ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠١٨/تشرینی دووەم

فرێدریک فرانسوا شۆپان (بە فەڕەنسی: Frédéric François Chopin; [ʃɔpɛ̃] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن); ئینگلیزی: /ˈʃoʊpæ̃/; پۆڵەندی: [ˈʂɔpɛn]؛ ١ی ئازاری ١٨١٠–١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩) ئاوازدانەرێک و پیانۆژەنێکی داھێنەریی پۆڵەندیی سەردەمی ڕۆمانتیک بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی مۆسیقای بۆ ئامێری پیانۆ دەنووسییەوە. بەھۆی مۆسیقاکەیەوە، شۆپان لە سەرانسەری جیھاندا ناوبانگی دەرکردووە و بە نوێنەری مۆسیقاژەنانی کاتی خۆی ناودەبرێت. شۆپان بە بلیمەتێکی مۆسیقی، کە تەکنیکەکەی بۆ نەوەکەی خۆی بێبەراورد بووە، ناوی دەرکردووە.

شۆپان لە باوکی، نێکۆلاس شۆپان، و دایکی، یۆستینا شۆپان، لە گوندی ژێلازۆڤا ڤۆلا لەدایک بووە و لە شاری وارساو گەورە بووە، کە دواتر لە ساڵی ١٨١٥ بووە بەشێک لە کۆنگرەی پۆڵەندا. ئەو مناڵێکی بلیمەت بووە و پەروەردە مۆسیقییەکەی و زۆرینەی کارە سەرەتایییەکانی لە وارساو تەواو کردووە پێش بەجێھێشتنی پۆڵەندا لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نیشتەجێ بوو. لە ماوەی کۆتا ١٨ ساڵی ژیانیدا، تەنیا ٣٠ نمایشی ڕاستەوخۆی پێشکەش کرد، چونکە حەزی بە کەشە ڕۆمانتیکەکانی ساڵۆنەکان دەکرد بەراورد بە کەشی شانۆ. شۆپان بە فرۆشتنی کارە مۆسیقییەکانی و پێدانی وانەی پیانۆ داھاتی دەست دەکەوت، کە خواستێکی زۆر لەسەر ھەردووکیان ھەبوو. شۆپان پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی لەگەڵ فرانز لیست دروست کردبوو و زۆرێک لە مۆسیقاژەنانی تری نەوەی خۆی، وەک ڕۆبێرت شومان، ئەویان خۆشدەویست.

لە ساڵی ١٨٣٥دا، شۆپان شارۆمەندێتیی فەڕەنسی بەدەستھێنا. دوای ھەوڵدانێکی مارەیی شکستخواردوو لەگەڵ ماریا ڤۆدزینسکا لە ١٨٣٦–١٨٣٧، ئەو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی ناجێگیری لەگەڵ ئەمانتین دوپا دروست کرد. دوای سەردانێکی کورت و ناخۆش بۆ دوورگەی مایۆرکا لە ئیسپانیا لەگەڵ دوپا لە ساڵی ١٨٣٨–٣٩، شۆپان دەستی کرد بە بەرھەمھێنانی ھەندێک لە باشترین ئاوازەکانی، ئەم دەمە بە بەرھەمدارترین ماوەی شۆپان دەناسێندرێت. لە نزیک کۆتایی تەمەنییەوە، شۆپان داھاتی لەلایەن یەکێک لە گوێگرە سەرسامەکانی بەناوی جەین ستێرلینگ بەدەست دەھێنا؛ ھەمان ئەو کەسەی کە لە ساڵی ١٨٤٨ گەشتێکی بۆ شۆپان ڕێکخست بۆ سکۆتلەندا. بۆ زۆرینەی ژیانی، تەندروستیی شۆپان ناباش بوو، ھەتاکوو دواتر لە ساڵی ١٨٤٩دا لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ھۆکاری مەرگەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ دەردەباریکە، ھەمان نەخۆشی کە بووە ھۆی مەرگی باوکی.
خوێندنەوەی زیاتر...