ڕێ (بە تورکی: Yol) فیلمێکی ١٩٨٢ی تورکیا یە، کە لەلایەن ھەریەکە لە یەڵماز گونەی و شەریف گۆرەن دەرھێنراوە.[١] ئەم فیلمە لە ڤیستیڤالی فیلمی کان بووە براوەی خەڵاتی دارخورمای زێڕین.[٢] کاتێک یەڵماز لە بەندیخانەدا بوو، شەریف گۆرەن ئەم فیلمەی لە سەر ڕێنوێنییەکانی یەڵماز چێ کرد. پاشان کە یەڵماز لە بەندی خۆی دەرباز دەکا؛ لە سویس بەسەر نیگاتیوی فیلمەکەدا دێتەوە.[٣]

ڕێ Yol
پۆستەری فیلمی ڕێ
دەرھێنەریەڵماز گونەی
شەریف گۆرەن
بەرھەمھێنەریەڵماز گونەی
ئێدی ھابشیر
نووسەریەڵماز گونەی
ئەکتەرانTarık Akan
Halil Ergün
Şerif Sezer
Meral Orhonsay
مۆسیقاSebastian Argol
Zülfü Livaneli
دەرچوون١٩٨٢
ماوەی فیلم١٢٤ خولەک
وڵاتتورکیا
زمانتورکی، کوردی

فیلمی "ڕێ" لە سەردەم، دۆخی تورکیا پشان دەدا لەدوای کودەتای ١٩٨٠ی وڵاتەکە، تێیدا چیرۆکی تاقمێک زیندانییە لە تورکیا دا کە پشووی دەرەوەی بەندیخانەیان دراوەتێ.

چیرۆک دەستکاری

سەید عەلی (تاریک ئاکان) کاتێ دەگاتەوە ماڵ، دەگەڵ ھەواڵی خەیانەت و غەدری خێزانی دەگەڵ ئەودا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام کاتێک کە بنەماڵەی ئەو دەیانھەوێ خێزانی بکوژن و پێ لە سەر ئەم ئیشە دادەگرن، سەید عەلی دژایەتی دەکا و ڕێی ئەم کارەیان پێنادا. مەحمەت سەلاح (ھەلیل ئێرگۆن) کاتی دزی کردنی بە چەکەوە دەگەڵ زاواکەی لە بانکێک دەگیرێ و ... .

ئەم فیلمە لە ڤیستیواڵی "کەن" خەڵاتی چڵەدارخورمای زێڕینی وەرگرتووە دەستکاری

دەرھێنەر و نووسەری بەناوبانگی کورد "یەڵماز گونەی" فیلم نامەی فیلمی "ڕێ"ی نووسی و ئەو کاتەی لە بەندیخانەی تورکیا بوو، بە ھاوکاری یاریدەرەکەی دروستی کرد. سەرسوڕھێنەرترین نوکتەی فیلمەکە ئەوەیە کە گونەی بۆ گەیاندنی مانی فیلمەکەی زۆری کەلک لە دیالۆگ وەرنەگرتووە. ئەو فیلمە توانیوێتی لە بواری تەسویرییەوە ھەموو قسەکانی بڵێ. تەسویر زۆر کات بۆ گەیاندنی پەیام، لە زۆر دیالۆگ بەھێزترە.

گونەی ئەو کاتە لە بەندیخانە بوو، دەیزانی کە بە دیالۆگ ناتوانێ ھەموو شتێک بڵێ. فیلمەکەی بە ڕواڵەتێکی زۆر جوان توانی باس لە گۆڕانێکی گەورە بکا، بەڵام گۆڕانەکە چ بوو؟ گۆڕانەکە پێوەندی بەو زوڵم و یەدرەیە کە زیاتر لە بیست میلیۆن کوردی تورکیا بە سەریان ھاتووە. ئەو زوڵمەی کە ئێستاش ھەر درێژەی ھەیە و بریتین لە: خاپوور کردنی زیاتر لە سێ ھەزار دێھاتی کوردی، جەنایەتی گەورە دژ بە ئینسانییەت و ژینگە و ژیانی خەڵکی کوردستان و لە نێو بردنی ھونەر و مێژووی نەتەوەی کورد، بەڵام بەداخەوە ئەم جەنایەتانە باسی نەکرا و شاردرایەوە و کەوتە ژێر سێبەری جەنایەتەکانی سەددام و کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.

گونەی تەنیا کوردێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو ئەو کەسایەتییە مەزنە بوو کە بە ھۆی کورد بوونی بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە لایەن حکوومەتی تورکیا چەوساندراوە. لە بەندیخانە ڕایکرد و فیلمی "ڕێ"ی لە ئورووپا تەواو کرد (ڕێ ئەوەڵین فیلمی ڕۆژھەلاتی نێوەڕاست بوو کە توانی خەڵاتی نەخلی زێڕینی ڤیستیواڵی کەن وە دەست بھێنێ) دوایی گونەی ڕایکردە فەڕەنسا و فیلمێکی تری بە ناوی دیوار درووست کرد.

جارێک لە ڤیستیواڵی فیلمی MOMA لە نیۆیۆرک، دەرھێنەرێکی تورک گوتی: کوردی زاراوەیەکی زمانی تورکییە! بۆ ماوەی ٨٥ ساڵ، ئەڵمانیش زمانی فەڕانسەی بە زاراوەیەکی خۆی دەزانی و ئێستاش تورکیای بە ناو مۆدێڕن دەیھەوێ ھەمان کار بکا.

گونەی یەکێک لە بناغەداڕێژەرانی ئینستیتیوتی کوردیی پاریسە. ئەم ئەنیستیتۆیە زۆر شتی بەنرخ لە بابەت مێژوو، شێعر، ئەدەبیات و مۆسیقای کوردی کۆ کردووەتەوە.

دوای ئاوارەبوونی گونەی بۆ فەڕەنسا، ڕێکخراوەی نەھێنیی تورکیا بۆ کوشتن یا کەلەبچەکردنی ئەو پیلانی داڕشت، بەڵام شێرپەنجە ئەمانی پێنەدا و گونەی کە ھێشتا ٥٠ ساڵی تەواو نەکردبوو، دنیای بە جێ ھێشت. تەرمەکەیان بە ڕێزێکی زۆرەوە لە گۆرستانی Pere La Chaise لە پاریس ناشت.

گونەی و فیلمەکانی بۆ ماوەی بیست ساڵ دوای مردنیشی لە تورکیا قەدەغە بوون. خێزانی لەو بوارەدا دەڵێ: "حکوومەتی تورکیا زۆربەی ماستێری فیلمەکانی گونەی لە نێو برد."

گونەی بناغەی ڕێکخراوەیەکی لە ئەستەمبوڵ داڕشتبوو کە دواتر حکوومەت ئەویشی ھێنایە ژێر دەسەڵاتی خۆی. دواتر حکوومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی تورکیا ویستی ئەو کوردایەتییەی لە نێو فیلمەکانی گونەی دا ڕەنگ دەداتەوە، بیسڕێتەوە. بۆ نموونە لە فیلمی ڕێ دا کاتێک یەکێک لە زیندانییە ئازاد کراوەکان لە پاسەکە دادەبەزێ و خاکی نیشتمانی ماچ دەکا، لە ژێرنووسی فیلمەکە دەنووسێ کوردستان کە لە فیلمەکەدا سانسۆر کراوە (دواتر ڤیستیواڵی فیلمی کوردی لەندەن ئەسڵی فیلمەکەی پێشاندا). یان لە فیلمی دیواردا بەندکراوێک لە سەر دیواری زیندانەکە بە خوێنی خۆی - کە بە ھۆی ئەشکەنجە بە سەروچاوی دا ھاتووەتە خوار - دەنووسێ: بژی نیشتمان، بەڵام ئەم سانسۆرکردنانەش نەیتوانی مانای فیلمەکانی گونەی داپۆشێ و گونەی ھەتاھەتایە لە پلە بەرزەکانی سینەمای جیھان ھەر شانازی پێوە دەکرێ.

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ "Yol - The Full Version". www.hkiff.org.hk (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-04-21.
  2. ^ YOL، ماڵپەڕی فیستیڤالی فیلمی کان، ٢١ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  3. ^ "Yol – TIFF Cinematheque". TIFF.net. Archived from the original on 2013-10-29. Retrieved 2013-01-15. ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی، ئەدەبی مەھاباد، ژمارەی ١٤٩، ساڵی ١٣٩٢، لاپەرەی ١٩، سالار ئەمینزادە.