بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ

بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ یان مافنامەی جیھانیی مرۆڤ پەیمانێکی نێونەتەوەیییە کە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی ھەر مرۆڤێک پەسەند کرا. ئەم بانگنامەیە ئاکامی ڕووداوەکانی شەڕی جیھانیی دووەم بوو و بۆ یەکەم جار باسی لە تەواوی ئەو مافانە دەکرد کە ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێکی جیھان خاوەنیەتی.[١]

خاتوو ئیلینۆر ڕۆزەڤێڵت یەکێک لە یەکەمین بەڵگەکانی مافنامەی جیھانی مرۆڤ نیشان دەدات

بەندەکان دەستکاری

بەندی ١ دەستکاری

هه‌موو مرۆڤه‌کان به‌ ئازادی‌ له‌ دایک بوون ‌و له‌ باری‌ ئابڕوو ‌و که‌رامه‌ت‌ و مافه‌کانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌ک به‌رابه‌رن . هه‌موویان خاوه‌نی‌ عه‌قل ‌و ویژدانن ‌و ده‌بێ‌ به‌ گیانێکی‌ برایانه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌کدا بجووڵێنه‌وە.

بەندی ٢ دەستکاری

ئەم ئازادی و مافانەی لەم بانگنامەیە باسیان ھاتووە، ھەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە بێ ھیچ جۆرە جیاوازییەکی وەک، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، زایەند، زمان، دین، بیروڕای سیاسی، یان ھی دیکە، ڕیشەی میللی یان جڤاکی، موڵکایەتی، ڕەچەڵەک، یان ھەر پێگەیەکی دیکە بێ. ئەوجا، نابێت ھیچ جیاوازییەک بکرێت لەسەر بنەمای ھەڵوێستێکی سیاسی، قانوونی یان نێودەوڵەتی، کە وڵات یان ناوچەی ئەو مرۆڤە دەیگرێتەوە، جا ئەو وڵات یان ناوچەیە سەربەخۆ بێت، ژێر چاودێری بێت، خۆفەرمان نەبێت، یان ھەر لایەنێکی دیکەی سەروەریی خۆی دۆڕاندبێت.

بەندی ٣ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ژیان، ئازادی و ئاساییشی ھەیە.

بەندی ٤ دەستکاری

نابێت ھیچ مرۆڤێک بە کۆیلە و نۆکەر بگیرێت. ھەموو جۆرێکی کۆیلایەتی قەدەغەیە.

بەندی ٥ دەستکاری

نابێت ھیچ مرۆڤێک بخرێتە ژێر ئەشکەنجە یان ھەڵسوکەوت و سزای دڕی، نامرۆیانەی ڕووشکێنەوە.

بەندی ٦ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە ھەموو بارێکدا وەک مرۆڤ بە واتای یاسایی بسەلمێنرێت.

بەندی ٧ دەستکاری

ھەموو کەس یەکسانە لە ئاست قانوون، و ھەموو کەس بێ جیاوازی، مافی یەکسانیی پاراستنی ھەیە لەلایەن یاساوە. ھەموو کەسێک مافی یەکسانی ھەیە بپارێزرێت لە ھەموو جیاوازییەکی دژ بەم مافنامەیە و ھەروەھا دژ بە ھەر سازکردنێکی جیاوازیی لەو بابەتە.

بەندی ٨ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لەلایەن دادگای دەسەڵاتدارەوە یارمەتی کارا بکرێت بەرامبەر ھەر کردارێک دژی مافی بنەڕەتی بێت کە دەستوور و قانوون دەیسەلمێنن.

بەندی ٩ دەستکاری

نابێت ھەر لەخۆڕا مرۆڤ بگیرێت، زیندانی بکرێت یان وەڵاتبەدەر بکرێت.

بەندی ١٠ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بە ئەوپەڕی یەکسانییەوە لە دادگای سەربەخۆ و بێلایەن دۆزەکەی بە ئاشکرا و دادپەروەرانە یەکلا بکرێتەوە، چ ماف و ئەرکی بێت، چ تاوانێکی ئاڕاستە کرابێت.

بەندی ١١ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک کە بەرگومان بێت بە کردارێکی بەرسزا، مافی ھەیە بە بێتاوان دابنرێت، ھەتا ئەو دەمەی گوناھەکەی بە گوێرەی قانوون دەسەلمێندرێت لە دادگای کراوەدا، کە ھەموو دەرفەتێکی دەداتێ بۆ دەستەبەرکردنی داکۆکیکردن لە خۆی.
  2. ھیچ مرۆڤیک نابێت سزا بدرێت بە کردارێک یان ناکردارێک کە کاتی ڕوودانی بە قانوونی میللی یان نێودەوڵەتی بەرسزا نەبووبێت (بە تاوان دانەنرابێت). ناشبێت سزایەک بدرێت گرانتر بێت لەو سزایەی دەمی ڕوودانی ئەو کردارە بەرسزایە ڕەوا بووە.

بەندی ١٢ دەستکاری

ھیچ مرۆڤیک نابێت لەخۆڕا تووشی دەستتێوەردانی ژیانی کەسی، خێزان، ماڵ و پەیوەندی بێت، یان پەلاماردانی شەڕەف و ناوبانگ بێت. ھەموو کەسێک مافی پاراستنی قانوونیی ھەیە لە دەستتێوەردان و پەلاماردانی لەو بابەتە.

بەندی ١٣ دەستکاری

  1. ھەموو کەسێک لە سنووری ھەموو دەوڵەتێک، مافی ھەیە ئازادانە بگەڕێ و نشیمەنی خۆی ھەڵبژێرێت.
  2. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ھەموو وڵاتێک بەجێ بێڵێت، با وڵاتی خۆیشی بێ، و ھەروەھا مافی ھەیە بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.

بەندی ١٤ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە وڵاتی دیکە ھەم داوای پەنابەری بکات و ھەم پەنا بدرێ بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری.
  2. ئەم مافە کەسانێک ناگرێتەوە دادگا داوایان بکات، لەسەر دۆزی بەڕاستی ناسیاسی یان دژ بە بنەما و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەندی ١٥ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھاوزێدەتییەکی ھەیە.
  2. نابێت لەخۆڕا مافی ھاوزێدەتی لە ھیچ مرۆڤێک بسەندرێتەوە و نابێت مافی گۆڕینی ھاوزێدەتی لێ زەوت بکرێ.

بەندی ١٦ دەستکاری

  1. ژن و پیاوی ڕسکاو مافی ھاوسەری و دامەزراندنی خێزانیان ھەیە، بێ ھیچ سنووردارییەک بنەمای لەسەر ڕەگەز، ھاوزێدەتی یان ئایین بێت. ھەردووکیان خاوەن مافی یەکسانن لە کاتی ھاوسەرگیری، لە ماوەی ھاوسەری و لە کاتی جودابوونەوە.
  2. ھاوسەری تەنھا بە دڵاسوودەیی (ڕەزامەندی) ئازاد و تەواوی ھەردوو ھاوسەر دەبێت.
  3. خێزان یەکەی خۆرسک و بنەڕەتییە لە جڤات و مافی ھەیە لەلایەن جڤات و دەوڵەتەوە بێتە پاراستن.

بەندی ١٧ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی موڵکایەتی ھەیە، چ بەنها چ لە پەیوەست لەگەڵ کەسانی دیکە.
  2. نابێت ھیچ مرۆڤێک لەخۆڕا موڵکی لێ زەوت بکرێت.

بەندی ١٨ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیر، ویژدان و ئایینی ھەیە. واتە مرۆڤ ئازادە لە گۆڕینی ئایین و گۆڕینی باوەڕ، ھەروەھا دەربڕین لە ئایین و باوەڕ بە تاک یان بە کۆمەڵ، ئاشکرا یان نھێنێ، لە ڕێی خوێندنەوە، پەرستنەوە، پەیڕەوی و ڕێز گرتنی ڕێوڕەسمەوە.

بەندی ١٩ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی ھەیە. بە گوێرەی ئەم مافە ھەموو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنی بیروڕا، گەڕان بەدوای زانیاری، وەرگرتن و پەخشی زانیاری و بیروڕا بە ھەموو دەستاوێژێکی دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.

بەندی ٢٠ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ئازادانە بەشداری پەیوەست و جڤین (کۆبوونەوە)ی ئاشتییانە بێت.
  2. نابێت ھیچ مرۆڤێک ناچار بکرێت ببێتە ئەندامی پەیوەستێک.

بەندی ٢١ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەشداریی بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆی ھەیە، ڕاستەوخۆ یان لەڕێی نوێنەری ئازادانە ھەڵبژێردراو.
  2. ھەموو مرۆڤێک مافی یەکسانی ھەیە بۆ وەرگرتنی کارمەندێتیی گشتی لە وڵاتی خۆی.
  3. ویستی میللەت سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە. ئەم ویستە بە ھەڵبژاردنی دروست و ماوەماوە دێتە دەربڕین، ھەڵبژاردنیش بە مافی گشتی و یەکسانی دەنگدان پیادە دەکرێت و لەڕێی دەنگدانی نھێنییەوە یان ھەر شێوەیەکی دیکەی ھاوبایەخی دەنگدانی ئازادەوە.

بەندی ٢٢ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک چونکە ئەندامی جڤاتە مافی ئاسوودەییی جڤاکیی ھەیە کە دەبێت بڕاستێنرێت (تەحقیق بکرێت) لەڕێی خەباتی میللی و ھاریکاریی نێودەوڵەتییەوە، بە ڕەچاوگرتنی سازمان و دەرامەدی ھەر دەوڵەتێک، بۆ دابینکردنی مافگەلی ئابووری، جڤاکی و فەرھەنگیی کە پێویستن بۆ پاراستنی سەروەریی مرۆڤ و بۆ فراژووتنی ئازادانەی کەسایەتیی مرۆڤ.

بەندی ٢٣ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە: کار بکات، ئازادانە پیشە ھەڵبژێرێت، ھەلومەرجی پیشەکەی دادپەروەرانە و دڵاسوودەبەخش بێت و ھەروەھا مافی پاراستنی ھەیە لە بێکاری.
  2. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بێ جوداوازی ھەمان مووچەی ھەبێ بەرامبەر ھەمان کار.
  3. ھەموو مرۆڤێک کە کار دەکات، مافی ھەیە مزەیەکی دادپەروەرانە و دڵاسوودەبەخش وەربگرێت، کە گوزەرانێکی مرۆڤشیاو بۆ خۆی و خێزانی دەستەبەر بکات و، لە بارودۆخی پێویستدا، دەستاوێژی دیکەشی بچێتە پاڵ بۆ پاراستنی جڤاکی.
  4. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی ھەم سەندیکا دامەزرێنێت و ھەم ببێتە ئەندامی سەندیکا.

بەندی ٢٤ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە کاتی سەربەست (کاری ئازادی بێکاری) و پشووی ھەبێ، کە دەکاتەوە دیاریکردنی سنوورێکی گونجاو بۆ کاتی کار و ماوەی وچان (ماوەی بێکاری)ی مووچەدار.

بەندی ٢٥ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بۆ ئاستێکی ژیان کە گونجاو بێت بۆ ساخڵەمی و خۆشگوزەرانیی خۆی و خێزانی، کە دەکاتەوە خۆراک، پۆشاک، نشیمەنی، ساخڵەمی و خزمەتگوزاریی پێویستی جڤاکی، و ھەروەھا مافی ئاسوودەگی لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتن، مەرگی ھاوسەر، پیری یان زیانی دیکەی ڕێگری بژێوی لە ھەلومەرجی وەھا کە لە توانای ئەم بەدەر بن.
  2. دایک و زارۆک مافیان ھەیە بۆ پەرۆشداری و یارمەتیی تایبەت. ھەموو زارۆکان، چ لە نێو چ لە دەرەوەی ھاوسەرگیری زا بن خاوەن ھەمان مافی پاراستنی جڤاکین.

بەندی ٢٦ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی فێرکاریی ھەیە. فێرکاری لایەنی کەم لە ئاستی سەرەتا و بنەڕەتی دەبێت مفت (بێبەرانبەر) بێت. فێرکاریی بنەڕەتی دەبێت ناچاری (ئیلزامی) بێت. فێرکاریی پیشەزانی و تەکنیکی دەبێت ڤەکری (ئاواڵە) بێت بۆ ھەمووان. فێرکاریی باڵا دەبێ ڤەکری بێ بۆ ھەموان بەگوێرەی کارامەیی.
  2. مەبستی فێرکاری دەبێت فراژووتنی تەواوی کەسایەتی بێت و ھەروەھا بۆ ڕاھێزانی ڕێزە لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی. فێرکاری دەبێت ھاندەر بێت بۆ دەرک کردن، سنگفراوانی و دۆستایەتیی نێوان میللەتان، گرووپی ڕەگەزی و گرووپی دینی و ھەروەھا بۆ پتەو کردنی خەباتی «UN» بۆ دابینکردنی ئاشتی.
  3. مافی ھەڵبژاردنی جۆری فێرکاری بە پلەی یەکەم بۆ دایک و باوکانە.

بەندی ٢٧ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ئازادانە بەشداری ژیانی فەرھەنگیی جڤات بێت، چێژ لە ھونەر وەربگرێت و بەشدار بێت لە پێشخستنی زانست و لە بەھرەکانی سوودمەند بێت.
  2. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەرژەوەندیی ماددی و ئەدەبی بپارێزرێت لە ھەر بەرھەمێکی زانستی، ئەدەبی و ھونەری کە خۆی خاوەنی بێت.

بەندی ٢٨ دەستکاری

ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەشێک بێت لە ھەر شیرازەیەکی جڤاکی و نێودەوڵەتی کە تێیدا ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بە تەواوی بڕاستێنێت.

بەندی ٢٩ دەستکاری

  1. ھەموو مرۆڤێک ئەرکی لەسەرە بەرامبەر ئەو جڤاتەی دەرفەت ساز دەکات بۆ فراژووتنی تەواوی کەسایەتی خۆی بەتەنێ.
  2. ھەموو مرۆڤێک لە پیادەکردنی ئازادی و مافی خۆیدا سەرفروو دێنێت تەنھا بۆ ئەو سنووربەندییەی کە قانوون دیاری کردوە تەنھا بە مەبەستی دابینکردنی ڕێز و ڕەچاوگیری بۆ ئازادی و مافی کەسانی دیکە و ھەروەھا بۆ پیادە کردنی مەرجی جڤاتی دێمۆکرات لە پێناو ئاکار، شیرازەی گشتی و خۆشگوزەرانیی گشتی.
  3. ئەم ئازادی و مافە نابێت لە ھیچ بارودۆخێکدا دژ بە بنەما و ئامانجی «UN» بخرێنە کار.

بەندی ٣٠ دەستکاری

ھیچ نییە لەم مافنامەیەدا بە شێوەیەک لێک بدرێتەوە کە ماف بداتە دەوڵەتێک، گرووپێک یان تاکەکەسێک خەریکی چالاکییەک بێ یان کارێک بکات مەبەست لێی ھەڵوەشاندنەوەی ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بێت.[٢]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 1ی Aprilی 2015. Retrieved 27ی Mayی 2015. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help)
  2. ^ http://www.ohchr.org/EN/UDHR/pages/WorldRecord.aspx