تۆتالیتاریزم یان تۆتالیتاریانیزم (بە کوردی:تەواوخوازی، بە ئینگلیزی: Totalitarianism) جۆرە کۆمەڵگایەکە کە تەواوی پانتاییەکانی ژیان و گوزەران و کایەو پێکھاتەکان بە ئیرادەیەکی گشتی و بە خەیاڵێکی سەرتاپاگیر داگیر کردووە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ھیچ ھێزێک لە ھێزەکان و ھیچ کایەیەک لە کایەکان وھیچ ڕێکخراوێک لە ڕێکخراوەکان خاوەن شوناسی خویان نین. لەو کۆمەڵگایانەدا تاکە یەک ڕەوانگە بینی و تاکە یەک ڕوانینی گشتی بۆ جیھان و گۆڕانکاری و کلتورو شتەکانی دەورو بەر ھەیە. لەم کۆمەڵگایانەدا تاکە یەک خەیاڵ تێیدا سەروەرە ئەویش خەیاڵی داخستنی جیھانی دەرەوەیە. کۆمەڵگای داخراو قسە کەرێکە کە بە ناوی کلتورەوە ھەموو جیاوازییەکان دەکوژێت و جڵەوی بیرکردنەوەو ئارەزوی تاکەکان دەکات. بۆ مانەوەی دۆخی ئێستای داخران پێویستییەکی زۆری بە ستەمکاری و سەرکوتکردنی ئەو دەنگانە ھەیە کە بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان ھەیە بۆ ژیان و داوی گۆڕانکاری و چاکسازی دەکات لە ھەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگاکەی دەکات. تۆتالیتاریزم(تەواوخوازی) دیکتاتۆریی مۆدێرنە و تەنیا چەند نموونەی لە جیھاندا ھەیە وەکوو یەکێتی سۆڤیەت، ئەڵمانی نازی، کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆریای باکوور.[١]

تۆتالیتاریزم

پێناسەی تۆتالیتاریزمدەستکاری

تۆتالیتاریزم یان تەواوخوازی بە سیستەمێکی زاڵ دەگوترێ کە لەودا دەوڵەت یان حکوومەت بە تەواوەتی بە سەر کۆمەڵگاو تاکدا زاڵە. لەو جۆرە سیستەمەدا، دەوڵەت بەشێوەیەکی زۆرەملێیانە دەستێوەردان لە تەواوی سێکتەرەکانی سیاسی، ئابووری‌و کۆمەڵایەتیدا دەکا. سیستەمێک کە لەودا، ھەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان. تۆتالیتاریزم بووە بە مژاری دیبەیتی زۆرێک لە توێژەرانی وەکوو ھانا ئارێنت، کاڕڵ پۆپەر، رایمۆند ئاڕۆن، ژوان لەنز و ھتد. ھەر کام لە توێژەران چەند تایبەتمەندیەکی ھاوبەشی رێژیمەکان دەخەنە بەر توێژینەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، تۆتالیتاریزم سیستەمێکی سیاسی‌یە کە خاوەن چەند تایبەتمەندیەکی بنەڕەتیە وەکوو : ئایدۆلۆژیا، تاک-حیزبی، توندوتیژیی پۆلیسی، پڕوپاگەندا و ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراو. لە دوای ساڵی ١٩٤٥ـەوە، ھەندێک توێژەر ھەوڵیان داوە بە لێکۆڵینەوە لە چەند نموونە لە جیھاندا، تایبەتمەندیە گشتیەکانی رێژیمە تۆتالیتەرەکان دەستنیشان بکەن، بەڵام دەستەیەکی‌تر لە توێژەران لە سەر ئەو بڕوایەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ھاوبەش لە نێوان رێژیمە تۆتالیتەرەکاندا بوونی ھەیە، بەڵام ھەر کام لەو رێژیمانە تایبەتمەندیی ناھاوبەش‌و تایبەت بە خۆیانیشیان ھەیە کە لە یەکتر ناچن. (دیلان ھەردی)[٢]

ھانا ئارێنتدەستکاری

ھانا ئارێنت، فەیلەسۆفی ئەمریکی بە رەگەز ئەڵمانی، یەکێک لەو توێژەرانەیەیە کە بۆ یەکەم جار تۆتالیتاریزمیان تیۆریزە کرد. بۆ ئارێنت، رێژیمێکی تۆتالیتەر رێژیمێکی تایبەتە، چونکە ئەوەی کە رەسەنایەتی و بنەمای تۆتالیتاریزم پێک دێنێ، بریتی‌یە لە زێدەڕۆیی لە "ئیزمەکان"دا: ھیستۆریسیزم (مێژووگەری)، یوتۆپیزم، ئەنتی لیبڕاڵیزم، رۆمانتیزم و ھتد. دابڕانێکە لە ھەموو جۆرە رێژیمێکی سیاسی کە پێشتر بوونیان ھەبووە، چونکە تۆتالیتاریزم ھەوڵدەدا ھەموو شتێک وێران بکا؛ مرۆڤ، سیاسەت و جیھان. ئەو جۆرە رێژیمە ھەوڵ دەدا لە رێگەی ھەڵوەشاندنەوەی حیزب‌و رێکخراوەکان، تاکەکان لە ھەموو جۆرە بەستراوەیی‌یەک تەریک بخاتەوە. ئارێنت ناوی ئەوەی ناوە "ئەتۆمیزاسیۆن"ی کۆمەڵگا. بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم زیاتر لە رێژیمێک، بزووتنەوەیەکە کە ھەوڵی لە نێوبردنی ڕاستی و پێکھاتە کۆمەڵایەتی‌یەکان دەدا، دیاردەیەکی جەماوەری‌یە. لە رێژیمێکی تۆتالیتەری‌دا، خەڵک دەگۆڕێ بۆ جەماوەر، چونکە تێکەڵبوونی تاکەکان بەو ریکخراوانەی کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش دروستبوون، ئەستەمە. بۆ جەماوەرێک کە بە شێوەی ھزری بێ‌مەیل کراوە، پەسندکردنی ئایدۆلۆژیا زۆر ئاسانە. ئارێنت چەمکی "دێزۆلاسیۆن" یان "وێرانی" وەکوو لێک‌گرێدانی سێ فاکتەر بە کار دێنێ: تۆقاندن، ئایدۆلۆژیا و تەیارکردنی جەماوەر.  تۆقاندن بە مەبەستی لەناوبردنی ئازادیی دەرەکی، ئایدۆلۆژیا بە مەبەستی لە نێوبردنی ئازادیی دەروونی، لە کۆتایی‌دا، لەناوچوونی ئەو دوو ئازادی‌یەش دەبێتە ھۆی تەیار کردنی جەماوەر بە شێوەیەکی ئاسان. رێژیمی تۆتالیتەر لە لایەن حیزبێک یان گرووپێک بەڕێوە دەبرێ کە خاوەن پێکھاتەیەکی سێکتەری و ئایدۆلۆژیکە. بوون بە ئەندام لە حیزب بە شێوەی جەماوەری‌یە و لە سەر بنەمای رازیبوونی تاک نی‌یە، بەڵکوو لە سەر بنەمای نەزانی و شەیدایی بە کۆمەڵە، کە لە رێگەی رێورەسمەکانەوە بەردەوامی پێدەدرێ. لەو سیستەمەدا، دەوڵەت لە نێو حیزبدا دەتوێندرێتەوەو ناوەندی دەسەڵاتی سوپا دەچێتە ناو پۆلیس. ئەو رێژیمە چەشنێک لە سیاسەتێکی دەرەکی دەگرێتە بەر، کە ھەوڵ دەدا زاڵ بێ بە سەر تەواوی جیھاندا . بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم " بزووتنەوەیەکی نێونەتەوەیی‌یە لە رێکخستنی‌دا، جیھانگیرە لە ئامانجی ئایدۆلۆژیای‌دا، زەمینی‌یە لە رێبازە سیاسی‌یەکانی‌دا"(دیلان ھەردی). [٢]

کاڕڵ یواکیم فرێدریشدەستکاری

کاڕڵ یواکیم فرێدریش بیرمەندێکی دیکەیە کە توێژینەوەی لە سەر تۆتالیتاریزم کردووە و بە رێژیمێکی سیاسی پێناسەی دەکا کە خاوەن شەش تایبەتمەندی‌یە: 

  1. ئایدۆلۆژیایەکی رەسمی کە تەواوی ژیانی کۆمەڵگا دادەپۆشێ،
  2. حیزب یان گرووپێکی سیاسی کە پەیڕەوی لە ئیرادەی تاکێک دەکاو ئایدۆلۆژیاکەی جێگیر دەکا،
  3. کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا لە لایەن پۆلیسێکی نەھێنی تۆقێنەر،
  4. دەسەڵاتێک کە دەست بە سەر ھەموو رێگاکانی پەیوەندیدا دەگرێ،
  5. دەسەڵاتێک کە دەست بە سەر کەرستە‌و ئامرازەکانی توندوتیژیدا دەگرێ،
  6. دەسەڵاتێک کە کۆنتڕۆڵی ھەموو سێکتەرەکانی ئابووری دەکا بۆ ئەوەی ئابووری‌یەکی ناوەندگرا بێنێتە کایەوە.[٢]

رێیمۆند ئارۆندەستکاری

تۆتالیتاریزم بۆ رێیمۆند ئارۆن (دێمۆکراسی و تۆتالیتاریزم، ١٩٤٥)، "توانەوەی کۆمەڵگایە لە نێو دەوڵەتدا". ئارۆن تۆتالیتاریزم بە پێنج تایبەتمەندیی بنەڕەتی‌یەوە پێناسە دەکا کە لە ناو پێناسەکەی کاڕڵ یواکیم فرێدریش‌دا ھەن. بۆ ئارۆن، تۆتالیتاریزم رێژیمێکی سیاسی‌یە کە لە لایەن حیزب یان گرووپێکەوە بەڕێوە دەبرێ، ئایدۆلۆژیا تێیدا بەھێزە، دەست بە سەر ئامرازەکانی ھێزو رێگەکانی پەیوەندیدا دەگرێ، تۆقاندنی پۆلیسی و ئابووری‌یەکی دەوڵەتی تێیدا بوونی ھەیە (دیلان ھەردی).

سیگمۆند نیومەندەستکاری

بۆ سیگمۆند نیومەن (١٩٤٠)، تۆتالیتاریزم جۆرێک لە دەوڵەت نیە، بەڵکوو جۆرێک لە کۆمەڵگایە. ئەو کۆمەڵگایە راستەوخۆ بە شێوەیەکی زۆرەملێیانە بە ناوی دەوڵەتەوە لە لایەن یەک یان چەند گرووپی زاڵەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ. دەوڵەتی تۆتالیتەر "بە پێچەوانەی کۆنسێرڤاتیزمی زۆردارە کلاسیکەکان"، شۆڕش بە دامەزراوەیی دەکا بە مەبەستی گەرەنتی‌کردنی ھەتاھەتایی، واتە "شۆڕشی ھەتاھەتایی" (دیلان ھەردی).

ئێدوارد ھالێت کاڕدەستکاری

ئێدوارد ھالێت کاڕ (١٩٤٩) پێیوایە، تۆتالیتاریزم "بیروباوەڕێکە کە لەودا،گرووپێک یان دامەزراوەیەکی رێکخراو، مەزھەبی، حکوومی یان حیزبی، مافی تایبەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ھەقیقەت ھەیە".

پێناسەکانی تۆتالیتاریزم، یان وەکوو ئەوەی ھانا ئارێنت زۆر سنووردارن، کە جگە لە ئاڵمانی نازی دوای ١٩٣٨و رێژیمی ستالینی دوای ١٩٣٠، لەگەڵ شوێنی دیکە‌و رێژیمی دیکەدا زۆر گونجاو نیە، یان زۆر بەرفراوانن  وەکوو ئەوەی ئێدوارد ھالێت کاڕ، کە کۆمەڵێکی زۆر رێژیم لەخۆ دەگرێ، یان زۆر رواڵەتین وەکوو  ئەوەی کاڕڵ فرێدریش، کە لە لایەکەوە، داینامیکی سیستەمەکە ناڕوونە‌و لە لایەکیترەوە ئەگەری ئەوە ھەیە لە گەڵ ئۆتۆریتاریزم بە ھەڵە بگیرێ و جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێ. لەبەر ئەوە، توێژەرانی دیکە وەکوو کڵاود لێفۆرت‌و ئالێن بۆزانسۆن ھەوڵ دەدەن ھەم لە ناو مەنتقی ئایدۆلۆژیادا و ھەم لە ناو داینامیکی سیستەمدا بە دوای تایبەتمەندی‌یەکانی تۆتالیتاریزم‌دا بگەڕێن. بۆ لێفۆرت، تۆتالیتاریزم بە واتای ئەو سیستەمە دێ کە لەودا کۆمەڵگا لە ناو دەوڵەتدا تواوەتەوە‌و دەسەڵاتەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سەربەخۆ نین.  یەکگرتوو کردن، بە ناوەند کردن و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە کەسێک یان گرووپێکی سیاسی‌دا، لە تایبەتمەندی‌یەکانی ئەو سیستەمەن‌و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی‌و ناھاوچەشنی تێیدا رەت دەکرێنەوە. گرووپی تایبەت‌و تاکخوازی‌و بەتاککردن لە لایەن دەوڵەتەوە دانی پێ دانانرێ. تۆتالیتاریزم ھەوڵدەدا مرۆڤێکی نوێ لە بواری ھزری‌یەوە بەرھەم بێنێتەوە. ئالێن بۆزانسۆن پێیوایە، بۆ تۆتالیتاریزم "نەک تەنیا ئامانج پاساودەری ئامرازە، بەڵکوو تۆتالیتاریزم بە سەپاندنی "سورڕێئالیزمی ئایدۆلۆژیک"، سەربەخۆیی تاک رەت دەکاتەوە" (دیلان ھەردی).

ژوان لەنز لە کتێبەکەیدا (تۆتالیتاریزم‌و ئۆتۆریتاریزم)، شیکردنەوەیەکی  بەراوردکاری بۆ پێناسە جیاوازەکانی تۆتالیتاریزم دەکا و لە ئەنجامدا سێ تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سیستەمێکی تۆتالیتەر دەستنیشان دەکا: ١) ھەبوونی ئایدۆلۆژیا، ٢) تاک‌حیزبی یان ھەبوونی ئۆرگانی دیکەی تەیارکردن، ٣) تاکێک کە دەستی بە سەر ھەموو دەسەڵاتەکاندا گرتووە. لەنز پێیوایە، ئەو سێ تایبەتمەندی‌یانەن کە تۆتالیتاریزم لە رێژیمەکانی دیکە جیا دەکەنەوە، بەڵام دەبێ ھەر سێ تایبەتمەندی پێکەوە بوونیان ھەبێ، چونکە ھەر کام لەو تایبەتمەندی‌یانە بە تەنیا لە رێژیمە ناتۆتالیتەرەکانیش‌دا بوونیان ھەیە. ھەندێک تایبەتمەندیی دیکەش ھەن کە لەنز وەکوو تایبەتمەندیی بنەڕەتی ئەژماریان ناکا، وەکوو: رەتکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، نەبوونی رۆڵی سەرەکیی و گرنگی ھەندێک دامەزراوەی وەکوو مزگەوت و کەنیسە، سوپای وڵات‌و دامەزراوەی پیشەیی (ئەو دامەزراوانە لە ھێڵی پێشەوەی ململانێکانی گەیشتن بە دەسەڵات نین)، ملکەچیی سوپای وڵات، لەنێوبردن یان ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو دامەزراوە‌و رێکخراوانەی کە پێشتر ھەبوون‌و رێکخستنەوەیان بە ئێلیتی نوێ. لەنز پێیوایە، چەشنێک لە پلۆڕاڵیزمی سنووردار لە ھەندێک رێژیمی تۆتالیتەردا بوونی ھەیە. پلۆڕالیزمی سنووردار یەکێک لە تایبەتمەندی‌یەکانی ئۆتۆریتاریزمە (دیلان ھەردی).

تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگای داخراودەستکاری

لە ڕوی سیاسیەوەدەستکاری

دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی دیکتاتۆری و داپڵۆسێنەر دوو دیوی دراوێکن و لێک جودا نابنەوە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا. تاک لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا ئاشنا نیە بە ماف و ئەرک و بەرپرسیاێتییەکانی، تاک مانای گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ھەلبژاردن و ئازادی سیاسی و حیزبی نازانێ، دەسەڵات لە دەست چەند چینێک دایە کە بە ویست و بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەھێنن، وە گۆڕانکاری دەسەڵاتی سیاسی لە باوکەوە بۆ نەوەکانی یان لە ڕیگای کودەتاوە ئەنجام دەدرێ، ئەم دەسەڵاتانەش ھەموو شێوەکانی ئەشکەنجەدانی دەرونی و جەستەیی دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیستەمی سیاسی وڵات و باڵا دەستی حیزبی حاکم یان بنەماڵەی دەسەڵات دار. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە ھەمیشە بە کۆمەڵگەی سەربازی ناو دەبرێن و گرنگترین کایە لە لای سیاسەتمەداران و دەسەڵات داران بەھێز کردنی پێگەی سەربازی وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ھەڵ دەدەن کە چەک و جبە خانە و ھێزێکی سەربازی بێشومار پێکەوە بنێن.

لە ڕووی ئاینییەوەدەستکاری

بە زۆری لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ململانێ ی ئاینی و مەزھەبی لەو پەڕی بڵێسەی دایە، بە ڕادەیەکی زۆر پابەندی ئەفسانەو بیرە کۆنکرێت بووەکانن، دەسەڵات و ئاین تەواو کەری یەکترن، لە بەرژەوەندی خزمەتی یەکتر ھەڵس و کەوت دەکەن، لەم جۆرەکۆمەڵگایانەدا ھەندێ جار بەھۆی دەمارگیری ئاینی یەوە لایەنگرانی ئاینەکان پێکدادانی ھزری یاخود جەستەیی لە نێوان پەیڕەوان ی دوو ئاینی جیاواز یان دوو مەزھەبی جیاواز دروست دەبێت زۆر جار قوربانی گەورەشی لێدەکەوێتەوە، وە زۆر جار لە ناو یەک ئاینیش دا چەند مەزھەبێکی جیاواز دژایەتی و ململانێیەکی ئەوتۆ ھەیە لە نێوانیان دا کە ھیچی لە ململانێ ی دوو ئاینی جیاواز کەمتر نی یە. ھۆکاری سەرەکی ئەم ھەموو گرژی و ئاڵۆزییەش بۆ یەکتر قبوڵ نەکردن و ڕێز نەگرتنی پیرۆزییەکانی یەکتر دەگەڕێتەوە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوەدەستکاری

لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کلتورو داب و نەریت دیاری کەری ھەموو پیرۆزی و بەھایەکی بەرزە، زۆر بە توندی دژی ھەر تازەگەری و گۆڕانێکن کە لە کلتوردا ڕوبدات، وە ئەگەر ھەر گۆڕانێکیش ڕووی دا ئەوا قوربانی گەورەی بەدواوەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا خەڵک بەوە ناسراوە ڕابردوو پەرستی داھاتوو کوژن، ھەموو یاساکان نافەرمی و دانەڕێژراون، ھیچ یاسایەکی فەرمی لە دەسەڵاتی فەرمی یەوە دەرناچێت کە پێچەوانەی یان نەگونجێت لەگەڵ بچوک ترین بەشی کلتور. خەڵک دیل و کۆتی ئەفسانەیە و ئەفسانە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لە لێکدانەوەی ڕوداو و دیاردەکان. چینایەتی و ھۆزایەتی خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤەکانە، زۆری کێشە کۆمەڵایەتی یەکان و تاوانە شەرعیەت پێدراوەکان لە سیما ھەرە دیارەکانی لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای داخراوە.

لە ڕووی ئابورییەوەدەستکاری

لەم کۆمەڵگایانەدا ئابوری وڵات پشتی بە کشتوکاڵ بەستووە، بازرگانی و پیشەسازی لەوپەڕی ئاست نزمی دایە، ھیچ یاساو بیرێکی ئابوری سەروەری لەو کۆمەڵگایانەدا بوونی نی یە، واتا زۆر جار گۆڕینەوەی کەرستە بە کەرستە لە شێوەیەکی سنورداردا بوونی ھەیە و بازرگانی ناوخویی وڵات دەبینری نەک بازرگانی دەرەکی.

نەوەی نوێ و کۆمەڵگای داخراودەستکاری

لە چاندی نەوەکانی پێشودا فەلسەفەیەک ھەیە بۆ داخران و پەراوێز کردنی عەقڵ و بێبایەخکردنی ئازادی بیرکردنەوەو بە لادان زانینی کلتورەکانی دەرەوە. لە کۆمەڵگای داخراو دا ھەولێکی گەورە لە ئارادایە بۆ خزمەتکردن و پیرۆز کردنی ئەو میراتییە کلتورییە بەجێماوەی کە شانازی بە سەروەرییەکانی ئاینی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و نەریتی و ئەقڵانییەکانی خۆیەوە دەکات. شانازی بە دژایەتیکردنی ئێستاو ڕازیکردنی نەوەکانی پێشو دەکات. لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ ھێشتنەوەی ئێستا وەک خۆی.

بابەتە پەیوەندیدارەکاندەستکاری

ئۆتۆریتاریزم

دێموکراسی

رێژیمی سیاسیی ئێران : لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزم دا

سەرچاوەکاندەستکاری

کۆمەڵگای داخراو / ئاسۆ جەبار / چاپی دووەم / سلێمانی / خانەی چاپ و بڵاو کردنەوەی چوارچرا / ٢٠٠٤.

  1. ^ ھەردی, دیلان. "تۆتالیتاریزم (دەسەڵاتخوازی)". رۆژنامەی کوردستان. ٧٧٦.
  2. ^ ئ ا ب ھەردی, دیلان (2019). رێژیمی سیاسیی ئێران: لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزم دا. ھەولێر: ناوەندی ئاوێر. pp. ٨ـ١٣.