نۆمینۆن وشەیەکی یۆنانییە بە مانای شتێ کە بابەتی ئاوەزین و فکرلێکردنەوە بێ.[١] وشەکە تاکە و «کۆ»کەی دەبێ بە «نۆمینە».[٢]

ئیمانوێل کانت، لە پڕۆژە فەلسەفییەکەی خۆیدا، نۆمینۆن -ی لە بەرامبەر فینۆمینۆن -ەوە داناوە. فینۆمینۆن یانی شتێ کە خۆی دەرخستووە و لە ڕێگەی ئەزموونی ھەستەکییەوە دەناسرێ و پێویست ناکا بیر لە بوونی بکرێتەوە. بە پێچەوانەوە، نۆمینۆن یانی شتێ کە ھەستەکان دەستیان پێ ناگا و تەنیا به بیرکردنەوە و بەکارخستنی ئەقڵ بوونی خۆی ڕادەگەیەنێ.

ھەرچەند جیھانی شیاوی لێتێگەیشتن بە نۆمینۆن ئاخنراوە، بەڵام بە وتەی کانت مەعریفەی مرۆڤ قەت دەستی ناگاتێ و مرۆڤ ھەر تەنیا دەتوانێ فینۆمینۆن بناسێ.[٣]

پێناسە دەستکاری

کانت خۆی نۆمینۆن -ی بە شێوەیەکی نەرێنی ناساندووە: نۆمینۆن بابەت و ئۆبژەیەکی ئاگایییە کە ئەزموونی ھەستەکی بەرھەمی نەھێناوە. بە پێوانەی بیروڕای کانت ئینسان جگە لە ھەستی ئەندامەکانی لەشی، ھیچ توانایی و لێھاتوویییەکی نییە بۆ بەدیکردن و دەرککردنی شتەکان. تەنانەت، ئینسان ناتوانێ پێش چاوی خۆی بھێنێ کە وەھا توانایی و لێھاتوویییەک دەبێ چۆن بێ. کەوایە، مرۆڤ زانایی و مەعریفەی نۆمیناڵی نییە. ھەموو مەعریفەی لە ئۆبژەکان دەبێ بنەڕەتی لە ئەزموونی ھەستەکیدا دانرابێ و بەم بۆنەوە ھەر دەگەڕێتەوە بۆ مەڵبەندی دیاردەکان یا فینۆمینە.

چەمکێکی دیکەش کە کانت بە کاری دێنێ و دژ بە فینۆمینۆن دایدەنێ چەمکی شت لە خۆیدا یا شت وەکوو خۆی -ە. کانت لە زۆر جێگادا ئاماژەیەکی وێڕایی بەوە دەکا کە نۆمینۆن و شت لە خۆیدا ھەرھەمانن. یانی ئەوەی کە لەوانەیە بە ھۆی ئەقڵەوە و بەبێ یارمەتیی ھەست ببینرێ ھەر ھەمان ئۆبژەیە کە لە پشتەوەی دیاردەیە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا Mautner, Thomas. The penguin dictionary of Philisophy. p. 431.
  2. ^ کەمال, محەمەد. فینۆمینۆلۆجی. ڕەھەند. p. 12.
  3. ^ "Noumenon | Definition, Example, & Facts | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-11-26.