تاوانی جەنگی بریتییە لە کردەوەیەک کە سەرپێچییەکی توندی یاساکانی جەنگ دەکات و دەبێتە دروستکردنی بەرپسیارێتی تاوانکاریی تاکەکەسی. نموونەی تاوانەکانی جەنگ ئەمانەن: بە مەبەست کوشتنی کەسانی مەدەنی یان بەندکراوان، ئەشکەنجەدان، لەناوبردنی موڵکی کەسانی مەدەنی، بە بارمتەگرتن، ستەم، لاقەکردن، بەکارھێنانی منداڵان وەک سەرباز، تاڵانکردن و سەرپێچی کردنی بنەماکانی ڕادە و پێویستی ھێزی سەربازی.

چەمکی تاوانە جەنگییەکان لە سەدەی بیستەم دا ھاتەکایەوە کاتێک یاسای نێودەوڵەتی پەسەندکرا دەربارەی جەنگی نێوان وڵاتە خاوەن سەروەرییەکان. ئەم پەسەندکردنە لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتەکان ڕوویدا و دواتر لەسەر ئاستی جیھانی لە (ڕێکەوتنامەکانی دێن ھۆگ) دا لە ساڵی ١٨٩٩ بۆ ١٩٠٧. دواتر لە ڕێکەوتنامەکانی جنیڤا لە ساڵی ١٩٤٩ دا دەستەواژەی تاوانی جەنگی دووبارە پێناسەکرایەوە و لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دا لەگەڵ دامەزراندنی چەند دادگایەکی نێودەوڵەتی چەند پۆلێنێکی نوێ زیادکرا دەربارەی ناکۆکییە چەکدارییەکان نەک تەنھا بەمەبەستی جەنگ لەنێوان وڵاتان دا بەڵکو بەمەبەستی جەنگی ناوخۆیی ناو ھەمان وڵاتیش.[١]

ڕێکەوتنامەکانی جنێڤدەستکاری

ڕێکەوتنامەکانی جنێڤ چوار ڕێکەوتنامەیە کە بە بەردەوامی فراوان دەکرێن و گۆرانکاریان بەسەردا دەھێندرێت. ھەموو وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا ھەستاوە بە پەسەندکردنی ڕێکەوتنامەکە و لەسەر ئاستی جیھان وەک یاسای نێودەوڵەتی ناسراوە و مامەڵەی پێ دەکرێت کە جێبەجێ دەکرێت بەسەر ھەموو بارودۆخێکی ناکۆکی چەکداری لە جیھان دا. سەرەڕای ئەم دانپێدانانەی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا، بەڵام کۆنووس و ڕێکارە زیادکراوەکانی ساڵی ١٩٧٧ی ڕێکەوتنامەکە کە باشترین و باوەرپێکراوترین زانیاری وردی تێدایە دەربارەی پاراستنی «یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی» ھێشتا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پەسەندنەکراوە کە بەڕێژەیەکی زۆر بەژدارن لە ململانێ چەکدارییەکان دا وەک (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ھیندستان، پاکستان، عێراق، ئێران و چەندانی دیکە) تەنانەت ھەندێک لە واژووکەرانی ڕێکەوتنامەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو سەرپێچی ڕێکەوتنامەکەیان کردووە لەڕێی تەمومژی و نائاشکرایی یاساکانەوە یان خۆلادانی سیاسی.[٢][٣]

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ٢٠٠٢دەستکاری

لە ڕێکەوتی ١ی تەممووزی ٢٠٠٢دا، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە دادگایەکە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنامە دامەزراوە لە شاری (ھۆگ) ی وڵاتی ھۆڵەندا و ئەرکی دادگایکردنی تاوانە جەنگییەکانی پێ بەخشراوە کە لە ڕێکەوتی دامەزراندنی یان دوای ئەو ڕێکەوتە ئەنجامدراون. چەند وڵاتێک ھەستاون بە ڕەخنەگرتن لەو دادگایە و دیارترینیان ئەمانەن: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین، ڕووسیا و ئیسرائیل و ھەتا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک چاودێریکەر بەژداری دانیشتنەکانی دادگاکە دەکات.

تاوانە جەنگییەکان پێناسەکراوە لە ڕێکەوتنامەکەی دادگاکەی لەسەر بنیادنراوە و ئەمانە لەخۆدەگرێت:

١- سەرپێچی گەورە لە "ڕێکەوتنامەکانی جنێڤ"

  • کوشتنی مەبەستدار، بوونە ھۆکاری چەشتنی ئازارێکی زۆر یان بریندارکردنی جەستە و تەندروستی مرۆڤ.
  • ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی نامرۆڤانە.
  • وێرانکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ناڕەوای موڵک و ماڵ.
  • فشارخستنە سەر بەندکراوی جەنگیی بۆ شەرکردن لە ھێزە چەکدارەکان دا.
  • بێبەشکردنی بەندکراوی جەنگیی لە دادگایییەکی بێلایەن و یەکسان.
  • گەڕاندنەوە بۆ وڵاتی خۆی، گواستنەوە یان گرتنی ناڕەوا.
  • بە بارمتەگرتن.
  • ئەنجامدانی ھێرش بەرامبەر کەسانی مەدەنی.
  • ئەنجامدانی ھێرش بەرامبەر کارمەنی مافەکانی مرۆڤ یان ئەندامانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان.
  • کوشتنی جەنگاوەر یان سەربازێکی خۆبەدەستەوەداو.
  • خراپ بەکارھێنانی ئاڵای ئاشتی و ڕێکەوتن.
  • نیشتەجێکردنی ناوچەیەکی خاوەن دانیشتووان.
  • کردنەدەرەوە و ڕاگواستنی دانیشتووانی ناوچەیەک.
  • بەکارھێنانی چەکی ژەھراوی.
  • بەکارھێنانی کەسانی مەدەنی وەک قەڵخانی مرۆیی.
  • بەکارھێنانی منداڵی سەرباز.
  • تەقەکردن لە «پزیشکی جەنگی» کە نیشانەیەکی ئاشکرای پزیشکی ھەڵگرتبێت یان بەستبێت.

٢- ئەنجامدانی ئەم کردانە لە کاتی نەبوونی جەنگێکی نێودەوڵەتی:

  • کوشتن، ئەشکەنجە یان مامەڵەیەکی دڕندھانە و زیانبەخش.
  • ئەنجامدانی ھێرش بۆ سەر کەسانی مەدەنی، کارمەندە خزمەتگوزارییە مرۆیییەکان یان کارمەندانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان.

٣- ئەنجامدانی ئەم کردانە وەک بەشێک لە ململانێ و جەنگی جیھانی:

  • بە بارمتەگرتن.
  • تاڵانکردن.
  • لاقەکردن، کۆیلەی سێکسی، سۆزانیکردن یان دووگیانی زۆرەملێیانە.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Cassese, Antonio (2013). Cassese's International Criminal Law (3rd ed.). Oxford University Press. pp. 63–66. ISBN 978-0-19-969492-1. Archived from the original on April 29, 2016. Retrieved October 5, 2015.
  2. ^ The evolution of individual criminal responsibility under international law Archived September 10, 2009, لە وەیبەک مەشین. By Edoardo Greppi, Associate Professor of International Law at the University of Turin, Italy, International Committee of the Red Cross No. 835, p.  531–553, October 30, 1999.
  3. ^ highlights the first international war crimes tribunal by Linda Grant, Harvard Law Bulletin.