تاوان و سزا (پێش نوێخوازبوونی لە زمانی ڕووسی: Преступленіе и наказаніе؛ دوای نوێخوازیکردن لە ڕووسی Преступление и наказание) ڕۆمانێکە لەلایەن نووسەری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی نووسراوە. سەرەتا لە ساڵی ١٨٨٦، بە ١٢ مانگ لە پەیکی ڕووسیا بڵاوکرایەوە کە گۆڤارێکی ئەدەبیی بوو.[١] دواتر وەک تاقە کتێبێک بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە دووەمین ڕۆمانی درێژی فیدۆرە، ئەمەش لەدوای دە ساڵ لە دوورخستنەوە بۆ سیبێریا بوو. تاوان و سزا بە باشترین ڕۆمانی تەمەنی گەورەبوونی دۆستۆیەڤسکی وەک نووسەر دادەنرێت.[٢] ھەندێکجاریش وەک یەکێک لە باڵاترین شاکارەکانی ئەدەبی جیھانی تەماشا دەکرێت.[٣][٤][٥][٦] تاوان و سزا سەرنج دەخاتە سەر ئەو ئازارە دەروونی و ناکۆکییە ئەخلاقیانەی کارەکتەری ڕۆمانەکە، ڕۆدیۆن ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەیبوو. ئەو خوێندکاری پێشووی بەشی یاسا بوو، لە سەنت پیتەرزبورگ دەژی، ڕۆژێکیان پلان بۆ کووشتنی پیرەژنێکی سووخۆر دادەنێت. بەر لەوەی بیکووژێت، ڕاسکۆڵنیکۆڤ لەو بڕوایەدابوو کە بە بەدەستھێنانی ئەو پارەیە، ئەوا ڕزگاری دەبێت لە ھەژاری. بەڵام لە دوای ڕووداوەکە، خۆی لە دۆخێکی شڵەژاوی و ناھەموار دەدۆزێتەوە.

تاوان و سزا
Russian Gazette 1866.jpg
تاوان و سزا لە چاپی گۆڤاری پەیکی ڕووسیا
نووسەرفیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی
سەردێڕی سەرەکیПреступление и наказание
زمانڕووسی
چەشنفەلسەفە
سایکۆلۆژی خەیاڵی
خەیاڵی تاوان
بڵاوکەرەوەپەیکی ڕووسیا (بە زنجیرە)
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
١٨٦٦; چاپی کتێب لە ١٨٦٧
OCLC٢٦٣٩٩٦٩٧
891.73/3 20
LC ClassPG3326 .P7 1993

چیڕۆکدەستکاری

بەندی یەکەمدەستکاری

ڕۆدیۆن ڕۆمانۆڤیچ ڕاسکۆڵنیکۆڤ، گەنجێکی ھەژار و نەدارە کە وازی لە خوێندنی بەشی یاسا ھێناوە، لە ژوورێکی بەکرێگیراوی شاری سەنت پیتەرزبورگ ژیان بەسەردەبات. ڕاسکۆڵنیکۆڤ کەسێکی گۆشەگیر و کەم کۆمەڵایەتییە. ئەو تەنانەت ھەموو ڕێگانیشی بۆ باشترکردنی ژیان بۆ خۆی داخستووە. لە مێشکی خۆیدا، پلانی داناوە بۆ کووشتنی پیرەژنێکی دەوڵەمەند. ڕۆژێکیان لە مەیخانەیەک، ڕاسکۆڵنیکۆڤ چاوی بە پیاوێکی مەست دەکەوێت بەناوی سیمیۆن زاکارۆڤیچ مارمێلادۆڤ، ئەو پیاوە بەھۆی ئاڵوودەبوون بەمەی گەیشتووەتە دۆخێک کە ئەو بڕە پارەیەی لە ماڵەوە وەک خێزان ھەیانبوو تاڵانی بکات لەپێناو خواردنەوەدا. مارمێلادۆڤ بەسەرھاتی ژیانی خۆی بۆ ئامادەبووانی مەیخانەکە و بەدیاریکراویش بۆ ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەگێڕێتەوە؛ کچە گەورەکەی مارمێلادۆڤ کە ناوی (سۆنیا) یە بووەتە لەشفرۆش لەپێناو یارمەتیدانی خێزانەکەی. ڕۆژی دواتر، ڕاسکۆڵنیکۆڤ نامەیەکی پێدەگات لەلایەن دایکییەوە کە تێیدا نووسراوە کە چۆن خوشکەکەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ (دونیا) لەسەر کارەکەی ھەرسانکراوە و لەناوچەکەیان ئابڕوویان چووە بەڵام دوای ئارامگرتنیان کێشەکە چارەسەر بووە، لە درێژەی نامەکەدا ئەوەش نووسراوە کە دونیا لەلایەن پیاوێکی دەوڵەمەندی تەمەن نزیک ٤٨ ساڵە (بەناوی لوژن) خوازبێنی بۆ ھاتووە. سەرەنجام دونیا بۆ ئەوەی یارمەتی براکەی بدات، ئەوا بەو ھاوسەرگیرییە ڕازی بووە، ھەردووکیانیش بەرەو سەنت پیتەرزبورگ دەچن بۆئەوەی بەدیداری یەکتر بگەن. ئەم دۆخەی خوشکەکەی وای لە ڕاسکۆڵنیکۆڤ کرد کە وا ھەست بکات و بیربکاتەوە کە دۆخی خوشکەکەی ھاوشێوەی دۆخی سۆنیای لەشفرۆشە کە قوربانیداوە بۆ خێزانەکەی. ئەو بیرۆکانە وایانکرد کە بگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی کووشتنی پیرەژنەکە.

لەم دۆخە پڕ لە سترێس و ڕاڕایەیدا، ڕاسکۆڵنیکۆڤ تەورێکی دزی و ھەنگاوی نا بەرەو شوقەی ژنە بەتەمەنەکە. ئەو دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە بچێتە ناو ماڵی پیرەژنەکە لەڕێگای ئەوەی وای پشاندا وەک جاران ھاتووە مامەڵەی کاڵاکانی وەک بارمتە پێی بدات، دواتر بەتەورەکەی لەسەری پیرەژنەکەی دا و کوشتی. دواتر لیزاڤێتای نیوەخوشکی پیرەژنەکە ھاتە ژوورەوە و بەسەر ئەو تاوانە کەوت، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەناچاری ئەویشی کوشت. دواتر دوو کەس دێنە بەردەرگاکە بەڵام ناتوانن بێنە ژوورەوە، ئەمەش وایکرد ڕاسکۆڵنیکۆڤ بخاتە شڵەژاوییەکی دیکە بەڵام لە دەرفەتێکی کورت کە بۆی ڕەخسا، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ڕایکرد و دواتر گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی. لەم کارەیدا، ڕاسکۆڵنیکۆڤ تەنیا جانتایەکی بچووکی پارە و چەند سندووقێکی بچووکی پێ دزرا. لە ژوورەکەیدا، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەوڵیدا سەرەداوەکانی تاوانەکەی بەلاشەی نەھێڵێت و ھیچ پەڵەیەکی خوێن بە جلەکانییەوە نەمێنن.

بەندی دووەمدەستکاری

دوای ئەم ڕووداوانە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ تووشی تا دەبێت و لە دۆخێکی نیمچە بەئاگابوونە. لەلایەن پۆلیسەوە بانگدەکرێت بۆئەوەی سەردانی بنکە بکات، سەرەتا دەشڵەژێت کە نەکا ئەم بانگکردنە پەیوەندی بە کوشتنەکەوە ھەبێت بەڵام دواتر کە دەچێتە بنکە ئەوا بۆی دەردەکەوێت ئەو بانگکردنە بۆ ئاگادارکردنەوەیەتی لە بابەتی قەرزەکانی بۆ ژنە خاوەن ماڵەکەی. دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەڕوات تاکوو ئەوشتانەی دزیویەتی لە شوێنێکی دوورەدەست بشارێتەوە، سەرەنجام گابەردێک دەدۆزێتەوە و شتەکانی لەژێرییەوە دەشارێتەوە. دواتر لەئەنجامی زۆر بیرکردنەوەی لەمەڕ ئەو بابەتە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەست بەو شەرمەزارییە دەکات کە تەنانەت نازانێت چەند پارە و کەلووپەلیشی دزیوە، بەوەی بەھۆی ئەو باروودۆخەی تێیدایە وایکردووە ھێشتا جانتا بچووکەکەشی نەکردبوویەوە. دواتر بەبێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێکی لە خەیاڵ و ھزریدابێت ئەوا دەچێتە ماڵی ھاوڕێیەکی زانکۆی کە ناوی (ڕازومیخین) ە. لە ماڵەکەیدا، ڕازومیخین بۆی دەردەکەوێت کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ نەخۆشە و ھەوڵدەدا گفتووگۆی لەگەڵدا بکات بەڵام بێ سوود دەبێت. دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەگەڕێتەوە ماڵەکەی و لەسەر جێگا بەھۆی نەخۆشییەکەوە دەکەوێت.

دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەخەبەر دێتەوە و دەزانێت لەو چەند ڕۆژە ڕازومیخینی ھاوڕێی یارمەتییەکی زۆری داوە و پەرستیاریی بۆ کردووە. لەو کاتەدا ھێشتا تای مابوو، ڕاسکۆڵنیکۆڤ گوێی بۆ گفتووگۆی ڕازومیخین و دکتۆر دەگرت کە لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەسەر کوژرانی پیرەژنەکە دەکرد؛ باسیان لەژنێکی نیشتەجێی ئەو باڵەخانەیە کرد کە پیرەژنەکەی لێ کوژراوە، ئەو ژنە ئەوەی درکاندووە کە ئەوکەسانەی شت و مەکیان لای پیرەژنەکە وەک بارمتە داناوە ئەوا لەلایەن پۆلیسەوە لێپرسینەوە و قسەیان لەگەڵدا دەکرێت. دواتر گفتووگۆی نێوان دکتۆر و ڕازومیخین پچرا، ئەمە لەگەڵ ھاتنی لوژن بوو، دەزگیرانەکەی دونیا، کە ھاتبوو خۆی بناسێنێت، بەڵام ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ کرد و لەماڵەکەی دەریکرد. دواتە بە تووڕەیی داوای لەکەسەکانی دیکەی ناو ژوورەکەی کرد کە ئەوانیش بەجێی بھێڵن. دواتر بەنھێنییەوە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ماڵەکەی جێھێشت، بۆ ئەوەی دەستی بگات بە ڕۆژنامەکان کە لەسەر ڕووداوی پیرەژنەکەیان نووسی بوو. لەوێ چاوی بە پۆلیسێکی ناسراو دەکەوێت بەناوی زامیۆتۆڤ و مشتوومڕ لەبارەی تاوانی جۆراوجۆر و ڕووداوی پیرەژنەکەش دەکەن. پاشان ڕاسکۆڵنیکۆڤ شوێنەکە جێدەھێڵێت و دووبارە دەکەوێتە خەیاڵی ئەوەی بچێتە بنکەی پۆلیس و دان بەتاوانەکەیدا بنێت. لەڕێگاکەیدا، چاوی بە ڕووداوێک و کۆبوونەوەی خەڵکی دەکەوێت، کە نزیک دەبێتەوە ئەوا دەبینێت کە مارمێلادۆڤ (ئەو برادەرەی لە مەیخانەکە ناسیبووی) کەوتووەتە بەر گالیسکەیەک و بە سەختی بریندارە، وەک ئەوەی خەڵک باسیان دەکرد کە ناوبراو بەھۆی زۆر مەستییەوە تووشی ئەو ڕووداوە بووە، لەو دەمە کەس مارمێلادۆڤ نەدەناسی، بەڵام ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەنگی ھەڵبڕی کە ئەو بۆی ناسیاوە و یارمەتی بدرێت تاکوو بیبەنەوە ماڵەکەی. کاتێک گەیشتنە ماڵەکەی ئەوا خێزانەکە تەواو بەو دیمەنە شڵەژان، پاشان مارمێلادۆڤ داوای بینینی قەشەی کرد تاکوو ڕێوەڕەسمی لێخۆشبوون ئەنجام بدات بەوەی لەسەرە مەرگیدایە، دواتر کە سۆنیا گەیشتەوە ماڵەوە ئەوا مارمێلادۆڤ داوای لێخۆشبوونی لە سۆنیا کرد کە بەھۆی خۆیەوە تووشی دەردەسەریی بووە، دواتر مارمێلادۆڤ لەباوەشی کچەکەیدا گیانی سپارد. دوای مردنی مارمێلادۆڤ، ڕاسکۆڵنیکۆڤ کۆتا ٢٥ ڕۆبلی (دایکی پێیدابوو) بەخشی بە کاترینا ئیڤانۆڤنا (ژنی مارمێلادۆڤ) بۆ ئەوەی ڕێوەڕەسمی پرسەی بۆبگێڕن، ئەمەش لەوکاتەبوو کە خێزانیی مارمێلادۆڤ لەوپەڕی ئاستی نەداریدا بوون.

ڕاسکۆڵنیکۆڤ چووە ماڵی ھاوڕێکەی ڕازومیخین، ھەر زوو بەیەکەوە ڕۆیشن بەرەو ماڵی ڕاسکۆڵنیکۆڤ. لەوێ ڕاسکۆڵنیکۆڤ تووشی شۆک بوو کاتێک بینی دایک و خوشکەکەی بەیەکەوە لەسەر قەنەفەی ژوورەکەیدا چاوەڕێی ئەویان دەکرد.

بەندی سێیەمدەستکاری

وێڕای ئەوە ڕازومیخین مەستبوو بەڵام توانی دایک و خوشکی ڕاسکۆڵنیکۆڤ ڕازی بکات بۆئەوەی بگەڕینەوە شوقەکەیان، ئەمەش لەدوای ئەوە ھات کە وێڕای ئەوە ڕازومیخین مەستبوو بەڵام توانی دایک و خوشکی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەتووندی لەگەڵیان دەدوا. ھاوکات ڕازومیخین سەرسامیی جوانیی و نەرمونیانی دونیا بوو. ڕۆژی دواتر کە دایک و کچەکە گەڕانەوە لای ڕاسکۆڵنیکۆڤ، ئەوا ڕاسکۆڵنیکۆڤ لەڕووی جەستەیی و دەروونی باشتر ببوو بەڵام وا دەردەکەوت کە فشار لەخۆی بکات بۆئەوەی درێژە بەو کۆبوونەوەیە بدات. ھاوکات لەو ڕۆژەدا، دایکەکە لەلایەن لوژنی زاوایەوە نامەیەکی پێگەیشتبوو، کە نابێت کوڕەکەی ئەو لەو کۆبوونەوانە بەشداربێت کە لوژن تێیدا ئامادەدەبێت، ئەمەش لەپای ئەو بێڕێزیکردنەی وەریگرتبوو لەیەکەم دیداریی خۆی و ڕاسکۆڵنیکۆڤ، ھەر لەو نامەیەدا ئاماژەشی بەوە دابوو کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ بڕی ٢٥ ڕووپییەی بە ژنێکی بەدئەخلاق (سۆنیا) داوە. دایکەکە نامەکەی لوژنی پشانی ڕاسکۆڵنیکۆڤ دا، دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ لەگەڵ دونیا دووبارە کەوتەوە مشوومڕ کردن کە واز لە لوژن بھێنێت یانیش لەنێوان ئەو و خۆیدا دەبێت یەکێک ھەڵبژێرێت. بەڵام دونیا سوور بوو لەسەر بڕیاری ھاوسەرگیرییەکەی و ئەوەشی گوت کە ئەوە قوربانیدانێکی کەسیی نییە، دواتریش توانی ڕاسکۆڵنیکۆڤ ڕازی بکات بۆئەوەی لە کۆبوونەوەکە ئامادەبێت و جارێکی تر چاوی بە لوژن بکەوێت. ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەوە ڕازی بوو لەگەڵ ڕازومیخین بەیەکەوە ئامادەی ئەو دیدارە بن.

لە ناکاو، ڕاسکۆڵنیکۆڤ تووشی سەرسووڕمان ھات کاتێک بینی کە سۆنیا دەیەوێت بێتە ژوورەکەی، سۆنیا بە شەرمەوە ئەوەی ڕوونکردەوە کە دوێنێ شەو لە خوشکەکەی ئەم ناونیشانەی وەرگرتووە، ھەروەھا لەسەر داوای زڕدایکەکەی ھاتووە تاکوو بانگێشتی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بکات تاکوو سبەی لە کۆتا ماتەمینی مارمێلادۆڤ (باوکی سۆنیا) بەشداربێت. لەوکاتەی خەریک بوو سۆنیا بڕوات، ڕاسکۆڵنیکۆڤ دوای لێکرد کە ناونیشانەکەی خۆیی پێبدات و پێی گووت کە بەمزووانە سەردانی دەکات.

لەسەر خواستی ڕاسکۆڵنیکۆڤ، لەگەڵ ڕازومیخین بەیەکەوە چوونە ماڵی پۆرفیری پێترۆڤیچ، ئەو کەسەی لێکۆڵینەوەی دەکرد لەسەر بکووژەکان، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەشێک لە کەلوپەل و یادگارییەکانی باوک و دایکی لای پیرەژنە کووژراوەکە وەک بارمەتە دانابوو ھەر بەم ھۆکارەوەش ویستی ھەبوو بچێتە لای پێترۆڤیچ. لەگەڵ گەیشتنی بەماڵەکە و لە دەستپێکی قسەکانەوە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بۆی دەرکەوت کە پێترۆڤیچ گومانی زۆری ھەیە کە ئەو بکووژەکە بێت. لە گفتووگۆیەکی چوارقۆڵیدا، پێترۆڤیچ لەگەڵ زامیۆتۆڤ باسی لێکۆڵینەوەکانیان دەکرد لەکەیسی پیرەژنەکە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەستی بەوەکرد کە پێترۆڤیچ زۆر کاریگەر و تامەزرۆ بووە بەو وتارەی کە لە مانگی پێشوو لەبارەی تاوانەوە نووسی بووی، لەم وتارەیدا ڕاسکۆڵنیکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە چینێکی کەم لە دەستەبژێری کۆمەڵگا ھەیە کە مافی ئەوەیان ھەیە سنوورە ئەخلاقییەکان ببەزێنن و تاوان بکەن، ئەمەش ئەگەر ئەو بەربەست و سنوورانە ڕێگری بکەن لەبەردەم بیرۆکەکانیان. ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەلێھاتوویی خۆی توانی خۆی لەم دۆخەدا ڕزگار بکات. بەڵام دواتر لەگەڵ پێترۆڤیچ ڕێککەوت کە بۆ ڕۆژی دواتر لەبنکەی پۆلیس یەکتر ببیننەوە.

دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەریەکە لە خوشک، دایکی و ڕازومیخینی جێھێشت. لەکاتی گەڕانەوەی بۆ باڵەخانەکەی خۆی، چاوی بە پیرەپیاوێکی بێگانە کەوت، ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەوڵیدا بزانێت کە ئەو چی دەوێت. بەڵام ئەو ھیچ شتێکی نەگوت جگە لەوەی بە ڕاسکۆڵنیکۆڤی گوت، «تۆ بکووژیت» و دواتریش ڕۆیشت. ڕاسکۆڵنیکۆڤ بە پەشۆکاوییەوە گەڕایەوە ژوورەکەی و خەوت. کە دواتر لە خەو ڕابوو، پیاوێک ھاتە ژوورەکەی خۆی بە ئیڤانۆڤیچ سڤیدریگالۆڤ ناساند.

بەندی چوارەمدەستکاری

سڤیدریگالۆڤ ئەو کەسە بوو کە خوشکی ڕاسکۆڵنیکۆڤ مامۆستایەتی بۆ منداڵەکانی دەکرد، ھەر بەھۆی ئەمانەوە تووشی دەردەسەری و ئابڕووچوون بوویەوە. سڤیدریگالۆڤ دەستیکردن بە مەنەلەجۆێکی درێژ، لەماوەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە چیتر خۆشەویستی بۆ دونیا (خوشکەکەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ) نەماوە و ئەو خۆی دوای مردنی ژنەکەی ئێستا نزیکە لەوەی ھاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکیدا بکات، بەڵام ئامانجی لەھاتنی بۆ ماڵی ڕاسکۆڵنیکۆڤ ئەوەیە کە ناوبراو ڕێگریی لە ھاوسەرگیری دونیا و لوژن بکات. سڤیدریگالۆڤ ئاماژەشی بەوەدا کە ژنەکەی پێش مردنی ٣٠٠٠ ڕۆبلی وەک میرات بە دونیا بەخشیوە. سڤیدریگالۆڤ ئەوەشی لە ڕاسکۆڵنیکۆڤ داواکرد کە دیدارێک بۆخۆی و دونیا ڕێکبخات، ئەگەر ئەو کارەش نەکات ئەوا ھەرچۆنێک بێت خۆی ڕێکی دەخات.

ئێوارە، کۆبوونەوەی خێزانیی لەگەڵ لوژن دەستیپێکرد، قسەکردن لەسەر سڤیدریگالۆڤ بوو، بۆچی ژنەکەی لەپڕێکدا مرد و ئەو ٣٠٠٠ ڕۆبلە میراتەی کە بۆ دونیا ماوەتەوە. لوژن بەوە پەست بوو کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ لە کۆبوونەوەکە بەشداریی پێکراوە بەوەی لەنامەکە داوای کردبوو کە ھیچ کات لە کۆبوونەوەکان بەیەکەوەنەبن، لەلایەکی دیکەوە نیگەرانی ئەوەبوو کە دونیا براکەی بەشداری پێدەکرد لەپرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی. ھەموو ئەوانە وایکرد کە لوژن تووڕەیی خۆی و ڕووی کەسایەتی ڕاستەقینەی لە کۆبوونەوەکە دەربخات. ئەمەش وای لە دونیا کرد کە داوا لە لوژن بکات بڕوات و ھەرگیز نەگەڕێتەوە لای. ئێستا کە خێزانەکە سەرمایەکی باشیان بەدەستەوەیە، پلانیان دادەنا بۆ داھاتوویان، بەڵام لەناکاو ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەڵسایەوە و پێیانی گوت کە ئەو بۆماوەیەک یانیش بۆھەمیشە بەجێیان دەھێڵێت، داواشی لە ڕازومیخین کرد (ئامادەی کۆبوونەوەکە ببوو) کە ئاگاداری دونیا و دایکی بێت.

دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەرەو ماڵی سۆنیا ھەنگاوی نا، سەرەتا سۆنیا خۆشحاڵ و سەرسام بوو کە ئەو سەردانیی کردووە بەڵام دواتر لە ھەڵسووکەوتە نامۆکانی ترسا. لە دانیشتنەکەیان، ڕاسکۆڵنیکۆڤ چەند پرسیارێکی تووند و بێبەزەییانەی ئاراستەی سۆنیا کرد لەبارەی چارەنووسی کاترینا ئیڤانۆڤنا و منداڵەکانی. ڕاسکۆڵنیکۆڤ بۆی دەرکەوت کە سۆنیا بەرگەی ئەم ژیانەی گرتووە تەنھا بەھۆی باوەڕی بەخودا ھەیە. دواتر سۆنیا ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو ھاوڕیی لیزاڤێتایە (ھەمان خوشکی پیرەژنەکەیە و ھەردووکیان لەھەمان ڕووداو کوژران)، سۆنیا ئەوەشی درکاند کە لیزاڤێتایە کۆپییەکی لە ئینجیلی پێداوە، ھەر لەو دەمە ڕاسکۆڵنیکۆڤ ناچاری دەکات کە بەشێکی لێ بخوێنێتەوە. سۆنیا بەشی چیڕۆکی لازاروسی بۆ دەخوێنێتەوە. دواتر بەرلەوەی بڕوات، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بە سۆنیا گوت کە سبەی دەگەڕێتەوە لای و پێی دەڵێت کە کی لیزاڤێتای کووشتووە. ھاوکات لەپشتی دیوارەوە، سڤیدریگالۆڤ گوێی بۆ قسەکانی نێوان ڕاسکۆڵنیکۆڤ و سۆنیا گرتبوو.

دواتر، ڕاسکۆڵنیکۆڤ چووە چاوپێکەوتنی بنکەی پۆلیس، لەوێ لەگەڵ پۆرفیری پێترۆڤیچ کەوتە وتووێژێکی درێژ، ڕاسکۆڵنیکۆڤ زۆر بەشێوازی قسەکردنی پۆرفیری تووڕەبوو چونکە دەیزانی ئەو قسەکانی لاوەکین و تەنیا دەیەوێت لە کاتێکی لەناکاو ھێرشی بۆبێنێتە سەر، پۆرفیری زۆر جەختی لەوە دەکردەوە کە پێویستە ڕاسکۆڵنیکۆڤ ئاگاداری تەندرووستی خۆی بێت و کێشەی لەزر و تا لەگەڵ وڕێنەکردنەکەی چارەسەر بکات. ھەموو ئەوانە وایان کرد کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ بکەوێتە دۆخێکی دژوارەوە و ھەوڵیدا شوێنەکە جێبھێڵێت، بەڵام پۆرفیری ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سوپرایزێکی بۆ ڕاسکۆڵنیکۆڤ ئامادەکردووە و پێویستە چاوەڕێ بکات. لە پڕێکدا، میکۆلکا (یەکێک لەو بۆیاغچییانە کە لەکاتی ڕووداوەکە لە بیناکەدا بوو، بەھۆی گومانەوەلێکرانەوە دەستگیرکرابوو) لەگەڵ کۆمەڵێ پۆلیس ھاتنە ژوورەوە، لەو دەمە پۆرفیری شپرزە ببوو، میکۆلکا کەوتە قسەکردن و وتی من بکووژەکەم. پۆرفیری بەھۆی ئەمەوە داوای لە ڕاسکۆڵنیکۆڤ کرد کە شوێنەکە جێبھێڵێت و دواتر دیداریی یەکدی دەکەنەوە. دوای ئەوەی گەڕایەوە ماڵەکەی، ڕاسکۆڵنیکۆڤ چاوی کەوتەوە بەو پیرەپیاوە بێگانەیەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو پێ گوتبوو بکووژ. ئەو پیاوە داوای لێخۆشبوونی لە ڕاسکۆڵنیکۆڤ کرد بەوەی کە گومانی خراپی پی بردووە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە خۆی لە بنکەی پۆلیس بووە و لەپشتەوەی ژووری لێکۆڵینەوەکە چاوەڕوانی دەکرد کە وەک سوپرایز بیھێننە ژوورەوە بەڵام لەوکاتەدا میکۆلکا خۆی کردووە بەژوورەوە و دانی بەتاوانەکەی ناوە. ئەم ھاتنەی پیاوە بێگانەکە، تۆزێک لە خەم و دوودڵییەکانی ڕاسکۆڵنیکۆڤ کاڵ کردەوە.

بەندی پێنجەمدەستکاری

ڕاسکۆڵنیکۆڤ ئامادەی ڕێوەڕەسمی ماتەمینییەکەی مارمێلادۆڤ دەبێت، لەوێ کاترینا ئیڤانۆڤنا خەریکە لەگەڵ میوانەکان و خانەدانێکی ئەڵمانی کەوتووەتە شەڕە قسە. لە پڕێکدا، لوژن خۆی بە ماتەمینییەکە دەکات. ئەو بەدەنگێکی بەرز ئاماژە بەوە دەکات، کە کاتێک سۆنیا سەردانی ژوورەکەی کردووە ئەوا ١٠٠ ڕۆبل لە ژوورەکەی ون بووە، بۆ ئەوەش گومانی خۆی لە سۆنیا ڕادەگەیەنێت. لوژن ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو سۆنیای بانگ کردبوو بۆئەوەی مانگانە بەبڕێکی دیاریکراو یارمەتی خێزانەکەی بدات. سۆنیا بێ ئاگایی خۆی لە دیارنەمانی ١٠٠ ڕۆبلەکە دەربڕی. ئیڤانۆڤنا زۆر لە لوژن پەست دەبێت، داوا دەکات کە پشکنین بۆ سۆنیا بکرێت. لە ئەنجامی گەڕاندا، ١٠٠ ڕۆبلەکە لە گیرفانی سۆنیا دەدۆزرێتەوە و کەش و ھەوای ژوورەکە لەدژی سۆنیا دەجووڵێت ئەمەش تاکوو ھاوژوورەکەی لوژن، سیمیۆننۆڤیش لیبیزیاتنیکۆڤ بەتووڕەیی دەردەکەوێت و ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی شایەتی ئەوە دەدات کە لوژن ئەو ١٠٠ ڕۆبلەی بەئەنقەست خستووەتە گیرفانی سۆنیا، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوکاتەی ئەو دیمەنەی دیوە ئەوا لە ناخۆی خۆیدا سەرسام بووە بە دڵسافی لوژن بەوەی ویستوویەتی ئەو چاکەیە بکات و کەسیش پێی نەزانێت، لیبیزیاتنیکۆڤ ئەوەش دەڵێت کە نازانێت بۆچی لوژن ویستوویەتی سۆنیا بە دز لە قەڵەم بدات. لەو دەمە ڕاسکۆڵنیکۆڤ دێتە ناو باسەکە و پشتگیری لە قسەکانی لیبیزیاتنیکۆڤ دەکات، ھەروەھا ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی لوژن ئەو کارەی کردووە؛ ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھۆکاری ئەو کارەی لوژنی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەو پێ خراپ بکرێت لەبەرامبەر خوشک و دایکی، چونکە لوژن ھیوای وابووە کە بە خراپ نیشاندانی سۆنیا ئەوا ئەو لەسەر حەق دەبێت و دەتوانێت بەم ھۆکارەوە بگەڕێتەوە لای دونیای خوشکی. دواتر لوژن بە دژواری لە شوێنەکە خۆی ون دەکات، سۆنیاش شوێنەکە بۆ شوقەکەی جێدەھێڵیت و ڕاسکۆڵنیکۆڤیش شوێنی دەکەوێت.

دواتر لە ژوورەکەی سۆنیا، ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەیەوێت سەرەتا بە ڕووداوەکەی لوژن کە چۆن ویستوویەتی کۆتایی بە داھاتووی سۆنیا و منداڵەکانیش بھێنێت، دواتریش ڕاسکۆڵنیکۆڤ دانی بە کووشتنی پیرەژن و لیزاڤێتا دانا، ھەروەھا ھەوڵی دا کە ھۆکارەکانی پشت بڕیاردان بۆ ئەم کارەی بۆ سۆنیا ڕوون بکاتەوە. سۆنیا کە تووشی شۆک ببوو، ئەوا داوای لە ڕاسکۆڵنیکۆڤ کرد کە داوای لێخۆشبوون لە خودا بکات و خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات. لەو دەمە لیبیزیاتنیکۆڤ دەرکەوت، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە خاوەنماڵە ئەڵمانییەکە کاترینای دەرکردووە، و ئەویش تووشی شێتبوون ھاتووە، ئەو ئێستا لەگەڵ منداڵەکان کەوتووەتە کووچە و کۆڵانەکان و خەریکی دەست پانکردنەوەن لەڕێی گۆرانی گوتننەوە. دواتر کە ھەر سێکیان چوونە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای کاترینا و منداڵەکان، ئەوا توانیان کاترینا بدۆزنەوە کە بەھۆی نەخۆشییەکەیەوە (سیل) لەسەر شەقامەکان کەوتبوو، دواتر توانیان بیگوازنەوە بۆ ژوورەکەی سۆنیا. ھەر لەوێ کاترینا گیانی سپارد. لەو کاتەدا سڤیدریگالۆڤ دەرکەوتەوە، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە لەو ١٠ ھەزار ڕووپییەی قەرار بوو بیداتە دونیا، ئەوا بڕێکی دەبەخشێتە سۆنیا بۆئەوەی بەکاری بھێنێت لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی کاترینا، ھەروەھا منداڵەکانیش دەباتە ھەتیوخانەیەکی باش. ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەگومانەوە ھۆکاری ئەو یارمەتیدانەی لە سڤیدریگالۆڤ پرسی، ئەویش لە وەڵامدا ھەمان ئەو وشانەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەکارھێنایەوە کە بۆ دانپێدانەکەی لەلای سۆنیا دەری بڕیبوون. لەبەر ئەوەی سڤیدریگالۆڤ ماڵەکەی بە ماڵی سۆنیاوەبوو ئەوا گوێی لە ھەموو وردەکارییەکان و دانپێدانانەکەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بوو.

بەندی شەشەمدەستکاری

ڕازومیخین بە ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەڵێت کە دونیا تووشی کێشە و دوورەپەرێزی بوو لەدوای وەرگرتنی نامەیەک لە کەسێکەوە، ھەروەھا ئەوەشی پێ ڕاگەیاند کە پۆرفیری چیتر گومانی لەسەر ڕاسکۆڵنیکۆڤ نەماوە لەبارەی کەیسی کووشتنی ژنە سووخۆرەکە. لەوکاتەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ دەستی کرد بە گەڕان بەدوای سڤیدریگالۆڤ، ئەوا پۆرفیری لە پڕێکدا دەرکەوت و بەڕێزەوە داوای لێکرد کە وتووێژێکی بچووک بکەن. ئەو پۆزشی ھێنایەوە بۆ ئەو ڕەفتارانەی کە لەڕابردوو کردبوونی و پاساو و ھۆکارەکانی بۆ ھێنایەوە. لەو دەمە، ڕاسکۆڵنیکۆڤ وای بۆ چوو کە چیتر پۆرفیری گومانی لێناکات بەڵام لەناکاو قسەکانی پۆرفیری بەڕووی ئەو ئاڕاستەیە کە گۆڕان کە ئەو دڵنیابێت لەوەی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بکووژی ڕووداوەکەیە، ھەروەھا ئەوەشی باسکرد کە ئەو بەمزووانە دەستگیری دەکات بەڵام باشترە کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ خودی خۆی بچێت دان بە تاوانەکەی دابنێت بۆئەوەی سزاکەی لەسەری سووک بکرێت. ھەموو ئەمانە ڕاسکۆڵنیکۆڤی خستە گێژاوێکی دژوارەوە.

دواتر ڕاسکۆڵنیکۆڤ توانی سڤیدریگالۆڤ لە مەیخانەیەک بدۆزێتەوە، لەم دیدارەیان ڕاسکۆڵنیکۆڤ ھەڕەشەی ئەوەی لێکرد کە ئەگەر چاوی بە دونیا بکەوێت. بەڵام لەو دەمە، سڤیدریگالۆڤ دیدارێکی لەگەڵ دونیا دانابوو ئەوا ئەویش ھەڕەشەی درکاندنی زانیارییەکانی بۆ پۆلیس کرد. دوای ئەوەی سڤیدریگالۆڤ شوێنەکەی جێھێشت ئەوا ڕاسکۆڵنیکۆڤ شوێنی کەوت، لەو دەمە دونیا چاوی بەھەردووکیان کەوت، بەڵام ڕاسکۆڵنیکۆڤ چیتر لە شوێن کەوتن بە سڤیدریگالۆڤ بەردەوامیی نەدا، ئەمەش بووە ڕێگە خۆشکەر تاکوو سڤیدریگالۆڤ دیدارەکەی لەگەڵ دونیا ساز بکات. دونیا بۆ ئەوە ھاتبوو تاکوو لە مەبەستی سڤیدریگالۆڤ تێبگات لەو نامەیەی کە بۆی ناردبوو. ئەوان بەیەکەوە چوونە ماڵەکەی سڤیدریگالۆڤ، لەوێ سڤیدریگالۆڤ بابەتی کووشتنەکەی بەوردی بۆ دونیا گێڕایەوە، ھەروەھا نیازە چەپەڵەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە دونیا باسکرد کەئەگەر ئەو پێی ڕازی بێت ئەوا لەبەرامبەردا سڤیدریگالۆڤ ھیچ شتێک بە پۆلیس ناڵێت و ھەروەھا براکەشی دەنێرێت بۆ ئەمریکا. وەلێ لەو دەمە، دونیا دەمانچەیەکی پێبوو و تەقەیەکی بەڕووی سڤیدریگالۆڤ تەقاند بەڵام بەتەواوی نەیپێکا، سڤیدریگالۆڤ تۆزێک خوێناوی بوو، دواتر سڤیدریگالۆڤ بەڕێزەوە داوای لە دونیا کرد کە جارێکی دیکە دەمانچەکە سوار بکاتەوە و تەقەی لێبکات، بەڵام دونیا دەمانچەکەی فڕێدا. لە بەرامبەر دیدەنیکردنی ئەو ڕقەی دونیا بۆی ھەیە ئەوا سڤیدریگالۆڤ ڕێگای پێدا کە لە ماڵەکەی بڕوات. دواتر سڤیدریگالۆڤ چووە لای سۆنیا، لەوێ ٣٠٠٠ ڕووپییەی پێدا و باسی چارەنووسی منداڵەکانی کاتریناشی لەگەڵدا کرد، پێشی گووت کە دەبێت ئەو پارەیە وەربگریت چونکە پێویستت دەبێت ئەگەر لەگەڵ ڕاسکۆڵنیکۆڤ بچیتە سیبێریا. دواتر سڤیدریگالۆڤ شەوەکەی لە ھۆتێلێکی بێکەڵک بەسەر برد و بۆ ڕۆژی دواتر لە شوێنێکی گشتی خۆی کووشت.

ڕاسکۆڵنیکۆڤ سەردانی دایکی کرد، لەوێ ماڵاوایییەکی خەمبارانەی لێکرد و بەبێ ئەوەی ھیچێک لەسەر ڕاستییەکان بدرکێنێت. دونیا لە ماڵەکەی ئەودا چاوەڕێی دەکرد، لەوێ ڕاسکۆڵنیکۆڤ پێی گوت کە ئەو دەچێتە بنکەی پۆلیس و دان بە تاوانەکەیدا دەنێت. دواتر چووە ماڵی سۆنیا، لەوێ سۆنیا خاچێکی پێیدا. ڕاسکۆڵنیکۆڤ چووە بنکەی پۆلیس، لەوێ زانی کە سڤیدریگالۆڤ خۆی کووشتووە، لەو دەمە ویستی واز لە دانپێدانانەکەی بھێنێت و لە بنکە ھاتە دەرەوە، بەڵام کە سۆنیای بینییەوە کە شوێنی کەوتووە ئەوا پەشیمان بوویەوە و گەڕایەوە بنکەی پۆلیس بۆ داننان بە تاوانەکەی. لە بنکەی پۆلیس، ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەتەواوی وردەکارییەکانەوە دانی نا بە تاوانەکەی.

کۆتاییدەستکاری

لەبەر ئەوەی کە ڕاسکۆڵنیکۆڤ دانی بە تاوانەکەی دانا، ئەمەش لەو دەمەی کە کەسێکی دیکە دانی نابێت بە تاوانەکە، ئەوا تەنیا سزای ھەشت ساڵ کارکردنی زۆرەملێی لە سیبێریا بۆ دەرچوو. دونیا و ڕازومیخین ھاوسەرگیرییان کرد و پلانیان دانا بۆ ئەوەی بچنە سیبێریا، بەڵام پولخێریا (دایکی دونیا) تووشی نەخۆشی بوو و مرد. سۆنیا چووە سیبێریا بۆ ئەوەی لەوێ بژی ئەمەش لەپێناو ڕاسکۆڵنیکۆڤ بوو. لە سەرەتادا ڕووگرژی ڕاسکۆڵنیکۆڤ بەرامبەر سۆنیا بەردەوام بوو لەبەر ئەوەی ھێشتا لووتبەرزی و داننان بە تاوانەکەی لە ناخدا مابوویەوە، بەڵام دواتر مانەوەی لە زیندان و درک کردن لە ھەڵە و تاوانەکەی و تێگەیشتن لە خۆشەویستییەکەی سۆنیا ئەوا ئاکار و سیمای ڕاسکۆڵنیکۆڤ گۆڕدرا.

کارەکتەرەکاندەستکاری

  • ڕۆدیۆن ڕۆمانۆڤیچ ڕاسکۆڵنیکۆڤ کەسایەتی پاڵەوانی چیڕۆکەکەیە زۆرینەی ڕۆمانەکە لەسەر زاری ئەوە یان لەسەر ڕووانینی ئەو گێڕانەوەی بۆ دەکرێت. کوڕێکی تەمەن ٢٣ ساڵانە، قوتابی زانکۆ بووە لە پێشوودا و لەبەشی یاسا دەیخوێند. لە ڕۆمانەکە بەمشێوەیە وەسفی ئەو دەکات «کوڕێکی قۆز، باڵای بەرزترە لە ئاستی ناوەند، لەش و لار ڕێک، چاوەکانی جوان و تۆخن ھەروەھا قژێکی قاوەیی تۆخی ھەیە.» لەوەیە تایبەتمەندییە باشەکانی ھەبێت، بەڵام لەبەرامبەردا کەسایەتییەکی دوانەیی ھەیە. ئەو لە دیوەکەی دیکەیدا، کەسێکی سارد، بێبەزەیی و گۆشەگیرە. ھەندێکجاریش لە پڕێکدا گەرم دەبێت و بەرەو میھرەبانی دەچێت. ئەو تاوانی کووشتنی ئەنجام داوە و ھاوکات خەریکی کاری چاکەکاری و خێرخوازیشە.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ University of Minnesota – Study notes for Crime and Punishment – (retrieved on 1 May 2006)
  2. ^ Frank (1995), p. 96
  3. ^ "The 50 Most Influential Books of All Time". Open Education Database.
  4. ^ "The Greatest Books". thegreatestbooks.org.
  5. ^ "The 100 greatest novels of all time". The Telegraph.
  6. ^ "100 must-read classic books, as chosen by our readers". Penguin.

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری