ئەو (بە ئینگلیزی: It) فیلمێکی ترسناک و سەرووسروشتیی ئەمریکییە، لە دەرھێنانی ئەندی موسکیتی و لە ساڵی ٢٠١٧ نمایشکراوە. سیناریۆی ئەم فیلمە لەلایەن کاری فۆکوناگا نووسراوە کە لەسەر بنەمای ڕۆمانی ھەمان ناو نووسیویەتی ستیڤن کینگ. ڕووداوەکانی فیلمەکە لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٩ ڕوودەدەن و بەدوای چیرۆکی حەوت منداڵی شارۆچکەی خەیاڵی دێری لە ویلایەتی مەین لە ئەمریکا دەکەوێت، کە بەھۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گاڵتەجاڕێکی نەناسراودا دەترسێن. پێشتر لە ساڵی ١٩٩٠ زنجیرەیەکی بچووک لەسەر بنەمای ئەم ڕۆمانە دروست کرا، کە کاردانەوەی دژبەیەک لەگەڵدا بوو.


جەیدن لیبەرھێر و بیل سکاشگارد و فین وۆڵفھارد و سۆفیا لیلیس و چۆزن جاکۆبس و جاک دیلان گرازەر و جێرمی ڕەی تایلۆر و وایت ئۆلاف و نیکۆلاس ھامیلتۆن و جاکسۆن ڕۆبەرت سکۆت لە ئەکتەرەکانی فیلمەکەدان. وێنەگرتنی فیلمەکە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا دەستیپێکرد و لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە ئۆشاوا کۆتایی ھات. ئۆنتاریۆ و پۆرت ھۆپ شوێنی دیکەی وێنەگرتن بوون. کۆمپانیای سینەمای نیو لاین بەرپرسی بەرھەمھێنان و بەرھەمھێنانی فیلمەکە و ھەروەھا کۆمپانیای وارنەر برادرز بەرپرسی نمایشکردن و دابەشکردنی فیلمەکە بووە. فەرشی سووری فیلمەکە لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە شاری لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەچوو و لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٧ەوە نمایشی بەرفراوانی فیلمەکە دەستیپێکرد. ھەرچەندە بوودجەی فیلمەکە تەنھا ٣٥ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام داھاتی فیلمەکە لە سەرانسەری جیھاندا ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. ئەم فیلمە پڕفرۆشترین فیلمی ترسناکە لە مێژووی سینەمادا. ھەروەھا چوارەم فیلمە کە زۆرترین داھاتی بەدەستھێناوە لە مێژووی سینەمادا کە پلەی Rی بەدەستھێناوە دوای فیلمەکانی جۆکەر دێدپوول و دێدپوول ٢ و The Matrix: Reboot. فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگران و بینەرانەوە پێداچوونەوەی زۆر ئەرێنی وەرگرت و لە ڕووی دەرھێنان و کارەکتەری و مۆسیقا و سینەماکاری و دەدای تیمی نواندنەوە ستایشی زۆری لێکرا. ڕەخنەگرانیی فیلم بە یەکێک لە باشترین فیلمە وەرگێڕدراوەکانی کتێبەکانی ستیڤن کینگ و یەکێک لە باشترین فیلمە ترسناکەکانی مێژووی سینەما وەسفیان کردووە. درێژەی ئەم فیلمە لە دەرھێنانی مۆشیتی بە ناوی (ئەو: بەشی دووەم)، لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری