مەی زیادە (لەدایکبووی ١١ی شوباتی ١٨٨٦ – مردووی ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩١٧) ژنە ئەدیب و نووسەرێکی فەلەستینی بوو.

مەی زیادە

ژیان دەستکاری

مەی زیادە لە شاری ناسرەیەی فەلەستین لەدایک بووە. باوکی لوبنانی بووە و دایکیشی فەلەستینی بووە و تاقانە کچی دایک باوکی بووە. قۆناغی سەرەتایی لە شاری ناسرە لە فەلەستین تەواو کردووە و قۆناغی ناوەندیشی لە قوتابخانەی عەین تووڕە لە لوبنان تواو کردووە. مەی زیادە لە ساڵی ١٩٠٧ لەگەڵ خێزانەکەیدا لە قاھیرە نیشتەجێ بوون و لە زانکۆی ئاداب درێژەی بە خوێندن داوە و فێری زمانەکانی عەرەبی، فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، لاتینی، یۆنانی و سریانی بووە، بەڵام شارەزایییەکی زۆر بەتوانای ھەبووە لەزمانی فەڕەنسی و تەنانەت شیعریشی بەو زمانە نووسیوە. ھەروەھا لە زانکۆی قاھیرە لەسەر ئەدەبی عەرەبی و مێژووی ئیسلام و فەلسەفە خوێندوێتی.

مەی زیادە ھەر لەتەمەنی منداڵییەوە وتاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرتنی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی میسر بڵاودەکردەوە. لە ساڵی ١٩١١ بەزمانی فەڕەنسی دیوانێکی شیعری بڵاو کردووەتەوە ھەر لە ھەمان ساڵ و ھەر بە زمانی فەڕەنسی چیرۆکێکی بڵاو کردووەتەوە. دواتر لە ساڵەکانی ١٩٢٠، ١٩٢٢، ١٩٢٣ و ١٩٢٤ شەش دیوانی دیکەی بڵاوکردووەتەوە.

مەی زیادە ھەرچەندە تەنھا بۆ یەکجاریش چاوی پێی نەکەوتووە، بەڵام لەھەموو ژیانیدا تەنھا دڵی بە نووسەری ناوداری لوبنانی جوبران خەلیل جوبران بووە و تەنھا حەزی لەوکردووە. بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ جوبران و مەی نامەی دڵداریان ئاڵوگۆڕ کردووە بە بێ ئەوەی یەکتری ببینن. لە ساڵی ١٩١١ تاکو مردنی جوبران خەلیل جوبران لە ساڵی ١٩٣١، لەدوای مردنی جوبرانیش بۆ ماوەی ٦ مانگ خراوەتە نەخۆشخانەی دەرونییەوە. دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرکراوە و چاک بووەتەوە ھەرچەندە عاشقانی زۆر بوونەوە و داوای ھاوسەرگیریان لێکردووە، بەڵام شویی نەکردووە چونکە لەناخیا تەنیا جوبران دەژیا. ھەر ئەم خۆشەویستییەی بۆ جوبران وای لێکردوە لەدوای مردنی جوبران نەیتوانیوە لە شوێنێک ئۆقرە بگرێ و بۆ شار بە شار گەشتی کردووە بەڵام بێھودە بووە. لە کۆتاییدا ھاتووەتەوە بۆ میسر و بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە باری دەرونی زۆر خراپە تاکو لە نەخۆشخانەی مەعادی لە قاھیرە لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوەکان دەستکاری