تی. ئێس. ئێلیۆت

تۆماس ستێرنس ئیلۆت (بە ئینگلیزی: Thomas Stearns Eliot) ھۆنەر و شانۆکار و ڕەخنەگری ئەدەبی و خاوەن خەڵاتی نۆبڵە لە وێژەدا بۆ ساڵی ١٩٤٨. یەکێک بووە لە ھەرە بەناوبانگەکانی بواری وێژەیی لە سەدەی ٢٠ەمدا، لە ٢٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٨ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩١٤ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا کۆچی کردووە بۆ شانشینی یەکگرتوو (بریتانیا).

تۆماس ئیلیۆت، ١٩٢٣

ئێلیۆت ھەر زوو درکی بەوە کردووە کە بەرھەمە شیعرییەکانی زۆر کەمن ھەر بۆیە بۆ یەکێک لە مامۆستاکانی نووسیویەتی و دەڵێت (ناوبانگم لە لەندەن پەیوەستە بە نووسینی دوو بۆ سێ قەسیدە لە ساڵێکدا، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە دەبێت ئەم قەسیدانە بێکەم و کوڕی بن و زۆر نایاب بن بەجۆرێک ھەر یەکێکیان ببێت بەڕووداوێکی تایبەتی).

لە ساڵی ١٩٢٢ ئێلیۆت قەسیدەیەکی زۆر نموونەیی بڵاوکردەوە و بە گرنگترین و قورسترین قەسیدە دەژمێردرێت لە مێژووی وێژەیی ئینگلیز و جیھاندا و دێڕەکانی بە زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئیسپانی و ھیندی نووسیوەتەوە و لەدوای نووسینی قەسیدەش دەستی کردووەتە نووسینەوەی شانۆگەری شیعری و لە ڕووە نووسیویەتی وە دەڵێت: «پێم وایە ھەموو شاعیرێک دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵگا بدوێت… ببێتە مایەی خۆشحاڵی کۆمەڵگا و بە بیروبۆچوونێکی تایبەتەوە بەرھەمەکانی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات و دەبێت تام و چێژی شیعر نەک تەنھا بە کۆمەڵێک بەڵکو بەزۆرترین کەس بگەیەنێت، شانۆش باشترین شوێنە بۆ ئەم بابەتە».

ئێلیۆت لە بواری ڕەخنەگرتنی وێژەییشدا بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە و بەیەکێک لە مەزنترین ڕەخنەگرانی سەدەی بیستەم دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٣٩ کتێبێکی بەرھەم ھێناوە کە لەدوای مردنی بووەتە بنەمای شانۆگەرییەکی مۆسیقی سەرکەوتوو.

تۆماس ئێلیۆتی شاعیر و شانۆنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی ئەمریکی لە ٤ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٥ لەتەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە لەندەن کۆچی دوایی کردووە.

سەرەتای ژیان و خوێندندەستکاری

خیزانی ئێلیەت لە خێزانی براھمنن لە بۆستن، کە ڕەچەڵەکیان بۆ ئینگڵتەڕا و نیو ئینگلاند دەگەڕێتەوە. باپیرەی لای باوکی ئیلیەت کە ناوی ویلیەم گرینلیف ئیلۆت بوو کۆچی کردبوو بۆ سانت لویس لە ویلایەتی میزۆری بە مەبەستی دروستکردنی کلێسەیەکی مەسیحی لەوێ لەسەر ڕێبازی یەکانگیریی (یونیتاریەن). باوکی، ھێنری وەیر ئیلیەت (١٨٤٨–١٩١٩)، بازرگانێکی سەرکەوتوو و سەرۆک و لێپرسراوی گەنجینەی کۆمپانیای "ھایدروالیک-پرێس بریک' بوو لە سانت لویس. دایکی ئیلیەت، چارلوت چامپ ستیرنس (١٨٤٣–١٩٢٩) شعری دەنووسی و کارمەندی کۆمەڵایەتی بوو، کە پیشەیەکی نوێی سەرەتای سەدەی بیستەم بوو. ئیلیەت دوا منداڵی خێزانەکەی بوو لەو شەش منداڵانەی کە لە ژیان مابوونەوە. لە ناو خێزان و ھاوڕێکانی بە تۆم ناسراو بوو، کە ھەمان ناوی باپیرەی لای دایکی بوو بەناوی تۆماس ستیرنس.[١][٢]

دەتوانین شەیدابوونی ئیلیەت لە تەمەنی منداڵی بە ئەدەبیات بگەڕێنینەوە بۆ چەند ھۆکارێک. یەکەمیان، ئەو چەند کێشەیەکی جەستەیی ھەبوو لەکاتی منداڵیدا و دەبوو بەسەریاندا زاڵ بێت. ئیلیەت بەدەست نەخۆشی فتقی نێوان گەدە و ھەردوو ڕانەکانی دەیناڵاند کە لە زگماکەوە بۆی دروست بووبوو، کە بەم ھۆکارەش نەیدەتوانی بەشداری لە زۆربەی چاڵاکییە جەستەیییەکان بکات و بووبوە ھۆی دابڕانی لە تێکەڵ بوونی لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی خۆی. چونکە زۆربەی کەتەکان بە تەنیا بوو، خۆشەویستی بۆ ئەدەب گەشەی کرد. ھەر کە فێری خوێندنەوە بوو، ئەم کوڕە گەنجە یەکسەر ھۆگری خوێندنەوەی کتێب بوو، لەو کتێبانەش کە زۆر ئارەزووی لێیان بوو بریتی بوون لە Tales of savage و the Wild West وThrill-seeking Tom sawyer ی مارک توین.[٣]

ڕۆبێرت سێنکۆرتی ھاوڕێی ئیلیەت لە کتێبەکەی دەربارەی ژیانی ئیلیەت، دەڵێ کە ئیلیەت لە کاتی گەنجیدا «زۆربەی جار لە کورسی نزیک پەنجەرەیەک دادەنیشێت و دەرمانی خەونەکانی لەدژی ئازاری ژیان بەکاردەھێنا». دووەمیان، ئیلیەت ڕوانینی ئەدەبی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی لەدایک بوونی: «دڵنیام لەوەی کە سانت لویس کاریگەرییەکی قوڵی لەسەرم ھەبووە زیاتر لەھەر شوێنێک. وا ھەست دەکەم کە شتێکی جیاواز لەو کەسانە ھەیە کە منداڵیان لە لەلای ڕوبارە گەورەکە بەسەربردووە، کە ئەوەش شتێکی ئەستەمە شی بکرێتەوە بۆ کەسانێک کە لەوێ نەژیاون. خۆم بە بەختەوەر دادەنێم کە لەوێ لە دایک بوومە نەوەک لە بۆستۆن یان نیۆیۆرک یان لەندەن».

لە ساڵی ١٨٩٨ تا ١٩٠٥ ئیلیەت چووە ئەکادیمیای سمیث، کە بەشی ئامادەکاری کۆلێژی کوڕانی زانکۆی واشنتۆن بوو، کە لەوێ لاتینی، یۆنانی کۆن، فەرەنسی و ئەڵمانی خوێند. لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستی بە نووسینی شعر کرد لەژێر کاریگەری وەرگێڕانی ڕوبەیعیاتی عومەر خەیام لەلایەن ئیدوارد فیتزرگیرالدەوە. دواتر پێی وابوو کە دەرەنجامی ئەم کارەی خەمناک و مایەی نائومێدیی بوو، بۆیە لەناوی بردن.

یەکەم شعری بڵاوکراوەی بەناوی“A Fable For Feaster” وەک ئەرکێکی قوتابخانە نوسرا بوو کە لە بڵاوکراوەی ئەکادیمیای سمیث بڵاوکرایەوە لە شوباتی ساڵی ١٩٠٥. ھەر لەو بڵاوکراوەیەدا، لە نیسانی ١٩٠٥ کۆنترین شیعری دەستنوسی ئیلیەت کە تا ئێستا ما بێت بڵاو کرایەوە، کە ھۆنراوەیەکی بێ ناونیشان بوو، دواتر پێداچونەوەی بۆ کرا و چاپکرا لەژێر ناونیشانی «گۆرانی» لە Harvard advocate کە گۆڤارێکی قوتابیان بوو لە زانکۆی ھارڤەرد. ھەروەھا سێ کورتە چیرۆکی تریشی بڵاوکردەوە لە ساڵی ١٩٠٥، بەناوەکانی «بالندەی نێچیر»، «چیرۆکی نەھەنگێک»، «ئەو پیاوەی کە پاشا بوو». ئەو چیرۆکەی کۆتاییان بە گرنگی باس لە گەڕانی خۆی دەکات لە گوندی ئیگۆرات لە کاتی سەردانیکردنی بۆ پێشانگای جیھان لە ساڵی ١٩٠٤ لە سانت لویس. پەیوەندی ئیلیەت لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا (وایە ئیندیجینەس) بووە پاڵنەری تاوەکوی ئەنثرۆپۆلۆجی بخوێنێت لە زانکۆی ھارڤەرد.[٤]

ئیلیەت شازدە ساڵی سەرەتای ژیانی لە سانت لویس، میسوری بەسەر برد لە خانوویەک لە شەقامی لۆکوست لەو شوێنەی کە تێیدا لە دایک ببوو. دوای ئەوەی بۆ خویندن چووە قوتابخانە لە ساڵی ١٩٠٥ تەنھا لە کاتی پشوو و سەردان دەگەڕایەوە بۆ سانت لویس. سەرەڕای ئەوەی دوور لە شارەکەی خۆی دەژیا، بەڵام بۆ ھاوڕێیەکەی نوسیبوو کە "میزۆری و میسیسیپی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەرم دروست کردووە جیاواز لە ھەموو شوێنێکی دیکە لە دنیا.

لە دوای دەرچوونی لە قوتابخانە، ئیلیەت چووە ئەکادیمیای میڵتۆن لە ماساچوسەس بۆ ساڵێک وەک ئامادەکاری. لەوێ چاوی بە سکۆفیلد ثایەر کەوت کە دواتر ھۆنراوەی (خاکی بەفیڕۆچوو) ی بڵاوکردەوە. ئیلیەت زانستی فەلسەفەی خوێند لە کۆلیژی ھارڤەرد لە ١٩٠٦ تا ١٩٠٩ و بەکالۆریۆسی لە ١٩٠٩ بەدەستھێنا و ساڵی دواتر ماستەری وەرگرت. لەبەرئەوەی ساڵێکی لە ئەکادیمیای میلتۆن خوێندبوو، ئیلیەت توانی بە ٣ ساڵ لە جیاتی ٤ ساڵی ئاسایی بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەربگرێت. کاتێک کە قوتابی بوو لە ھارڤەرد، لەژێر تاقیکردنەوەیان دانا و بە نمرەیەکی باش توانی دەربچێت (بەبێ ئەوەی نمرەی یەکەم یان «ئۆنەر» ی پێبدرێت).

خوێندنی بە کەلۆریاسەکەی پڕۆگرامێکی دڵخوازی خۆی بوو کە بە ئەدەبی بەراورد ناسراوە، خوێندنی ماستەرەکەشی لە ئەدەبی ئینگلیزیدا بوو. فرانک کێرمۆد دەڵێ کە گرنگترین ساتەکانی ئیلیەت لە پیشەکەیدا لە کۆلێژدەستی پێکرد لە سالی ١٩٠٨، کاتێک ئاشنا بوو بە بزوتنەوەی سیمبۆلییکی ئارثور سیمۆنی لە ئەدەب. ئەمەش جولس لەفۆرگ، ئارثور ڕیمباود و، پاوڵ ڤیرلەینی بە ئیلیەت ناساند.

بە بێ ئاشنابوونی بە ڤیرلەین ئیلیەت پێی وابوو کە لەوانەیە ھەرگیز گوێی لە تریستان کۆربێری و کتێبەکەی Les amourd jaunes نەبوو بێت، ئەو کارەی کە کاریگەری لەسەر ژیانی ئیلیەت کرد. Harvard Advocateچەندین شعری ئەوی بڵاوکردەوە و بووە ھاوڕێ لەگەڵ کۆرنارد ئایکن بە درێژایی ژیانی کە نوسەر و ڕەخنەگرێکی ئەمریکی بوو.[٥]

دوای ئەوەی کە وەک یاریدەدەری فەلسەفە کاری کرد لە ھارڤەرد لە ساڵی ١٩٠٩ تا ١٩١٠، ئیلیەت چووە پاریس کە لەوێ لە ١٩١٠ تا ١٩١١ لە زانکۆی سۆربۆن فەلسەفەی خوێند. دەچووە وانەکانی ھێنری بێرگسۆن و شیعری لەگەڵ ھێنری ئەلبان فۆریەر دەخوێند. لە ١٩١٩ تاکو ١٩١٤ گەڕایەوە بەرخوێندن لە ھارڤەرد و فەلسافەی ھیندی و زمانی سانسکریتی خوێند.

کاتێک کە ئیلیەت ئەندام بوو لە خوێندنی باڵای کۆلیژی ھارڤەرد، چاوی بە ئێمێڵی ھەیل کەوت و کەوتە خۆشەویستی ئەو. ئیلیەت لە ساڵی ١٩١٤ کورسی خوێندنی بەخۆڕایی لە کۆلێژی مێرتۆن لە ئۆکسفۆرد بەدەست ھێنا. ئەو یەکەم جار سەردانی ماربێگ، ئەڵمانیای کرد کە لە پلانی دابوو بچیتە بەر خوێندنی ھاوینە، بەڵام بەھۆی ڕوودانی جەنگی جیھانی یەکەم لە جیاتی ئەوێ، چووە ئۆکسفۆرد. لەو کاتەدا چەندین خوێندکاری ئەمریکی دەچوونە مێرتۆن، کە لە ژووری قوتابیانی پۆلی سێ نووسرابوو: «ئەو کۆمەڵەیە بێزار بووە لە بە ئەمریکی کردنی ئۆکسفۆرد». پاش ئەوەی کە ئیلیەت بە قوتابییەکانی وت کە ئەوان چەند قەرزاری کەلتوری ئەمەریکان، بە جیاوازی دوو دەنگ ئەم نووسراوە شکستی ھێنا.[٦]

ئیلیەت لە سەری ساڵی ١٩١٤ بۆ کۆرنارد ئیکانی نووسی کە «من ڕقم لە شاری زانکۆیی و خەڵکی ناو زانکۆیە، کە ھەموویان لە ھەموو شوێنێکدا وەکو یەکن، کە پڕیەتی لە ژنی دووگیان، منداڵی جل و بەرگی ناڕێک و، چەندین کتێب و وێنەی ناشرین لەسەر دیوارەکان… ئۆکسفۆرد زۆر جوانە بەڵام من نامەوێ مردوو بم».

ئیلیەت ئۆکسفۆردی جێھێشت و زۆربەی کاتی لە لەندەن بەڕێ کرد. ئەو شارە کاریگەرییەکی گەورەو ژیانگۆڕی ھەبوو لەسەر ئیلیەت بەھۆی چەند ھۆکارێک، کە گرینگترینیان ناسینی کەسایەتییەکی ناوداری ئەدەبی ئەمریکی بوو بەناوی ئێزرا پاوەند. بەھۆی پەیوەندییەکەوە لە ڕێگای ئەیکان، توانیان کۆبونەوەیەک سازبکەن لە ٢٢ ی مانگی نۆی ساڵی ١٩١٤. ئیلیەت سەردانی شوێنی نیشتەجێبوونی پاوەندی کرد. پاوەند یەکسەر بۆچوونی وابوو کە ئیلیەت «شایانی سەیرکردنە»، بۆیە یارمەتیدەری بوو لە ناساندن و گەشەپێدانی ئیلیەت وەکو شاعیرێک لە سەرەتاوە، ھەروەک پشتیوانی بوو بۆ ناساندنی ئیلیەت لە ڕێگای بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و کۆبونەوە ئەدەبییەکان.

بەم جۆرە، بەپێی ژیاننامەنووس جۆن وۆرثێن، لەو کاتەی کە لە ئینگڵتەڕا بوو، ئیلیەت «کەمترین کات ئۆکسفۆردی دەبینی». لە جیاتی ئۆکسفۆرد، کاتێکی زۆری لە لەندەن بەڕێ دەکرد لەگەڵ ئیزرا پاوەند و «ھەندێک لە ھونەرمەندی مۆدێرنە کە تا ئەو کاتە لە جەنگ ڕزگاریان بووبوو. پاوەند یارمەتی زۆربەیانی دابوو، ھەروەھا ئیلیەتی بە ھەموو شوێنێک دەناساند». لە کۆتایدا، ئیلیەت لە مێرتۆن نەمایەوە و پاش ساڵێک ئەوێی بەجێ ھێشت. لە ساڵی ١٩١٥ وانەی ئینگلیزی دەوتەوە لە بیرکبێک، زانکۆی لەندەن.

لە ساڵی ١٩١٦ تێزی دکتۆراکەی لە ھارڤەرد بەناونیشانی «زانین و ئەزموون لە فەلسافەی ف.ھ. برادلی» تەواو کرد، بەڵام بۆ گفتۆگۆی تێزای دکتۆراکە نەگەڕایەوە.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "Thomas Stearns Eliot", Encyclopædia Britannica. Retrieved 7 November 2009.
  2. ^ Bush, Ronald, T. S. Eliot: The Modernist in History (New York, 1991), p. 72.
  3. ^ Letter to Marquis Childs quoted in St. Louis Post Dispatch (15 October 1930) and in the address "American Literature and the American Language" delivered at Washington University in St. Louis (9 June 1953), published in Washington University Studies, New Series: Literature and Language, no. 23 (St. Louis: Washington University Press, 1953), p. 6.
  4. ^ Sencourt، Robert (1971). T.S. Eliot, A Memoir. London: Garnstone Limited. پەڕە 18. 
  5. ^ Worthen، John (2009). T.S. Eliot: A Short Biography. London: Haus Publishing. پەڕە 9. 
  6. ^ Marsh، Alex؛ Daumer، Elizabeth (2005). "Pound and T. S. Eliot". American Literary Scholarship. پەڕە 182.