بانگنامەی قاھیرە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلام

بانگنامەی قاھیرە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلام (بە ئینگلیزی: Cairo Declaration on Human Rights in Islam - CDHRI) بریتییە لە بانگنامەیەک لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوئاھەنگیی ئیسلامی (OIC) کە لە ٤ی ئابی ١٩٩٠ لە قاھیرە پەسەند کراوە. بانگنامەکە کورتەیەکی گشتیی ڕوانگەی ئیسلام دەربارەی مافەکانی مرۆڤ ڕوون دەکاتەوە، بەبەکارھێنانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکی. بانگنامەکە ئامانجی سەرەکیی خۆی پێناسە دەکات بە «دابینکردنی ڕێنماییی گشتی بۆ وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوئاھەنگیی ئیسلامی لە بواری مافەکانی مرۆڤ.»[١]

بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم بانگنامەیە وەک وەڵامێکی ئیسلامی دادەنرێت بەرامبەر بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ١٩٤٨ دەرچوو. بانگنامەی قاھیرە ھەندێک لە مافەکانی بانگنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە و وەک نووسراوێکی کارا خزمەت دەکات لەڕێی دانانی ھێلکاریی گشتی بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەی ھاوئاھەنگیی ئیسلامی دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام بەتوندی سنووردار و پابەندیان دەکات بە یاسا و شەریعەتەکانی ئیسلام. بەھۆی ئەم سنووردارکردنەوە، ڕەخنە لە بانگنامەی قاھیرە دەگیرێت بەوەی کە ھەوڵ دەدات بەجۆرێک لە جۆرەکان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوئاھەنگیی ئیسلامی بپارێزێت بەرامبەر بە ڕەخنە نێونەتەوەیییەکان، وەک سەرپێچییەکانی مافی مرۆڤ، شکستھێنان لە دابینکردنی ئازادیی ئایینی، سزادانی منداڵان لەلایەن بەخێوکەران و ڕێگەدان بە جیاکاری بەرامبەر ناموسڵمان و ژنان.

مێژوو دەستکاری

بانگنامەکە قەدەغەی جیاکاری دەکات لەسەر بنەمای نەژاد، ڕەنگی پێست، زمان، باوەڕ، ئایین، لایەنگریی سیاسیی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ھتد، ھەروەھا «پیرۆزیی ژیان» دووپات دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە پاراستنی ژیانی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکە لەلایەن یاساکانی ئیسلام و شەریعەوە دەستنیشان کراوە. بانگنامەکە دڵنیایی دەدات کە کەسانی مەدەنی (بەساڵاچوو، ژنان و منداڵان، بریندار و نەخۆش لەگەڵ زیندانیانی جەنگ) مافی پێدانی خۆراک، شوێنی مانەوە، نەخۆشخانە و شوێنەکانی چارەسەریان ھەیە.[٢]

بانگنامەکە مافەکانی «مرۆڤی یەکسان، مافی چێژوەرگرتن، ئەرکی چاکسازی، مافی بەدەستھێنانی کەسایەتیی مەدەنی، سەربەخۆییی دارایی و مافی ھێشتنەوەی ناسناو» دەدات بە ژنان. ھەردوو ژن و پیاو مافی ھاوسەرگیرییان پێدراوە بەبێ گوێدانە نەژاد، ڕەنگی پێست و نەتەوەیان. بانگنامەکە بە ئەرکی دایک و باوکی دەزانێت کە پارێزگاری لە منداڵەکەیان بکەن لەپێش و لەدوای لەدایکبوون، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە پیاو بەرپرسیاری سەرەکی و یەکەمە لە دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ تەواوی خێزانەکەی (ژن و منداڵەکانی).

بانگنامەکە دان دەنێت بە مافی تایبەتمەندێتی و بەدەستخستنی موڵک لەلایەن ھاووڵاتییانەوە. بەندی ژمارە ١٨ (ب) دەڵێت «دەبێت ھەموو کەسێک لە چوارچێوەی کارە تاکەکەسییەکانی، مافی تایبەتمەندێتی ھەبێت، لە ماڵ، خێزان، پەیوەندی و موڵکەکانی خۆی. قەدەغەیە و ڕڕلاپێنەدراوە سیخوڕی بەسەرەوە بکرێت، بخرێتە ژێر چاودێرییەوە یان ناوە باشەکەی بزڕێندرێت، و دەبێت دەوڵەت بی پارێزێت لە دەستێوەردانی ھەڕەمەکی.» ھەروەھا قەدەغەی ھەر کارێکی ڕوخاندن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی ھەر خێزانێک دەکات یان دەرکردنی ھەر خێزانێک لە ماڵەکەیان. بەھەمان شێوە ئەگەر لە کاتی جەنگ خێزانەکە لەیەک جیاببوونەوە، ئەرکی دەوڵەتە ھەستێت بە ڕێکخستنی سەردان و کۆبوونەوەی خێزانەکان.[٣]

بانگنامەکە ھەموو ھاووڵاتییەک دەپارێزێت لە دەستبەسەرکردنی ھەڕەمەکی، ئەشکەنجە، ھەڵسوکەوتی خراپ یان سووکایەتی پێکردن. نابێت ھیچ کەسێک بەکاربھێنرێت بەمەبەستی تاقیکردنەوەی پزیشکی یان زانستی بەبێ ڕەزامەندیی خۆی. ھەروەھا بە ھەموو شێوەیەک بەکارھێنانی مرۆڤ وەک بارمتە قەدەغە دەکات بە ھەر ھۆکارێک بێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Brems, E (2001). "Islamic Declarations of Human Rights". Human rights: universality and diversity: Volume 66 of International studies in human rights. Martinus Nijhoff Publishers. pp. 241–84. ISBN 90-411-1618-4.
  2. ^ "Universal Human Rights and 'Human Rights in Islam'". Midstream. ١١ی ئابی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Anver M. Emon, Mark Ellis, Benjamin Glahn: Islamic Law and International Human Rights Law p. 113. Oxford University Press, 2012.