جەلالی میرزا کەریم

جەلالی میرزا کەریم (١٩٣٥-١٤\١\١٩٩٣) شاعیرێکی نوێکاری کورد و سەر دەستەی نوێخوازانی بزووتنەوەی ڕوانگە بوو.

Jalal Mirza Karim.jpg

ژیاندەستکاری

جەلال میرزا کەریم ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی و خێزانێکی دیاری ئەو شارە ھاتۆتە جیھانەوە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی خوێندووە. سەرەتای خەباتی ڕامیاریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥، کە بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتیی قوتابیان و ھەر لەو قۆناغەدا دەستیداوەتە ھۆنراوە ھۆنینەوە و لە سەرەتادا کەوتبووە ژێر کاریگەریی ھۆنراوەکانی مامۆستا گۆران، بەڵام دواتر کە ئەزموونی ھونەری دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی و لە کاروانی خەباتی ڕامیاریشدا پتر تێھەڵچووە و لە ساڵی ١٩٥٦ دا لەسەر چالاکی ڕامیاریی گیراوە و دادگا فەرمانی سێ مانگ بەندکردن و ساڵێک دەستبەسەری بۆ دەرکرد، ئەم ماوەیەی لە شاری بەدرە بردەسەر. لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بوو بە ئەندامی لیژنەی ناوچەیی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە سلێمانی. ساڵی ١٩٥٩ بوو بە کارگێڕی ڕۆژنامەی ھیوای کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٢ لە یادی ڕاپەڕینی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ سلێمانی جارێکی دیکە گیرایەوە، فەرمانی دوو ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو، ماوەی زیندانییەکەی لە بەندیخانەی شاری حیللە لە باشووری عێراق بردەسەر. لە دوای ئازادبوون گەڕایەوە بەغدا و لە ساڵی ١٩٦٤ لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردی وەک مووچەخۆرێک دامەزرا و چەند ساڵێک لەوێ مایەوە. لە سەرەتای ١٩٦٦دا تا ساڵی ١٩٧٠ بێژەر و وەرگێڕ بووە لە ڕادیۆی کوردی بەغدا ئەوسا چونکە سەر بەباڵی نوسینگەی سیاسی بوو بەھۆی ئەوانەوە بوو بە رۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی"ھاوکاریی" کە حوکوومەتی عێراقی بەعس لە بەغدا دا دەریدەکرد. ساڵی ١٩٧٠ بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «بەیان» ھەڵبژێردرا. لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٧٠ دا یەکێک بووە لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕوانگە کە یەکەم بەیاننامەیان بە واژووی حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری بڵاوکردەوە و دواتریش ٣ ژمارەیان لە بڵاوکراوەی ڕوانگە لە شێوەی پەرتووکدا بڵاو کردەوە کە زۆرینەی پێنووسە نوێخوازەکانی ئەو سەردەمە بەرھەمیان تێدا بڵاو دەکردەوە و ئاسگی داھێنانی بەھۆنراوە و چیرۆکی کوردیان بەرە و ئاستێکی باڵاتر برد. ساڵی ١٩٧٤ کە شەڕ دەستی پێکردەوە لە نێوان دەسەڵاتی بەغدا و بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی کورد جەلال بەغدای جێھێشت و ڕووی کردەوە شاخ. ساڵی ١٩٧٦ ژیانی ئاوارەیی ھەڵبژارد و ڕووی کردە ئەمەریکا. لە دواییدا وتبووی باشتر ئەوە بوو نەچوومایە ئەمەریکا، چونکە پەنابەری سیاسی لەوێ نەبوو و نەدەدرا بەکەس. ساڵی ١٩٨٢ لە ئەمەریکا ئۆتۆمۆبیل لێی دابوو و لەشی تێکشاند و تووشی لەرزۆکی کردبوو. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی عێراق جەلال گەڕایەوە نیشتیمان. لە ئەیلوولی ١٩٩٢ لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردستانی عێراق لە ھەولێر دامەزرا. رۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٣ بە نەخۆشی دڵ لە نەخۆشخانەی کۆماری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی برایەوە سلێمانی، وە لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەتی لە گۆڕستانی گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.

بەرھەمەکاندەستکاری

جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ژیانی ٥٨ ساڵیدا، ئەم بەرھەمانەی بەچاپ گەیاندووە:

چەند نموونەیەک ھۆنراوەکانی:

شاعیری نوێکار لە ھۆنراوەیەکیدا بەناوی «ڕوانینەکانی چاوی شەقام»، کە ساڵی ١٩٧٠ نووسیویەتی و لە ژمارەی ٤ی ھەمان ساڵی گۆڤاری بەیاندا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت:

ھۆن ھۆن نیگای ئاگری
باڵی کاروانمان
بەسەر باخی مەرگی بەھاری
ئاسۆدا ئەبارێنێ
ھۆنراوەی زام
تەڵ.. تەڵ چڵی خوێنی وشەی
سەر بڕاومانە
لەرێژنەو ئاوی ھەناسەی
ژاڵەو بیی-دا دا ئەچێنێ!
لێوی گەڵا
تریفەی بزەی ھەورامان
بەناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و
شیندا ئەوەرێنێ!!

پاشان لە بەشێکی تری ھۆنراوەکەیدا دەڵێت:

دیواری خوێن خۆی لە
فرمێسک
ھەڵئەکێشا
سەنگەری خەم چیای قورسی
ڕێی نۆ ساڵەی
تەنیا خواستێکی ئەکێشا
گۆرانی لەناو گەروودا
ئەخنکێنرێ
گۆرانی لەناو سەنگەردا ئەسووتێنرێ!
کەچی ھێشتا.. ھێشتا
سەنگەر
نازانم بۆ
بۆ لەئاگری ناو گەرووی
خۆی ناپرسی؟!

شاعیر لە ھۆنراوەیەکی دیکەیدا بەناوی "یادو... یاقووت و .. نەھەنگ"، کە دوای ڕێککەوتننامەکەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ نووسیویەتی لە ڕەوشی کوردو ڕژیمی بەغدا دەدوێت، پێشبینی ئەوە دەکات کە ڕژێمی بەعس لەو ئاستەدا نییە مافی نەتەوەیی کورد دەستەبەربکات، لەدوا بڕگەی ھۆنراوەکەیدا بەئاشکرا دەڵێت:

ئەی کوردستانی پێشمەرگە
ڕاستە دڵی چیاکانت
چاوی گەشی منداڵانت
ئەمساڵ پڕ شایی و ئاھەنگە
بەڵام قسە
ھێشتا ڕەنگە
خواست و مەرام یاقووتێکی شەوچراغی
ناو گەرووی تاری نەھەنگە!

سەرچاوەکاندەستکاری