گەلانی کۆمۆنوێلت

(لە وڵاتانی کۆمۆنوێلتەوە ڕەوانە کراوە)

گەلانی کۆمۆنوێلت (بە ئینگلیزی: Commonwealth of Nations) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە و ٥٣ ئەندامی ھەیە،[١] کە زۆربەیان ئەندامانی پێشووی ئیمپراتۆریەتیی بریتانیین. ئەم ڕێکخراوە ئەرکی ھاوھەنگاوی ئابووری لە نێوان ئەنداماندا ئەنجام دەدات.

وڵاتانی ئەندامی کۆمۆنوێلت

کۆمۆنوێلت دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم، بە هەڵوەشانەوەی ئیستعمارییەتی ئیمپراتۆریەتیی بریتانیی لە ڕێگەی زیادبوونی خۆبەڕێوەبەری ناوچەکانی ژێردەستی. بەیانی لەندەن لە ١٩٤٩ بە شێوەیەکی فەرمی کۆمۆنوێلتی ڕاگەیاند، کە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەی بە "ئازاد و یەکسان" ناوبرد. سیمبۆڵی ئەو ڕێکخراوە شاژن ئیلیزابێتی دووەمە کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە. وەهەروەها ئیلیزابێتی دووەم میری ١٦ ئەندامی کۆمۆنوێلتە. ئەندامەکانی تر کەسانی دیکەیان وەکو سەرۆکی وڵات داناوە: ٣٢ ئەندامیان کۆماریین و ٥یشیان پادشایەتین بەڵام پادشای خۆیانیان هەیە.

ئەندامەکان هیچ پابەندبوونێکی یاساییان بەرامبەر یەکتری نییە. بەڵکو بە هۆی زمان، مێژوو، کلتوور و بەها هاوبەشەکانی وەک دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بەیەکییان دەبەستێتەوە.

ڕووبەری کۆی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەگاتە ٢٩،٩٥٨،٠٥٠ کم٢، کە دەکاتە نزیکەی چارەکێکی ڕووبەری وشکانی جیهان و لە هەموو کیشوەرەکانیش ئەندامی هەیە. و ژمارەی دانیشتوانیشیان دەگاتە ٢.٣٢٨ ملیار کەس، نزیکەی سێ یەکی ژمارەی دانیشتوانی جیهان. لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمۆنوێلت بودجەکەی گەیشتە ١٠.٤٥ تریلیۆن دۆلار.

دەستەواژەی "the Commonwealth of Nations" دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٨٤، کاتێک لۆرد ڕۆسبێری لە سەردانێکی ئوسترالیا لە ١٨٨٤ وتبووی کە بە تێپەڕبوونی کات ژمارەیەک لە کۆلۆنییەکانی ئیمپراتۆریەتیی بەریتانیا سەربەخۆیی بەدەستدێنن. و گوتیشی کە ئەو وڵاتانە تەنیا سود و بەرژەوەندیی پێکیان دەبەستێتەوە. لەسەرەتادا ڕێگەنەدەدرا وڵاتانی ئەندام سیستەمی کۆماری پەیڕەوبکەن، و ئێرلەنداش کاتێک کە لە ١٨ ی نیسانی ١٩٤٩ بووە کۆماری، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ لە ڕێکخراوەکە دەرکرا. بەڵام دواتر ئەو ڕێگرییە لادراو ئێستا ٣٢ ئەندامی ڕیکخراوەکە کۆماریین.

بۆ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئەوڕوپا بەهێزبکا، بریتانیا ویستی هەندێک وڵاتی ئەوڕوپیش داوەتبکاتە ناو ڕێکخراوەکە، بەڵام هەوڵەکانی سەرینەگرت. لە بری ئەوە وڵاتانی ئەوڕووپا یەکێتی ئەوڕووپایان درووست کرد.

پێکهاتە

دەستکاری

سەرۆکی کۆمۆنوێلت

دەستکاری

بەپێی بەیاننامەی لەندەن، شاژن ئیلیزابێتی دووەمی بریتانیا سەرۆکی کۆمۆنوێلتە، ئەوەش بە یاسا چەسپاوە لەو وڵاتانەی کە ئیلیزابێتی دووەمیان وەکو شاژن قەبوڵ کردووە. بەڵام کە شاژن کۆچی دوایی دەکات،مەرج نییە جێنشینەکەی ڕاستەوخۆ ببێتە سەرۆکی کۆمۆنوێلتیش.

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمۆنوێلت

دەستکاری

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی کۆمۆنوێلت بۆ چەند ڕۆژێک کۆدەبنەوە و بارودۆخ و بەرژەوەندییەکانیان تاوتوێ دەکەن.

سکرتێرایەتی کۆمۆنوێلت

دەستکاری

ئەرکی ئەوەیە کە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکان ڕێکبخات. یارمەتی پەرەپێدانی ڕامیاریی دەدات و ئامۆژگاری ڕامیاریش پێشکەش دەکات. و هەروەها نوێنەرایەتی کۆمۆنوێلتیش دەکات لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو چاودێر. و یارمەتی تەکنیکیش پێشکەش بە حکومەتەکان دەکات بۆ یارمەتی دانییان لە پەرەپێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکانیان.

ئەندامێتی

دەستکاری

لەسەرەتادا مەرجی چوونە ناو ڕێکخراوەکە ئەوەبوو کە دەبوو ئەو وڵاتە پێشتر بەشێکبووبێ لە ئیمپڕاتۆرییەتی بریتانیا، بەڵام دوواتر ئەو مەرجە لادرا و لەبری ئەوە دەبێت ئەندامەکان ڕێز لە پرینسپڵەکانی ئاشتی، ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکسانی و بازرگانی ئازاد بگرن و هەروەها شاژن بە سەرۆکی کۆمۆنوێلت بزانن و زمانی ئینگلیزیش وەکو زمانی فەرمی ڕێکخراوەکە قبووڵبکەن. و هەروەها دەبێ ڕێزی ڕای گشتی وڵاتەکانیان بگرن لە چوونە ناو ڕیکخراوەکە. و ئەندامە نوێکان دەبێ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ ئەندامێکی ناو ڕێکخراوەکە.

ئەندامەکان

دەستکاری

کۆمۆنوێلت ٥٣ دەوڵەتی لەخۆگرتووە، کە دابەشبوونە بەسەر ٦ کیشوەردا. ئەندامەکانی ژمارەی دانیشتوانی تێکڕایان دەگاتە ٢.١ ملیار کەس، کە نزیکەی دەکاتە سێ یەکی ژمارەی دانیشتووانی جیهان. هیندستان (١.٢٦ ملیار کەس) گەورەترین وڵاتی ئەندامە بەپێی ژمارەی دانیشتووان، دواتریش هەر یەک لە پاکستان (١٨٠ ملیۆن)، نێجیریا (١٧٠ ملیۆن)، بەنگلادیش (١٥٦ ملیۆن)، شانشینی یەکگرتوو (٦٣ ملیۆن) و باشووری ئەفریقا (٥٢ ملیۆن) دێن. توڤالوش بچووکترین ئەندامە، کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ١٠،٠٠٠ کەسە.

ڕووبەری وشکانی وڵاتانی کۆمۆنوێلت دەگاتە ٣١،٥٠٠،٠٠٠ کم٢، یاخود %٢١ ی تەواوی ڕووبەری وشکانی جیهان. سێ گەورەترین وڵاتی کۆمۆنوێلت بەپێی ڕووبەر کەنەدا (٩،٩٨٤،٦٧٠ کم٢ئوستڕالیا (٧،٦١٧،٩٣٠ کم٢) و هیندستانن(٣،٢٨٧،٢٦٣ کم٢). و ئەندامانی ڕێکخراوەکە بودجەی ساڵانەیان زۆرترە لە ٩ تریلیۆن دۆلار، کە %٧٨ ی ئەو بودجەیە هی چوار گەورەترین ئابوورین: شانشینی یەکگرتوو (٢.٩٥ تریلیۆن دۆلار)، هیندستان (٢.٠٥ تریلیۆن دۆلار)، کەنەدا (١.٧٩ تریلیۆن دۆلار) و ئۆستڕالیا (١.٤٤ تریلیۆن دۆلار).

هەڵپەساردن

دەستکاری

لە ساڵانی ڕابردوو کۆمۆنوێلت چەندین ئەندامی خۆی هەڵبەساردووە "لە ئەنجومەنی کۆمۆنوێلت" بەهۆی "سەرپێچی گەورە یان بەردەوام"ی پڕینسپڵەکانی ئەو ڕێکخراوە. ئەندامە هەڵپەسێردراوەکان نوێنەریان نابێت لە کۆبوونەوەی سەرکردە و وەزیرەکانی کۆمۆنوێلت، بەڵام هەر بە ئەندامی دەمێننەوە و ئەندامێتی لەدەست نادەن. لە ئێستادا هیچ ئەندامێکی هەڵپەسێردراو لە ڕیکخراوەکە نییە.

دەرکردن

دەستکاری

ئەندامبوون لەو ڕێکخراوە تەواو ئارەزوومەندانەیە، حکومەتە ئەندامەکان لە هەرکاتێکدابێت دەتوانن ڕێکخراوەکە بەجێبهێڵن. تا ئێستا چەند وڵاتێکیش ڕێکخراوەکەیان بە جێهێشتووە. هەرچەندە سەرۆک حکومەتەکانی کۆمۆنوێلت دەتوانن ئەندامێێتی یەک لە ئەندامەکان هەڵپەسێرن، بەڵام هیچ یاسایەک نییە بۆ دەرکردنی ئەندامان لە ڕێکخراوەکە.

ئابووری

دەستکاری

هەرچەندە هیچ ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی نییە لە نێوان ئەندامانی کۆمۆنوێلت، توێژینەوەیەکی کۆمەڵگای شاهانەی کۆمۆنوێلت دەریخستووە کە بازرگانی ئەندامێکی کۆمۆنوێلت لەگەڵ ئەندامێکی تر ٥٠% زیاترە لە بازرگانی لەگەڵ وڵاتێکی دەرەوەی کۆمۆنوێلت. چەند پێشنیارێک هەبووە بۆ ناوچەی بازرگانی ئازادی کۆمۆنوێلت. بەڵام زۆر لە وڵاتانی کۆمۆنوێلت بەشدارن لە چەند پڕۆژەیەکی ئابووری دیکە، بۆ نموونە یەکێتی ئەوڕووپا (٣ ئەندامی کۆمۆنوێلت) و کۆمەڵگای کاریبی (١٢ ئەندامی کۆمۆنوێلت) بۆیە بوونی ناوچەی بازرگانی ئازادی تایبەت بە ڕێکخراوەکە زۆر پێویست نییە.

کلتوور

دەستکاری

بە هۆی مێژووە هاوبەشەکەیان، گەلانی کۆمۆنوێلت زۆر شتی هاوبەشیان هەیە، لەوانە وێژە، وەرزش، سیاسەت و هتد.

زۆر لە گەلانی کۆمۆنوێلت چەند وەزشێکی لێکچوو دەکەن کە مۆرکی "بریتانی"یان پێوەیە. وەکو تۆپی پێ، کریکێت، ڕەگبی، نێتبۆڵ. و چەند پاڵەوانییەتیەکی دۆستانەش هەیە بۆ ئەو یارییانە لە نێوان گەلانی کۆمۆنوێلت. جگە لەوانە، چەندین پاڵەوانییەتی هەیە بۆ یارییەکانی دیکەش.

پەراویزەکان

دەستکاری
  1. ^ http://thecommonwealth.org/about-us

https://en.wikipedia.org/wiki/Commonwealth_of_Nations