ھانا ئارێنت (ئینگلیزی: Hannah Arendt)، لە دایکبووی ١٤ ئۆکتۆبەری ١٩٠٦ی ھانۆڤەری ئەڵمانیا و کۆچیی دوایی ٤ی دیسەمبەری ١٩٧٥ نیویۆرکی ئەمریکا، فەیلەسووف و مێژوونووسی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی-جوولەکە.


لەدایکبوون١٩٠٦ز
مەرگ١٩٧٥ز
نەتەوەئەڵمانی
پیشەفەیلەسووف و مێژوونووس
چالاکبوون-

ژیان دەستکاری

ھانا ئارێنت لە دایکبووی ١٤ ئۆکتۆبەری ١٩٠٦ی ھانۆڤەر ئەڵمانیایە، تەنیا منداڵی پاوڵ مارتای بە ڕەگەز جولەکەی ڕووسییە، بە سەرەتایەکی پڕخەم و ئازار ژیانی دەست پێکردووە، کە لەگەڵ کۆچی دوایی پاوڵی ئەندازیار و نەھامەتییەکانی جەنگی جیھانی یەکەم ھاوکات بووە، پاشتریش ئارێنت بەشێک لە ژیانی لەگەڵ ئیڤا و کلارا بەسەر بردووە پاش ئەوەی مارتای دایکی شوی کردووە بە مارتن بیرواڵدی باوکیان.

ئارێنت پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە کۆینگس بێرگ، ساڵی ١٩٢٤دا دەستی دایە خوێندنی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی ماربێرگ، پاشان لەبەردەستی فەیلەسوفی لاو مارتن ھایدگەری (١٨٨٩-١٩٧٦) مەزنە فەیلەسوفی ھاوچەرخدا و ھەر لەو زانکۆدا دەستی دایە خوێندنی فەلسەفە و لە ساڵێکی پەیوەندی مامۆستا و خوێندکاری پەیوەندی خۆشەویستیش لە نێوانیاندا درووست بوو، کە بە درێژایی نیو سەدە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پەیوەندییەیان بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا ھایدگەر ھەم مامۆستاو ھەم خۆشەویست بوو، ھاناش ئیلھام و نیگابەخشی مامۆستاکەی بووە، پاشانیش چووەتە زانکۆی ھایدلبێرگ و بە سەرپەرشتیاری کارڵ یاسپێرسی فەیلەسوف و دەرونناسی ئەڵمانی نامەی دکتۆراکەی بە ناوی (چەمکی خۆشەویستی لە ئەندێشەی کلتوردا) پێشکەش کردووە، ھاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا لە زانکۆی بەرلیندا ئیلاھیاتی مەسیحی خوێندووە. ساڵی ١٩٢٩دا لەگەڵ گۆنزیر ئەندێر بابەتی بڵاودەکردەوە.

بەھۆی گەشەکردنی بیرۆکەی ئەنتی – سەمیتیزم، جوولەکەکانی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی گرفت بوونەوە، ھەر لەبەر ئەمەش بوو لەساڵی ١٩٣٣ دەستی دایە چالاکی سیاسی و ھاوکاری رێکخراوی زایۆینی ئەڵمانی دەکرد، کە پێشڕەوی دەکرا لەلایەن (کۆرت بلومێنت فیڵد) ەوە بۆ گەیاندنی گرفتی قوربانیانی نازیزم و توێژینەوەی دەکرد لەسەر پڕوپاگەندەی ئەنتی-سەمیتیزم ھەر لەبەر ئەمەش بوو خرایە بەندیخانەی گێستاپۆوە، بەڵام پاش بەدەست ھێنانی سۆزی دەرگاوانی بەندیخانەکە ڕزگاری بوو و لەگەڵ ڤاڵتێر بنیامین و ھەندێک بیرمەندی تردا ھەڵھاتن بۆ پاریس، لەماوەی ١٠ ساڵی مانەوەی لە پاریسدا خۆی بە ھاوکاریی بۆ منداڵانی ئاوارەوە سەرقاڵ کردبوو. ئارێنت بە یەکێک لە فەیلەسوفە ھاوچەرخەکان دادەنرێت کە پاش سیمۆن دی بۆڤوار دیارترین ژنە فەیلەسوفە، بەڵام ئەو فەیلەسوفێکی ستماتیکی نییە وەک کانت و ھیگڵ، بەڵکو تاڵەکانی ئەندێشەی ئەو بە شێوەیەکی وا لێک ئاڵاون کە لە شێوەی چنراوێکدا دەردەکەون، واتە بە کۆشش و ھەوڵدانی بەردەوام دووبارە دەتوانرێت دروست بکرێتەوە.

ھزر دەستکاری

ئارێنت لەو فەیلەسوفانەیە کە ڕەخنەی ھەیە لە مۆدێرنە و لە بەرھەمەکانیدا دوو چەمکی سەرەکی جێی بایەخن ئەوانیش سیاسەت و فەلسەفەن. ھانس جۆنسی فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی و نووسەری کتێبی بنەماکانی بەرپرسیاری دەڵێت:(ھانا بووە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆکردن و باسکردن لە بواری تیۆری سیاسیدا و میتۆدی لێکۆڵینەوەکانی بەسەر ئایدیا و چەمکەکانی بە کۆمەڵگای ڕۆشنبیری سەپاند)، ئارێنت پێی وایە کاتێک کە مرۆڤێک بیر ناکاتەوە بوونی نیە، مەبەستی لە سیاسەت تێگەیشتنە نەک کارکردن، کە گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندی ئێمە و ڕابردوودا ھێنا و دەڵێت بیرکردنەوە واتە بیرھێنانەوەی ڕابردوو و پەیوەستکردنی بە ئێستاوە، من کاتێک بە دووی ڕابردوودا وێڵم ڕاوچییەکم بەنرخترین چەمک وەک مرواری دەرئەھێنم. بەڕای ئەو مرۆڤ ئازاد بوون دەبێت ڕۆڵی ھاوڵاتی لە چوارچێوەی گشتیدا ئەنجام بدات، بەم شێوەیە کاری سیاسی لە فەزای گشتی دەرخەری واتای ئازادی مرۆڤە، بەپێی بۆچوونەکانی ئەو لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەت ژیانی مرۆڤ نەک لە بەرامبەر توندووتیژی ئەوانی دیکەدا دەکەویتە مەترسییەوە، بەڵکو بێمانا و بێ ریشەیە، بەم شێوەیە بواری گشتی سیاسی فەزایەکە کە لەچوارچێوەی ئەودا ئازادی تاکەکەسی تاکەکان دەدرەوشێتەوە و کار و بەرھەمەکانی مانا پەیدا دەکەن.

سەرچاوە دەستکاری

حەمەکەریم، شادان(٢٠١٤)، ھانا ئارێنت و ئەندێشەکانی، گەورەترین تاوانی ئەخلاقی ھەر مرۆڤێک بیرنەکردنەوەیە. کۆڤاری تاوی کۆمەڵایەتی.