ھەرھەمانی
لە میتافیزیکدا، ھەرھەمانی (identity، وەرگێڕانەکانی تر: ھەوێتی، ئەمئەوێتی، ھەرئەوێتی، ھەمانی، ھەرئەوەبوون) ئەو پەیوەندییەیە کە ھەر شتێ تەنیا لەگەڵ خۆیدا ھەیەتی.[١] یاسایەک کە بە یاسای ھەرھەمانی ناسراوە دەڵێ ھەر شتێ عەینەن خۆیەتی. ھەروەھا، بە پێی بنەواشەی ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان، ئەگەر x و y لە ھەموو تایبەتمەندییەکدا شەریک بن، ئەودەم یەک دانە و ھەر ھەمان شتن.
ئەوە زۆر گرنگە کە جیاوازی دانرێ لە نێوان ھەرھەمانی لە ڕووی ژمارەوە (numerical identity) و ھەرھەمانی لە ڕووی چۆنێتییەوە (qualitative identity). بۆ نموونە، ئەگەر دوو کوڕی شەش و ھەشت ساڵەی ژنێک دووچەرخەکانیان عەینی یەکتر بێ، ئەوکات دەکرێ بڵێین کوڕەکان ھەر ھەمان دووچەرخە و ھەر ھەمان دایکیشیان ھەیە. ئاشکرایە لێرە وشەی «ھەمان» لە دوو مانادا بە کار چووە: دایکەکە یەک دانەیە و ھەر ھەمان دایکە، بەڵام دووچەرخەکان دوانن. ھەرھەمانیی دایکەکە ھەرھەمانیی ژمارەکییە. ھەرھەمانیی دووچەرخەکان ھەرھەمانییە لە ڕووی چۆنێتییەوە.[٢] لە فەلسەفەدا، زیاتر گرنگی بە ھەرھەمانیی ژمارەکی دەدرێ.
ھەندێ لە فەیلەسووفان حاشا لە بوونی پەیوەندییەک وەکوو ھەرھەمانی دەکەن. لودڤیک ڤیتگنشتاین لە «تراکتاتوس»ەکەی خۆیدا وای نووسیوە: «ئاشکرایە ھەرھەمانی پەیوەندییەک نییە لە نێوان دوو شتدا.» بەم چەشنەش درێژەی پێ دەدا: «ئەوەی کە بوترێ دوو شت ھەر ھەمانن، بێمانایە و، ئەوەش کە بوترێ شتێ ھەر ھەمان خۆیەتی، وەکوو ئەوە وایە کە ھیچ نەوتراوە.»
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Noonan، Harold (2022)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Identity»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Fall 2022 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2023-10-02 ھێنراوە
- ^ «Enzyklopädie Philosophie». web.archive.org. ١١ی ئازاری ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئازاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ Difference entry in Penguin Dictionary of Philosophy
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەرھەمانی تێدایە. |