نێرگز خانمی شارەزووری
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
نێرگز خانمی شارەزووری (ھەروەھا؛ نێرگز خانمی جاف، نەرگز خانم، دایە نەرگز/نەرگس)، ناوی نێرگز کچی مەلا شوکروڵڵا جافی شارەزوورییە. شاعیر و تەموورەژەنێکی کوردە. ساڵی ١٣١٣ی زایینی (٧١٣ی کۆچی) لەدایکبووە لە شارەزوور[١] [٢]لە ساڵی ١٣٧٦ زایینی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە گوندی شێخان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان مردووە و لەوێ نێژراوە. شیعرەکانی نێرگز خانم بە کوردیی ناوەندی و بنزاراوەی جافی نووسراون. لە کتێبی ئایینیی یارسان "سەرەنجام" و لە بەشی "دەورەی عابیدین" نووسراون. نێرگز خانم ھاوسەری شاعیر و کەسایەتیی ئایینیی یارسان عابیدینی جافە.[٣] [٤]نێرگز خانم و عابیدینی ھاوسەری باوەڕداری ئایینی یارسان بوون و لە زۆربەی شیعرەکانیاندا ھەستی خۆیان بۆ ئایینی یارسان دەردەبڕن. وا دەردەکەوێت کە نێرگز خانمی شارەزووری لە ساڵی ١٣٣٥ی زایینییەوە دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و ھۆزان؛ لە سەردەمی ڕابەری گەورەی یارسانەکان سان سەھاکی بەرزنجی.
نموونەی شیعر
دەستکاریشیعرەکانی نێرگز خانم بە کێشی خۆماڵیی ھەشت بڕگەیی نووسراون.[٥] لە نموونە شیعرییەکانی:
"بادەم یارە و جامم یارە
شادیم یارە و کامم یارە
بیرم یارە و ھۆشم یارە
ھۆچی چی ھەر نۆشم یارە"
"بنیامن لە جەم بادە دەدا
ساقی بە صەف سادە دەدا
دەرسی ڕێگەی جادەدا
مێردان لە بەد دەکەن حاشا
دەوریان داوە لە دەوری شا
پێمان دەکەن گشت تەماشا
قەومێ، بە من نەیبێ باوەڕ
نەیەت بۆ جەم یاری یاوەر
لای من وەکی تۆکی ساوەر
ھەر کە، لەم دین یەقین نەکا
بە دڵ، لە جەم ئامین نەکا
خودام ئەوە باد دین نەکا
ھەر کە، بۆ یار خۆی نەکوژێ
کەردەی لە جەم یار نەڕژێ
بنیام ڕجای بۆ ناوێژی
ھەر کە، نەگرێ قەولی دروست
بێ دین ئەوە. وەک بتپەرست
مەحروم دەبێ ئەو لە جەم شت
ھەر کە، شکی ببێ بە دڵ
باوەڕ نەکا بە شای عادڵ
کەردەی نەقدی دەبێ باتڵ
ھەر کە، لە جەم نەگرێ ئەرکان
بە ڕاست نەگرێ دینی سوڵتان
ئاخر دەبێ ئەو پەشیمان
ھەر کە، بە یار بدا ئازار
کردەی ناچێ بۆ ناو تۆمار
ھەرگیز لە خاو نابێ بێدار"
"ڕاستە زەعیفەم دامەنی کۆتا نییە ڕیشم
بۆ بەستەی شەرت سەد مێردم نییە ھاملۆ"
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ http://www.yaresan.com/about-yaresan/articles/660-660 ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ «نضال المرأة الكوردية». نضال المرأة الكوردية. لە ٥ی شوباتی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ https://m.ahewar.org/s.asp?aid=722882&r=0&cid=0&u=&i=5503&q=
- ^ Othman، Didar. «نێرگز خانمی شارەزووری و عابدینی جاف، ئەو ژن و مێردەی کە زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر گەڕانەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان، کێ بوون؟». History Of Kurdistan. لە ٥ی شوباتی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ https://www.politicmedia.net/detailnewspo.aspx?jimare=8347&cor=5&related=2