بەرزانی قالەی خەڵووز

ئەکتەرێکی کورد بوو


بەرزان قادر ناسراو بە بەرزانی قالەی خەڵووز[١] (١٩٦١ لە سلێمانی[٢] ‒ ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە سلێمانی) پێشمەرگە، میدیاکار[٣] و یەکێک بوو لە ئەکتەرە دیارەکانی باشووری کوردستان، لە چەندین فیلم، دراما و شانۆدا بەشداریی کردووە. ھەروەھا لە چەندین بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا کاری کردووە، دیارترینیان: بەرنامەی بەرنامە و بەرنامەی کەشکۆڵ بوون، ھەروەھا بەڕێوەبەری ڕادیۆی خاکیش بوو.[٤]

بەرزانی قالەی خەڵووز

مێژووی لەدایکبوون ١٩٦١
شوێنی لەدایکبوون سلێمانی
مردن ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ سلێمانی
ئایین ئیسلام
نەتەوە کورد
ھاوسەر ئاشتی
مناڵەکان ئەمیرە، دارین، داریان

لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانیی لە دایک بووە.[٥] لە بنەڕەتدا خەڵکی ناحیەی گاپیلۆنی ناوچەی شارباژێڕە،[٢] خوێندنی دواناوەندی تەواو کردووە، دوای وازھێنانیشی لەگەڵ باوکیدا کاری کردووە.[٦] پێشتر وەک جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە.[٧] لە ساڵی ١٩٧٩ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ڕووی کردووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.[١] لە دوای ڕاپەڕین بەشداری لە بەرنامەی (کەشکۆڵ)دا کردووە و دەورێکی کاریگەری ھەبووە.[٨] ھەروەھا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کەناڵی (خاک) و (بەرنامەی بەرنامە). لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ ژمارەیەک ھونەرمەنددا بەرنامەکەیان دەست پێ کرد، کۆمیدیا و رەخنەیان تێکەڵ بە یەک دەکرد، ناڕەحەتی و نەھامەتییەکانی میللەتی کوردیان بە پێکەنیناویترین شێواز باس دەکرد.[٦] لە ساڵی ١٩٩٢ ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (ئاشتی)یدا کردووە و باوکی دوو کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی (ئەمیرە، دارین و داریان)، بەڵام داریانی کوڕی بە ھۆی نەخۆشییەوە لە ڕیکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد.[٧]

ناوبراو سەرەڕای ھەبوونی نەخۆی شەکرە، لە ماوەی ڕابردوودا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەم ھۆیە لە شاری سلێمانیی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.[٤] ئێوارەی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ بە ھۆی جەڵتەی دڵ[٩] لە نەخۆشخانەی شاری پزیشکیی فارووق لە شاری سلێمانیی کۆچی دوایی کرد.[١٠] پاشان تەرمەکەی لە گۆڕستانی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسە نزیک و ھاوڕێکانی لەسەر وەسیەتی خۆی لە تەنیشت گۆڕی کوڕەکەیەوە بە خاک سپێردرا.[١١][١٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا "بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد". rudaw.net. 2024-06-18.
  2. ^ ئ ا "بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد". xendan.org. 2024-06-18.
  3. ^ "ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد". bmctv.krd. 2024-06-18.
  4. ^ ئ ا "ئەحمەد جۆڵا: دوێنێ لای بەرزانی قالەی خەڵوز بووم". ava.news. 2024-06-18.
  5. ^ "ھونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد". dengubas.net. 2024-06-18.
  6. ^ ئ ا "بەرزانی قالەی خەڵوز.. ئەستێرە ھەمیشە درەوشاوەکەی کۆمیدیای کوردی". channel8.com. 2024-06-18.
  7. ^ ئ ا "ھونەرمەد بەرزانی قالەی خەڵووز کێ بوو؟". bmctv.krd. 2024-06-19.
  8. ^ "ھونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد". speemedia.com. 2024-06-18.
  9. ^ "بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دوایی کرد". ku.964media.com. 2024-06-18.
  10. ^ "تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز بەخاک سپێردرا". rojnews.news. 2024-06-19.
  11. ^ "تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز بەخاک سپێردرا". awene.com. 2024-06-19.
  12. ^ "تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز لە سلێمانی بەخاک سپێردرا". politicpress.com. 2024-06-19.