتەکردنی خۆی بەردەوام دەبێت، ستیفن و ھاینس بە دەم جگەرەکێشانێکەوە گفتوگۆیەکی کورت سەبارەت بە دین و مێژوو و شانۆنامەی ھاملێتی شەکسپیر دەکەن، بەڵام ناچنە ھیچ قووڵایییەکی گفتوگۆوە. لە دوورەوە دوو پیاو گفتوگۆ لەسەر دەرکەوتنی لاشەی مردووی پیاوێک دەکەن کە نۆ ڕۆژە خنکاوە. پاشان مەڵیگن لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا دەچێتە ئاوەکەوە و ستیفنیش بە جێیان دەھێڵێت و دەچێت بۆ قوتابخانە.[٢]

ئەڵقەی دووەم: نێستۆر دەستکاری

شوێن: قوتابخانەیەکی تایبەتی کوڕان لە دالکی – دەبلن

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی

ستیفن لە قوتابخانە وانەی کلاسیک بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە، وانەکە لە بارەی پیرۆس (٣١٨–٢٨٢پ. ز) و جەنگەکانییەوەیە، لە قوتابییەک دەپرسێتەوە کە ئەو نازانێت پیرۆس تەنانەت چییە، نەک کێیە، پێی وایە پیرۆس لەنگەرگایە! قوتابییەکانی تر پێی پێدەکەنن. ستیفن لەم پێوابوونەی قوتابییەکەیەوە خەیاڵی دەڕوات بۆ سەرمەستیی ئەمشەوی مەڵیگن و ھاینس، پێی وایە مەڵیگن گاڵتەبازێکە لە دەرباری سەروەرەکەیدا، کە ھاینسە و ھاوکات دەوڵەتی ئیمپریالیی بەریتانیایە. لەوێوە دەچێتەوە ناو مێژوو و بیر لە تیۆرییەکی ئەریستۆ دەکاتەوە لە بارەی شیان و بەئامانجگەیشتنەوە. لە پەڕتووکی خوێندنەکەدا دەچنە سەر ھۆنراوەیەکی جۆن میڵتن، کە ستیفن بێئاگایانە و بێباکانە لێیان دەپرسێتەوە. قوتابییەک ھۆنراوەکەی میڵتن ئەزبەر دەڵێتەوە، دەچێتەوە سەر وردەکاریی تیۆریی شیان و بەئامانجگەیشتنی ئەریستۆ، پاشان ئەو سەردەمەی بیر دێتەوە کە خۆی لە پاریس ژیاوە. دواتر ستیفن مەتەڵێک لە قوتابییەکانی دەپرسێت، کەس وەڵامەکەی نازانێت.

کاتی وانە تەواو دەبێت، قوتابییەکان یاریی ھۆکییان ھەیە، کە یارییەکی ئینگلییە و ئایری نییە، یارییە ئایرییەکە پێی دەڵێن ھەرلینگ، بەڵام قوتابییەکان ئەو یارییە ناکەن. یەکێک لە قوتابییەکان ناڕوات، کوڕێکی ناشرین و لاوازە، ناوی سارجنتە، ئەم قوتابییە لە نووسینەوەی وانەکانیدا دواکەوتووە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە ناوی میستەر دیسییە، پێی وتووە کە بە یارمەتیی مامۆستا ستیفن وانەکانی بنووسێتەوە، وا دیارە وانەی بیرکارییە، چونکە لەسەر ناونیشانەکەی نووسراوە «ھاوکێشە» کە بە ئینگلی دەبێتە سەم sum، ستیفن ئەم وشەیە بە لاتینی دەخوێنێتەوە کە بە سوم دەخوێنرێتەوە، واتە من. لەوێوە دەچێتەوە سەر بیرکردنەوە لە ژیانی خۆی و دایکی، ئینجا بیر لە دایکی سارجنت و خۆشەویستیی دایک دەکاتەوە. ستیفن یارمەتیی سارجنت دەدات ڕاھێنانەکانی تەواو بکات. ھێمای سەر دەفتەرەکەی سارجنت ستیفن دەخاتە بیری ئیبن ڕوشد و موسای کوڕی مەیموون، لەوێشەوە دەچێتە بیری تێڕوانینەکانی جۆردانۆ بروونۆ (١٥٤٨–١٦٠٠). پاشان سارجنت نووسینەوەکەی تەواو دەکات و دەچێتە لای ھاوڕێکانی کە یاری دەکەن.

ستیفن کەمێک بە دیار قوتابییەکانەوە دەوەستێت کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە خەریکن دەست بە یاری دەکەن، ئەوان ھەرایەکی زۆریان ناوەتەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ھەوڵ دەدات ڕێکیان بخات، داوا لە ستیفن دەکات لە نووسینگەکەی چاوەڕێی بکات.

ستیفن لە نووسینگەکەی میستەر دیسیدا بە تەنیا چاوەڕێ دەکات، پاشان میستەر دیسی دێت و سەرەتا مووچەکەی ستیفن دەدات، کەچی ستیفن ھەر بێ ژماردن و بێباکانە ھەموو پارەکە دەخاتە گیرفانیەوە، ئەم ڕەفتارە بێباکانەیەی ستیفن وا دەکات میستەر دیسی ئامۆژگاریی ستیفن بکات کە کەمێک دەست بە پارەوە بگرێت. پاشان باسی ئەوە دەکات کە شانازیی ئینگلی ئەوەیە کە پێی وایە ھەرگیز ھیچ پارەیەکی قەرز نەکردووە! بەڵام ستیفن پێی وا بووە کە شانازیی بەریتانی ئەوەیە کە پێی وایە خۆر لەسەر ئیمپراتۆرییەتەکەی ھەرگیز ئاوا نابێت. میستەر دیسی پێی وایە ئەم قسانە ھەڵەن و بۆی ڕاست دەکاتەوە، بەڵام قسەکانی دیسی خۆی ھەڵەن. ئینجا دێنەوە سەر باسی پارە و پاشەکەوتکردن، ستیفن بیر لەو کەسانە دەکاتەوە کە قەرزاریانە. ئینجا دەچنە سەر ھەندێک باسی جۆراوجۆری مێژووی ئایرلاند.

میستەر دیسی نامەیەکی ھەیە سەبارەت بە نەخۆشیی تەبەق، کە نەخۆشییەکی ئاژەڵانە، دەیەوێت بینووسێت و لەبەرئەوەی دەزانێت کە ستیفن خەڵک لە ڕۆژنامەکان دەناسێت، داوا دەکات یارمەتیی بدات تا بۆی بڵاو بکەنەوە. میستەر دیسی پێی وایە چارەی نەخۆشیی تەبەق کراوە و لە ئایرلاند واگرەی ئاژەڵ بە ڕێوەیە و پێویستە مەڕوماڵات و وڵاخی ئایرلاند لە دەست ئەم نەخۆشییە ڕزگار بکرێن. بۆیە داوا لە ستیفن دەکات کەمێک دابنیشێت تا ئەو نامەکەی دەنووسێت. ستیفن وا دەکات و لەم ماوە بێدەنگەدا سەرنجی ئەو تابلۆیانە دەدات کە بە ژوورەکەدا ھەڵواسراون، وێنەی پێشبڕکێی ئەسپسواری ھەڵواسراوە، لەوەوە دەکەوێتە بیری سەردەمێک کە لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بە ناوی کرانلی، کە لە ڕۆمانی ڕابردوودا زیاتر دەیناسین، پێکەوە چوون بۆ پێشبڕکێی ئەسپسواری. قوتابییە مناڵەکان کە لە گۆڕەپانەکەوە یاری دەکەن، گۆڵ دەکەن و فیکە لێدەدەن.

میستەر دیسی نووسینی نامەکە تەواو دەکات و دەیداتە دەست ستیفن، ستیفن بە خێرایی دەیخوێنێتەوە. ھەرگیز نازانین ھەموو ئەوەی لەم نامەیەدا نووسراوە چییە، بەڵکو تەنھا لە ڕێی وشەی پچڕپچڕەوە دەزانین نامەکە لە بارەی چییەوەیە. میستەر دیسی باس لەوە دەکات کە جووەکان خەریکە بەریتانیا داگیر دەکەن، پێی وایە ئابووری و ڕۆژنامەگەری لەژێر ڕکێفی جووەکاندایە و دەیەوێت دژایەتییان بکات. ستیفن گفتوگۆیەکی نابەدڵانەی کورتی لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر دەکەوێتە یادی بۆرسەی پاریس و شێوەی پارەپەیداکردنی بۆرسەچییەکانەوە. دواجار ستیفن لەسەر مێژوو یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین وتەکانی ڕۆمانەکە دەڵێت، کە دەڵێت: «مێژوو مۆتەکەیەکە کە دەمەوێت لێی ڕابم». میستەر دیسی لەمەوە دێتە سەر باسی خودا و ئامانج لە دونیا. ئینجا باس لە دین و مێژووی ئایرلاند و گریک دەکات، ئۆباڵی خراپەکارییەکان دەخاتە ئەستۆی ژن. دواتریش میستەر دیسی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە پێی وایە ستیفن زۆر لە قوتابخانەکە نامێنێتەوە، چونکە ستیفن بۆ ئەوە دروست نەبووە ببێت بە مامۆستا.

ستیفن نامەکەی میستەر دیسی وەردەگرێت و لە خزمەتی مەرەخەس دەبێت، خەریکە دەگاتە دەرەوەی قوتابخانەکە، میستەر دیسی بە ڕاکردن بە دوایدا دێت و پێی دەڵێت کە ئایرلاند شانازیی ئەوەی بەردەکەوێت کە ھەرگیز جووەکانی نەچەوساندووەتەوە، چونکە ئایرلاند ھەرگیز ڕێی نەداوە جوو بێتە وڵاتەکەیانەوە! کە ئەم قسەیەشی ھەر ھەڵەیە.[٣]

ئەڵقەی سێیەم: پڕۆتیوس دەستکاری

شوێن: گوێئاوی ساندیماونت – دەبلن

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١١ی بەیانی

بەشی زۆری ئەم ئەڵقەیە لە شەپۆلی ھۆشی ستیفن پێکھاتووە، واتە گێڕانەوە دەچێتە ناو مێشکی ستیفنەوە و بیرەکانی دەردەخات. مەڵیگن لە کۆتایی ئەڵقەی یەکەمدا داینا کاتژمێر دوانزە و نیو لە مەیخانەی ذە شیپ لەگەڵ ستیفن یەک ببینن و ستیفن پارەی خواردنەوەیان بۆ بدات، بۆیە لەم ئەڵقەیەدا ستیفن بە پێ دەگەڕێت تا کات بە ڕێ بکات و بە دەم گەڕانەوە بیر دەکاتەوە.

سەرەتا ستیفن بیر لە تیۆریی ڕەنگ و بینین لای ئەریستۆتالیس دەکاتەوە و بە تێڕوانینی یاکۆب بۆھمە و جۆرج بێرکەلی بەراوردی دەکات. پاشان ھەوڵ دەدات بە چاونووقاوی بە گوێئاوەکەی ساندیماونتدا بڕوات. ساندیماونت ناوچەیەکی پاڵشاری دەبلنە. دوو خانم دەبینێت بۆ لای گوێئاوەکە دادەبەزن، یەکێکیان مامانی خوشکێکی ستیفن بووە و ستیفنیش لەوەوە بیر لە مناڵبوون و ئافراندن و ئادەم و حەوا و ھاتنی خۆی بۆ دونیا دەکاتەوە.

ماڵی خاڵی ستیفن، کە خاڵی ناوی ڕیچی گولدینگە، ھەر لە ناوچەی ساندیماونتە و ستیفن لێوەی نزیکە، بیر دەکاتەوە ئایا سەرێک لە ماڵی خاڵی بدات یان نا، ئەم سەردانە لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەکات، وێنای ناو ماڵی خاڵی و قسەکانی خاڵی دەکات. خاڵی ستیفن ھەوادارێکی سەرسەختی ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ Il Trovatore)ی جیوزێپپێ ڤێردییە، بە تایبەتی یەکەم ھەوای ئۆپێراکە کە ناوی ئاللێرتایە، ستیفنیش ھەر بە دەم ڕێوە ئاوازی ئەم ھەوایە بە فیکە دەردەکاتەوە. دەیان شتی جۆراوجۆری مێژوویی و دینی دێنە خەیاڵی ستیفن، پاشان بیر لە ژیانی ڕابردووی خۆی دەکاتەوە کە لە پاریس چەند بێپارە بووە و خەریکی خوێندنەوەی پەڕتووک بووە. بیر لەوە دەکاتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستوویەتی پەڕتووکانێک بنووسێت و تەنھا پیتێک ناونیشانیان بن و بیاننێرێت بۆ گەورەترین پەڕتووکخانەکانی جیھان. دواجار بۆی دەردەکەوێت کە ئەوەندە ڕۆ چووەتە بیرکردنەوەوە کە ماڵی خاڵی تێپەڕاندووە و سەردانیان ناکات.

ستیفن دەکەوێتەوە ڕێ و بیرکردنەوەی تر لە پاریس کە ئەو کاتە پیاوێکی لەوێ دیوە بە ناوی کێڤن ئیگنەوە و کوڕێکی ھەبووە ناوی پاتریک بووە. کێڤن ئیگن پێشتر خەباتگێڕێکی ئایری بووە و ئەو کاتەی ستیفن لە پاریس دیویەتی لە چاپخانەدا کاری کردووە. کێڤن ئیگن ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەردەمی خەباتگێڕیدا لەسەر ئەوەی گوایە دەستی لە ڕزگارکردنی چەند ھاوخەباتێکی خۆیدا ھەبووە لە بەندیخانە، خۆی دەستبەسەر کراوە. ئینجا ھاوخەباتەکانی ھەوڵیان داوە لە بەندیخانە ڕزگاری بکەن بەوەی بەرمیلێک بارووتیان لە ژێرزەمینی بەندیخانەکەدا تەقاندووەتەوە، بەڵام ھەوڵەکەیان سەری نەگرتووە.

پاشان ستیفن سەرلەنوێ بیر لە ڕادەی ھەژاریی خۆی دەکاتەوە لە پاریس کە ئەگەر دایکی لە ئایرلاندەوە پارەی بۆ ڕەوانە نەکردایە لە برسدا دەمرد؛ بیر لە ڕووداوێک دەکاتەوە کە دەرگاوانێک دەرگای پۆستەخانەکەی بەسەریدا داخستووە و پارە ڕەوانەکراوەکەی دایکیی لەو ڕۆژەدا وەرنەگرتووە. پاشان بیر لە نادادیی پاریس دەکاتەوە کە ناچار بووە بلیتی شوێنان ھەڵبگرێت تا ببێت بە بەڵگەی ئەوەی لە شوێنی تاوان نەبووە، نەکا ڕۆژێک تۆمەتێکی بخەنە پاڵ و تاوانێکی بە سەردا ساغ بکەنەوە کە ئەم دەستی تێیدا نەبووە! ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئایرلاند بۆ ئەوەی پارە نەدات بە بارھەڵگری لەنگەرگاکە، کە کرێکەی سێ پنس بووە، وا خۆی پیشان داوە کە فەڕەنسییە و زمانی ئینگلی و ئایری تێناگات. بیر لەو بروسکەیە دەکاتەوە کە باوکی بۆی ناردووە تا بگەڕێتەوە ئایرلاند، چونکە دایکی لە سەرەمەرگدا بووە، ھەر بەو ھۆیەشەوە بووە کە پاریس و خوێندنی پزیشکیی بە جێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە دەبلن.

ستیفن ھەر بەردەوام بە ڕێوەیە، دەکەوێتەوە بیری پاریس و کێڤن ئیگن و یەکبینینەکەیان و بیر لەو و لە بارووت دەکاتەوە. لەوێشەوە بیر لە مێژووی ئایرلاند و خەباتە جۆراوجۆرەکانی دەکاتەوە. لە دوورەوە سەگێک دەبینێت. بەردەوام بیر لە ڕۆژگارێکی ڕابردووی ئایرلاند و دواتر لە ئاو و ئەو پیاوە دەکاتەوە کە نۆ ڕۆژە خنکاوە و لە ئەڵقەی یەکەمەوە چەند کەسێک خۆیان بۆ ئامادە کردبوو ئەمڕۆ لاشەکەی دەربکەوێت.

ژن و پیاوێک لە دوورەوە دەبینێت، وا دیارە قەرەجن و ڕاوی قاقلەی کەنار ئاوەکان دەکەن، دەردەکەوێت سەگەکەش ھی ئەوانە و ناوی تاتەرزە. تاتەرز کەلاکی سەگێکی دیوە و لێوەی نزیک بووەتەوە و بە دەوریدا دێت و دەچێت، بەڵام خاوەنەکەی تاتەرز بە ھاوار بانگی دەکاتەوە و کە دەگەڕێتەوە لای شەقێکی تێ ھەڵدەدات. ستیفن دەکەوێتە بیرکردنەوە لە ژیانی قەرەج و زمانی تایبەتی قسەکردن و گۆرانی و ھۆنراوەکانیان. پاشان بیر لە ھۆنراوەیەک دەکاتەوە کە خۆی دەیەوێت بینووسێت. دادەنیشێت و تێبینییەک لەسەر بەردێک دەنووسێتەوە و پەڕەی نامەکەی میستەر دیسیش دەردەھێنێت و سووچێکی لێ دەدڕێنێت تا مسۆدەی ھۆنراوەکەی خۆیی لەسەر بنووسێت. دیسان دەکەوێتەوە بیری جۆراوجۆر. پاشان سەرنجی ئاوی کەنداوەکە دەدات کە گیا و ڕووەک لە ژێریدا بە سستی دەجووڵێنەوە و بیری بە لای شتی جۆراوجۆردا دەڕواتەوە، تا بیر لە گۆڕانکاری دەکاتەوە، کە ھەموو شتێک بەردەوام لە گۆڕاندایە.

دواتر لەسەر بەردەکە ھەڵدەستێت و کەشتییەک لە دوورەوە دەبینێت.[٤]

بەشی دووەم: ئۆدیسیا دەستکاری

ئەم بەشە لە دوانزە ئەڵقە پێکھاتووە، سێ ئەڵقەی یەکەمی ئەم بەشە، واتە ئەڵقەی چوارەم و پێنجەم و شەشەم بە نزیکی لەگەڵ سێ ئەڵقەی یەکەمی ڕۆمانەکەدا ھاوتەریبن. کەسێتیی سەرەکیی سێ ئەڵقەی یەکەمی ئەم بەشە میستەر لیۆپۆڵد بلووم-ە، پاشان لە ئەڵقەی حەوتەمەوە پەرەی زیاتر بە چیرۆکەکە دەدرێت و بلووم و دێدەلس لە شوێنی جیاوازدا دەبینین.

ئەڵقەی چوارەم: کالیپسۆ دەستکاری

شوێن: ماڵی میستەر بلووم بە ناونیشانی ٧ی شەقامی ئێکلس – دەبلن؛ دواتر بلووم دەردەچێت و لە گۆشتفرۆشێکی نزیک ماڵی خۆیان گورچیلەی بەراز دەکڕێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە.

کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.

لە پاش نزیکەی چل لاپەڕە لە چاپە ئینگلییەکەی ھانس واڵتەر گابڵەر، بۆ یەکەم جار کەسێتییە ھەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانی ئولیس دەبینین و دەناسین، کە پیاوێکی ٣٨ ساڵ (و مانگێک)ە بە ناوی لیۆپۆڵد بلووم، کە زۆبەی کات لە ڕۆمانەکەدا ھەر بە میستەر بلووم و بلووم ناو دەھێنرێت و ژنەکەیشی بە پۆڵدی بانگی دەکات.

جۆیس یەکەم پەرەگرافی ئەم ئەڵقەیەی تەرخان کردووە بۆ پەسنێکی گشتیی میستەر لیۆپۆڵد بلووم، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا بەم شێوەیەیە:

میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.

ھەر لەم پەسنەوە دەزانین کە میستەر بلووم پاڵەوان نییە و کەسێتییەکی زۆر ئاساییە، تەنانەت زۆر جار لە خوار ئاستی ئاساییشەوەیە، بۆ نموونە کە دەڵێت: بلووم «حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی». جۆیس خۆیشی ئەمەی بە وتەی خۆی پشتڕاست کردووەتەوە، ڕیچارد ئێڵمان لە لاپەڕە ٥ی پەڕتووکی جەیمس جۆیس (چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد [١٩٨٢])ی خۆیدا دەڵێت:

ڕەخنەگرە ماڕکسییەکان ھوروژمی ھێرشیان بۆ سەر جۆیس برد، جۆیسیش بە ھێواشی بە یوجین جۆلاسی ھاوڕێی وت: «نازانم بۆچی ھێرشیان کردووەتە سەرم. ھیچ کەسێک لە ھیچ کامێک لە پەڕتووکەکانمدا نرخی لە ھەزار پاوەن زیاتر نییە!»

پاشان گێرانەوەی ئەڵقەی چوارەم دەچێتە سەر موبەقەکەی ماڵی میستەر بلووم، کە شمەکی بەرچایی بۆ خۆی و ژنەکەی ئامادە دەکات. ژنەکەی بلووم ناوی خاتوو ماریۆن بلووم-ە و میستەر بلووم بە «مۆڵی» ناوی دەبات و گۆرانیبێژی ئۆپێرایە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو و بەناوبانگە. ماڵی بلووم پشیلەیەکیان ھەیە، کە ڕەشە و خاڵێکی سپی، بە ھێندەی قۆپچەیەک لەسەر کلکی ھەیە، ناوی نییە و پێی دەڵێن «پشەکە»، بە دەوری قاچێکی مێزی موبەقەکەدا ھەڵدەکوڕمێت و بلوومیش شیری بۆ دادەنێت بیخوات. لەم ڕۆمانەدا تەنانەت پشیلەش دەدوێت و دەڵێت: «مکگنیاو!» و «مرکگنیاو!» و «گوڕڕڕ». میستەر بلووم کەمێک لە پشیلەکە ڕادەمێنێت و بیر لە تێگەیشتنی پشیلە و ھەندێک ڕەفتاریان دەکاتەوە.

بلووم بیر لەوە دەکاتەوە بۆ نانی بەیانی چی بخوات، ھەندێک بژاردە تاووتوێ دەکات، دواجار بڕیار دەدات بچێت لە دوکانی گۆشتفرۆشێک بە ناوی دلوگاس گورچیلەی بەراز بکڕێت و بیخوات. ئینجا بەسەر قادرمەکاندا دەچێتە سەرەوە تا ژنەکەی ئاگادار بکاتەوە لەوەی دەڕوات و پرسیارێکی لێ بکات داخۆ ھیچی ناوێت، لە پشت دەرگای ژووری نوستنەکەیانەوە بە ھێواشی مۆڵی ئاگادار دەکاتەوە کە دەچێتە دەرەوە، بۆی دەردەکەوێت کە مۆڵی ھێشتا لە خەو ھەڵنەستاوە و تەنھا «منگ»ێک دەکات، کە لە وتەکانی پشیلەکە دەچێت! مۆڵی لەگەڵ ئەم منگەیەدا دەجووڵێت و ئەڵقە مسە شلەکانی چەرپاکەی دەزرنگێنەوە. ئینجا بلووم بیر لە ژیانی ڕابردووی مۆڵی دەکاتەوە کە کچی پیاوێکی سەرباز بووە بە ناوی بڕایەن کووپەر تویدی و دایکی ناوی لاریدۆ بووە، مۆڵی لە جەبەلتاڕیق لە دایک بووە و شتێک ئیسپانیی کەمی زانیوە و ھاتووە بۆ دەبلن و ئێستا ئەو ئیسپانییەی لە بیر چووەتەوە. مۆڵی لە ٨ی ئەیلوولی ١٨٧٠ لە دایک بووە و نزیکەی چوار ساڵ و چوار مانگ لە بلووم مناڵترە و لە ئێستای ڕۆمانەکەدا تەمەنی ٣٣ ساڵ (و نۆ مانگ)ە.

بلووم شەبقەکەی لە سەر دەکات، کە لە ناوەوەی نووسراوە «شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ» و پیتەکانی «قە» تیایدا کاڵ بووەتەوە (شەبقە ھەرە باشەکانی پلاستۆ)، لە پشت ئەم نووسراوەی ناو سەروپێچی شەبقەکەیەوە کارتێک ھەیە، کە ناوی خوازراوی میستەر بلوومی لەسەرە، دواتر ئەمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بلووم بە دزییەوە ناوی لە خۆی ناوە ھێنری فلاوەر و بەم ناوەوە لەگەڵ خانمێکی نەناسراو بە ناوی مەرسا کڵیفرد نامە ئاڵوگۆڕ دەکات. بلووم کلیلی ماڵەوەی لە بیر دەچێت و ناچار دەرگای دەرەوە داناخات و تەنھا پێوەی دەدات و بە شەقامەکانی نزیک ماڵی خۆیاندا دەڕوات.

بلووم بە گشتی زانینخوازییەکی بۆ زانست ھەیە، زۆر جار لە مێشکی خۆیدا و بە شەپۆلی ھۆش دەیەوێت لێکدانەوەی زانستی بۆ ڕووداوەکان و دیاردەکانی چواردەوری بکات. بیرێکی زۆر تیژ و باشیشی بۆ ژماردنی پارە و لێکدانەوەی قازانج و مایە ھەیە، کە بە درێژایی ڕۆمانەکە چەندین جار گوێمان لە دەنگی مێشکی دەبێت کە قازانج و زیان و مایەی زۆر کار لێکدەداتەوە. بە گشتی کەسێکە دەست بە پارەوە دەگرێت و دەستبڵاو نییە، دواتریش لە ئەڵقەی شەشەمدا بۆمان دەردەکەوێت بۆ کاری چاک و یارمەتیدانی ھەژاران کەمتەرخەم نییە و بەپەلەیە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بلووم ئەوەیە زۆر گۆرانیی باخچەی ساوایان و منداڵان دەزانێت و زۆر جار دێڕێک یان وشەیەک دەخاتە نێو گۆرانیی منداڵانەوە.

بلووم بە دەم ڕێوە بیر لە شتی جیاواز دەکاتەوە، وەک: تویدیی خەزووری؛ توانای ڕەنگی ڕەش لە گەڕانەوە و شکاندنەوەی گەرمی؛ نان و کولێرە و شتی تریش. پاشان بەم بیرانەوە لە خەیاڵیدا دەچێتە جێیەک لە خۆرھەڵات و بیر لە شێوازی ژیانی خەڵکی خۆرھەڵات دەکاتەوە کە مەلایەک بەرماڵێکی پێیە و دایکێک لە بەردەرگای ماڵی خۆیەوە منداڵەکانی بانگ دەکاتەوە و دەنگی سەنتوور دێت. بەڵام ھەر زوو دەردەکەوێت کە بلووم ئەم وێنانەی لە خوێندنەوەی پەڕتووکەوە ھێناوە و خۆی ئەزموونی چوونە خۆرھەڵاتی نییە. یەکێک لەو پەڕتووکانەی بلووم ئەم وێنانەی لێوە ھێناوە ناوی بە شوێن ڕێی خۆردا-یە. پاشان بیر لە نموونەیەک لە ڕەوانبژیی ئاڕثەر گریفیث (١٨٧٢-١٩٢٢) دەکاتەوە، گریفیث نیشتمانپەروەرێکی ئایری بوو و ھەوڵی بۆ بەدەستھێنانی حوکمی سەربەخۆیی ئایرلاند داوە.

بە بەر دوکانی پیاوێکدا دەڕوات بە ناوی لاری ئۆڕورک، پیاوێکی کەچەڵە، ئینجا بیر لە قازانج و مایەی ئەم پیاوە دەکاتەوە، پاشان بیر لە سایمن دێدەلسی باوکی ستیفن دێدەلس دەکاتەوە، کە پیاوێکی جەفەنگییە و وەک خۆی لاسایی ئەم میستەر لارییە دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵدا ساز بکات و چاکوچۆنییەکی لەگەڵدا بکات، بلووم وێنا دەکات ئێستا لاری باسی جەنگی نێوان ژاپۆن و ڕوسیا دەکات و پێی وایە کە «ڕوسییەکان لای ژاپۆنییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین». بلووم بیر دەکاتەوە شتێک لە بارەی پرسەیەکەوە بڵێت کە خۆی ئامادە کردووە ئەو ڕۆژە بچێت بۆی، پرسەی ھاوڕێیەکیانە بە ناوی پاتریک (پادی) دیگنەم.

ڕۆژباش لە میستەر ئۆڕورک دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە و زۆر درێژە بە چاکوچۆنییەکە نادات. دیسان دەکەوێتەوە بیری ئەوەی داخۆ دەبێت لاری چەند پارە پەیدا بکات و لەم بیرانەدایە کە بە بەردەم قوتابخانەی خۆماڵیی سانت جۆزێفدا دەڕوات، کە قوتابخانەی منداڵان بووە و دەنگی منداڵەکان دەبیستێت. ئینجا بلووم لاسایی منداڵان دەکاتەوە کە گۆرانیی ئەلفبا دەبێژن: «ئایبیسی دیفیجی کێڵۆمێن ئۆپیکیو ڕەستیوڤی دەبلیو»، یان کە منداڵان لە وانەی جوگرافیادا، کە بلووم پێی دەڵێت «جۆگەلەفڕی» چۆن ناوی دوورگەکانی ئایرلاند دەبەن: «ئینیشتورک. ئینیشاڕک. ئینیشبۆفین».

بلووم دەگاتە بەر پەنجەرەکەی دوکانەکەی دلوگاس، چیتر ژمێرکارییەکەی لە بیر دەچێتەوە کە لاری چەند پارە پەیدا دەکات و دەچێتە ژوورەوە. دلوگاس تەنھا یەک گورچیلەی بەرازی ماوە و خانمێکیش لە پێش بلوومەوەیە کە لیستێکی پێیە و ناوی شمەکی پێویستیی لەسەر نووسراوە و بۆ دلوگاسیان دەخوێنێتەوە دلوگاسیش دەیانداتێ. ئەم خانمە لە ماڵەکەی تەنیشتی بلوومدا دەژی، کە ماڵی ودز-ە، نە بلووم و نە گێڕەرەوەکەش زۆر لە بارەی ئەم ماڵەوە نازانن کە ئایا ئەم کچە کچی ئەو ماڵەیە، یان خزمەتکاریانە. بەڵام بلووم تەماشای دەستە قڵیشاوەکانی ئەم کچە دەکات و دواتر چاوی لەسەر سمتی دەنیشێتەوە.

بلووم ڕۆژنامەیەکی گردکراوە ھەڵدەگرێت و دەیخوێنێتەوە، دلوگاس ئەم ڕۆژنامە خوێنراوانە بۆ پێچانەوەی گۆشت بۆ کڕیارەکانی بە کار دەھێنێت، بلووم یەک دوو بابەت لەناو ئەم لاپەڕەی ڕۆژنامەیەدا دەبینێت کە ھەندێک ئاماژەیان تێدایە بۆ ئەوەی کە دلوگاس جووە، چونکە ڕۆژنامەکە ناوی موسا مۆنتیفیۆرێ (١٧٨٤-١٨٨٥) دەھێنێت و باس لە ئاوەدانکردنەوەی «کێڵگە نموونەییەکەی کینارێت لەسەر ڕۆخی دەریاچەی تەبەریاس» دەکات. دەردەکەوێت بلووم پێشتر بیری لەوە کردووەتەوە کە دلوگاس جووە، بەڵام دڵنیا نەبووە، ئێستا ئەو گریمانەیە دەکات کە دلوگاس جگە لەوەی جووە، سییۆنیستێکی سەرسەختیشە.

وێنەیەکی ناو ڕۆژنامەکە بلووم دەخاتە بیری ڕابردوو کە زووتر خۆی لە مەیدانی ئاژەڵانی دەبلن لای پیاوێک بە ناوی جۆزێف کوف کاری کردووە و لەوەوە دێتەوە سەر سمتی خانمەکەی بەردەمی کە کاتێک جل ھەڵدەخات و بە شۆراوەکاندا دەماڵێت چۆن لە نێو تەنوورەکەیدا دەلەنگێتەوە. دلوگاس خانمەکە بە ڕێ دەکات و دێتە سەر میستەر بلووم، بەپەلە داوای گورچیلەکە دەکات و ئەویش بۆی دەپێچێتەوە و پارەکە دەدات، بلووم خوازیارە زوو بە دوای خانمەکەدا بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونکە دیمەنی پشتی خانمی بە دڵە! وێنای خانمەکە دەکات لە باوەشی پۆلیسێکدا و ماوەی پارەکەی ھەڵدەگرێت و ماڵئاوایی لە دلوگاس دەکات، بەڵام بڕیار دەدات لە دلوگاس نەپرسێت کە ئایا ئەو جووە یان نا.

بلووم کە دێتە دەر، خانمەکە شوێنەواری نەماوە، ئیتر بە دەم ڕێی گەڕانەوەی ماڵەوە زیاتر لە ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە، ڕیکلامێکی تێدایە کە بە عیبری نووسراوە «ئەگنداث نەتایم»، ھی کۆمپانیایەکی سییۆنییە کە باس لە کڕینی زەویی کەلاوە دەکات لە «حکومەتی تورکی» و لەوێ درەختی ئۆکالیپتۆس دەچێنن، یان درەختی تر و ئەم کۆمپانیایە ساڵانە نموونەی بەری درەختەکان بۆ خاوەنەکان دەنێرنەوە. پاشان بلووم بیر لە کۆنە دراوسێیەکی دەکاتەوە بە ناوی سیترۆن و بیر لە سەردەمی خۆشی زوو دەکاتەوە. پاشان بیر لە بەری ئەو درەختانە دەکاتەوە کە ئەو کۆمپانیایە لە ئیسرائیلەوە دەیاننێرێت بۆ ئایرلاند و بیر لە ڕێکەیان دەکاتەوە، لەوێشەوە بیر لە مێژووی گەلی جوو دەکاتەوە کە یەکەم نەژادی مرۆڤ لەوەوە بەری گرتووە، بێگومان ئەمەش بە گوێرەی گێڕانەوەی تەورات، ئادەم و حەوا لە باپیرەکانی جووەکانن. پاشان بیر لە ڕاپێچکردن دوای ڕاپێچکردنی جووەکان دەکاتەوە لەسەر دەستی نەتەوە جیاجیاکان. بلووم بۆ گەڕانەوە ماڵەوە پەلە دەکات و بیر لە وێرانبوونی سەدۆم و عەمۆراش دەکاتەوە، کە ئەم چیرۆکەش ھەر لە تەوراتدا ھاتووە. دواتر سەرنجی ھەندێک لە خانووەکانی سەر ڕێکەی دەدات، وێنای کچەکەی خۆی دەکات کە بەرەوڕووی دێت.

کچەکەی بلووم ناوی میلیسنت (میلی) بلوومە، دوێنێ، کە دەکاتە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٠٤، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ١٥ساڵەی بووە و ئێستا لەگەڵ دایک و باوکیدا ناژی و لە مەلینگەر-ە، کە شارۆچکەیەکی کاونتیی وێستمیث-ە، کە یەکێکە لە کاونتییەکانی ئایرلاند. کە بلووم دەگاتەوە ماڵەوە، لە ڕاڕەوەکەدا دوو نامە و کارتێک دەبینێت کە ھاتوون و ھەڵیاندەگرێتەوە، یەکێکیان لەسەری نووسراوە «خاتوو ماریۆن بلووم» کە بلووم سەرنجی خەتی نووسینەکە دەدات و دەزانێت لە کێوە ھاتووە، بەڵام قسە ناکات، ئەو کەسەش پیاوێکە بە ناوی ھیو (بڵێسە) بۆیلەن، کە بەڕێوەبەری کارەکانی ژنەکەیەتی و پەیوەندیی سەرجێییشی لەگەڵیدا ھەیە و بلوومیش ئەمە دەزانێت. نامەکەی تر و کارتەکەش لە میلیی کچیانەوە ھاتووە، کارتەکە بۆ مۆڵی و نامەکەش بۆ بلووم. بلووم دەچێتەوە ژووری نوستنەکەیان و کارتەکەی میلی و نامەکەی کە بۆ مۆڵی نێرراون بە مۆڵی دەدات، پاش کەمێک خاوەخاو دەچێتەوە بە لای چای بەیانییەوە لە موبەق، کە کتلییەکەی لەسەر ئاگر داناوە. گورچیلەکە لە ڕۆژنامەکە دەردەھێنێت و دەیخاتە تاوەیەکەوە و لەگەڵ کەرەدا سووری دەکاتەوە و کاغەزی پێچەرەوەی گورچیلەکەش دەداتە پشیلەکە لێساولێسی بکات، ئینجا نامەکەی میلیی کچی دەردەھێنێت و ھەر وا سەرپێییانە دەیخوێنێتەوە.

بلووم دەکەوێتە بیری ھەندێک یادەوەریی منداڵیی میلیی کچی و گۆرانییەک کە کاتی خۆی ئەم بۆ ئەوی وتووە «ئەی میلی بلووم نازداری منیت». پاشان بەرچاییەکە ھەڵدەگرێت و دەیبات بۆ ژنەکەی لە ژووری نوستنەکەی قاتی سەرەوەی ماڵەکەیان.

بلووم لە ژووری نوستنەکە سەرنج دەدات لەو کاتەی ئەمی لێ نەبووە مۆڵی نامەکەی کردووەتەوە، چونکە تیلمەیەکی دڕاوی نامەکە لەژێر سەرینەکەیدا دەبینێت. وا خۆی دەردەخات کە نازانێت نامەکە لە کێوە بووە، بۆیە دەپرسێت «نامەکە لە کێوە بوو؟» ژنەکەیشی دەڵێت کە لە بۆیلەنەوە بووە و ئەمڕۆ دێت و بەرنامەی کۆنسێرتەکەی داھاتوویانی بۆ دەھێنێت. خاتوو بلووم بەرچایی دەخوات، پرسیاری کاتی پرسەکەی دیگنەم دەکات و وەڵام وەردەگرێت.

مۆڵی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆمانێکی خوێندووەتەوە بە ناوی ڕوبی: قارەمانی گۆڕەپان، کە بلووم بە کرێ بۆی ھێناوە، باس لە کچێک دەکات بە ناوی ڕوبی و پاش ئەوەی خێزانەکەیان دادەڕمێت، لە تەمەنی سیانزە ساڵییەوە فرۆشراوە و خراوەتە بەر کاری زۆرەملێ و دواتر بە پیاوێک فرۆشراوە بە ناوی سینیۆر ئێنریکۆ مافێی، کە بەڕێوەبەری سێرکە. ئەم پیاوە زۆر نادادانە لەگەڵ ڕوبیدا ڕەفتار دەکات و لێی دەدات. مۆڵی پرسیاری وشەیەکی ناو ئەم پەڕتووکە لە بلووم دەکات، کە وشەی «گیانگۆڕکێ»یە، بلووم ھەوڵ دەدات بۆی ڕوون بکاتەوە وشەکە بە چ واتایەک دێت و دواتر بلووم لەم چیرۆکەوە دەکەوێتە بیری سێرکێک کە خۆی چووە بۆی و ڕووداوێکی نەخوازراو تیایدا ڕووی داوە. وا دیارە ئەم پەڕتووکە پەڕتووکێکی ڕاستەقینە نەبێت و جۆیس خۆی لە لێکدانی چەند پەڕتووکێکی ھاوشێوە دروستی کردبێت. بەھەرحاڵ، بلووم بە دەم بیرکردنەوەوە سەرنجی ھەندێک لە شتەکانی نێو ژووری نوستنەکە دەدات، یەکێک لەوانە تابلۆیەکە بە پەنا سەریانەوە ھەڵیانواسیوە و ناوی خۆشوشتنی پەرییەکەیە، ئینجا وشەی «گیانگۆڕکێ» بۆ مۆڵی ڕوون دەکاتەوە. لەپڕ بۆنی شتێکی سووتاو دەکەن، کە ئەویش گورچیلەکەیە کە بلووم لە خوارەوە لەناو تاوەکەدا بە جێی ھێشتووە. بلووم ڕۆمانەکە دەخاتە گیرفانی تا دواتر بیباتەوە بۆ ئەو جێیەی لێی بە کرێ ھێناوە و بە ھەڵەداوان دەچێتە خوارەوە.

بلووم لە موبەقەکە دەبینێت لایەکی گورچیلەکە کەمێک سووتاوە، بەڵام خۆی وەھا حەزی لە گورچیلەیە و دادەنیشێت و لەگەڵ کووپێک چادا دەیخوات، لەناکاو بیری ھەندێک لە وتەکانی میلیی کچی دەکەوێتەوە لە نامەکە و جارێکی تر نامەکە دەردەھێنێت و دوو جار ھەموو نامەکە دەخوێنێتەوە. میلی لە نامەکەدا سوپاسی دەکات کە دوێنێ بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونیەوە دیاریی بۆی ناردووە، ئەویش کڵاوێکی تامۆشانتەر بووە، ئینجا باسی خۆی بۆ دەکات کە لە بواری فۆتۆگرافیدا کار دەکات و حەفتەی داھاتوو نیازیان وایە بچنە سەیران بۆ سەر دەریاچەیەک بە ناوی دەریاچەی ئۆوێڵ. ھەروەھا باسی کوڕێک دەکات کە خوێندکارێکی گەنجە و جارجار دێت سەردانیان دەکات، دواتر لە ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم کوڕە ناوی ئەلێک بانەن-ە.

بلووم پاش خوێندنەوەی نامەکە دەکەوێتە بیری سەیریی دونیا کە میلی وا گەورە دەبێت و لێیان دوور دەکەوێتەوە، ئینجا ھەندێک یادەوەریی تری منداڵیی میلی دەھێنێتەوە بیری. لەوەوە بیر لە منداڵێکی تری خۆی و خاتوو بلووم دەکاتەوە کە کوڕێک بووە بە ناوی ڕودی و پێنج ساڵ دوای میلی، واتە دە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٣ لە دایک بووە و لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٨٩٤دا مردووە، واتە تەنھا یانزە ڕۆژ ژیاوە. مەرگی ئەم منداڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی میستەر بلووم و خاتوو بلوومی ژنیشی داناوە، دواتر دەردەکەوێت لەو کاتەوە پەیوەندیی سەرجێییان نەماوە و بلووم بۆ مەرگی ئەم کوڕەی زۆر پەرۆشە و خوازیار بوو لە دوای خۆی کوڕێکیشی بە جێ بھێشتایە.

پاشان بلووم ترسی ئەوە دایدەگرێت کە نەکا میلی کە وا ئێستا لە دووری ئەوان دەژی خراپەی لەگەڵ بکرێت، ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر میلی تووشی کێشە بوو چۆن بەرگریی لێ بکات و چۆن بچێت ڕزگاری بکات، بەڵام دواتر متمانەی پێ دەکات و بە خۆی دەڵێت «دەزانێت چۆن ئاگای لە خۆی بێت» و ئەگەر شتی خراپیش ڕووی دا ئەو کاتە ئەم وەک باوک بە ھانایەوە دەچێت. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئایا ڕۆژێک سەردانی بکات و دیارییەکی بۆ ببات یان نا؟ پشیلەکە، کە کاغەزی گورچیلەکەی تێر لێسایەوە، بلووم لەم بیرانە دادەبڕێنێت و دەیەوێت بڕوات.

بلووم ھەست دەکات پێویستە بچێت دەست بە ئاو بگەیەنێت، لەناو چەکمەجەیەکدا حەفتەنامەیەک دەردەھێنێت و دەرگا بۆ پشیلەکە دەکاتەوە، پشیلەکە ڕادەکاتە سەرەوە بۆ لای مۆڵی، بلوومیش خۆی و حەفتەنامەکە دەچنە حەوشەی پشتەوە، کە لەوێ باخچەیەک و ئاودەستێکی لێیە، لە حەوشەکە کەمێک ڕادەوەستێت و بیرێک لە گەشەدان بە باخچەکە دەکاتەوە کە چی بڕوێنێت و چۆن خاکەکەی بەپیت بکاتەوە. گوێ بۆ ماڵەکەی تەنیشتیشیان ھەڵدەخات تا بزانێت ئایا کەسیان لە دەرەوەن یان نا. بە کورتیش بیر لە بڵێسە بۆیلەن دەکاتەوە، کە وا دیارە کەمێک لەوەوبەر دیویەتی کە بۆیلەن لای دەلاک بووە و قژی چەور کردووە و خۆی قۆز کردووە. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر کات ما و فریا کەوت پێش پرسەکە بچێت بۆ گەرماوی دەرەوە و خۆی بشوات.

ئینجا بلووم دەچێتە ئاودەستەکە و بە دزییەوە لە کونێکەوە تەماشای پەنجەرەی ماڵەکەی تەنیشتیان دەکات. پاشان لەسەر کاسەی ئاودەستەکە دادەنیشێت. جۆیس نزیکەی دوو لاپەڕەی لەسەر چۆنێتیی ئەم ئاودەستکردنەی میستەر بلووم نووسیوە و لەمەوە دەزانین کە بلووم نەخۆشیی مایەسیریی ھەیە و دوێنێ قەبز بووە.

بلووم لە حەفتەنامەکەدا چیرۆکێک دەخوێنێتەوە بە ناونیشانی نووسینی خەڵاتکراومان: کارامەییەکەی ماتچام، لە نووسینی فیلیپ بیوفۆی، کە بە درێژایی ھەموو ڕۆمانی ئولیس دەرناکەوێت ئەم چیرۆکەی ماتچام چۆنە، ئەگەرچی لە ئەڵقەکانی داھاتوودا چەند جارێکی تریش ئاماژەی پێ دەدرێتەوە. فیلیپ بیوفۆی کەسێکی ڕاستینەیە و زۆر جار لەو حەفتەنامەیەدا چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی نەنووسیوە کە جۆیس لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەدا ھێناویەتی و وا دیارە خەیاڵکردە. بلووم بیر لەو پارەیەش دەکاتەوە کە میستەر بیوفۆی لە بەرانبەر نووسینی ئەم چیرۆکەدا وەریگرتووە و بیر لەوە دەکاتەوە خۆیشی چیرۆکێک بھۆنێتەوە و بڵاوی بکاتەوە. جۆیس بە شێوەیەکی جەفەنگی ئاودەستکردنەکەی بلوومی ھاوکات کردووە لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکە خەڵاتکراوەکەی ناو حەفتەنامەکە و زاراوەی سەربازیی بۆ کارەکەی بلووم بە کار ھێناوە، وەک: «خەریک بوو خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵام بەرگریی کرد» و «بەرگرییەکەی داڕما». بلووم دێتەوە سەر بیری چیرۆکەکەی خۆی کە بە نیازە بینووسێت و وەک میستەر بیوفۆی پارەی پێ وەربگرێت، بیر دەکاتەوە کە ئایا لە بارەی چییەوە بێت، پێی وایە کە باشترە سوود لە پەندی پێشینان وەربگرێت و لە بارەی خۆی و ژنەکەیەوە بێت: «میستەر و خاتوو ل. م. بلووم» واتە میستەر لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵی بلووم. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە بەیانییەک لە بازاڕ باندێکی موزیک موزیکی سەمای سەعاتەکانی ئەمیلکارێ پۆنکیێللی (١٨٣٤-١٨٨٦)یان ژەندووە و ئەم بە گۆڕانی جلوبەرگی سەماکەرەکاندا، کە لەگەڵ موزیکەکەدا سەمایان کردووە، سەری سەعاتەکانی ناو موزیکەکەی بۆ مۆڵی ڕوون کردووەتەوە. بە گشتی لەم کۆتاییەدا بیر لە ڕۆتینێکی گشتیی ژیانی مۆڵی دەکاتەوە، ھەروەھا بیر لەو کاتەش دەکاتەوە کە مۆڵی و بۆیلەن یەکەم جار یەکیان ناسیوە. لە کۆتاییدا نیوەی چیرۆکە «خەڵاتکراو»ەکەی ناو حەفتەنامەکە دەدڕێنێت و خۆی پێ پاک دەکاتەوە و لە ئاودەست دێتە دەرێ.

بلووم لەبەر ڕووناکییەکەی باخچەکەدا چاوێک بە پانتۆڵەکەیدا دەخشێنێت تا بزانێت لە ئاودەستەکە پیس بووە یان نا، چونکە نایەوێت جلەکانی بۆ پرسەکە بگۆڕێت، چونکە ھەر لە بەیانییەوە خۆی بۆ پرسەکە ئامادە کردووە و بۆینباخ و پانتۆڵی ڕەشی پۆشیوە. لەم کاتەدا کڵێسای جۆرج، کە لای ماڵیانەوە نزیکە، زەنگی سەعات ٨:٤٥ی بەیانی لێدەدات و ئەڵقەکە بە شەش جار دووبارەبوونەوەی «ھەیھوو» و بیرێکی کورتی بلووم تەواو دەبێت، کە ئەم تەواوکردنە تا ڕادەیەک ھاوتەریبی کۆتایی ئەڵقەی یەکەمی لای ستیفن دێدەلسە.[٥]

ئەڵقەی پێنجەم: لۆتوسخۆران دەستکاری

شوێن: بلووم لە ماڵی خۆیانەوە لە شەقامی ئێکلس بەرەو لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسن دەڕوات کە لای بەری باشووری ڕووباری لیفیی ناوەڕاستی شاری دەبلنە، بەرەو پۆستەخانەکەی شەقامی وێستلاند ڕۆو دەسووڕێتەوە، پاشان بەرەو گەرماوەکەی شەقامی لەینستەر دەگەڕێتەوە – دەبلن

کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی

میستەر بلووم بە لای لەنگەرگای سێر جۆن ڕۆجەرسندا تێدەپەڕێت کە لەوێ کار ھەیە و شتان بار دەکرێن. لەسەر ڕێکەی کوڕ و کچێکی منداڵی ھەژار دەبینێت، کوڕەکە جگەرە دەکێشێت. پاشان بە لای دوکانی گۆڕھەڵکەنێکدا دەڕوات. لەبەر پەنجەرەی دوکانێکی چادا دەوەستێت و بیر دەکاتەوە چا بکڕێت. دەیەوێت بە دزییەوە سەردانی پۆستەخانە بکات، تا بزانێت لە مەرسا کلیفردەوە نامەی بۆ ھاتووە یان نا. پێشتر بلووم لە ڕۆژنامەیەکدا ڕیکلامی کردووە کە «پێویستمان بە خانمێکی تایپێستی زیرەک ھەیە بۆ ھاوکاریکردنی پیاوێک لە کاری وێژەوانیدا» و چل و چوار خانم پەیوەندییان کردووە کە ئەم کارە وەربگرن، مەرسا یەکێکە لەوان و بلوومیش ئەم پەیوەندییەی تا ڕادەیەک خراپ بە کار ھێناوە، ئەگەرچی ھێشتا یەکتریشیان نەدیوە و لەوە ناچێت بلووم حەز بکات یەکتر ببینن. بلووم ناوی خوازراوی «ھێنری فلاوەر» بۆ ئەم پەیوەندییە بە کار دەھێنێت، واتە مەرسا وا دەزانێت بلووم ناوی ھێنرییە. لە ڕامان لە پەنجەرەی دوکانی چاکەوە بیر لە کێڵگەی چا دەکاتەوە لە سیلان و ڕۆژھەڵات کە چۆن لە ساڵێکدا شەش مانگ دەنوون. لەوێوە بیر لە گەرمی و لە دەریای مردوو دەکاتەوە و دواتر بە ناڕوونی بیر لە دەستووری ئەرخەمیدس دەکاتەوە.

بلووم ڕۆژنامەیەکی فریمانس جۆرنەڵی ئەو ڕۆژەی پێیە کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی دەبلن بووە و بلووم خۆی لەوێ کار دەکات و نوێنەری ڕیکلامسازیی ئەو ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. دواجار دەگاتە پۆستەخانەکە و کارتی ھێنری فلاوەر ڕادەست دەکات، نامەیەکی لە مەرساوە بۆ ھاتووە و دەیدرێتێ. ئینجا خۆی بە تەماشاکردنی پۆستەرێکەوە دەخڵافێنێت، کە وێنەی سەربازانی سوپای تێدایە، لەوەوە بیر لە خەزووری دەکاتەوە کە لە سوپادا بووە و ئینجا بیر لە ھەندێک ڕووداوی پەیوەندیدار بە سوپا و دەبلن و شا ئێدواردی حەوتەمی بەریتانیا دەکاتەوە کە ماسۆنییە و ھەرگیز جلی ئاگرکوژێنەرەوە و پۆلیسی نەپۆشیوە.

بلووم دەکەوێتەوە ڕێ و لە گیرفانیدا نامەکە دەکاتەوە، شتێکی بە دەرزی پێوە کراوە، وا دەزانێت فۆتۆیە. بەڵام ناسیاوێک دەبینێت بە ناوی مەکۆی، مەکۆی کارگێڕی وێستگەی شەمەندەفەرە و لەگەڵ لاشەدۆزی شاردا کار دەکات و یارمەتیی دەدات، ژنەکەیشی ھەر وەک ژنەکەی میستەر بلووم گۆرانیبێژە، بەڵام بلووم زۆر ڕای لێی نییە و پێی وایە لە ئاستی خاتوو ماریۆن بلووم (مۆڵی)دا نییە. بلووم حەز بەم بینینەی مەکۆی ناکات و دەیەوێت خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام ناتوانێت و مەکۆی دەیگرێت و سڵاوی لێ دەکات و گفتوگۆیەکی ئاسایی ڕوو دەدات و کە سەرنجی جلی پرسەکەی بەری بلووم دەدات دەپرسێت کێ مردووە؟ بلوومیش پێی دەڵێت کە پاتریک دیگنەم مردووە و کاتژمێر ١١ پرسەکەیەتی، کە دەکاتە نزیکەی سەعاتێکی تر. ئینجا مەکۆی دەکەوێتە باسی ئەوەی کە چۆن ھەواڵەکەی زانیوە و پێی ناخۆش بووە. لەم کاتەدا بلووم لەوبەر خۆیانەوە، کە میوانخانەیەکی لێیە، ژن و پیاوێک دەبینێت کە ژنەکە تا ڕادەیەک کەشخە و دەوڵەمەند دیارە، سواری عەرەبانەیەک دەبێت. بلووم خەیاڵی سەرجێیی لەگەڵ ئەم خانمەدا دەکات و مەکۆیش ھەر قسەی بۆ دەکات، بەڵام ترامێکی ناوشار دێتە نێوانیانەوە و بەری دیمەنەکەی لێ دەگرێت و عەرەبانەکەی خانمەکە دەڕوات، بلووم خوازیارە بە لایاندا بڕوات و جارێکی تر خانمەکە ببینێتەوە. لەم کاتەدا خۆی بە ڕۆژنامەکەیەوە سەرقاڵ دەکات و ڕیکلامێکی تێدا دەبینێت. مەکۆی دەیەوێت داوای باوڵێک لە بلووم بکات، کە وا دیارە ئەمە کاری یەکەم جاری نییە کە داوای باوڵ لە خەڵکان دەکات و نایانداتەوە، بلووم یەکسەر باس لەوە دەکات کە خاتوو بلووم کۆنسێرتێکی ھەیە و خۆیان پێویستیان بە باوڵەکەیانە. بە کورتی بلووم باسێکی گەشتە کۆنسێرتەکەی خاتوو ماریۆنی ژنی دەکات. مەکۆی دەیبڕێتەوە و داوا دەکات کە ئەگەر بلووم چوو بۆ پرسەکە، لە لیستی ئامادەبووانی پرسەکەدا ناوی مەکۆی بنووسێت، چونکە خۆی بۆی ناکرێت بچێت بۆ پرسەکە، گوایە لەبەر ئەوەیە کە ئەنگاوتەیەکی خنکان ھەیە کە دەبێت لەگەڵ لاشەدۆزەکەدا بچن بە دەنگیەوە. بەھەرحاڵ، بلووم بەڵێنی پێ دەدات کە وا دەکات و مەکۆی دەڕوات.

بلووم دڵنیا نییە لەوەی مەکۆی ڕۆیشتووە و پێی وایە بۆ سیخوڕی دەورەی داوە، بە دزییەوە خۆی دوا دەخات و ھەندێک ڕیکلامی سەر شەقامەکە دەخوێنێتەوە کە ڕیکلام بۆ نمایشێکی شانۆیی دەکات و لەوەوە بیر لە ھەندێک ئەکتەر و شانۆگەری دەکاتەوە، ھەروەھا بیر لە باوکی و ھاملێت و بە تایبەتی دیمەنێکی شانۆگەرییەک دەکاتەوە، کە باوکی وتەکانی ئەو شانۆنامەیەی لە بەر بووە. ئینجا تەماشا دەکات و ئەرخەیان دەبێت کە مەکۆی ڕۆیشتووە. بە دوای پەناگایەکدا دەگەڕێت تا نامەکەی لێ بخوێنێتەوە. بە لای ھەندێک ئەسپدا دەڕوات و بە دەم خۆیەوە گۆرانیی ئۆپێرایەکی مۆتسارت دەبێژێت، کە ھەوای «لا چی دارێم لا مانۆ»یە، دەچێتە شەقامی کەمبەرلاند و تەماشایەکی چواردەوری خۆی دەکات و نامەکەی مەرسا دەخوێنێتەوە. مەرسا باس لەوە دەکات کە بۆ بینینی ھێنری (بلووم) زۆر پەرۆشە و زمانی نامەکە لە ڕووکەشدا ئاساییە، بەڵام واتای ناڕاستەوخۆی ھەیە کە ئاماژەی سەرجێییان تێدایە، یان ھیچ نەبێت بلووم وا دەیخوێنێتەوە. ئینجا بلووم بیر لە سەرجێیی دەکاتەوە لەگەڵیدا و نامەکە دەخاتەوە گیرفانی. بیر لە ئەگەری یەکبینین دەکاتەوە، بەڵام وا دیارە بلووم نایەوێت بیبینێت. بۆی دەردەکەوێت ئەوەی وای زانی فۆتۆتە و بە دەرزی نراوە بە نامەکەوە، گوڵ بووە، نەک فۆتۆ. دەرزییەکەی فڕێ دەدات و بیر لە پەیوەندیی نێوان خانمان و دەرزی دەکاتەوە کە ژنان دەرزییان زۆرە. لە ناوی مەرساشەوە بیرێکی کورت لە مەرسای نێو ئینجیل دەکاتەوە کە مەرسا و مریەم دوو خوشکی لەعازر بوون و ھاوڕێی عیسا بوون و عیسا سەردانی کردوون. پاشان زەرفی نامەکە دەدڕێنێت و پارچەکانی بەسەر شەقامەکەدا بڵاو دەکاتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر ئەوە چەکێکی بانک بووایە ئاوھا بە ئاسانی دەیدڕاند؟ ئینجا بیر لە لۆردی خاوەنی بیرەخانەی گینیس دەکاتەوە کە چەکێکی حەوت ژمارەیی گۆڕیوەتەوە و بیر لە قازانجی بیرە دەکاتەوە.

بلووم بە دەم ڕێوە دەگاتە کڵێسایەکی کاسۆلیکی بە ناوی ئۆڵ ھالۆس و تەماشای ئاگادارینامەکەی بەردەرگاکەی دەکات و لەوەوە بیر لە ھەندێک کاری مژدەبەری بۆ وڵاتی چین و لەوەشەوە بیر لە بودیزم و بودا دەکاتەوە و بەراوردێکی کورتی نێوان بودا و عیسا دەکات. بۆنەی ماس لە کڵێساکەدا دەگێڕرێت و ئەمیش بەشداریی تێدا دەکات و تەماشای چواردەوری خۆی دەکات. لەم سەرنجانەی بلوومەوە تێدەگەین کە بلووم زۆر لە دینی کاسۆلیک نازانێت و زۆر بە سرووتەکانیان ئاشنا نییە. ئینجا سەرنج لە نزا لاتینییەکانی قەشەکە دەدات و ھەوڵ دەدات لێیان تێبگات. نانەڕەقەکەی ماسی کاسۆلیک بە نانی فەتیرەی جووەکان بەراورد دەکات و بە ھەڵە وا بیر دەکاتەوە کە خەڵکان لە ماسی کاسۆلیکدا شەراب دەخۆنەوە و بە سەرخۆشی دێنە دەرەوە، کە ئەمە ڕاست نییە. سەرنج لە زۆربەی کارەکانی قەشە و باوەڕدارەکان دەدات و بۆ ئەو پرسیارن کە داخۆ ئاماژەکانیان چین و لە چی دەچن؟ پرسیاری جۆراوجۆری تریش لە مێشکیدا دەورووژێن.

بۆ ساتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە لەوانەشە ئێستا مەرسا لەو پەرستگایە بێت. دیسان بیر لە شەراب و پەیوەندییەکەی بە پەیداکردنی پارە و باوەڕەوە دەکاتەوە. سەرنجی ئەوەش دەدات کە بە داخەوە کڵێساکە ھیچ موزیکێک پێشکەش ناکات و لەمەشەوە بیر لە چەند ژەنیارێکی بەناوبانگی دەبلن دەکاتەوە و نمایشێکی مۆڵیی ژنیشی بە بیر دێتەوە کە زۆر نایاب کارێکی موزیکیی جاکینۆ ڕۆسینی (١٧٩٢-١٨٦٨)ی بێژاوە بە ناونیشانی ستابات ماتێر. ئاوھاش بیر لە ھەندێک لە موزیکە نایابەکان و دواتر کاری ڕەبەنگاکانیش دەکاتەوە کە خەساویان لە کۆڕەکانیاندا ڕاگرتووە: واتە منداڵیان بە منداڵی خەساندووە تا کە گەورە بوون دەنگیان گڕ نەبێت و ھەر ئەو ئەدگارە منداڵییانە لە دەنگیاندا بمێنێت، بۆ ئەوەی لە کۆڕی سروودە دینییەکاندا بتوانن شوێنی خانمان بگرنەوە. پاشان قەشەکە دوایین نزاکان دەکات و بلوومیش بیر لە تۆکمەیی ڕێکخراوەیی دینی کاسۆلیک دەکاتەوە، ئینجا قەشەکە دەڕوات و سرووتەکە تەواو دەبێت.

بلووم لە کڵێسا دەردەچێت و بەرەو دوکانێکی دەرمانساز دەچێت، لەوێ چاو بە ھەندێک لە شووشەواتەکاندا دەگیڕێت و بیر لە داو و دەرمان دەکاتەوە، پاشان داوای کرێمێک لە دەرمانسازەکە دەکات، کە نزیکەی دوو حەفتە لەوەوبەر بۆ مۆڵیی ژنی داوە بە کرد، ئێستا دانەیەکی نوێی لێ دەوێت و دەرمانسازەکەش پێی دەڵێت دوایی بۆی بێتەوە، ئینجا بلووم پێش دەرچوونی داوای سابوونێکی لیمۆ دەکات و ھەڵیدەگرێت و لە دوکانەکە دەردەچێت.

لەسەر شەقامەکە کەسێک دەبینێت بە ناوی بانتەم لایەنس و گفتوگۆیەکی کورت لە نێوانیاندا ڕوو دەدات، لایەنس ڕۆژنامەکە لە بلووم وەردەگرێت و بە دوای ھەواڵی جامی زێڕینی ئەسپسوارییەکەی ئەو ڕۆژەدا دەگەڕێت، چونکە بانتەم لایەنس دەیەوێت گرەو لەسەر ئەسپێک بکات تا پارە بباتەوە، واتە قومار دەکات. لێرەدا بلووم قسەیەک دەکات کە دواتر زۆر لەسەری دەکەوێت: دەیەوێت بانتەم لایەنس بەوە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە کە ڕۆژنامەکەی بداتێ و دەڵێت: «دەتوانیت بیبەیت بۆ خۆت» و «خۆم خەریک بوو فڕێی بدەم»، بەڵام ئاماژەی ناڕاستەوخۆی ئەم ڕستەیە، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەیدا زۆر ڕوون دەرناچێت و بلوومیش ھیچ مەبەستێکی ناڕاستەوخۆی لەم قسەیە نییە، دواتر خراپ لێک دەدرێتەوە. ھۆکەش ئەوەیە کە لە نێو ئەو جامە زێڕینەدا ئەسپێک ھەیە بە ناوی «ثرۆئەوەی» کە بە ئینگلی بە واتای «فڕێ بدە» یان «فڕێدەر» دێت و ھەر ئەو ئەسپەشە کە دواتر دەبێتە براوەی جامە زێڕینەکە. بانتەم لایەنس وا ئەو قسەیەی بلووم وەردەگرێت کە بلووم ناڕاستەوخۆ مەبەستی ئەوەیە: «گرەو لەسەر ثرۆئەوەی بکە»، بەڵام نایەوێت ڕاستەوخۆ پێی بڵێت، چونکە بلووم لە ڕۆژنامەیەکدا کار دەکات و دەتوانێت زانیاریی نھێنی لەسەر ئەسپەکان بزانێت، بۆیە نابێت وەھا ڕاستەوخۆ سووسە بداتە خەڵکان کە گرەو لەسەر چ ئەسپێک بکەن و نەکەن. ھەرچۆنێک بێت، بانتەم لایەنس سوپاسی دەکات و ڕۆژنامەکەی بۆ بە جێ دەھێڵێت و دەڕوات. بەڵام بلووم بە ھیچ شێوەیەک نازانێت کە ئەم قسە ئاساییەی کردی دواتر لە ئەڵقەی دوانزەیەمدا چ باجێکی دەبێت.

پاشان بلووم بیر لە گرەوی سەر یاری دەکاتەوە و دەگاتە شەقامی لەینستەر کە گەرماوێکی تورکی لەوێ ھەیە. لەوێدا پۆستەری بۆنەیەکی وەرزشیی پاسکیلسواری دەبینێت کە دوانیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لە زانکۆ ساز دەدرێت، بلووم بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕیکلامە زۆر خراپە و دەکرا باشتر کرابا. لەوێوە پیاوێک دەبینێت کە بە «کەڕەناژەن» بیری لێ دەکاتەوە، سڵاوێکی لێ دەکات و ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کەشوھەوا زۆر خۆش و بەھەشتییە و ماڵی ئەوەیە لەم کەشوھەوایەدا یاریی کریکێت بکەیت. بە کورتی بیر لە کریکێت و یەک دوو ڕووداوی ئەم یارییە دەکاتەوە. لە کۆتاییدا دەگاتە گەرماوەکە و خۆی دەشوات[٦].

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ http://www.nawa.net/ku/u/
  2. ^ "١. تیلێماخۆس". نەوا موکرجی. 2022-12-04. Retrieved 2022-12-05.
  3. ^ "٢. نێستۆر". نەوا موکرجی. 2022-12-05. Retrieved 2022-12-05.
  4. ^ "٣. پڕۆتیوس". نەوا موکرجی. 2022-12-23. Retrieved 2022-12-23.
  5. ^ "٤. کالیپسۆ". نەوا موکرجی. 2023-01-14. Retrieved 2023-01-14.
  6. ^ "٥. لۆتوسخۆران". نەوا موکرجی. 2023-03-25. Retrieved 2023-03-25.