کوندەپەپووی کوێر (بە فارسی: بوف کور‎، بە ئینگلیزی: The Blind Owl) ڕۆمانێکە لەلایەن سادق ھیدایەتەوە نووسراوە و لە ساڵی ١٩٣٦ بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی سوریالییە و ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی تاکبێژی پچڕپچڕی کەسێکە لە دۆخێکی ڕۆحیی ماندوودا؛ کەسێک کە ڕۆحی بریندارە و بەردەوام لە ئازاردا دەژی؛ لەو ئازارانەی ھەروەک خۆی دەڵێت: "ناتوانی لەلای کەس باسی بکەیت"! ئەوەی خوێ دەکاتە برینی ئەم پیاوەوە؛ بینینی چاوانی ئەفسوناویی کچێکە لە ئێوارەیەکی مانگی گوڵاندا… ئەم چاوانە؛ ژیانی کاراکتەرەکە سەرەوژێر ھەڵدەگێڕێتەوە.[ژێدەر پێویستە]

بەرگی وەرگێڕانی کوردی

چیڕۆکی ڕۆمانەکە دەستکاری

بەشی یەکەمی چیڕۆکەکە کە بێژەرێکی بێ ناو دەیگێڕێتەوە، بریتییە لە خەونێک، بەڵام خەونێکی نائاسایی. تێیدا بێژەر لە ڕۆژێکی ئاساییدا لە درزی تاقی ژوورەکەی، لە پشت کووپەیەک شەڕابی حەوت ساڵەوە چاوی بە دیمەنێک دەکەوێت، لەو دیمەنەدا کچێکی جوان بەسەر جۆگەیەکدا نەویوەتەوە و گوڵێکی نیلۆفەر پێشکەش بە پیاوێکی قەمبووری ئەوپەڕ جۆگاکە دەکات. بێژەر عاشق و شەیدای ئەو کچە نیلۆفەر بەدەستەوە دەبێت و لێی دەبێتە ژنی خەون و خۆزگە دوور و درێژەکانی و وەک مرۆڤێکی خەیاڵیی و فریشتەیەکی ئاسمانی باسی دەکات. فریشتەیەک کە دواتر دێتە ژوورەکەی و بێ ھیچ قسە و گفتوگۆیەک لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕادەکشێت و ھەر لەوێش دەمرێت. ئەوسا کابرا، کە لە ھەموو ھەوڵێک بۆ ژیاندنەوەی نائومێد دەبێ، لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی دەست و چاوی ھیچ پیاوێکی تر سیمای بانزەوینی ئەو دڵدارە فریشتە ئاسایە نەشەمزێت، جەستەی ناسکی لەت و کوت و پارچەپارچە دەکات و لەژێر خاکدا دەیشارێتەوە. پاشان تا ھەتاھەتایە لە فیراقی دوو چاوی ڕەشی ئەو دڵدارە خەیاڵکردە، خۆی بە کێشانەوەی نیگاری ئەو ژنە لەسەر بەرگی قەڵەمدانەکان خەریک دەکات. دوای ئەوەی بە ئاگادەبێتەوە، لە بەشی دووھەمدا بڕیاری نووسینەوەی ئەو خەونە دەدات، بەڵام ئەوەی کە بێژەر لە بەشی دووھەمدا دەینووسێت ڕوویەکی تری ئەو خەونە، یان ئەو چیڕۆکەیە. گێڕانەوەی بەشی دووھەمی ڕۆمانی کوندەپەپووی کوێر، دیسان خەونێکی تر، بەڵام ئەمجارە خەونێکی گەلێک ناخۆش و کابووسێکی گەلێک ترسناکە. لەم بەشەدا بێژەر چیڕۆکی شەیدایی خۆی بۆ ژنێک دەنووسێت کە بە پێچەوانەی ژنە فریشتە ئاساکەی بەشی یەکەم، نەوەک ژنی خەون و خەیاڵات، بەڵکوو ژنی خۆیەتی. ژنێکی سۆزانی و لەیلەدۆنەیەکی دەرپێ بەکۆڵ، کە بێژەر لە ئەنجامدا ئەویش دەکوژێت.[ژێدەر پێویستە]

وەرگێڕانی کوردی دەستکاری

ھەریەکە لە توانا ئەمین و فەرشید شەریفی ئەم ڕۆمانەیان بە دوو چاپی جیاواز وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ھەروەھا لەلایەن ئامینە ڕەحیمی وەرگێڕاوەتە سەر کوردیی ھەورامی و لەلایەن بڵاوکەرەوەی ئەوین لە مەریوان چاپ بووە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  • چاپی کوردی کتێبەکە.
  • ویکی ئینگلیزی
  • ویکی فارسی