ھایدە

گۆرانیبێژێکی ئێرانی بوو

مەعسوومە دەدەبالا (بە فارسی: معصومه دَده‌بالا‎؛ ١٠ی نیسانی ١٩٤٢ لە تاران، ئێران - ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ لە سان فرانسیسکۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) کە بە ھایدە (بە فارسی: هایده‎) ناسراوە، نواندکار و گۆرانیبێژێکی ئێرانی بوو.

ھایدە
بە فارسی: معصومه دَدِه‌بالا
لەدایکبوون١٠ی نیسانی ١٩٤٢
تاران، ئێران
مردن٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠(١٩٩٠-٠١-٢٠) (٤٧ ساڵ ژیاوە)
سان فرانسیسکۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ناوی خوازراوهایده
ھۆی مەرگجەڵدەی دڵ
شوێنی ناشتنگۆڕستانی وێستوود
خوشک و برامەھەستی
پیشەگۆرانیبێژ، مۆسیقاژەن، هونەرمەندی تۆمارکردن
دەستپێکی چالاکی١٩٦٧
جۆری دەنگکۆنتراڵتۆ
ئامێری مۆسیقادەنگ
خشتەی تۆمارەکانHayedeh discography
چەشنمۆسیقای کلاسیک
وێبگەhttp://www.hayedehdocumentary.com

سەرەتای ژیان و پیشە دەستکاری

ھایدە لە ١٠ی نیسانی ١٩٤٢ لە تاران لەدایک بوو، و خوشکی گەورەی گۆرانیبێژ، «مەھەستی» بوو.

یەکەم کاری ھونەری ئەو لە ساڵی ١٩٦٨ وەک گۆرانیبێژ لە بەرنامەیەکی مۆسیقای نەریتی فارسی لە ڕادیۆی تاران بە ناوی «گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکان» (بە فارسی: گلهای رنگارنگ‎) لە دەرھێنانی داود پیرنیا دەستی پێکرد.

ھایدە لەلای کەمانچەژەن و ئاوازدانەری فارسی «عەلی تەجڤیدی»، ئاواز و (مۆسیقای دەنگی فارسی)ی خوێندووە.

«ئازادی» لە ساڵی ١٩٦٨ کە لەلایەن «عەلی تەجڤیدی»یەوە ئاوازی بۆ دانراوە، و بە ھۆنراوەی «ڕاھی موعیری»، یەکەم بەرھەمی فەرمی ھایدە بوو و یەکەم گۆرانیشی بوو. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٨ لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ ئۆرکێسترای گلھا پێشکەش کرا. ھەر لەم ساڵەدا بەرھەمێکی دیکەی بە ناوی «ڕۆشتم-رفتم» بڵاوکردەوە.

ھایدە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو مۆسیقای پۆپی فارسی بۆ ھونەرییە فارسییە کلاسیکییەکەی زیاد کرد. لەم قۆناغەدا ھایدە لەگەڵ چەندین ئاوازدانەر، وەک «فەرەیدوون خۆشنوود»، «جەھانبەخش پازووکی»، «ئەنوشیراڤان ڕۆحانی» و «محەممەد حەیدەری» کاری کردووە. «بزن تار»، «گل سنگ»، «نوروز اعماد»، «سغاتی»، ئەمانە بەشێکن لە بەرھەمەکانی لەم ماودایەدا بوون.

ھایدە خوشکێکی لە خۆی بچووکتری ھەیە کە ئەویش مەھەستییە کە لەگەڵیدا بەرھەمی ھاوبەشیان ھەبووە وەک «دعا» «دلم میخواھد» (دووعا و دڵم دەیەوێت) کە لە کاتی بڵاوکردنەوەیاندا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا.

دوای شۆڕش و جێھێشتنی ئێران دەستکاری

لە ٢٩ی ئابی ١٩٧٨ و ماوەیەکی کەم پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ھایدە ڕووی لە شانشینی یەکگرتوو کرد. بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ مایەوە و لە ساڵی ١٩٨٢ ڕووی لە ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە کارەکانی.

کۆمپانیای کاڵتێکس ڕیکۆردز، کە تۆمارگەیەکی گۆرانی ئێرانی بوو، پشگیری لە بەرھەمەکانی ھایدە کرد.

ھایدە لە ساڵی ١٩٨٢ تا کۆتایی ژیانی لە شاری لۆس ئانجلەس ژیاوە. ئەم ناوچەیە لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بووە ناوەندێک بۆ کۆمەڵگەی فارسەکان لە باشووری کالیفۆرنیا.

ھایدە لەم ماوەیەدا چەندین ئەلبوومی سەرکەوتووی بڵاوکردەوە و ھەموو گۆرانییەکانەکانیشی بە ڕێگایی قاچاخ گەیاندرایە ئێران. گۆرانییە ڕامیاری و نۆستالژییەکانی ھایدە وەک «روزی روشن»، «قسی من»، «زندگی» زۆر لەلای کۆمەڵگەی دەربەدەری ئەو کاتەی ئێراندا جێی بایەخ بوون.

ئەو گۆرانینووس و بەرھەمھێنەرانەی کە لە ئەمریکا لەگەڵیدابوون سادق نوجووکی و محەممەد حەیدەری بوون. ئەو ئاوازدانەرانەی کە لەگەڵیاندا کاریان کردووە بریتی بوون لە ئەردەلان سەرفراز، ھۆما میرئەفشار و بیژەن ساماندەر. ئەو ئاوازدانەرەی کە زیاتر لە ٣٠ گۆرانی و لە گۆرانییە ھەرە بەناوبانگەکانی ھایدەی نووسیوە، ھاوکات باشترین ھاوڕێشی بووە ئەویش لەیلا کیسرایە، کە لە زۆرێک لە ئەلبوومەکانیدا بەشداری کردووە بۆ خوێندنەوەی ھۆنراوەکانی. لە ماوەی ئاوارەییدا، ھایدە بە بەردەوامی لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی IRTV Jam-E-Jam و Jonbesh TV دەرکەوتووە کە بنکەکانیان لە شاری لۆس ئانجلەس بوو و پەخشیان بە زمانی فارسی بوو.

مردن دەستکاری

 
گۆڕی ھایدە لە گۆڕستانی وێستوود لە ناوچەی وێستوود لە لۆس ئانجلەس

لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠، ڕۆژێک دوای نمایشێک لە یانەی کازابلانکا، لە نزیک سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ھایدە بەھۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەستدا لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا. پێشینەی نەخۆشی شەکرە و بەرزی فشاری خوێنی ھەبوو.

ھەزاران ھەوادار بەشدارییان لە پرسەی ھایدە لە لۆس ئانجلەس کرد. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ لە گۆڕستانی وێستوود لە لۆس ئانجلەس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە خاک سپێردرا. پێش ماوەیەکی کورت لە مردنی ئەلبوومێکی تۆمار دەکرد و بڕیاربوو دوای گەڕانەوەی لە کۆنسێرتەکەی لە سان فرانسیسکۆ تۆمارکردنەکە تەواو بکات

سەرچاوەکان دەستکاری

ویکی ئینگلیزی