ئەحمەد خەلیلیفەرد (١٩٦٠ لە سنە - ٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە تاران) شێوەکار و پەیکەرسازێکی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. ئەو بۆ حەوزەی ھونەریی شۆڕشی ئیسلامی کار دەکرد.

ئەحمەد خەلیلیفەرد

لەدایکبوون١٩٦٠
مەرگ٤ی ئایاری ٢٠٢٣
نیشتەجێیتاران
نەتەوەکورد

ژیان دەستکاری

ئەحمەد خەلیلیفەرد لە ساڵی ١٩٦٠ لە سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبوو. بەدوای خوێندنی قوتابخانە، لە تاران چوو بۆ کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران و شێوەکاریی خوێند. بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس خوێندنی لەو بوارە لە زانکۆی تەربیەت مودەڕێس بەردەوام کرد و ماستەری ووێوەکاریی وەرگرتەوە.[١]

ئەحمەد خەلیلیفەرد وەکوو ئەندامی حەوزەی ھونەریی شۆڕشی ئیسلامی لە زانستگای سوورێ وانەی دەدا و ئەندامی لیژنەی زانستیی ئەو زانستگایە بوو. جگە لەو زانستگایە لە زانستگاکانی دیکەی ئێڕان وەکوو عیلم و فەرھەنگی تاران، ھونەر و میعماریی یەزد و ھونەری کرمانیش وانەی دابوو. ھەروەھا ئەندامی ئەنجومەنی شێوەکارانی ئێران، ئەندامی دامەزراوەی پەرەپێدانی ھونەرە سۆمایییەکان و یەکێک لە شێوەکارانی گرووپی ٣٠ بوو. لە چوارەمین فیستیڤاڵی ھونەرە سۆمایییەکانی ھونەری جەوان و فیستیڤاڵی ھونەرە سۆمایییەکانی پەرتەوی حۆسن کە لەلایەن حەوەی ھونەری بەڕێوەدەبرا وەکوو داوەر ڕۆڵی ھەبوو.[١] [٢]

پیشانگاکان و وۆرکشۆپەکان دەستکاری

ئەحمەد خەلیلیفەرد زیاتر لە ١٥ پێشانگاری تاکەکەسیی بەڕێوەبرد و لە زیاتر لە سەد پێشانگای گرووپییشدا بەشدار بووە.[٣] ئەو لە وڵاتەکانی ڕووسیا، لوبنان، ئیتالیا، چین، بەنگلادێش و وڵاتە ئەفریقییەکان وۆرکشۆپی بەڕێوەبردبوو. ئەو دوو دەورە لە سێساڵانەی داکای بەنگلادێش بەشداری کرد. ھەروەھا لە زانستگای شۆلۆخۆفی ڕووسیا وۆرکشۆپێک بەڕێوەبردەوە کە لەتێدا یەکێک لەکارەکانی سەبارەت بە بەرزەوە بوونی سوڵتان محەممەدی پێشکەش کرد کە لەلایەن ئامادەبووان پێشوازیی لێکرا.[١]

تایبەتمەندییەکانی کارەکان دەستکاری

خەلیلیفەرد پێیوابوو شێوەکاری بەواتای ڕەسم کردنی دەوراندەور یان ئەو چشتانەیە کە لە بیری ھونەرمەنددایە. شێوەکار دەبێت بە ڕەنگ و بووم ھەر چشتێک کە لە ئارادا نییە بخۆڵقێنێت. بۆیە ھەوڵ دەدا حەقیقەت بە زمانی شێوەکاری پیشان بدات و لە ڕیالیتە دووری بکاتەوە. پاشزەمینەی کارەکانی بە تەواوی ئەبستراکتن و بێکاتی و بێشوێنیی بە دڵدا دەھێنن. کارەکانی خەلیلیفەرد لە ھەست و نۆستالگیای سەرچاوە گرتووە و ھەندێک لە کارەکانیش فیگۆراتیڤن. لە کارە نۆستالگیایییەکانی ھەوڵ دەدا ڕابردوو، ئێستاکە و داھاتوو پێکەوە پیشان بدات. لە باری شێوازیش خەلیلیفەرد شێووەکارییەکانی خۆی لەژێری کاریگەریی مینیاتۆری ئێرانی و ھەروەھا قوتابخانەی ئارت نووڤۆ دەزانی.[١]

ئەحمەد خەلیلیفەرد بۆ حەوزەی ھونەریی شۆڕشی ئیسلامی کار دەکرد کە دامەزراوەیەکی ئایدیۆلۆژیایییەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ئایدیۆلۆژیی ئەو حکوومەتە دامەزراوەتەوە. بۆیە ھەندێک لە کارەکانی خەلیلیفەرد ناوەڕۆکی ئایینییان ھەیە. بۆ نموونە لە تابلۆکانی میعراج، نێوەڕۆژی عاشوورا مژارەکانی ئایینییی ھەڵبژاردووە.[١] بەڵام لە لایەکی دیکەوە خەلیلیفەرد لە ھەندێک لە کارەکانی فیگۆرەکانێک بە تایبەتمەندییەکانی چاندیی کوردی ڕەسم کردووە و ھەوڵداوە بە شێوازی تایبەت بە خۆی مرۆڤی کورد پیشان بدات و کەلتوور و ژیان و جلوبەرگی کوردی لە ھەندێک لە تابلۆکانی ڕەنگدانەوەی ھەبووە.[٣] بۆ نموونە یەکێک لە تابلۆکانی بۆ بەرخۆدانی کۆبانی ڕەسم کراوە کە لەتێدا ژنێک بە دەستێکەوە کۆترێکی سپێ و بە دەستی دیکە تفەنگێک ھەڵگرتووە.[١] ھەروەھا ئامێرەکان لە کارەکانی خەلیلیفەرد جێگەیەکی تایبەتیان ھەیە و ھەندێک لە کارەکانی فیگۆرەکانی ژن یان پیاو خەریکی لێدانی ئامێرەکانێک وەک شمشاڵ، دەف و تار و سێتار ڕەسم کراونەتەوە.[٤]

پەیکەرسازی دەستکاری

ئەحمەد خەلیلیفەرد جگە لە شێوەکاری لە بواری پەیکەرسازییش کاری کردبوو. دوو پەیکەرەی «شاخەوان» و «سۆھرەوەردی»ی خەلیلیفەرد لە شاری سنە دانراون.[٣]

خەڵاتەکان دەستکاری

  • میدالیای برۆنز و دوو دیپلۆمای فەخری بۆ ڕەسمکردنی مژارە سەرەوزەوینییەکان، لە بورجی لێدۆفێنسی پاریس، ٢٠٢٠.
  • میدالیای ئاستی یەکی ھونەری لە وەزارەتی چاند و ئیرشادی ئیسلامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
  • دیپلۆمای فەخریی ھونەری بەرگری لە کۆماری ئیسلامیی ئێڕان، ٢٠٠٨.

کۆچی دوایی دەستکاری

ئەحمەد خەلیلیفەرد لە ڕۆژی پێنجشەمە ٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە تاران پایتەختی ئێران کۆچی دواییی کرد[٢] [٥] و لە گۆڕستانی بەھەشتی زەھرای تاران بە خاک سپێردرا.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج حەوزەی ھونەریی شۆڕشی ئیسلامی: ھونەرمەندێک کە ناوبانگی لە چین و ئەفریقا تێپەڕبوو (بە فارسی)، نووسراو لە ٦ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.
  2. ^ ئ ا ھاژە: «ئەحمەد خەلیلی‌فەرد» ھونەرمەندی شێوەکاری کورد کۆچی دوایی کرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.
  3. ^ ئ ا ب کوردشۆپ: ئەحمەد خەلیلیفەرد، ھونەرمەندی شێوەکاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دواییی کرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.
  4. ^ ئاژانسی ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): خەلیلی‌فەرد دوێنی کۆچی دواییی کرد و ئەمانەی بەجێھیشت (بە فارسی)، نووسراو لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.
  5. ^ ئاژانسی ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): «ئەحمەد خەلیلی‌فەرد» کۆچی دوایی کرد (بە فارسی)، نووسراو لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.
  6. ^ ئاژانسی ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): تەرمی «ئەحمەد خەلیلی‌فەرد» بەیانی بە خاک دەسپێردرێت (بە فارسی)، نووسراو لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤.